سەرەکی » راپۆرت » بەڕێوەبەری تەندروستی راپەڕین: پێدانی پێکوتەی کۆرۆنا سنووردارەپەڕە 1

بەڕێوەبەری تەندروستی راپەڕین: پێدانی پێکوتەی کۆرۆنا سنووردارە

راپۆرتی: جێگر خدر

توشبوون بە کۆرۆنای جۆری دێلتا لە ئیدارەی راپەڕین، بە تایبەت دوای جەژنی قوربان بەرز بۆتەوە و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین-یش رایدەگەیەنێت پێدانی پێکوتەی کۆرۆنا سنووردارە و پێویستە هاووڵاتییان پێشتر ناوی خۆیان تۆمار بکەن.

دکتۆر دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین لە لێدوانێکیدا بە کوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئەگەرچی بەردەوام رێنماییە تەندروستییەکان بڵاودەکەینەوە بۆ خۆپارێزی دژی کۆرۆنا، بەتایبەت کۆرۆنای نوێ کە خێراتر بڵاودەبێتەوە، بەڵام بەداخەوە پابەندنەبوونی هاووڵاتیان توشبووی نوێ زیادکردووە و ئێستا سەنتەرەکانی کۆرۆنا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆش لەژێر چاودێری چڕدان.

خۆتان بپارێزن تا مەرگی ئازیزانتان نەبینن
راشیگەیاند، هاووڵاتیان لەو مەترسییە ئاگادار دەکەینەوە کە ئەگەر خۆپارێزی نەکەن، نەخۆشخانەکانمان پڕدەبن لە نەخۆش و لە توانای ئێمە دەردەچێت، ئیتر ناتوانیین ئۆکسجین و پێویستییەکانی دیکەیان بۆ دابین بکەین.

هەروەها هۆشداری دەدات، لە ئەگەری هەستکردن بە نیشانەکانی کۆرۆنا بەتایبەت جۆری دێلتا، راستەوخۆ هاووڵاتیان سەردانی ناوەندە تەندروستیەکان بکەن، لەهەر تەمەنێکدابن، ئەوانەی کاریگەریی خراپ لەسەر خۆیان جێناهێڵێت، رەنگە ئازیزانیان تووشبکەن لە کەسانی بەتەمەن و ئەو کەسانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، بۆیە رێنمایی ئەوەیە بەر لە توشبوون خۆتان بپارێزن، تا مەرگی ئازیزانتان نەبینن.

پێدانی ڤاکسین
دکتۆر دیار ئیبراهیم، لە رێگەی کوردستانی نوێ-وە هاووڵاتیان لەوە ئاگاداردەکاتەوە، کە وەرگرتنی ڤاکسین سنووردارە، پێویست بە دروستکردنی قەرەباڵغی ناکات. راشیدەگەیەنێت «بۆ وەرگرتنی پێکوتە یان ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنا پێویستە ناوی خۆتان لە سیستەمی ئەلیکترۆنی تۆمار بكەن لەرێگەی پۆڕتاڵ و ئەپڵیكەیشنی (KURDVAC)،واتە تەنها ئەو کەسانە ڤاکسین وەردەگرن کە پیشتر لە پۆرتاڵی تەندروستی ناوی خۆیان تۆمارکردووە.

ئاماژە بەوەش دەکات، «پێویستە هاووڵاتیان بەبێ تۆماركردنی زانیاری پێشوەختە و بێ گەڕانەوەی نامەی رۆژ و رێکەوت و شوێنی وەرگرتنی ڤاکسین، سەردانی ناوەندەکانی ڤاكسین نەكەن تا ئەو كاتەی لەڕێگەی ژمارەی مۆبایلەكانیان نامەیان پێدەگات و ئاگادار دەكرێنەوە، بەدەر لە سیستەمی نۆرە، سەنتەرەکان بەرپرس نین لە وەرنەگرتنی ڤاکسین و دروستبوونی قەرەباڵغی».

ئامارەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین
تەها محەمەد، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی راپەڕین، لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستانی نوێ، ئامارەکانی کۆرۆنا لە سنووری ئیدارەی راپەڕین دەخاتەڕوو.

کۆی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتییەکە بۆ 21788 کەس کراوە، 203 پشکنینی نوێ کراوە، لەو ژمارەیە 34 کەس هەڵگری ڤایرۆسەکە بوون و 27 کەسیش داخڵی نەخۆشخانەکان کراون، هەروەها کۆی گشتیی ژمارەی چاکبووان 3422 کەسە و 270 کەسیش لە سنوورەکە گیانیان لەدەستداوە.

دێلتا کۆرۆنا و چەند زانیارییەک
پزیشکان و توێژەرەکان بەردەوامن لەسەر لێکۆڵینەوەکانییان سەبارەت بە کۆرۆنای جۆری دێلتا، بەڵام سێ خاڵیان دیاریکردووە کە پێویستە هەمووان زانیاریمان لەبارەیەوە هەبێت:

1- جۆری دێلتا خێراتر دەگوازرێتەوە لە چاو جۆرەکانی پێشووتری ڤایرۆسی کۆرۆنا (SARS-CoV-2 virus strains)، واتا زووتر و پێش دەرکەوتنی نیشانەکانی، ئەگەری تووشبوونی کەسانی زۆرتری هەیە.
هەروەها چەند توێژینەوەیەک دەریانخستووە کە ئەو کەسەی تووشی جۆری دێلتا کۆرۆنا دەبێت رێژەی ڤایرۆسی کۆرۆنا (viral load) لە ناو لووت و ڕێڕەوی هەناسەی 1000 جار زیاترە لە چاو جۆرە کۆنەکەی کۆرۆنا، بۆیە رێژەی تەنگەنەفەسی زیاتر دەبێت لە چاو جۆرەکانی تری ڤایرۆسی کۆرۆنا.

2- ئەوانەی تووشی جۆری گۆڕاوی کۆرۆنا دێلتا دەبن نیشانەکانی توندترن لە چاو جۆرە کۆنەکەی کۆرۆنا کە بە ئەلفا ناسراوە، بە تایبەتی ئەوانەی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرنەگرتووە، بەرێژەیەک دووجار زیاتر داخڵی نەخۆشخانەکان دەبن لەوانەی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.

3- ڤاکسینی کۆرۆنا بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرگری دروستدەکات دژی جۆری گۆڕاوی کۆرۆنا (دێلتا)، نزیکەی 88%ی ئەوانەی ڤاکسینی فایزەریان وەرگرتووە پارێزراو دەبن لە جۆری دێلتا، هەروەها ئەگەر تووشیشیان ببێت کەمتر پێویستیان بە ئۆکسجین و مانەوە لە نەخۆشخانە دەبێت.

 287 جار بینراوە