سەرەکی » دۆسێ » گۆڕانكاریی كەشوهەوا و ژینگە بەرەو قووڵبوونەوەی زیاتر دەڕوات

لە كوردستان و ناوچەكە دەبێتە بابەتێكی سیاسی

گۆڕانكاریی كەشوهەوا و ژینگە بەرەو قووڵبوونەوەی زیاتر دەڕوات

چەند هەفتەیەكە كەشوهەوایەكی نا ئاسایی لە كوردستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی دەوروبەر و هەندێك ناوچەی تر هاتۆتە كایەوە، ئەوەش دەرگای مشتومڕی كردۆتەوە بۆ قسەكردنی جددی لەبارەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و چارەنووسی زەوی بەشێوەیەكی گشتی.

تەنانەت هەندێك ناوەندی پەیوەندیدار پێشبینی دەكەن ئەوەی ئێستا روودەدات، سەرەتایە و گۆڕانكاری و دیاردە و پێشهاتی ژینگەیی قووڵتر و روونتر روودەدات كە هەموویان پێكەوە ئاماژەدەبن بۆ سەردەم یان قۆناغێكی نوێ كە ئەگەر رێوشوێنی خێرا و ریشەیی لە بارەیەوە نەگیرێتەبەر رەنگە دەرەنجامی مەترسیداری لێبكەوێتەوە.

لە كۆتایی دەیەی شەشەمی سەدەی رابردووەوە، روون و رەوان باسی گۆڕانكاریی كەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی دەكرێت، ئەوسا باسی بەرگەهەوا و چینی ئۆزۆنیشی لەسەر بوو، بەڵام ئێستا لە باسكردن زیاتر دەبینین.. روونتر، ئەوەی پێشتر تەنها باس دەكرا ئەمڕۆ بە چاوەكانی خۆمان دەیبینین.

لێكدانەوەی جۆراوجۆر هەیە لە بارەی ئەوەی كە روودەدات. ئایا ئەو گۆڕانكارییەی شتێكی سروشتییە و زەوی بە درێژایی مێژووی خۆی زۆر گۆڕانكاریی لەو جۆرەی بەخۆیەوە دیوە! یان بە پێچەوانەوە ئەوەی روودەدات دەرەنجامی چالاكییەكانی مرۆڤە!

ئەو مشتومڕە ماوەیەكی زۆرە هەیە و پێناچێت وازوو كۆتاییان بێت، هەردوو بۆچوونەكەش پاساو و بەڵگەی جۆراوجۆریان هەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا پێشهاتێكی نوێیە ئەوەیە كە بە فیعلی گۆڕانكاری، لە كەشوهەوای جیهان بە گشتی و ئەم ناوچەیە بە تایبەتی روودەدات.

كۆبوونەوە و دیداری ژینگەیی، هەروا پەیماننامەی ژینگەیش لە نێوان زۆربەی وڵاتانی جیهان ئیمزا كراوە، بەڵام هیچیان تا ئێستا دەرەنجامێكی ئەوتۆیان لێنەكەوتۆتەوە. بۆیە رێكخراو و ناوەندەكانی خەمخۆر لە چارەنووسی زەوی بە گومانی قووڵەوە لە نیگەرانیدا ماونەتەوە.

هۆكاری سەرەكی ئەوەی روودەدات پابەندنەبوونی وڵاتە پیشەسازییە گەورەكانە بەكەمكردنەوەی كاریگەرییە نێگەتیڤەكانیان لەسەر ژینگە لەسەر حسابی داهات و كارگە و كەرتە پیشەسازییەكەیان بە شێوەیەكی گشتی، بەڵام لە بەرئەوەی ژینگەی سەر ئەم زەمینە، یەك ژینگەیە و بۆ ناوچەی جیاجیا دابەشناكرێت، ئەوەی ئەو وڵاتە پیشەسازییانە دەیكەن لەسەر وڵاتانی تر، بەوڵاتانی هەژار و دواكەوتوو و تازە پێگەیشتووشەوە دەردەكەوێت.

لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا و زۆر ناوچەی تری ئەم جیهانە، ساڵانێكە دركیان بە مەترسی و نالەباریی دۆخی ژینگە و كەشوهەوا كردوە، ئەو مەسەلەیەیان لە تیۆرییەوە دابەزاندۆتە ناو ژیانی رۆژانە و ئاسایی خەڵكەوە، نەك وانەیەكی وشكی ناوەندەكانی خوێندن، بەڵكو حزب و لایەنی سیاسی و كۆمەڵە و رێكخراویشی بۆ دروستكراوە. تانەت ژینگە بۆتە بەشێك لە سیاسەتی رەسمی حكومەت و دەوڵەتەكان.

بۆیە بەپێی بەشێكی زۆر لە پێشبینی و لێكدانەوەكان، پرسی ژینگە و گۆڕانكاریی كەشوهەوا نەك لە كوردستان و عیراق بەڵكو لە بەشێكی زۆری وڵاتانی ناوچەكەش دەبێتە بابەتی رۆژەڤ، رەنگە لە هەڵبژاردن و بۆنە سیاسییەكانیشدا لە جاران زیاتر پێگە و جێگەی گرنگیدان بەدەست بهێنێت.

 180 جار بینراوە