سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » گەڕەكەكانی سەنتەری شاری هەولێر خەریکە دادەڕمێن

گەڕەكەكانی سەنتەری شاری هەولێر خەریکە دادەڕمێن

راپۆرتی: تەها عەبدوڵڵا

ئەگەر لەسەر قەڵای هەولێرەوە سەیری خوارەوە بكەیت چەند خانوو و کۆڵانێکت بەرچاو دەكەوێت کە سیمایەكی کۆن و دێرینیان هەیە کە بەشێكن لە مێژووی شارەكە، كاتێكیش لێیان نزیکدەبیتەوە هەست دەكەیت تاڕادەیەكی زۆر پشتگوێخراون، جگە لەوەی ژیانی ئاسایی تێدا نەماوە، هیچ بڕیارێک لەبارەی چارەنووسیان نەدراوە، تا بەو جۆرەی ئێستا نەمێنێتەوە.

گەڕەكی عەرەبانی هەولێر یەكێكە لەو گەڕەكانەی كەوتۆتە پشت باڵەخانەی قائیمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر بەرامبەر قەڵای شارەكە، ئێستا ئەو گەڕەكە جگە لە چەند خێزانێکی كەم كەسی تری تێداناژی، بەشێكی زۆری خانووەكانی روخێنراوە و كراونەتەوە گەراجی ئۆتۆمبێل، كە بەهۆی نزیكییەوە لەسەنتەری شار، رۆژانە خەڵكێكی زۆر ئۆتۆمبێلەكانیان لەو گەراجانە دەوەستێنن.

پێویستە بپارێزرێن
بۆ ئامادەکردنی راپۆرتێک بەو گەڕەکەدا تێپەڕبووین و چەند کەسێکمان دوواند، حەمید كەریم مامۆستایە و لە بنەڕەتدا خەڵكی ئەو گەڕەكەیە، وتی: هۆكاری چۆڵبوونی گەڕەكی عەرەبانی شاری هەولێر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لەساڵی 2012 حكومەت بڕیاری خۆماڵەكردن (استملاك)ی ئەو گەڕەكە‌ و چەند گەڕەكێكی تری داوە لەبەر ئەوەی لە قەڵای هەولێر نزیكن، بەهۆی مێژووی درووستبوونیان، بەشێك لە خانووەكانی ئەو سێ گەڕەكە نرخێكی كەلەپورییان هەیە و پێویستە بپارێزرێن و وەك خۆیان بمێننەوە.

وتیشی: بەگوێرەی زانیارییەکانمان تائێستا 60%ی خاوەن موڵکەكانی ئەو سێ گەڕەكە خۆماڵەكراون و كرێچیەكانیش بە پارچەیەك زەوی قەرەبووكراونەتەوە، ئێستاش بەشێك لە خاوەن موڵکەكان یان كرێچیەكانیان لەو گەڕەكانە ماون، بەڵام حكومەت خزمەتگوزاری بۆ ئەو گەڕەكانە راگرتووە، هەربۆیە زۆرجار تووشی كێشە و گرفتی كۆبوونەوەی ئاو و هاتوچۆ دەبنەوە.

سیمایەكی ناشارستانی
وەک لە وێنەکان دەردەکەوێت بەتێپەڕبوون بە نێو كۆڵانەكانی گەڕەكی عارەبان دەبینێت بەشێكی زۆر لە خانوو و دیوارەكان زۆر نزیكن لە داڕمان‌، ئەمە جگە لەوەی، بەجۆرێك لەگەڵ شارێك ناگونجێت كە پایتەخت بێت و مێژوویەكی دێرینی هەبێت.

هەندێک لە دوكان و شوێنە بازرگانییەكانی سەنتەری شار رووی دواوەیان دەكەوێتە گەڕەكی عارەبان، بۆیە بەشێک لەو دوکان و شوێنە بازرگانیانە خانووە كۆنەكانیان وەك كۆگای هەڵگرتنی كەلوپەكانیان بەكاردەهێنن، هەربۆیە وەك باسدەكرێت زۆرجار كاری نەشیاو و دزیشی تێدا دەکرێت.

ئاسۆ خالید كە كاسبكارێكە و خاوەنی یەكێك لەو دوكانانەیە بۆ کوردستانی نوێ وتی: لە ساڵی رابردوودا دزییەكی گەورە لە یەكێك لە كۆگای كوتاڵ و قوماش فرۆش كرا، كە دزەكە لە دواوەی دووكانەكەوە، واتا لە گەڕەگی عارەبان هاتبووە ناو دوكانەکە و دزیی کردبوو. ئەو دوكاندارە داوادەكات حكومەت بڕیارێك بدات ئینجا بەهەر جۆرێك بێت، گرنگ ئەوەیە ئاوەدان بكرێتەوە، چونكە هەر گەڕەكێك ئەگەر ئاوەدان نەبێت و چاودێری نەكرێت كاری خراپتری تێدا دەکرێت.

لەسەر شێوازی کۆن نۆژەنبکرێتەوە
موحسین ئاوارە شاعیر و كەسایەتی شاری هەولێر كە ژیانی منداڵی لەو گەڕەكە بەسەربردووە دەڵێ: بۆ ئێمەی خەڵكی گەڕەكی عارەبان مایەی نیگەرانییە گەڕەکەکەمان بەو شێوەیە دەبینرێ، بەڵام لەبەر ئەوەی حكومەت تا ئێستا دەستی بە نۆژەنكردنەوە نەکردووە، کە پێویستە لەسەر شێوازی کۆنی خۆی و لە رێگای رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بکرێت، بۆیە تا ئەو کاتە ناتوانرێ هیچ گۆڕانكاریەكی تێدا بكرێت.

وتیشی: مانەوەی بەو جۆرەی ئێستا وادەكات خانوو و کۆڵانەکانی ئەو گەڕەكە زیاتر زیانیان بەربكەوێت، ئەوکات نۆژەنكردنەوەی لەسەر شێوازی كۆن زەحمەت تر و كاتێكی زیاتری پێویستە، بۆیە ئێمە و خەڵكی هەولێر بەگشتی ناخوازین گەڕەكە دێرینەكانی شارەكە لەناوبچن كە ساڵانێك بەشێكی زۆر لە کەسایەتی و خێزانە ناودارەکانی هەولێر تێدا ژیاون.

ئەو كەسایەتییەی گەڕەكی عارەبان ئاماژە بەوەشدەكات: راستە پێشتر هەندێك كاری نەشیاو لەو گەڕەكە کراوە، بەڵام ئێستا تاڕادەیەكی باش پارێزراوە و رووناكی و پاسەوانی تایبەتی هەیە، چونكە شوێنەكە سەنتەری شارە و موڵك و ماڵێكی زۆری خەڵك لە دوكان و شوێنە بازرگانییەكانی هەڵگیراوە، بۆیە ئێستا تەنیا گرفت ئەوەیە سیمای ئەو گەڕەكە تێكچووە ‌و دەخوازین چارەسەرێكی بۆ بدۆزرێتەوە.

 246 جار بینراوە