سەرەکی » دۆسێ » بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆی

كازمی و لایەنە سیاسییەكان رێكەوتن

بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆی

سەرۆكایەتییەكانی عیراق و سەركردەكانی فراكسیۆنە سیاسییەكان، لەسەر رێكردن بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە وادەی خۆی كە دەی تشرینی یەكەمی داهاتووە رێكدەكەون، جەختیش لەسەر دەربڕینی پشتیوانی خۆیان بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنیش لەپێناو تەواوكردنی ئامادەكاریی پێویست بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە، دەكەنەوە.

مستەفا كازمی سەۆكی حكومەت و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و فائیق زێدان سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی، لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە سەركردەكانی هێزە سیاسییەكان و جێگری نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەشدا دۆسێی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن تاوتوێ‌ كرا.

بەپێی بەیاننامەیەكی رەسمیش كە لەلایەن نوسینگەی مستەفا كازمی سەرۆكی حكومەتەوە بڵاوكرایەوە»پابەندن بە وادەی دیاریی كراو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و رەخساندنی كەشێكی لەبار بۆ سازكردنی بەشێوەیەكی شیاو»، جەختیش لەسەر كۆدەنگی هێزە سیاسییەكان كرایەوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی كە دەی تشرینی یەكەمی داهاتووە، لەگەڵ پابەندبوون بە وادە دیاریكراوەكە.

هەر لەو بارەیەوە، عەبدولحسێن هنداوی راوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری هەڵبژاردن، لای خۆیەوە رایگەیاند»كۆبوونەوەكە لە كەشێكی ئەرێنیدا سازكرا، سەبارەت بە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن»، بەپێی لێدوانێكی هینداویش كە لەلایەن ئاژانسی دەنگوباسی (العراقیە)ی رەسمی بڵاوكرایەوە»ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە تەئكیدییان لەسەر پابەندبوون بە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كردەوە لە وادەی دیاریی كراوی خۆی، وێڕای گفتووگۆكردن لەسەر پرسە سیاسییەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی تشرین و باسكردنی لایەنی تەكنیكی و فەراهەمكردنی پشتیوانی بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەپێناو تێپەڕاندنی ئاستەنگەكان».

بە وتەی هنداوی»كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، شیكارییەكی وردی لەبارەی ئامادەكارییەكان و پەرەسەندنی كارەكانی خستەڕوو».

لای خۆیەوە، بەرپرسێكی حكومی ئاگادار لە كۆبوونەوەكە، بە رۆژنامەی (العربی الجدید)ی قەتەری راگەیاندبوو»ئەو كۆبوونەوەیە كە لەلایەن مستەفا كازمی سەرۆكی حكومەتەوە داواكرابوو سازبكرێت، ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆنی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن تاوتوێ‌ كرد، راوبۆچوونی سەرۆكایەتییەكان و هێزە سیاسییەكانیشی تێیدا خرایەڕوو، لەگەڵ ئەمەشدا هەندێك لە هێزە سیاسییەكان ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبوون، لەوانەش هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا (بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی)، و هاوپەیمانی سائیرون (سیاسەتەكانی لەلایەن موقتەدا سەدرەوە ئاراستە دەكرێت)، وێڕای ئەو هێزانەی بایكۆتكردنی خۆیان بۆ هەڵبژاردن راگەیاندبوو».

بەرپرسە حكومییەكە دەڵێت»هەموان لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا رێكەوتن، لەگەڵ بەدواداچوون بۆ ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆن بۆ رۆژی دەنگدان»، ئاماژەی بە ئەرێنی كۆبوونەوەكە و یەكلایی كردنەوەی مشتومڕەكانیش كرد، سەبارەت بە وادەی هەڵبژاردن.

محەمەد كەربولی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی (القوی)، لەبارەی كۆبوونەوەكەوە لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەلایەتی تویتەر رایگەیاندبوو»ئاكامی كۆبوونەوەكە، رێكەوتن بوو لەسەر چەسپاندنی وادەی هەڵبژاردن و دوانەخستنی، لە بارەی چەقبەستنی هەڵبژاردنیش تێدەگەیەن كە بەهۆی دیدە جیاوازەكانەوە دروستبوو لەنێوان هەردوو لایەنی بایكۆتكەر و پابەندبووەكان، بەڵام كۆبوونەوەی هێزە سیاسییەكان لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، بە ئامادەبوونی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی، بابەتەكەی یەكلایی كردەوە و جەختی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كردەوە، لە وادەی دیاریكراوی خۆی».

كۆبوونەوەیەكی لەوجۆرە، لەسایەی مشتومڕێكی سیاسی توندە لە شەقامی عیراقی، سەبارەت بە تواناكانی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆی، یان بەڕێوەنەبوونی، بە تایبەتیش دوای ئەوەی ژمارەیەك لە هێزە سیاسییەكان، بایكۆتی خۆیان بۆ پرۆسەكە راگەیاند.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، هەریەك لە ئوسامە نوجێفی ئەمینداری گشتی حزبی (للعراق متحدون) و خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم و خالید عوبەیدی سەرۆكی دەستەی سیاسی هاوپەیمانی عەزم، تەئكیدیان لەسەر رەخساندنی زەمینەیەكی لەبار بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا كردەوە، بەپێویستیان زانی هەموو لایەنەكان پابەندی وادەی دیاریكراوی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بن كە دەی تشرینی یەكەمی داهاتووە.

موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر، یەكەم كەس بایكۆتی هەڵبژاردنی پێشوەختی كرد، بەو پێیەی لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزی رابردووەوە لەو بارەیەوە هەڵوێستی خۆی راگەیاند، دوابەدوای ئەویش بازنەی بایكۆتكردنی رووی لە فراوانبوون كرد و پاشەكشەكردنی حزبی شیوعی عیراقی و پاشان سەعد عاسم جەنابی سەركردەی گردبوونەوەی كۆماری عیراقی بەدواداهات، بە هەمان شێوە بەرەی دیالۆك بە سەرۆكایەتی ساڵح موتڵەگیش بایكۆتی هەڵبژاردنی كرد و دواجاریش، فراكسیۆنی مینبەری عیراقی بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەللاوی، پاشەكشەكردنی خۆی لە پێشبڕكێی هەڵبژاردن راگەیاند.

بەپێی دوایین پێشهاتیش، باس لە دەنگۆی دەستپێكردنی دیالۆگێكی راستەقینە دەكرێت لەگەڵ ئەو لایەنانەی بایكۆتكردنی هەڵبژاردنیان راگەیاندووە و دەوترێت، لایەنەكان لەو بارەیەوە نەرمییان نواندووە بۆ گەڕانەوە و بەشداریی لە پرۆسەكەدا.

ئەوانەی نەیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنن و پاشەكشەیان كردووە، باس لە چەكی لەدەستدەرچووی میلیشیاكان و پارەی سیاسی دەكەن كە هەر زوو خزێنراونەتە نێو هەڵبژاردنەوە، وێڕای نەبوونی گرەنتی بۆ دووبارەنەبوونەوەی ساختەكارییەكانی هەڵبژاردنی پێشووی 2018.

خۆپیشاندانی تشرینی 2019 كە بووە مایەی كوژرانی زیاتر لە 600 كەس و برینداربوونی دەیان هەزار كەسی تر، حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی ناچاركرد دەستلەكاربكێشێتەوە، دوابەدوای ئەوەش لەدوای داوای لێبوردنكردنی هەریەك لە محەمەد تۆفیق عەللاوی و عەدنان زورفی كە بۆ پێكهێنانی حكومەت راسپێردرابوون، مستەفا كازمی سەرۆكی پێشووی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی، لە مانگی ئایاری 2020، حكومەتی راگوزەریی پێكهێنا و پێكهاتەی حكومەتەكەشی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە متمانەی پێبەخشرا.

هەر لەگەڵ دەستبەكاربوونی حكومەتی نوێ‌، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، بەڵێنیدا لەماوەی ساڵێكدا هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەببات و مانگی حوزەیرانی 2021ی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە دیاریی كرد، بەڵام بەر لە هاتنەبەری مانگی حوزەیران، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، داوای لێبوردنی كرد لە بەڕێوەچوونی پرۆسەكە و هۆكارەكەشی بۆ تەواونەبوونی ئامادەكارییە لۆجستی و تەكنیكییەكان گەڕاندەوە، دواتر مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن وەك وادەیەكی تر دیاریی كرا، لەئێستاشدا وێڕای پاشەكشەكردنی ژمارەیەك لە هێزە سیاسییە كاریگەرەكان، جەخت لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەكرێتەوە لە وادەی دیتاریی كراوی خۆی و رەتدەكرێتەوە جارێكی تر رێگە بە دواخستنی بدرێت.

 172 جار بینراوە