سەرەکی » زانست » لەدەستدانی باڵندە و پەلەوەرێكی زۆر لە كەركوكپەڕە 27

لەدەستدانی باڵندە و پەلەوەرێكی زۆر لە كەركوك

نووسینگەی كەركوك، هێمن ئەحمەد

لەمساڵدا بەتایبەتی لە گەرمیان و ناوچەی كەركوكدا وشكە ساڵییەكی بەرچاو سەریهەڵداوە كە بووەتە هۆی گۆڕانكارییەكی گەورە لە كەش و هەوا و ژینگەدا بۆتە هۆی لە دەستدانی سەروەتی سامانی ئاژەڵی و دارو درەخت و پەلەوەری كێوی.

پەلەوەر و باڵندەو ئاژەڵە كێوییەكان پانتاییەكی گەورەی ژینگەی كەركوكییان داگیركردووە و ئەوەندی تر سروشتەكەیان دڵگیرو خۆشتر كردووە كە جۆرەها باڵندەی تێدایە و ناوچەكانی تر نییە یان تایبەتمەندی خۆیان هەیە كە جیاوازن لەگەڵ ناوچەكانی تری كوردستان و ناوچەكانی عیراقدا.

نەبوونی بێ ئاوی لە ناوچەكانی كەركوك بەتایبەت ناوچە دوور دەستەكانی لە شارەوە و نەبوونی ئاوی پێویست بۆ داڵدەدانیان دەبێتە هۆی لە ناوچوونی بەشێكی زۆریان یان پەككەوتنیان كە توانای بەردەوامبوونیان نابێت لەو ژینگە بیابانییە، كە رێژەیەكی زۆر كۆچ دەكەن بۆ دەرەوەی ژینگەی كەركوك بۆ بەدەستهێنانی ئاو و خۆراكی پێویست بۆ بەردەوام بوون لە ژیانیان ئەمەش لەگەڵ خۆیدا دەبێتە كۆچی پەلەوەر و باڵندەی كێوی لە ناوچەی كەركوكەوە بەرەو ناوچەكانی تر یان دەكەونە دەستی بازرگانانی تایبەت بە پەلەوەر و مامەڵەكردن پێیانەوە لەبازاڕەكاندا.

بۆ نموونە لەم ماوەیەی دواییدا بە هۆی تینوێتییەوە ئاسكەكانی ناوچەكانی كەركوك و ناوچەی گەرمیان چاویان کوێربووە یان چاوێكیان لەدەستداوە یان تووشی هەندێ نەخۆشیی لاوەكی بوون و بەرەو لەناوبردنیان دەبات.

هەروەها وشكە ساڵی بۆتە هۆی كەمبوونەوەی هێلكەو زاوێز كردن، چونكە تروكاندنی هێلکەكان پێویستیان بە پلەیەكی گەرمای دیاریكراویان هەیە بۆ توركاندن، بەڵام بەهۆی بەرزی پلەی گەرماوە هێلكەكان دەپوکێنەوە یان پیس دەبن.

زیانی زۆرمان بەركەوتووە
حوسێن محەمەد، دوكاندارێكی فرۆشتنی پەلەوەرە كێوییەكان لە كەركوك، بە كەشتی نوحی راگەیاند: لەمساڵدا بەهۆی وشكە ساڵییەوە پەلەوەرە كێوییەكانی ئەمساڵ لە ڕوو لاوازن یان بەرگەی ئەم گەرمایە ناگرن یان توانای نەشو نما و گەورە بوونیان نییە، بەهۆی ئەم وشكە ساڵییەوە زیانێكی زۆرمان بەركەوتووە كە بەڕێژەیەكی زۆر پەلەوەرمان كڕیوە و لە دەستمانداوە بۆ نموونە وەكو (كەناری، تەیرولحوب، كۆكتیل، خورماخۆر، مینا، تووتی..).

پۆڕ و قەتێ و كەوو راو دەكرێت
هاوكات عەبدوڵڵا عەلی، خاوەن دوكانێكی ترە، دەڵێ: بەهۆی وشكە ساڵی و بەرزی پلەی گەرما، مارو دووپشك زیادیان كردووە ئەوانیش لەبەر دەست نەكەوتنی نێچیری پێویست پەلاماری هێلكەو بەچكە پەلەوەرەكان دەدەن، وەكو پێویستیەكی خۆراكی و ئاویی بەكاریان دەهێنن.

وتیشی: لەدەرەوەی كەركوك پەلەوەر و باڵندەیەکی زۆرمان بۆ دێت كە لەلایەن خەڵكییەوە راوكراوە بەتایبەتی لەئێستادا وەرزی پۆر و قەتێ و كەوو سوێسكە كە زیاتر بۆ بەكارهێنانی گۆشتەكەی راویان دەكەن و نایەڵین لە وەزی زاوزێدا لە بارێكی سروشتی خۆیاندا بڕوات، كە ئەمەیش دەبێتە كەم بوونەوەیان بەڕێژەیەكی زۆر و بەرچاو.

ئەوەی لێرەدا گرنگە بیڵێن و لەلایەن رێكخراوەكانی ژینگە پارێزەوە یان ئەوانەی پارێزگاری لە دارستانەكان دەكەن پێویستە كاری بۆ بكرێت پێویستیان بە پرۆژە و بەرنامەی جۆراو جۆرە تا بێنە مەیدان و كار بكەن لەدەستە بەركردنی ئاو و پێداویستی خۆراكی، ئەویش بە هەڵكەندنی بیر و چاڵ بۆ پڕكردنی ئاو لە كاتی پێویستدا بۆ پەلەوەر و باڵندەكان تا لە مردن و لە ناوچون بییانپارێزن. هەروەها بڵاوبوونەوەی خۆراكی پێویست لە دەوروبەری زەوییە كشتوكاڵییەكان بۆ پارێزگاری و رزگار بوون لە مردنیان.

ئەوەی پێویستە لەسەر هاووڵاتیش كار کردنە بۆ دانانی خواردن و ئاو لە سەربانەكانیان بۆ پاراستنیان لە فەوتاندن.

 300 جار بینراوە