سەرەکی » وتار » لەشکر حەمە ساڵح » بەبۆنەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە

وردتـر

بەبۆنەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە

نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا ئاستەنگی لێكەوتە ئابوورییەكانی پەیوەست بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تێدەپەڕێنێت، خەریكە جۆرێك لە سەقامگیری لە نرخدا دێتەكایەوە.

لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە تا ئێستا، ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكەوتەكانی وەك هەڕەشەی گەورە لەسەر ئابووریی جیهان دەركەوتن، ئێستاش بەهۆی ڤاكسین و خۆگونجاندنی مرۆڤایەتی و سەرەڕای جۆری نوێ و گۆڕاوی ڤایرۆسەكە، بەڵام خەریكە لە پێشتر زیاتر جیهان خۆی لەگەڵ دۆخەكە دەگونجێنێت، ئەوەش دەرگا لە بەردەم باشبوونی باری ئابووریی جیهاندا دەكاتەوە.

بۆ كوردستان، ئەوە هەواڵێكی خۆشە بە تایبەتی كە وردە وردە كاریگەرییەكانی ئەو باشبوونە گشتی و جیهانییە لەسەر كوردستانیش دەردەكەوێت ئەویش لە رێگەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و بەرزبوونەوەی ئاستی داهات و بووژانەوەی هەمەلایەنە، بەڵام ئەم پێشهاتە نابێت لە بیرمان بەرێتەوە كە لە كوردستان گرفتی گەورەی ئابووری هەیە كە پێویستی بە چارەسەری ریشەیی و یەكجارەكی هەیە.

لەو ساڵ و چەند مانگەی دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كوردستان و ئابوورییەكەی وەك ساڵانی پێشتر، بگرە خراپتریش، دووچاری ئاستەنگ و گرفتی زۆر هات، كێشەی گەورە لە بواری ئابووری و بژێویی هاووڵاتیان هاتە كایەوە، گرفت و كەموكورتییەكانمان بە روونی و ئاشكرایی و بە داماڵراویی لە رازاندنەوە و بریقەكان بینی.

جا بابەتی ئەوەی حكومەتی هەرێم چۆن مامەڵەی كرد و دەبووایە چی بكردایە بابەتێكی ترە و دەكرێت لە دەرفەتی تردا پسپۆڕان قسەی لە بارەوە بكەن، بەڵام ئەوەی پێویستی بە هەڵوەستەی جددییە ئەوەیە كە دۆخی كوردستان و ئابوورییەكەی تاكەی بەمجۆرە دەمێننەوە؟ تا كەی خۆمان خەریك دەكەین بە پینەوپەڕۆ و تێپەڕاندنی ئاستەنگەكان بە تەنگەنەفەسی و كورتبینییەوە؟ تا كەی خۆمان دەدزینەوە لە دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی و یەكجارەكی بە تایبەتی لە بوارەكانی پەیوەست بە ئابووری و ژیانی گشتی.

گرفتەكانی پەیوەست بە سیاسەتی نەوت و بەكارهێنانی بۆ بەرژەوەندییە باڵا و گشتییەكان پێویستی بە سەرلەنوێ پێناسەكردنەوە و داڕشتنەوە هەیە، بە تایبەتی لە رووی گرێبەست و چۆنێتی كاركردنی كۆمپانیا بیانییەكان و دابەشكردنەوە و رێكخستنەوەی داهاتەكانی نەوت، كە بەو هۆیەوە لە سەردەمی كۆرۆنادا بەشێكی كەمی داهاتی (خۆی لەبنەڕەتدا كەم)ی هەرێم و خەڵكەكەی مایەوە، بەشە زۆرەكەی رۆشت بۆ پابەندییە داراییەكان و پابەندییەكانی تر لە شێوەی قەرز و كرێی گواستنەوە و كاركردنی كۆمپانیاكان و ئەوانی تر.

ئەو گرفتە بەشێكی زۆر لە پەرلەمانتاران و شارەزایان و مامۆستایانی ئابووری قسەیان لەبارەوە كردووە و دەوترێت حكومەتی هەرێمیش هەوڵێكی هەیە بەو ئاراستەیە، بەڵام ماوەیەكی زۆر تێپەڕیوە و هێشتا هەنگاوی عەمەلی نەبینراوە.

لەو مەسەلەیەشدا كە زیاتر لەسەر نەوت و رێكخستنەوەی قسە دەكرێت لەبەرئەوەیە كە نەوت بڕبڕەی ئابووریی كوردستان و داهاتی سەرەكییەتی، ئەگەرنا دۆسێ و مەسەلەكانی تریش بایەخ و گرنگیان هەیە.

لەوانە پێویستی گەیشتن بە رێكەوتن و لێكتێگەیشتن لەگەڵ عیراق لە بوارەكانی ئابووری و بودجە و نەوت و بوارەكانی تر، بەڵام لە هەموو بابەت و ریزبەندییەك گرنگتر ئەوەیە كە لە ماوەی رابردوودا بۆمان دەركەوت بوارەكانی ئابووریی كوردستان، لە نەوتەوە تا دەگاتە بوارەكانی تر، ئەوەندەیان كەموكورتی تێدایە كە پێویستیان بە چارەسەری باشتر و ریشەیی هەیە.

 385 جار بینراوە