سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » ئەوروپا داوا لە ئەمریكا دەكات كشانەوەی هێزەكانی لە فڕۆكەخانەی كابول دوابخات

ئەوروپا داوا لە ئەمریكا دەكات كشانەوەی هێزەكانی لە فڕۆكەخانەی كابول دوابخات

هاوكات لەگەڵ بەردەوامبوونی پڕۆسەكانی گواستنەوەی هەزاران كەس بۆ دەرەوەی ئەفغانستان، ویلایەتە یەكگرتووەكان سەربازی زیاتری بردۆتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی كابول ‌و ژمارەیەك وڵاتی ئەندامیش لە پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، داوایان لە ئەمریكا كردووە، كشانەوەی كۆتایی هێزەكانی لە ئەفغانستان دوابخات.

ئەوروپییەكان ناتوانن سەلامەتیی فڕۆكەخانەكە گەرەنتی بكەن
جۆزێپ بۆریل وەزیری دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا رایگەیاند: دەیانەوێت تا كۆتایی ئەم مانگە، 60 هەزار كەس لە ئەفغانستان بگوازنەوە، ئەوەش ئەستەمە. وتیشی: كێشەكە چۆنێتی گەیشتنە بە فڕۆكەخانەی كابول، چونكە ئەو چاودێری ‌و رێوشوێنە ئەمنییەی هێزەكانی ئەمریكا گرتوویانەتەبەر، زۆر توندە ‌و ئاستەنگ لەبەردەم گەیشتنی كارمەند ‌و هاووڵاتییەكانیان ‌و ئەفغانییەكانیش دروست دەكات.

وەزیری دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا روونیكردەوە: لە كابول دوو فڕۆكەخانە هەیە، یەكێكیان مەدەنییە ‌و تالیبان كۆنترۆڵی كردووە، ئەوی تریشیان سەربازییە ‌و لە ژێر كۆنترۆڵی ئەمریكییەكاندایە ‌و تەنها ئەو كەسانە دەچنە فڕۆكەكانەوە، كە لەناو فڕۆكەخانەكەدان، ئەو گەشتە ئاسمانییەشی كە رۆژی شەممەی رابردوو بۆ ئیسپانیا كرا، زۆربەی زۆریان ئەمریكی بوون. وتیشی: ئەگەر ئەمریكییەكان لە كۆتایی ئەم مانگەدا بە تەواوی بكشێنەوە، ئەوا ئەوروپییەكان ئەو توانایەیان نییە كە سەلامەتیی فڕۆكەخانەكە بكەن ‌و دەكەوێتە دەستی تالیبانەوە، بۆیە ئەگەر بیانەوێت كارمەند و هاووڵاتییەكانیان بگوازنەوە، پێویستە لەگەڵ تالیباندا گفتوگۆ بكەن، بەڵام دانوستان لەگەڵ ئەو بزوتنەوەیە، مانای داننان بە سیستمی دەسەڵاتیاندا ناگەیەنێت.

پێكهێنانی هێزێكی 50 هەزار سەربازی
جەختیشیكردۆتەوە: پێویستە وڵاتانی ناتۆ خۆیان رێكبخەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو جیهانەی هەیە، نەك ئەو جیهانەی ئێمە خەونی پێوە دەبینین. هەروەك پێشنیازیشی بۆ یەكێتیی ئەوروپا كرد، هێزێكی نزیكەی 50 هەزار سەربازیی پێكبهێنن، كە بتوانن لە دۆخی وەك ئەوەی ئەفغانستانی تێدایە، كار بكەن ‌و وەزیرانی بەرگریی یەكێتیی ئەوروپاش سەرقاڵی تاوتوێكردنی ئەو بابەتەن.

گواستنەوەی 17 هەزار كەس
لەلایەكی دیكەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پەنتاگۆن) رایگەیاندووە: كاركردن بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیانی ئەمریكا ‌و ئەو كەسانە بەردەوامە كە لە ئەفغانستان هاوكاری هێزەكانی وڵاتەكەیان بوون ‌و تەنها لە ماوەی 24 سەعاتدا، نۆ فڕۆكەی ئەمریكی زیاتر لە سێ هەزار كەسیان بۆ دەرەوەی ئەفغانستان گواستۆتەوە، كە 2500 كەسیان هاووڵاتی ئەمریكی بوون، بەوەش تائێستا 17 هەزار كەسیان لە سەرەتای پڕۆسەكەوە لە فڕۆكەخانەی كابولەوە گواستۆتەوە.

پەنتاگۆن روونیشیكردۆتەوە: لەپێناوی دابینكردنی سەلامەتیی فڕۆكەخانەكە ‌و گواستنەوەی خەڵك، ئێستا پێنج هەزار سەربازی ئەمریكی لە ئەفغانستانن.

باسی لەوەشكردووە: دوای كۆنترۆڵكردنی كابولی پایتەخت لەلایەن تالیبانەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكان لە هەفتەی رابردووەوە، دەستیكردووە بە گواستنەوەی هاووڵاتییە ئەمریكی ‌و ئەفغانییەكان، بەڵام پڕۆسەكە هەروا ئاسان نییە.

پەنتاگۆن جەختیشیكردۆتەوە، كە بەپێی گۆڕانكاری ‌و پێشهاتەكان، فەرماندە مەیدانییەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان، رێكاری گونجاو دەگرنەبەر.

18 فڕۆكەی نەفەرهەڵگر
وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا ئاماژەی بەوەداوە: هەوڵدەدەن بەپێی توانا، پڕۆسەی گواستنەوەكە خێراتر بكەن ‌و ئێستا هەموو هەوڵێکیان لەسەر جێبەجێكردنی ئەو ئەركە چڕکردۆتەوە.

لای خۆشیەوە، ئیدارەی جۆ بایدن بانگهێشتكردنی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانیی بازرگانی تاوتوێ دەكات، بۆ دابینكردنی فڕۆكە و تیمی تایبەت بۆ گواستنەوەی ئەفغانییەكان.

لەوبارەیەوە، وتەبێژی پەنتاگۆن رایگەیاندووە: واشنتۆن لە هەوڵدایە 18 فڕۆكەی نەفەرهەڵگری بازرگانی بەكاربهێنێت بۆ گواستنەوە ‌و هاوكاریكردنی ئەو كەسانەی لە ئەفغانستان هەڵاتوون.

ئەوەش لە كاتێكدایە، كە سویسرا ‌و ئەڵمانیا رایانگەیاندووە، بەهۆی تێكچوونی رەوشی ئەمنیی دەوروبەری فڕۆكەخانەی كابول، گەشتەكانی گواستنەوەی هاووڵاتیان ‌و ئەفغانییەكانیان هەڵپەساردووە.

جێی ئاماژەیە، بڕیارە ئەمڕۆ 24/8/2021، سەركردەكانی حەوت وڵاتە پشەسازییەكە لە رێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە كۆببنەوە ‌و دەربارەی دۆخی ئەفغانستان گفتوگۆ بكەن.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

 220 جار بینراوە