سەرەکی » وتار » لەشکر حەمە ساڵح » هەفتەیەكی پڕ لە پێشهاتی سیاسی

وتەیەک

هەفتەیەكی پڕ لە پێشهاتی سیاسی

ئەم هەفتەیە تەنها تەوەرێكمان دیارینەكردووە بۆ دۆسێی سیاسی لەبەرئەوەی بابەتەكان زۆر و فراوانن و لە دووتوێیەكی هەفتانەدا پێڕاناگەین هەق بە هەموویان بدەین، بەڵكو لە رێگەی خستنەڕووی چەند تەوەر و بابەتێكەوە رووماڵی ئەم هەفتەیە دەخەینەڕوو.

كشانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان هەر ئەو دیوەی نییە كە لەوەی دووەمیان دەبینرێت و باس دەكرێت، بەڵكو دیوەكەی تری ئەو مەسەلەیە لە ناوخۆی ئەمریكاشدا رەنگدانەوە و لێكەوتەی جۆراوجۆری هەبووە. بگرە، ئێستا جۆ بایدن گوشارێكی زۆری ناوخۆیی ئەمریكای لەسەرە.

لە ناوخۆی ئەمریكادا مشتومڕ گەرمە لەسەر ئەوەی كە ئەوەی لە ئەفغانستان روویدا شكستە یان سەركەوتنە بۆ ئەمریكا و ئیدارەی بایدن؟ ئەگەر شكستە كێ بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت، ئەگەر سەركەوتنیشە ئەوە یەكەم جارە سەركەوتن ئەوەندە پەشۆكان و بێ سەروبەرەیی بهێنێتە ئاراوە، لەوانەیە گوزارشتی ترەمپ لە هی هەموان راشكاوتر بێت كاتێك وتی ئەوەی لە ئەفغانستان روویدا رسواییەكە كە لە مێژووی ئەمریكادا وێنەی نەبووە.

هاوكات، لە عیراق مشتومڕی گەرم هەیە لە بارەی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران. بانگەشە دەستیپێكردوە بەڵام هێشتا هەر دەنگۆ هەیە لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەكە بە تایبەتی لەو كاتەی هەندێك لیستی كاریگەر بە نموونەی رەوتی سەدر و قەوارەكەی ئەیاد عەلاوی بەشداریی پرۆسەكە ناكەن.

تەوەری سێیەمی دۆسێی ئەم هەفتەیە ئاوڕدانەوەیەكی خێرایە لە دۆخی ئابووری و سیاسی لوبنان. ئەو وڵاتەی سەردەمانێك نموونەی خۆشگوزەرانیی ناوچەكە و جیهان بوو كەچی ئێستا بۆتە گۆڕەپانی تەراتێنی لایەنە هەرێمایەتی و جیهانییەكان كە بەر لە هەر كەسێك هاووڵاتیانی وڵاتەكە بە هۆی داتەپینی ئابووری و كەمبوونەوەی بەهای لیرەوە، بە قورسی و گەورەیی باجەكەی دەدەن و هێشتا ئاسۆیەكی روون دەرنەكەوتووە بۆ چارەسەر و كۆتایی هێنان بەو دۆخە ناهەموارە.

كاتێكیش دەگەڕێینەوە كوردستان باس لە دۆخی ئابووریی دەكەین بە تایبەتی لێكەوتەكانی چەند مانگی رابردووی عیراق كە خۆی لە بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار دەبینێتەوە، ئێستا لە جاران زیاتر، روونتر لێكەوتەكانی ئەو بڕیارە دەردەكەون، كاتێك كاڵا و پێداویستی رۆژانەی خەڵك رۆژ بە رۆژ نرخیان بەرەو بەرزبوونەوەی زیاتر دەڕوات بە تایبەتی نان كە لە چەند رۆژی رابردوودا باسی گەرم و تەوەری سەرەكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوو.

 163 جار بینراوە