نیگەرانی

32

هیچ شتێك لەوە ناخۆشتر نییە، خەمێكی قووڵت هەبێت و نەزانی هۆكارەكەی چییە؟ ئەوە منم هەردەم نیگەرانم، ناشزانم سەرچاوەكەی چییە؟ دەچمە كتێبخانەكەم، لەسەر كورسییەكەم پاڵدەدەمەوە، لە كتێبەكانم ورد دەبمەوە، كۆبەرهەم و كتێبە چەند بەرگەكان و ئەستوورەكان پتر سەرنجم رادەكێشن. رووناكییەك بە ئاستەم لەناو توونێلی ناخمەوە هێدی هێدی دڕ بە تاریكییەكە دەدات، پەردە لەسەر هۆكاری نیگەرانییەكەم لادەبات. ئاخری دەزانم بۆچی نیگەرانم. ئاخۆ مەرگ مەودا دەدات ئەم هەموو كتێبە بخوێنمەوە؟ سەگە سەگی ژیان كاتێكم بۆ دەهێڵێتەوە؟ شەست ساڵی خشتە كتێب سامانی راستەقینەمە، هەر كاتێ دوو پوول لە گیرفانمدا بێت، لێم دەبێتە دووپشكەڕەشە و خەریكە پرزەم لێدەبڕێت، دەبێت خێرا بیدەم بە كتێب و لەم بەڵایەی باخەڵم رزگارم بێت، ئەمما زۆر نابات خەمێك وەكو داركونكەرە رۆحم هەڵدەكۆڵێت، ئەی كەی بیانخوێنمەوە، كتێب هەیە سێ دەیەیە سەیرم دەكات و دەڵێت «سی ساڵە من كچێكی پاكیزەم، ئەمما كوا غیرەتت…» كۆبەرهەمی دۆستۆیڤسكی، تۆڵستۆی، چیخۆف، شاكارەكەی سێرڤانتس و پروست دەخوێنمەوە، دەڵێم ئۆخەی نیگەرانییەكەم رەوییەوە، كەچی هێندە نابات یەشار كەمال، عەزیز نەسین، ماركیز، نەجیب مەحفوز، مونیف، كامۆ، سارتەر، پێرل باك، ئەلێندی و … بۆ سەرلەنوێ خوێندنەوە گازم دەكەن. هەست دەكەم هێندە تینووم خەریكە سی وشكەم تووش دەبێت، تۆمەس چەند مانگێكە ئۆشۆم نەخوێندۆتەوە. خەریكە لە خۆم بایی دەبم و دەڵێم: «هیچ نەبێت نیوەی كتێبخانەكەم خوێندۆتەوە» كەچی «گوێگرە پیاوی بچووك» وەك ئەوەی بەزەیی بە عەقڵمدا بێتەوە و سەیرم دەكات، وەك ئەوەی بڵێت ئەمساڵ بۆ جاری بیستەم بۆ منت نەخوێندەوە؟ بریجنسكی، گراهام فولەر، كیسنجەر، فۆكۆیاما و… شەیتانەكانی سیاسەت كتێبی تازەیان هەیە، نووسەرە لاوەكانی خۆمان، ئێران، ئەفغانستان، سەلمان روشدی، موراكامی، پاموك، بەرهەمی نوێ… هەزاران كتێب و فیلمی نوێ، ئەوەندە نیگەرانم خەریكە جەڵتەیەك لە كۆڵی ژیانم دەكاتەوە. لەناكاو بروسكەیەك موعجیزە ئاسا ناخم رووناك دەكاتەوە، هێندەی نووكەدەرزییەك نیگەرانیم نامێنێت، ئۆخەیی… ئۆی چەند ساڵێكە من مردووم، نیگەرانییەكەشم لەگەڵ خۆم بردۆتە گۆڕەوە، دڵنیام ژنەكەم بلەز كتێبەكانمی داوە بە كۆنەفرۆش.

 200 جار بینراوە