سەرەکی » ئەدەب و هونەر » نادین نه‌جیم شاجوانی سینه‌مای عەرەبی

نادین نه‌جیم شاجوانی سینه‌مای عەرەبی

نادین شاجوان و پاڵه‌وانی سه‌ر شاشه‌ی تیڤییه‌ عه‌ره‌بییه‌كان یه‌كێكه‌ له‌و ئه‌كته‌ره‌ ناودارانه‌ی لوبنان كه‌ له‌ چه‌ندین فیلم و زنجیره‌ درامادا رۆڵی بینیوه‌. جوانی به‌ده‌ن و روخساری و ئه‌دای رۆڵه‌كانی وای كردووه‌ له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی عه‌ره‌ب به‌ناوبانگه‌.

ره‌وه‌ز جه‌بار

ئه‌كته‌ر و بێژه‌ری ناودار و شۆخ و شه‌نگی لوبنانی، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی پارساڵی به‌یروتدا برینداربوو. یه‌كێكه‌ له‌و ئه‌كته‌ره‌ چالاكانه‌ی كه‌ له‌ دوو فیلم و چه‌ندین زنجیره‌ درامادا به‌شداربووه‌. نادین نه‌سیب نه‌جیم ئه‌و په‌ریزاده‌یه‌ی له‌ ساڵی 2004 وه‌ك شاجوانی لوبنان هه‌ڵبژێردرا و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ناوبانگی ده‌ركردووه‌. خانمێكی جوان و چالاكه‌ له‌ بواری زنجیره‌ درامای لوبنانیدا. دوای ئه‌و قۆناغه‌ توانی جێگه‌ی خۆی بكاته‌وه‌ ببێت به‌ یه‌كێك له‌ پاڵه‌وانه‌كانی شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانی لوبنان و وڵاتانی عه‌ره‌بی. هه‌ڵبژاردنی به‌ شاجوانی وڵاته‌كه‌ی ده‌رگای بۆ كرده‌وه‌ تاوه‌كو وه‌ك بێژه‌رێك له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كان ده‌ربكه‌وێت و پاشان وه‌ك ئه‌كته‌ر رۆڵ ببینێ.

نادین له‌ دایك بووی ساڵی 1984ی لوبنانه‌ هاوكات هه‌ڵگری ناسنامه‌ی تونسییه‌ ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی دایكی به‌ره‌گه‌ز تونسییه‌. ئه‌م خانمه‌ باڵابه‌رز و به‌له‌باریكه‌ له‌ 7 ی شوباتی 1984 له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئوتیل دیو له‌ به‌یروت له‌ دایك بووه‌. باوكی نادین به‌رگددووری پیاوان بووه‌ سه‌ر به‌ ئایینی مه‌سیحییه‌ و دایكی موسڵمانێكی تونسییه‌.

ساڵی 2012 نادین شوو به‌ یاریزانی پۆكه‌ر و ئه‌ندزایاری لوبنانی هادی ئه‌سمه‌ر ده‌كات كه‌ شانزه‌ ساڵ له‌ خۆی گه‌وره‌تر بوو. ئه‌و شۆخه‌ نازداره‌ ده‌بێ به‌ خانمی ماڵی ئه‌و پیاوه‌ سووركاره‌ پیره‌ و دوو مناڵی له‌ هادی ئه‌سمه‌ر هه‌یه‌ به‌ ناوی هافن و جیوفانی. لێ ئه‌و خۆشییه‌ درێژه‌ی نه‌كێشاوه‌ و له‌ ساڵی 2019 پاش حه‌وت ساڵ لێی جیابووه‌ته‌وه‌.

دوای ته‌واو كردنی خوێندن، یه‌كه‌م وێسگه‌ی ده‌ركه‌وتن و كاركردنی نادین له‌ بواری نمایشی جل وبه‌رگدا بووه‌ له‌ ته‌مه‌نی شانزه‌ ساڵیدا. ساڵی 2004 له‌ ته‌مه‌نی بیست ساڵیدا به‌ شاجوانی لوبنان هه‌ڵبژێردراوه‌. ساڵی 2009 بۆ یه‌كه‌م جار وه‌ك ئه‌كته‌ر هه‌نگاوی نا به‌ره‌و دنیای سینه‌ما ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی نووسه‌ر شوكری ئه‌نیش فه‌خووری هه‌ڵیبژارد بۆ رۆڵ بینین و به‌شداری كردن له‌ زنجیره‌ درامای « هه‌نگاوی خۆشه‌ویستی -خگوه‌ حب» ئه‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌م ئه‌زموونی رۆڵ بینینی بوو، توانی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێ، ساڵی 2010 خه‌ڵاتی مۆریكس دوری بۆ ئه‌و رۆڵه‌ وه‌رگرت. نادین لێره‌وه‌ هه‌نگاوه‌كانی بۆ دنیای سینه‌ما خێراتر كرد و جێپێی خۆی قایم كرد، له‌ چه‌ندین زنجیره‌ دراما و فیلمدا رۆڵی بینی. نادین چه‌ند خه‌ڵاتێكی پێبه‌خشراوه‌ له‌وانه‌ ساڵی 2015 خه‌ڵاتی زانكۆی ده‌ولی عه‌ره‌بی خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری لوبنانی پێبه‌خشی بۆ رۆڵی له‌ زنجیره‌ درامای (تشیللو- چه‌لۆ) هه‌مان ساڵ خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ر مۆریكس دوور بۆ هه‌مان رۆڵ له‌ زنجیره‌ی چه‌لۆ وه‌رگرت. خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ر بۆ رۆڵی زنجیره‌ی هه‌نگاوی خۆشه‌ویستی و…

ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی رۆڵی تێدا بینیون
نادینی نازدار له‌ ماوه‌ی كاركردنی له‌ دنیای سینه‌ما و درامادا له‌ كۆمه‌ڵێك زنجیره‌ و فیلمدا به‌شداری كردووه‌. ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ش بریتین له‌ زنجیره‌ دراماكانی هه‌نگاوی خۆشه‌ویستی ساڵی 2009 رۆڵی دالیای بینیوه‌.

هه‌مان ساڵ له‌ زنجیره‌ی رجال الحسم دا رۆڵی بینیوه‌. ساڵی 2010 له‌ زنجیره‌ درامای داواكاری پیاواندا رۆڵی لورای بینیوه‌ و هه‌مان ساڵ له‌ زنجیره‌ درامای نه‌وه‌كان رۆڵی بینیوه‌. ساڵی 2011 له‌ زنجیره‌ درامای ده‌رگای مێژوویی ئیدریسدا رۆڵی نه‌جلای بینیوه‌. ساڵی 2014 له‌ نجیره‌ درامای عه‌شقی كچاندا رۆڵی بینیوه‌ به‌ ناوی ئه‌مه‌ل. ساڵی 2016 له‌ زنجیره‌ درامای سمرا دا رۆڵی سمرای بینیوه‌. هه‌مان ساڵ له‌ زنجیره‌ درامای ده‌قی ئه‌مڕۆدا رۆڵی یارای بینیوه‌. ساڵی 2018 له‌ زنجیره‌ درامای رێگادا رۆڵی ئه‌میره‌ی بینیوه‌. چه‌ندین زنجیره‌ دراما كه‌ ئه‌م خانمه‌ شۆخه‌ رۆڵی تێیاندا بینون. جگه‌ له‌وانه‌ له‌ دوو فیلمیشدا رۆڵی بینوه‌ ئه‌وانه‌ش سوری مام، ساڵی 2011 و فیلمی كاش فلو 2012

نادین له‌ فیلمی كاش فلو
فیلمی كاش فلو به‌رهه‌مێكی سینه‌مایی لوبنانییه‌ و فیلمێكی رۆمانسی، پۆلیسی، كۆمیدییه‌. له‌ ده‌رهێنانی ده‌رهێنه‌ری لوبنانی سامی كوجانه‌. فیلمه‌كه‌ له‌ نواندنی نادین نه‌سیب نه‌جیم و تۆنی ئه‌بو جوده‌ و هیشام حه‌داده‌ و كارلۆس عازاره‌. به‌ده‌ر له‌مانه‌ چه‌ند ئه‌كته‌رێكی دیكه‌ش له‌ فیلمه‌كه‌دا رۆڵیان بینیوه‌. كاتی فیلمه‌كه‌ هه‌شتا و شه‌ش خوله‌كه‌ و زمانی فیلمه‌كه‌ عه‌ره‌بی لوبنانییه‌. كاش فلو، به‌عه‌ره‌بی « السیوله‌« ئه‌م فیلمه‌ له‌سه‌ر ئاستی لوبنان سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا. فیلمه‌كه‌ یه‌كه‌م ئه‌زموونی كۆمپانیای دای تو بیكتشره‌ و كاتی ته‌سویركردنه‌كه‌ی ماوه‌ی ساڵێكی پێچووه‌، كاستی فیلمه‌كه‌ له‌و ساڵه‌دا چل رۆژی رێك سه‌رقاڵی تۆماركردنی دیمه‌نه‌كانی فیلمه‌كه‌ بوون. ته‌واوی دیمه‌نه‌كانی فیلمه‌كه‌ له‌ لوبنان تۆماركراوه‌. له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی یه‌كه‌می نمایشی فیلمه‌كه‌دا بیست و پێنج هه‌زار بینه‌ری هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئاستی وڵاتێكی وه‌كو لوبنان سه‌ركه‌وتنێكی مه‌زنه‌.

چیرۆكی فیلمه‌كه‌، كۆمیدی خۆشه‌ویستی پۆلیسییه‌. ده‌ستپێكی فیلمه‌كه‌ له‌ ماڵه‌ ساده‌ و ساكاره‌كه‌ی مازنه‌وه‌یه‌، كه‌ چۆن ده‌ژی. ژیانێكی هه‌ژارانه‌. به‌یانییه‌كی زوو خۆی ئاماده‌ ده‌كات و ده‌چێته‌ سه‌ركاره‌كه‌ی. وه‌ك رۆژانی پێشوو كوپێك قاوه‌ و جگه‌ره‌یه‌ك. چاوێك به‌ رۆژنامه‌ی ئه‌و رۆژه‌ ده‌خشێنێت و جانتاكه‌ی هه‌ڵده‌گرێ و به‌ره‌و كۆمپانیاكه‌ی ده‌ڕوات. وێنه‌ی مازن وێنه‌ی گه‌نجێكی ماندووه‌، كه‌ زیاتری له‌ ژیان ده‌وێت. خه‌ون به‌ خۆشبه‌ختییه‌وه‌ ده‌بینێ. خۆشبه‌ختیش له‌ پاره‌ و ساماندا ده‌بینێ. به‌ڵام ژیانێكی رۆتینی و دووباره‌ی هه‌یه‌. رۆژانه‌ به‌یانیان زوو هه‌ڵده‌ستێ و قاوه‌یه‌ك ده‌خواته‌وه‌ و جگه‌ره‌یه‌ك ده‌كێشێ. چاوێك به‌ رۆژنامه‌ی ئه‌و رۆژه‌دا ده‌خشێنێت كه‌ له‌ به‌رده‌م ده‌رگای شوقه‌كه‌ی بۆی داده‌نێن. ده‌چێته‌ سه‌ركاره‌كه‌ی. چیرۆكی گه‌نجێكه‌ له‌ كۆمپانیایه‌ك كار ده‌كات. كه‌ مووچه‌كه‌ی به‌شی ژیانی ناكات و پێداویستییه‌كانی دابین ناكات. هاوكات عاشقی كچێك ده‌بێت به‌ ناوی ئه‌لیساوه‌، كه‌ نادین نه‌جیم رۆڵه‌كه‌ی ده‌گێڕێ. ئه‌و دوو ئه‌كته‌ره‌ دوو كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كی فیلمه‌كه‌ن. «مازن» كه‌ خاوه‌نی پیشه‌یه‌كی خاكه‌ڕایییه‌ و مووچه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده‌ زۆر نییه‌ و به‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ رازی نییه‌ و ده‌یه‌وێت وه‌ك كه‌سێكی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌ركه‌وێت به‌ تایبه‌ت له‌به‌رانبه‌ر ئه‌لیسا، كه‌ پێشتر خۆشه‌ویستێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌بووه‌ و به‌ هۆی عه‌شقی مازنه‌وه‌ لێی دوورده‌كه‌وێته‌وه‌. ئه‌لیساش كه‌ ئه‌م نادین خانمه‌ی خۆمانه‌ باڵابه‌رزێكی ئه‌سمه‌ره‌، خوێن شیرینه‌. چیرۆكی فیلمه‌كه‌ چیرۆكی ململانێی خێزانی عه‌ره‌بییه‌. هاوكات فیلمێكی پۆلیسییه‌. ئه‌و دیمه‌نه‌ی ئه‌م فیلمه‌ كۆمیدییه‌ ده‌كات به‌ پۆلیسی، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مازن به‌ رێكه‌وت پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ ناوی مه‌روان داغر رزگار ده‌كات و ئه‌و پیاوه‌ش له‌ رێگای چه‌كی بانكییه‌وه‌ هاوكاری ده‌كات و پاره‌ی به‌سه‌ردا ده‌بارێنێ، مازن به‌و پاره‌یه‌ ژیانێكی خۆش بۆ خۆی دروست ده‌كات و له‌گه‌ڵ ئه‌لیسادا عه‌یش و نۆش ده‌كه‌ن. به‌ڵام رزگاركردنی مه‌روانی ده‌وڵه‌مه‌ند بێكێشه‌ نابێ و مافیاكان لێی نابنه‌وه‌، تا له‌ كۆتاییدا پۆلیس ده‌یانگرێت و مازنیش رزگاری ده‌بێت و له‌گه‌ڵ ئه‌لیسادا به‌ یه‌ك ده‌گه‌ن.

نادین له‌ زنجیره‌ دراماكاندا هه‌نگاوی خۆشه‌ویستی
زنجیره‌ درامای یه‌كه‌م هه‌نگاوی خۆشه‌ویستی یه‌كه‌م هه‌نگاوی نادین نه‌جیم بووه‌ بۆ دنیای سینه‌ما و دراما. وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێدا نووسه‌ر و سیناریست شوكری ئه‌نیس نادینی بۆ ئه‌و رۆڵه‌ پاڵاوتووه‌. نادین له‌م زنجیره‌یه‌دا رۆڵه‌كه‌ی خۆی به‌جوانی ئه‌دا كردووه‌. چیرۆكی دراماكه‌ چیرۆكی خۆشه‌ویستی كچێكه‌ به‌ ناوی دالیا فه‌ره‌ح كه‌ به‌هۆی رووداوێكه‌وه‌ بریندار ده‌بێ و له‌سه‌ر كورسی كه‌مئه‌ندامی ده‌كه‌وێت. دالیا كچێكی به‌هه‌ڵپه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت خۆی پێبگه‌یه‌نێ. ده‌رچووی كۆلێژی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بییه‌ و وه‌ك زمانه‌وان له‌ ده‌زگایه‌كی چاپ و په‌خشدا كار ده‌كات. سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌فته‌كار و زه‌لیلی سه‌ر كورسی كه‌مئه‌ندامییه‌، به‌ڵام عه‌شقی بۆ كاره‌كه‌ی وای كردووه‌ كه‌ كۆڵ نه‌دات. به‌ڵام دوای ده‌ركه‌وتنی نزار خالید ژیانی دالیا ده‌گۆڕێ. نزار خالید رۆماننووسه‌ و كۆمه‌ڵێك رۆمانی نووسیوه‌. چیرۆكی زنجیره‌ دراماكه‌ لێره‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو دنیای ئه‌وینه‌وه‌. ئه‌وینی نووسه‌رێك و كچێكی كه‌مئه‌ندام. ئه‌م زنجیره‌ درامایه‌ له‌ ده‌رهێنانی فیلیپ ئه‌سمه‌ره‌ و شوكری ئه‌نیس فه‌خووری سیناریۆكه‌ی نووسیوه‌. نادین نه‌جیم و عه‌مار شلق و جهاد ئه‌تره‌ش و جه‌ناح فه‌خوری و … چه‌ند ئه‌كته‌رێكی تر رۆڵی تێدا ده‌بینن. عه‌مار شلق رۆڵی نزار خالید ده‌بینێ و نادین نه‌جیم رۆڵی دالیا فه‌ره‌ح ده‌بینێ.

پێنج و نیو
یه‌كێك له‌و زنجیره‌ درامایانه‌ی كه‌ نادین رۆڵی تێدا گێڕاوه‌، زنجیره‌ی « پێنج و نیو»ه‌ بابه‌تی زنجیره‌كه‌ گرنگه‌ و په‌یوه‌سته‌ به‌ ژیانی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه‌. چیرۆكی ئه‌م زنجیره‌ درامایه‌ چیرۆكی ده‌سه‌ڵاتدارانی لوبنانه‌، خێزانی ده‌سه‌ڵاتدار و خاوه‌ن پایه‌ چۆن ده‌ژین؟ چۆن ململانێی یه‌كتری ده‌كه‌ن؟ گه‌یشتن به‌ پاره‌ و پۆست و پله‌ ئه‌وه‌نده‌ بێ ره‌حمه‌ كه‌ خوێنی براكان ده‌ڕێژێ. ململانێ سیاسییه‌كان ئه‌وه‌نده‌ ناشیرینن هه‌موو جوانییه‌كان خوێناوی ده‌كه‌ن. پێنج و نیو زنجیره‌یه‌كی لوبنانی سورییه‌ ساڵی 2019 له‌سه‌ر شاشه‌ی ئێم بی سی چوار په‌خشكرا. چیرۆكی زنجیره‌ دراماكه‌ چیرۆكی خۆشه‌ویستی كوڕ و كچێكه‌ به‌ ناوی غمار ئه‌لغانم كه‌ قوسه‌ی خولی رۆڵی ده‌بینێ و دكتۆره‌ به‌یان نه‌جمه‌دین كه‌ نادین نه‌سیب نه‌جیم رۆڵه‌كه‌ی ده‌گێڕێ. دراماكه‌ چیرۆكی خۆشه‌ویستی كچێكی پزیشكه‌ له‌گه‌ڵ كوڕی به‌رپرسێكدا. كه‌ تێیدا پاڵه‌وانی فیلمه‌كه‌ به‌یان نه‌جمه‌دین به‌ رووداوی هاتوچۆ ده‌مرێت. به‌ڵام مردنه‌كه‌ی گوماناوییه‌. ئه‌وه‌ی بكوژی به‌یانه‌ كه‌سایه‌تی غماره‌ كه‌ خۆشه‌ویست و مێردێتی. له‌ چیرۆكی خۆشه‌ویستی ئه‌و كچ و كوڕه‌وه‌ رووداوه‌كان ده‌چنه‌ نێو ململانێی سیاسی و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌. گێڕانه‌وه‌ چیرۆكی ئه‌وین ده‌باته‌ نێو خێزانێكی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ كه‌ له‌ پێناوی پۆست و پله‌دا خێزانی ده‌سه‌ڵاتداری غه‌مار چۆن یه‌كتری له‌ ناو ده‌ده‌ن. غمار براكه‌ی خۆی ده‌كوژێت. ژنه‌كه‌ی ده‌كوژێت. له‌ پێناوی ئاینده‌ی سیاسی خۆیدا. نادین له‌م زنجیه‌ره‌یه‌شدا رۆڵێكی جوانی بینیوه‌.

 432 جار بینراوە