سەرەکی » وتار » لەشکر حەمە ساڵح » چارەنووسی دیموكراسی لە ئەفغانستان

وتەیەک

چارەنووسی دیموكراسی لە ئەفغانستان

كشانەوەی هێزەکانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ئەفغانستان و گەڕانەوەی چەكدارانی بزووتنەوەی تالیبان رووداوێكی ئاسایی نییە و هەروا بە ئاسانی بەسەر ناوچەکە و جیهاندا تێناپەڕێت، بەڵكو كاریگەریی جۆراوجۆری لەسەر سیاسەت و ئابووری و روانگە ستراتیژییەكانی ناوچەكە و جیهانیش بۆ ماوەی نزیک و دووری داهاتوو دەبێت.

ئەوەی لە چەند مانگی رابردوو تا ناوەڕاستی مانگی ئاب لە ئەفغانستان روویدا، تەنها بە پێناسەیەكی كورت كۆتایی نایەت، بەڵكو لە یەك كاتدا، هەم شكستی سیاسەتی ئەمریكایە، هەمیش شكستی ئەو هەوڵانەیە كە دراون بۆ جێگیركردنی سیستمێكی دیموكراتی لە ژینگەیەكدا كە خێڵ و هۆز و نەخوێندەواریی زاڵە بەسەر دیمەنەكەدا.

هەروەک شکستی هەوڵە ناوخۆییەکانی ناو خودی ئەفغانستانیشە کە بە درێژایی 20 ساڵی رابردوو لە وێستگە و شوێنی جیاجیا حوکمڕانیان کردووە.

لە راستیدا وەك بەشێك لە سیستمی جیهانگیری، وڵاتانی خۆرئاوا، بە تایبەتی ئەمریكا، زۆر كۆششیان كردووە بۆ بە جیهانیكردنی شێوازی حوكمڕانیی دیموكراتی، بەڵام زۆربەی ئەو هەوڵانە شكستیان هێناوە، چونكە كەمترین تایبەتمەندیی كۆمەڵایەتی و ئایینی ناوچەكانی تێدا رەچاوكراوە. دوایین نموونەی ئەو شكستەش ئەوەیە كە لە ئەفغانستان تووشی ئەمریكا بوو.

تەنانەت ئێستا ئەو لێكدانەوەیە لە مەودایەكی تەسكدا هاتۆتە ئاراوە كە سیستمی دیموكراسی لەو وڵات و ژینگانەدا گەشە ناكات كە سروشتێكی خێڵەكی هەیە و نەخوێندەواریی و چەقبەستوویی فیكری بەسەر كۆمەڵگەدا زاڵە.

بە دیوەكەی تردا، ئەم خوێندنەوەیە مانای ئەوەیە كە دیموكراسی زیاتر لەگەڵ ئەو وڵات و كۆمەڵگەیانەدا دەگونجێت كە قۆناغ بە قۆناغ بەرەو پێشەوە دەچێت، پێشەنگیی هەیە لە مەسەلەی جیاكردنەوەی ئایین و دەوڵەت، بەرزیی رێژەی خوێندەواری، سەقامگیریی ئابووریی و كۆمەڵایەتی و گەیشتن بە خۆشگوزەرانی، تێپەڕاندنی قۆناغی بەهێزیی خێڵ و هۆز و تیرە كە سیستمێكی كۆنی دابەشبوون و رێكخستنە كۆمەڵایەتییەكانە.

ئەم لێكدانەوەیە گەڕانەوەیە بۆ بۆچوونە كلاسیكییەكان لەبارەی دیموكراسی كە پێیان وابوو دیموكراسی یەكێكە لە قۆناغەكانی ژیانی كۆمەڵگە، دەبێت هەنگاو بە هەنگاو پێی بگات، نەك لە دەرەوەڕا بەسەریدا بسەپێنرێت، بەر لەوەی بواری سیاسی بگرێتەوە، پێشتر لە خێزان و یەكە كۆمەڵایەتییەكان، پەیوەندیی نێوان تاكەكانەوە دەست پێدەكات، تەنانەت ئەم دیموكراسییە ریشەیەكی ئابووریشی هەیە و بەشێكیشی پەیوەستە بە پەیوەندیی و كارلێكی نێوان پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی و ئیداری و دامەزراوەكانی دەوڵەت بەرامبەر دیموكراسی.

 207 جار بینراوە