سەرەکی » ئەدەب و هونەر » گوڵشیفته‌ی فه‌راهانی خانمه‌ جوانەكه‌ی سینه‌مای ئێرانیپەڕە 27

گوڵشیفته‌ی فه‌راهانی خانمه‌ جوانەكه‌ی سینه‌مای ئێرانی

دنیای سینه‌مای ئێران جیاواز له‌ سینه‌مای وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گه‌شه‌یه‌كی باشی كردووه‌.

له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ده‌رهێنه‌ر و ئه‌كته‌ره‌كانی ئێران توانیویانه‌ به‌ فیلمه‌كانیان سینه‌مای ئێران بگه‌یه‌ننه‌ ئاستێك كه‌ ململانێی سینه‌مای وڵاتانی ئه‌وروپا بكات. له‌و نێوه‌نده‌شدا كوردی رۆژهه‌ڵاتیش له‌ پاڵ ئێرانییه‌كاندا گه‌لێك ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ری دیاریان هه‌یه‌ كه‌ هاتوونه‌ته‌ پێشێ و به‌ كاره‌كانیان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئاستی سینه‌مای جیهانی. یه‌كێك له‌وانه‌ هونه‌رمه‌ند به‌همه‌نی قوبادییه‌. كه‌ ئه‌م ئه‌كته‌ره‌ ئێرانییه‌ی ئێمه‌ لێره‌دا له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌دوێین یه‌كێكه‌ له‌و ئه‌كته‌رانه‌ی له‌ فیلمی نیوه‌ مانگی قوبادیدا رۆڵی بینیوه‌. گوڵشیفته‌ی فه‌راهانی له‌و ئه‌كته‌ره‌ دیار و سه‌ركه‌وتوانه‌ی ئێرانه‌ توانی له‌و ماوه‌ كه‌مه‌ی ئیشكردنیدا وه‌ك ئه‌كته‌رێكی گه‌نج جێگه‌ی خۆی بكاته‌وه‌ له‌و جیهانه‌ فراوانه‌ی سینه‌مادا. ئه‌ویش وه‌ك ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ره‌كانی دیكه‌ی ئه‌و وڵاته‌ قۆناغێكه‌ له‌ پێشخستنی سینه‌مای ئێرانی، له‌و ئه‌كته‌رانه‌یه‌ كه‌ خزمه‌تێكی باشی به‌ سینه‌مای وڵاته‌كه‌ی كردووه‌.

ئاكار نه‌جم

ئه‌كته‌ری فیلمه‌ خوێناوییه‌كان
گوڵشیفته‌ ئه‌كته‌ره‌ به‌له‌باریكه‌كه‌ی دنیای سینه‌مای جه‌نگ و وڵاتانی خوێناوییه‌. ئه‌م خانمه‌ به‌ دوای ئه‌و فیلمانه‌دا وێڵه‌ كه‌ باس له‌ شه‌ڕ و كاولكاری ده‌كه‌ن. وه‌ك بڵێی قه‌ده‌ری سینه‌مای ئه‌م خانمه‌ ئه‌و فیلمه‌ خوێناوییانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستن. گوڵشیفته‌ ئه‌كته‌ری فیلمه‌ خوێناوییه‌كانه‌، له‌ فیلمی (سنگ صبور)دا كه‌ رۆڵی ژنێك ده‌بینێ له‌ ئه‌فغانستانی خوێناویدا و له‌ سه‌رده‌می جه‌نگێكی ترسناكدایه‌ وه‌ك خانمێكی ئێرانی رۆڵی ژنێكی به‌دبه‌ختی ئه‌فغانی ده‌بینێ. له‌ فیلمی (مشكێك درۆ) دا رۆڵی ئه‌كته‌رێك ده‌بینێ له‌ عیراقی دوای روخانی سه‌دام، عیراقێكی خوێناوی و پڕ له‌ شه‌ڕ و تیرۆر و ترس و تۆقین. یا له‌ فیلمی (كچانی هه‌تاو) ده‌چێته‌ كۆبانی و رۆڵی كچه‌ كوردێك ده‌بینێ كه‌ خزاوه‌ته‌ نێو جه‌نگێكی خوێناوییه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ شه‌رڤاناندا تێده‌كۆشێ.

له‌ خێزانێكی سینه‌ماییدا
گوڵشیفته‌ی فه‌راهانی، ئه‌كته‌ر، گۆرانیبێژ‌ و موزیسیانی ئێرانه‌ ئێستا له‌ فه‌ره‌نسا ده‌ژی‌ و له‌ چه‌ندین فیلمی هۆڵیوود به‌شداری كردووه‌. ناوی راسته‌قینه‌ی» ره‌هاوه‌رد»ه‌ له‌ دایكبووی 1983ی تارانه‌. ئه‌م كچه‌ له‌ خێزانێكی سینه‌ماییدا په‌روه‌رده‌ بووه‌. كچی به‌هزاد فه‌راهانی و فه‌هیمه‌ ره‌حیمی ‌نیا و خوشكی شه‌قایق فه‌راهانییه‌ كه‌ هه‌موویان چالاكی بواری سینه‌ما و ته‌له‌فزیۆنن. ئه‌گه‌رچی بۆ خۆی خولیای سینه‌مای هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و كه‌شه‌ هونه‌رییه‌ی خێزانه‌كه‌شی رۆڵی هه‌بووه‌ له‌ پێشخستن و حه‌زی رۆڵ بینین له‌ سینه‌مادا.

دوو شووی كردووه‌
له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیشدا ئه‌م خانمه‌ ئه‌سمه‌ره‌ خوێن گه‌رمه‌ به‌له‌باریكه‌ دووجار شووی كردووه‌. كه‌ژاوه‌ی یه‌كه‌م هاوسه‌ری به‌ ئه‌مین مه‌هدوی مێردی كردووه‌ له‌ ساڵی 2004 و له‌ ساڵی 2013 لێی جیابۆته‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ی چووه‌ته‌ فه‌ره‌نسا له‌ ساڵی 2015 جارێكی دیكه‌ دڵی گه‌رم بووه‌ و هه‌ستی بزواوه‌ و شووی به‌ كریستۆس دورجی كردووه‌.

یه‌كه‌م كاری سینه‌مایی
یه‌كه‌م قۆناغی كاری سینه‌مایی گوڵشیفته‌ له‌ ساڵی 1997 دا بوو، كه‌ له‌ فیلمی «دار هه‌رمێ» رۆڵی بینیوه‌. فیلمه‌كه‌ له‌ ده‌رهێنانی «داریۆش میهرجویی» لێره‌وه‌ ده‌ستی به‌ چالاكی كرد له‌ بواری نوانددا. پاشتر له‌ چه‌ندین فیلمی دیكه‌دا رۆڵی بینیوه‌. چه‌ندین خه‌ڵاتی له‌ ئێراندا پێبه‌خشراوه‌.

به‌ پیانۆ ده‌ستی پێكرد
سه‌ره‌تای كاركردنی گوڵشیفته‌ له‌ بواری رۆشنبیرییدا خولیای موزیك ژه‌نینی هه‌بووه‌ و به‌ موزیك ده‌ستیپێكردووه‌. له‌ ته‌مه‌نی پێنج ساڵیدا ئامێری پیانۆی ژه‌نیوه‌. ته‌مه‌نی بووه‌ به‌ دوانزه‌ ساڵ چووه‌ته‌ قۆتابخانه‌یه‌كی موزیك له‌ تاران. ماوه‌یه‌ك له‌ نێو ئاواز و گۆرانیدا ژیاوه‌. پاشان وه‌ك بڵێی ئاواز و گۆرانی خه‌ونه‌كه‌ی به‌دی نه‌هێنن و له‌ موزیكه‌وه‌ به‌ره‌و دنیای سینه‌ما بازی داوه‌. له‌ ته‌مه‌نی چوارده‌ ساڵیدا له‌ فیلمی دار هه‌رمێ رۆڵی بینیوه‌. كه‌ له‌ ده‌رهێنانی داریوش مهرجوییه‌. گوڵشیفته‌ بۆ ئه‌و رۆڵه‌ی كه‌ له‌و فیلمه‌دا بینیویه‌تی خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری پێبه‌خشراوه‌ له‌ میهره‌جانی سینه‌مایی ئێران. له‌ فیلمی بوتیكیشدا خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری ژنی پێبه‌خشراوه‌. ساڵی 2006 خه‌ڵاتی سان سیباستیانی سینه‌مایی بۆ رۆڵی له‌ فیلمی نیوه‌ مانگ پێبه‌خشراوه‌، كه‌ به‌همه‌نی قوبادی ده‌رهێنه‌رێتی. ساڵی 2009 له‌ فیلمی ده‌رباره‌ی ئێلا رۆڵی زبێده‌ی بینیوه‌، له‌ ده‌رهێنانی ده‌رهێنه‌ری به‌ناوبانگ ئه‌سغه‌ر فه‌رهادییه‌. ساڵی 2008 له‌ فیلمی مشتێك درۆ دا رۆڵی بینیوه‌. ئه‌و فیلمه‌ی رێی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌كات. لێره‌وه‌ وێنه‌ی یاخیگه‌ری له‌ سیمای گوڵشیفته‌دا ده‌رده‌كه‌وێت. به‌وه‌شه‌وه‌ ناوه‌ستێ كار ده‌گاته‌ رۆڵی سۆزداری و ماچ و مووچی تێ ده‌كه‌وێ و ئه‌وه‌ش ئاقیبه‌تی به‌خێر نه‌شكایه‌وه‌ و به‌ ناچاری به‌ره‌و فه‌ره‌نسا هه‌ڵهات. گوڵشیفته‌ له‌ چه‌ندین فیلمی تردا رۆڵی بینیوه‌ له‌ فیلمی حه‌وت پرد رۆڵی فریشته‌ی بینیوه‌. له‌ فیلمی فرمێسكی سارد رۆڵی رووناك ده‌بینێ و هه‌روه‌ها له‌ فیلمی ئه‌گه‌ر بمریت، ده‌تكوژم رۆڵی بینیوه‌. ئه‌م به‌رهه‌مه‌ فیلمێكی ده‌رهێنه‌ری كورد هونه‌ر سه‌لیمه‌ كه‌ به‌ زمانی كوردی و فه‌ره‌نسییه‌. فیلمه‌كه‌ تێكه‌ڵێكه‌ له‌ میلۆدراما، كۆمیدیا و تراژیدیا. چه‌ند ئه‌كته‌رێك رۆڵیان تێدا بینیوه‌. له‌وانه‌: یوناتان ساكاییس و مێیێن دێمۆنگێۆ و گوڵشیفته‌ی فه‌راهانی… چیرۆكی فیلمه‌كه‌ پیاوێكی فه‌ره‌نسییه‌ به‌ ناوی فیلیپ، له‌ زیندان ئازاد بووه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌ڤدالدا یه‌كتر ده‌ناسن. ئه‌ڤداڵ په‌نابه‌رێكی كورده‌ بۆ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ به‌ دوای یه‌كێك له‌ له‌ تاوانبارانی جه‌نگی عیراقدا ده‌گه‌ڕێت. گوڵشیفته‌ ساڵی 2020 له‌ فیلمی هه‌ستبزوێن دا رۆڵ ده‌بینێ»Extraction» كه‌ فیلمێكی ئه‌كشنه‌. له‌ ده‌رهێنانی سام هارگره‌یڤه‌. فیلمی دایك یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌و فیلمانه‌ی رۆڵی بینیوه‌ « Mim Mesle Madar» كه‌ له‌ ده‌رهێنانی ره‌سوڵ مه‌لاقی پووره‌. گوڵشیفته‌ رۆڵی تێدا بینیوه‌. چیرۆكی ئه‌م فیلمه‌ باس له‌ شه‌ڕی ئێران و عیراق ده‌كات. ئه‌و شه‌ڕه‌ ماڵ وێرانكه‌ره‌ی سینه‌مای ئێرانی ساڵانێكه‌ خه‌ریكن كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. چ به‌ فیلم و چ به‌ دراما. چیرۆكی ئه‌م فیلمه‌ باسی كه‌سێك ده‌كات به‌ ناوی سپێده‌، كه‌ له‌ كاتی جه‌نگی ئێران و عیراق، یه‌كێك بووه‌ له‌ په‌رستارانی شاری سه‌رده‌شتی كوردستانی ئێران و له‌ بۆمبارانی كیمیایی سه‌رده‌شت دووچاری كاریگه‌ری كیمیایی بووه‌، دوای چه‌ند ساڵێك سوهه‌یل و سپێده‌ چاوه‌ڕوانی هاتنه‌ دونیای منداڵه‌كه‌یان ده‌كه‌ین. به‌ڵام دكتۆره‌كان ئاماژه‌ به‌ كاریگه‌ری كیمیایی ده‌كه‌ن له‌سه‌ر منداڵه‌كه‌، سوهه‌یل پێداگری ده‌كات له‌سه‌ر له‌باربردنی كۆرپه‌كه‌. به‌ڵام سپێده‌ داواكه‌ی ره‌ت ده‌كاته‌وه‌.

فیلمی مشتێك درۆ
فیلمی مشتێك له‌ درۆ چیرۆكی گه‌ڕانه‌ به‌ دوای گروپێكی تیرۆریستی له‌ عیراق. فیلمه‌كه‌ چیرۆكی شه‌ڕ و ته‌قینه‌وه‌ و ئه‌و جیهانه‌ خوێناوییه‌یه‌ كه‌ له‌ دوای یانزه‌ی سێپته‌مبه‌ره‌وه‌ رووی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كردووه‌. به‌ تایبه‌ت عیراق و ئه‌فغانستان كه‌ دوو وڵاتی پڕ له‌ رووداوی شه‌ڕ و تیرۆر و ته‌قینه‌وه‌ن و تاوه‌كو ئه‌مڕۆش نائارامن. رووداوه‌كانی فیلمه‌كه‌ له‌ ئه‌مریكا و ئوردن رووده‌دات. به‌شی زۆری فیلمه‌كه‌ شه‌ڕ و تیرۆر و كوشت و بڕه‌. چیرۆكی رۆجه‌ر فارس و عائیشه‌یه‌. كه‌ لیۆناردۆ دی كاپریۆ و گوڵشیفته‌ رۆڵه‌كان ده‌گێڕن. رۆجه‌ر فارس به‌ڕیوبه‌ری چالاكییه‌كانی ده‌زگای سیخوڕی ئه‌مریكایه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست . عائیشه‌ رۆڵی په‌رستارێك ده‌بینێ.
فیلمی مشتێك له‌ درۆ « Body of Lies « ئه‌و فیلمه‌ بیانییه‌ی گوڵشیفته‌ رۆڵی تێدا بینی. ئه‌م به‌رهه‌مه‌ فیلمێكی ئه‌مریكییه‌ له‌ رۆمانێكی نووسه‌ر دیڤید ئاغناتیۆس به‌ هه‌مان ناوه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ و كراوه‌ به‌ فیلم. ئه‌م فیلمه‌ له‌ ده‌رهێنانی ریدلی سكوته‌ و ولیه‌م موناهان سیناریۆكه‌ی نووسیوه‌. بریتین له‌ لیۆناردۆ دی كاپیرۆ و گوڵشیفته‌ی فه‌راهانی رۆڵی تێدا ده‌گێڕن. له‌گه‌ڵ چه‌ند ئه‌كته‌رێكی دیكه‌ له‌وانه‌ راسڵ كرۆ، مارك سترۆنج. ئۆسكار ئیسحاق، عه‌لی سلێمان و… فیلمه‌كه‌ بۆ یه‌كه‌م جار له‌ 10 ی ئۆكۆتبه‌ری 2008 له‌ سینه‌ماكانی ئه‌مریكا نیشاندرا. ئه‌م فیلمه‌ یه‌كه‌م قۆناغی یاخیبوونی گوڵشیفته‌ بوو، دوای ئه‌وه‌ ئیتر گوڵشیفته‌ بۆ هه‌میشه‌ ئێرانی جێهێشت. ئیدی وه‌ك په‌ناهه‌نده‌یه‌ك له‌ تاراوگه‌دا گیرسایه‌وه‌ و پاش هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی له‌ ئێران چالاكییه‌كانی خۆی درێژه‌ پێدا و له‌گه‌ڵ زۆر ده‌رهێنه‌ری رۆژهه‌ڵاتی و رۆژئاواییدا كاری كردووه‌. گوڵشیفته‌ له‌ فیلمی «كچانی هه‌تاو» كه‌ سه‌باره‌ت به‌ شۆڕشی كورده‌ له‌ رۆژئاوا و به‌تایبه‌ت شاری كۆبانی رۆڵی بینیوه‌. فیلمه‌كه‌ له‌ ده‌رهێنانی ئێوا هوسۆنه‌. گوڵشیفته‌ی فه‌راهانی رۆڵی سه‌ره‌كی تێدا ده‌گێڕێ. ئه‌م فیلمه‌ به‌شداریی یه‌كه‌‌مین فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌ مۆسكۆ كردووه‌. گوڵشیفته‌ له‌م فیلمه‌وه‌ رۆحی كوردایه‌تی ده‌ڕژێته‌ دڵ و ده‌روونییه‌وه‌، وه‌ك باوكی «به‌هزاد فه‌راهانی» گوتوویه‌تی: كچه‌كه‌م به‌ جۆرێك هۆگری كورد بووه‌ كه‌ ئێستا خه‌ریكه‌ به‌ باشی خۆی فێری زمانی كوردی ده‌كات. گوڵشیفته‌ی به‌له‌باریك خانمه‌ چاونه‌ترسه‌كه‌ی سینه‌مای ئێرانی جگه‌ له‌م فیلمه‌ له‌ چه‌ند فیلمێكی دیكه‌ی كوردیدا رۆڵی بینیوه‌. ئه‌وانه‌ش بریتین له‌ فیلمی رووناك له‌ فرمێسكی سه‌رما و فیلمی نیوه‌ مانگ و فیلمی ئه‌گه‌ر بمریت ده‌تكوژم. وه‌ك ئه‌كته‌ر رۆڵی تێیاندا گێڕاوه‌.

گوڵشیفته‌ له‌ فیلمی (سنگ صبور)
یه‌كێكی دیكه‌ له‌و فیلمانه‌ی گوڵشیفته‌ رۆڵی تێدا بینیوه‌، فیلمی به‌ردی سه‌بوورییه‌. ئه‌م فیلمه‌ چیرۆكی شه‌ڕی فه‌ره‌نسا و ئه‌فغانستانه‌ و له‌ده‌رهێنانی عه‌تیق ره‌حیمییه‌. كه‌ له‌ رۆمانی (سنگ صبور) وه‌ریراوه‌. رۆمانی (سنگ صبور) ساڵی 2008 نووسراوه‌ و ساڵی 2012 كراوه‌ به‌ فیلم. جان كلۆد كارییر ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌كه‌یه‌ و گوڵشیفته‌ رۆڵی سه‌ره‌كی تێدا ده‌گێڕێ. له‌گه‌ڵ چه‌ند ئه‌كته‌رێكی دیكه‌دا. گوڵشیفته‌ له‌م فیلمه‌شدا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه‌ و رۆڵێكی جوانی بینیوه‌ و له‌ پای رۆڵه‌كه‌ی خه‌ڵات كراوه‌ و شۆره‌تی زیاتر بڵاوبووه‌ته‌وه‌. ئه‌م فیلمه‌ و رۆمانه‌كه‌ی چیرۆكی ژنێكی ئه‌فغانییه‌، كه‌ مێرده‌كه‌ی له‌سه‌ر جێگا كه‌وتووه‌ و به‌ده‌ست نه‌خۆشییه‌وه‌ زه‌لیله‌، پتر له‌ ته‌رمێك ده‌چێ. چاوه‌ڕوانی ئه‌و هیوایه‌یه‌ كه‌ مێرده‌كه‌ی هه‌ستێته‌وه‌. له‌و ده‌رده‌ رزگاری بێت و وه‌ك پیاوێك له‌ نێو خێزانه‌كه‌یدا ئاسووده‌ییان بۆ بگێڕێته‌وه‌. گوڵشیفته‌ رۆڵی ژنه‌كه‌ ده‌بینێ و حه‌مید جافادان رۆڵی پیاوه‌كه‌ ده‌بینێ. چیرۆكی شه‌ڕی ئه‌فغانستانه‌ له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا. وڵاتێك كه‌ هه‌میشه‌ له‌ شه‌ڕدایه‌ و ساڵه‌هایه‌ ئارامی به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌، تاوه‌كو ئه‌مڕۆش به‌رده‌وام له‌ نائارامیدایه‌. ئه‌م فیلمه‌ش چیرۆكی قۆناغێكی خوێناوی ئه‌و وڵاته‌یه‌. یه‌كێك له‌و به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییانه‌ی سه‌ركه‌وتنی مه‌زنی به‌ده‌ستهێناوه‌، ئه‌كته‌ری ناوبراو گوڵشیفته‌ش كه‌ رۆڵی سه‌ره‌كی ده‌بینێ وه‌ك زۆرێك له‌ كاره‌كانی دیكه‌ی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه‌. به‌ باشی رۆڵه‌كه‌ی بینیوه‌. نه‌ك هه‌ر فیلمه‌كه‌ رۆمانی فیلمه‌كه‌ش له‌سه‌ر ئاستی نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی دنیا خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی پێبه‌خشراوه‌. له‌وانه‌ خه‌ڵاتی جۆنكۆر كه‌ یه‌كێكه‌ له‌خه‌ڵاته‌ به‌رزه‌كان له‌ نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی فه‌ره‌نسیدا.

 533 جار بینراوە