سەرەکی » کەلتوور » رەهەندی ئاو لە شیعری ئاری ئاغۆك دا

رەهەندی ئاو لە شیعری ئاری ئاغۆك دا

قەهار شێخانی

كتێبی شیعری (نامەكانی ئاو)ی شاعیر ئاری ئاغۆك لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی كتێبخانەكانی هەرێمی كوردستان ژمارە سپاردنی 217ی پێدراوە و بە تیراژی پێنج سەد دانە لەسەر ئەركی شاعیر چاپكراوە.

ئاری ئاغۆك شاعیرێكی بەسەلیقەیە و ناوێكی دیارە لەبواری شیعر نووسیندا، ئەم كتێبەی شاعیر پەنجا نامەیە شێوەی فۆرمی شیعری تێدایە هەمووی لەسەر ئاو نووسراوە. دەتوانم بڵێم ئەم كتێبەی ئاری ئاغۆك لەرووی فۆرمی شیعری و دنیابینی شاعیر جیاوازترە لەهەموو كتێبەكانی پێشوتری.

ئاری ئاغۆك لەم كتێبەدا كاری لەسەر ناوەڕۆك و فۆرمێكی جیاوازی شیعریی كردووە ئەویش باسكردنە لە رەهەندی ئاو، شاعیر لە رێی ئاوەوە چەندین پەیامی مرۆڤدۆستی ناردووە كە خوێنەر ئەو شیعرانە دەخوێنێتەوە هەست بەچێژی رۆحی و جیاوازی ئەو (ئاری)یە دەكات لەئارییەكەی پێشوتر. چونكە هەموومان ئەو راستییە دەزانین ئاو گرنگی خۆی هەیە و پەیوەستە بە ژیانی رۆژانەی هەموو تاكێك. ئەو تەوزیفكردنەی ئاری لە شیعردا بۆ ئاوی كردووە هەنگاوێكی ترە لە دەركەوتنی شاعیر لە بواری شیعرنووسیندا. ئاری لەم كتێبەدا بەزمانی شیعری لە هەموو روویەكەوە باس لە ئاو دەكات.

كاتێک‌ جوانییەكانی ژیان دەردەكەون ناشرینییەكانی ژیان ناچارن خۆیان لە پشت تاوێرە بەرزەكان حەشار بدەن. بۆ ئەوەی كەس رووی شەرمەزاریان نەبینێت، كە ئاو بزە دەیگرێ‌ ژیان سەمای سەرمەستی دەكات و بوونەوەرەكان رۆمانسیەتیان لێ‌ دەچۆڕێ‌. گوڵەكان جارێكی تر دەست بە ژیان دەكەنەوە و بۆن و بەرامەی جوانیان دەپڕژێنن. كاتێک‌ ئاو پێدەكەنێت بیابانی وشك و برینگ دەبێتە پێشانگەی تابلۆی جوانی جۆگەلەكانی ئاو نمایش دەكات. لەو كاتەدا مردن و دەمرێ‌ و ژیانیش لە قاقای پێكەنین دەدا.

كاتێ‌ ئاو پێ‌ دەكەنێ‌
ژیان سەما دەكات
بوونەوەر هەست بەرۆمانسیەت دەكات
كاتێ‌ ئاو پێ‌ دەكەنێ‌
گوڵەكان نوێ‌ دەبنەوە
دڕكەكانیش هەست بەشەرمەزاری دەكەن
بیابان دەبێتە پیشنگایەكی هونەری
تابلۆی تەڕ و سازگاری لێ‌ نمایش دەكرێ‌
كاتێ‌ ئاو پێ‌ دەكەنێ‌
مردن دەگری و
ژیان پێ‌ دەگری… ل 9

ژیان بریتییە لەململانێ‌ و كەوتن و هەڵسانەوە. بۆیە ئەگەر لەنێو بوونەوەرەكان ململانێ‌ هەبێت دڵنیابن لەنێو سروشتیشدا ململانێ‌ هەیە بۆ نموونە ململانێی نێوان بەفر و هەتاو ململانێیەكی ئەزەلییە. بەفر هەر چەند تەمەن درێژ بێت، بەڵام لە كۆتاییدا بەیەك تیلەی چاوی پڕ لە گڕی هەتاو ناچار دەبێت تنۆك تنۆك بتوێتەوە و بەنێو قڵشەكانی زەویدا رێ‌ دەكات. لەوێوە ئاو مانا و مەدلولێكی تری هەیە سازگاری و دڵسافی و بەرائەتی خۆی دەردەخا و لە شوێنێكی تر بە رووی ئاسماندا پێدەكەنێ‌.

لەدواین روانین
بەفری تۆڵە
ویستی خەنجەری ژەهراوی
لەهەتاوی ژیان بدات
كەچی بەیەك نیگای هەتاو
بەفر توایەوە و بوو بە(ئاو) ی شەرمەزاری… ل12
ئاو وەك پێویستیەكی ژیانی مرۆڤ هەر لەگەڵ لەدایك بوونییەوە پێویستی بەئاو دەبێت تاكو ئەو رۆژەی دەمرێت. كاتێک لە دایك دەبێت بە ئاو پاكی دەكەنەوە یان بۆ یەكەم جار ئاوی پێ‌ دەدرێت. كەواتە مرۆڤ و هەموو بوونەوەرەكانی تریش هەر لەسەرەتای ژیانەوە ئاو بەپێویستییەكی سەرەكی ژیانیان دەزانن بۆ دواجاریش مردوو شۆرێك بە ئاو دەیشوات و بەفاتیحایەك رەوانەی ئەودیوی مردنی دەكەن. كەواتە ئاو لەگەڵ لەدایك بوونی مرۆڤەوە تاكو سەرەمەرگیش هەردەم هاوەڵی مرۆڤە. مرۆڤیش لەكاتی هەڵكێشانی دواهەناسەشدا هەر پێویستی بەقومێك ئاوە.

كە لەدایك بوو
بە (ئاو) بسم اللەی لێ‌ كرا
شوشتیان و
بەخێر هاتنیان لێكرد
كەمردیش
دواجار بە (ئاو) شوشتیان و
بەفاتیحایەك خودا حافیزیان لێ‌ كرد . ل 17
هەموو بوونەوەرێك و هەموو ئەو شتانەی لە دەوروبەرمان هەن رۆژێك دادێ‌ پیر دەبن و لەكار دەكەون و توانای هەنگاو هەڵێنانیان نامێنێ‌. بەڵام ئەوەی پیر بوونی بۆ نییە تەنها ئاوە. جوانی ئاو لەوەدایە هەرگیز پیر نابێت هەر ئاوە دەبێتە بەفر و دەبێتە تەرزە و دەبێتە شەختە. بەڵام لە كۆتاییدا جارێكی تر دەگەڕێتەوە دۆخی شلی و لەوێشەوە بۆ بەهەڵم بوون و گەڕانەوە بۆ ئاسمان و دووبارە بۆ دابارین. بۆیە ئاو هەمیشە لە سوڕی ژیاندایە و بەردەوام هەوڵ دەدا بگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەی ناسكی و سادەیی خۆی.

چەند جوانە
ئاو هەرگیز پیر نابێت
كە ببێتە بەفریش
دواتر هەر دەگەڕێتەوە
سەرچاوە ناسكی و سادەییەكەی خۆی . ل 27
وەك هەموومان دەزانین هەموو دروستكراوێك لە رووی فیزیكییەوە گۆڕانكاری بەسەر ژیان و رەنگ و روخساریدا دێت تاكە شتێك لەژیاندا كە قابیلی گۆڕان نەبێت تەنها ئاوە. بۆیە گرنگە مرۆڤ هەڵنەخەڵەتێ‌ بەو دەنگانەی كە وەك دەنگی ئاو دەبیسترێت. بەڵام لەبنەڕەتدا دەنگی ئاونین، هەندێك رەنگ وەك رەنگی ئاو خۆنمایش دەكەن، بەڵام رەنگی ئاونین، ئەو شتەی كە لە هەموو زەمەنێك و لە هەموو جێگایەك خاوەن دەنگ و رەنگ و تامی خۆیەتی ئەویش تەنها ئاوە.

هەڵمەخەلەتێ‌
بەو دەنگانەی وەك (ئاو) دەبیسترێن
هەڵمەخەلەتێ‌
بەو ڕەنگانەی
وەك (ئاو) خۆ نمایش دەكەن
هەڵمەخەتێ‌ ….مە
تەنها (ئاو) ە
خاوەن
دەنگ و ڕەنگ و تامی نەگۆڕە . لا 31
كاتێ‌ مرۆڤ خۆی لێ‌ ون دەبێت یاخود گیروگرفتەكانی ژیان هێندە سەرقاڵی دەكەن تاكو دەگاتە حاڵەتی پەرت بوون و بێ‌ ئاگا بوون، لەو حالەتەدا هەمیشە بە دوای هەقیقەتی خۆیدا دەگەڕێت، كاتێكیش بێ‌ ئومێد دەبێ‌ لە دۆزینەوەی خۆی بۆ دواجار تەنها دەتوانێت لە ئاوێنەی راستەقینەی ئاودا رەنگ و روخساری هەڵبزركاوی خۆیدا خۆی بدۆزێتەوە. چونكە هەموو جۆرە ئاوێنەكانی تری ژیان رەنگە بە جۆرێك لە جۆرەكان ناڕاست بێت لەگەڵت. بۆیە مرۆڤ تەنها دەتوانێت لەئاوێنەی هەقیقەتی ئاودا روخساری راستەقینەی خۆی بێت و واقیعی ئەو دیوی ژیانی خۆی ببینێت .

كە بزر دەبم
بەدوای خۆمدا دەگەڕێم
هێندە دەگەڕێم تا پەرت دەبم
دواتر…
لەئاوێنەی (ئاو) دا
پارچە حەقیقەتەكانی خۆم دەدۆزمەوە . ل 38
هەر لەدێر زەمانەوە وتراوە (ئاو و ئاوەدانی) ئاو وەك بەشێكی گرنگی سروشت هەمیشە جوانی دەبەخشێ‌ بە ژیان مرۆڤ كاتێ‌ بێتاقەتی ژیان دایدەگرێت روو لە سروشت دەكا و دەچێت لەوێ‌ كەمێك دادەنیشێ‌ و گوێ‌ لە ئاوازی خوڕەی ئاو دەگرێت. بۆ ئەوەی لە رووی دەروونیەوە كەمێك ئارام و ئاسودەبێت. بۆیە لەو كاتەدا هەست بە ئارامی رۆح دەكات و دوور دەكەوێتەوە لە ریتمی مەرگ و گریان. سەڵمێندراوە ئاو هەردەم سەلوا و سێبورییە بۆ نا ئارامی دەروون و هێز و تینە بۆ بێتاقەتی ژیان .

كە گوێ‌ لە ئاوازی ئاو دەگرین
دوور دەكەوینەوە
لەڕیتمی مەرگ و گریان . ل 45
دەقە شیعرییەكانی كتێبی نامەكانی ئاو هەڵگری پەیامی هەمەچەشنن هەڵگری پەیامی جوانی شیعری و پەیامی مرۆڤدۆستین. شاعیر لە رێگەی ئەو نامانەوە كاری لەسەر لایەنەكانی ژیاری كردووە و لەبەرامبەر زۆربەی چەمكەكانی ژیان بە راشكاوی رای خۆی دەربڕیوە. وەك رەهەندی خۆشەویستی و نیشتمان پەروەری و گریان و پێكەنین و مردن و بەرائەت و چاوەڕوانی و وەفاداری و رق و شەڕ و چەندانی تر. ئەم كتێبەی شاعیر ئاری ئاغۆك لە زۆر رووەوە قسە و باس هەڵدەگرێ‌ و دەكرێت زیاتری لەسەر بنوسرێت و لە گۆشە نیگای دیكەوە قسە لەسەر دنیابینی پەیامە مرۆڤدۆستیەكانی نێو ئەم كتێبەی شاعیر بكرێت .

 610 جار بینراوە