سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » گەڕانەوەی موقتەدا سەدر

رای ئازاد

گەڕانەوەی موقتەدا سەدر

رۆژی پێنجشەممە، 15 / 7/ 2021 لە وتارێكیدا رێبەری رەوتی سەدر «موقتەدا سەدر» رایگەیاند كە، بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق ناكات و لە هەڵبژاردن دەكشێتەوە، ئەم پەیامەی موقتەدا سەدر بۆ عیراقیەكان مایەی نیگەرانی بوو، پێیان وابوو بەبێ رەوتی سەدر هەڵبژاردن لە عیراقدا ناكامڵە، بەڵام موقتەدا سەدر لە 27/8/2021 جارێكی دیكە رایگەیاند: بەهۆی نامەیەكی سەركردە سیاسییەكانی عیراقەوە كە ئیمزایان كردووە بەناوی «بەڵێننامەی كاركردنی پێكەوەیی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی» دەگەڕێتەوە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن، هەر لەو نامەیەدا كە بەدەستی موقتەدا سەدر گەیشتووە بڕیاری رزگاركردنی عیراقی تێدایە لە «گەندەڵی و داگیركاری»، كەواتە لێرەوە مەبەست لە گەڕانەوەی سەدر بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن دەردەكەوێت كە دەیەوێت سەركردە عیراقیەكان بگەیەنێت بەو بڕوایەی هەموویان پێكەوە عیراق لەم دۆخە چەق بەستووەی رزگاربكرێت و دەستی دەرەكی و بەرژەوەندی لەم وڵاتە دووربخرێتەوە.

ئەگەر بەشداری نەكردنی موقتەدا سەدر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراقدا ئەوەندە مایەی مەترسی بێت كە تەواوی سەركردە عیراقیەكان هوشداری بدەن لەبەشداری نەكردنی رەوتی سەدر، ئەوا گەڕانەوەی موقتەدا سەدر كارێكە دەچێتە خزمەت پرۆسە سیاسییەكەوە، ئەمەش لە روانگەی ئەو بەڵێننامە چاكسازییەوە بەدەستی گەیشتووە و سەدری گەیاندووە بەو بڕوایەی بەشداری هەڵبژاردن بكات، بەتایبەتی پرسی رزگاركردنی عیراق لە گەندەڵی و داگیركاری.

دیارە بەڵێنەكان تاكو چەند گەورەبن بۆ رزگاركردنی عیراق و تاكو چەند بەكرداریی دەكرێن نازانرێت، بەڵام ئەو دیوەی بەڵێننامەكە كە موقەتەدا سەدر پەشیمان دەكاتەوە لە بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردنە پێشوەختەكەدا گرنكە و سەدر سیاسییەكی خۆش باوەڕ نییە سەركردە عیراقیەكان نەزانن لەگەڵ كێ مامەڵە دەكەن، بەڵام لە راستیدا گەڕانەوەی موقتەدا سەدر بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا بە خەونی رزگاركردنی عیراق كارێكی قورس و تاقەت پروكێن دەبێت، عیراق ئەوەندە بە ستراتیژ و بەرژەوەندی و جەمسەربەندی ناوچەیی و جیهانی شەتەك دراوە ئەستەمە گەڕانەوەی موقتەدا سەدر بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكان بتوانێت هەموو ئەو داگیركارییانە كۆتایی پێبهێنێت، موقتەدا سەدریش بۆ خۆی بەدەر نییە لەو وەلائە سیاسی و مەزهەبی و بەرژەوەندیخوازییەی كە لە ناوچەكەدا هەیە و بەئاشكرا هەستی پێدەكرێت و هێزە سیاسیەكانی عیراقی بۆ چەندان بەش و ئاراستە و بەرژەوەندی جودا دابەشكردووە.

قسەكردن لەسەر رزگاركردنی عیراق لە داگیركاری و گەندەڵی، قسەكردنە لەسەر بابەتێكی هەستیار و گەلێك قورسی عیراق، ئەم رزگاركردنە بە یەك رەوت و بەرە و هێزی سیاسی نایەتە دی، بەڵكو دەبێت تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەكانی عیراق بۆ بابەتێكی لەم شێوەیە هاودەنگ بن و دژی هەر وڵاتێك و ویستێك بن كە چاوی لە داگیركارییە لە عیراقدا، نەوەك هێزە سیاسییەكان دژی وڵاتێكی بیانی بن و لێگەڕێن وڵاتێكی دیكە لە عیراقدا بمێنێتەوە.

ئەوەی دەخوێنرێتەوە لەو بەڵێننامەیەی كە گەیشتۆتە دەستی موقتەدا سەدر ئەوەیە كە رەنگە هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە عیراق بچنە دەرەوە بەتەنها و هیچ هێز و وڵاتێكی دیكە عیراق جێنەهێڵێت، لەم كاتەشدا نەك عیراق رزگار نابێت لە دەست گەندەڵی و داگیركاری، بەڵكو پانتاییە سیاسییەكەی عیراق چۆڵ دەبێت بۆ تەواوی وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی دوای ئەمریكا و بەویستی خۆیان لە عیراقدا تەراتێنی سیاسی دەكەن و هەم داگیركاری زیاتر و زۆرتر دەبێت و هەم رێژەی گەندەڵیش لە عیراقدا بەرەو هەڵكشانی زیاتر دەچێت، بەمەش گەڕانەوەی موقتەدا سەدر گەڕانەوەی هێزێكی سیحری نابێت كە عیراق لە تەپوتۆزی هەموو داگیركاری و زیكزاكە سیاسییە دەرەكییەكان رزگار بكات، بەجۆرێك عیراق توانای بڕیاری سیاسی و ئەمنی و گۆڕانكارییە لەبەرچاوەكانی هەبێت بەبێ گەڕانەوە بۆ هیچ وڵات و جەمسەرێكی سیاسی و زلهێزێك.

 187 جار بینراوە