سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » بە سەوزایی تەندروستی خۆت بپاریزە

بە سەوزایی تەندروستی خۆت بپاریزە

ئەگەر بۆ کەسانێک چاندن و پەروەردەکردنی گوڵ وگوڵزارو گەڵا وەک ئازەزوو یان بۆ بەسەربردنی کات بێت، بەڵام لەراستیدا توێژینەوە زانسیتیەکان دەریان خستووە کە خزمەتکردنی باخچەو سەوزایی لەناوماڵ جگە لە جوانیەکەی کاریگەری ئەرێنیشی بەسەر تەندروستی جەستەیی و دەرونیی مرۆڤەوە هەیە، لە نوێترین توێژینەوەی زانستی ئەڵمانیدا هاتووە کە بەخێوکردنی گوڵوگوڵزار و گەڵاو شەتڵ و سەرقاڵبققن پێیانەوە وەک ئاودان و گەڵا لێکردنەوە و پاککردنەوە و روواندنیان سوودێکی زۆر بە تەندروستی جەستەی مرۆڤ دەگەیەنێت، راهێنان بە ترپەی دڵ دەکاو لەگەڵ هەر سەرنج و رووانینێک لە رووەک گەشە بە دڵی مرۆڤ دەکاو سووڕی خوێن تیایدا زیاتر ئەکتیڤ دەکات، جگە لەوەش قازانج بە ماسوولکەکان دەگەیەنێت، کاتێک ئەندامەکانی جەستەی لەش مرۆڤ جوڵەی ورد لەمامەڵەی ئەو بەرهەمانەدا دەکات، جگە لە سووتاندنی کالۆری مەشقێکی باشی ئەو ئەندامانەیە کە رۆژانێکی کەم وا روودەدات جووڵەی لەم جۆرەی لەسەر خۆو ناسک بکات.

رووبەری سەوز بۆ ژیان پێویستە
زۆر دەمێکە ئەوە روون بۆتەوە کە پانتایی رووبەری سەوز بۆ ژیان زۆر بەسوودە، بەڵام ئێستا تویژینەوەیکی بەریتانیش ئاشکرایکردووە کاتێک نیگای چاوەکان دەکەوێتە ئەو جۆرە پانتاییە سەوزانە، ئازارەکانی لەش هێورتردەبێتەوە و فشاری خوێن کەم دەکات، ئەو دەنگە سیحراویانەی کە لەگەڵ هەوا دەکەوێتە بناگوێی مرۆڤ وەک دەنگی گەڵاو درەخت وجریوەی باڵندەو مێروولەو ترپەی خاک ئارامی دەبەخشێت و مێشک هێوردەکاتەوە، هەموو ئەمانە هەستەکانی مرۆڤ لە بینین و بیستن و بۆنکردن و بەرکەوتن جۆشدەداتەوە و لەو تەنە نامۆ و نێگەتیڤانەی کە بەدرێژایی ڕۆژگار بەریان کەوتون پاکیان دەکاتەوە، تازەترین توێژینەوەی زانا ئوسترالیەکان دەریان خستووە کە ئەو کەسانەی لەناو باخچەو بێستانەکان کاریان کردووە یان ساڵانێک جووتیارن و بەکشتوکاڵەوە سەرقاڵبوون لە تەمەنی پیریدا تووشی خڵەفاوی نابن ومێشکیان هەر بەزیرەکی دەمێنێتەوە.

خەرجیمان بۆ دەگەرێتەوە
سوودەکانی مامەڵە لەگەڵ سەوزایی و دارودرەخت و باخچە لە هەژمار نایەن، ئەوانەی بەروبومی کشتوکاڵ دەڕوینن وپەروەردەی دەکەن جگە لە سوودە ماددیەکەی کە خەرجیەکیان بۆ دەگەڕێنێتەوە، سەوزەومیوەی تازەو کوالێتی باش و پەروەردەی دەستی خۆیان دەخۆن، لەو ماوە کارکردنەوەی بەرهەتاویش بڕێکی باش لە ڤیتامین D لە رێی تیشکی خۆرەوە وەردەگرن کە لە زۆر لە خواردنەکاندا بەدەستی ناهێنن.

بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و ژینگەیمان بۆ دروستدەبێت
لەڕووی دەروونیشەوە بەپێی ئەو توێژینەوانە کاتێک مرۆڤ تووشی دڵەراوکێ و سەرئێشە دەبێت ڕێژەی کۆرتیزۆن لەناو مێشک بەرزدەبێتەوە، بە سەرنجدان لە سەوزایی ئەو رێژەیە ئاسایی دەبێتەوە، بەپێی ئەو تاقیکردنەوانەی کە لەسەر زۆر لە نەخۆش کراون، هەموو ئەوانەی رۆژانە تەنها نیوسەعات مامەڵەیان لەگەڵ سەوزاییدا کردوە بۆ چەند مانگێک باری دەروونیان باش بووەو سەوزایی وەک چارەسەر بەکارهاتووە، لەڕووی کلتوری خێزان و راهێنانی نەوەکانی داهاتووش لەسەر ئەمە ئەوە روون بۆتەوە کە کاتێک خەریکی ئەو جۆرە کارانەبین بەرپرسیارێتیەکی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی مەزنمان بۆ دروستدەبێت و خێزان وماڵ ومنداڵیش کە سەیری دیمەنی ئەوکارانەدەکەن بۆ دواڕۆژ فێردەبن کە سەوزایی بکەنە بەشێکی گرنگی ژیانیان.

سەوزایی وەک چارەسەری سروشتی
بۆیە پسپۆڕان ئامۆژگاریمان دەکەن کە هەوڵ بدەین هەر هیچ نەبێت لە کونجێکی ماڵ ،شوققە، ژوورەکانمان بەشێک لە سەوزایی ،گوڵ، شەتڵ،گەڵا بڕوێنین و هەفتانە لایەنی کەم 150 سەعات خەریکیان بین و پێیان بگەیەنین، بەپێی راپۆرتە زانستیەکان ئێستا لە زۆریک لە وڵاتانی رۆژئاوا ژیان لەناو سەوزایی وەک چارەسەری سروشتی بەکاردەهینرێن، لە هەر یەک لە ئەڵمانیا و بەریتانیا ئەو کەسانەی توشی نەخۆشی دەروونی بوبن بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک دەیانبەنە شوێنێکی تایبەتی و لە ناوخەڵک و قەڵەباڵغی دووریان دەخەنەوە، ئەو شوێنانەی کە بۆ ئەم مەبەستە دیاریکراون پڕن لە گوڵ و گوڵزار، چیمەن و دارودرەخت، بەجۆرێک کە دیمەنیکی دڵڕفێن دەبەخشنە مرۆڤ و لە دەردەسەرییەکانی ژیانی رۆژانە دووری دەخەنەوە.

سەرچاوە: سایتی NDR ی ئەڵمانی

 165 جار بینراوە