سەرەکی » ئابووری » حكومەتی هەرێم:تێپەڕاندنی بودجە بەوشێوەیە پێشێلكردنی بنەمای تەوافوقە

حكومەتی هەرێم:تێپەڕاندنی بودجە بەوشێوەیە پێشێلكردنی بنەمای تەوافوقە

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: تێپەڕاندنی یاسای بودجەی عیراق بەوشێوەیە پێشێلكردنێكی ئاشكرای بنەمای هاوبەشی و تەوافوقە كە عیراقی تازەی لەسەر دامەزراوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە دوو رۆژی رابردوودا بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، كۆبۆوە و پرسی تێپەڕاندنی یاسای بودجەی ساڵی 2018ی عیراقی تاوتوێكرد كە وێڕای هەموو تێبینییەكان، بە بێ بەشداریی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، تێپەڕێنرا و پەسەندكرا. ئەنجومەنی وەزیران نیگەرانیی خۆی و خەڵكی هەرێمی كوردستانی لە تێپەڕاندن و پەسەندكردنی یاساكەی بەوشێوەیە دەربڕی و دووپاتیكردەوە كە تێپەڕاندنی یاساكە بەو شێوەیە پێشێلكردنێكی ئاشكرای بنەمای هاوبەشی و تەوافوقە كە عیراقی تازەی لەسەر دامەزراوە. هەروەها سوپاس و پێزانین و دەستخۆشی لە هەموو فراكسیۆنەكانی كوردستان كرد كە لە پرسی یاسای بودجەی عیراقدا یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بوون و پشتگیرییان لەو‌ یەكێتی و یەكڕیزییە كرد، بڕیاریشیدا رۆژانی داهاتوو بە هاوبەشی لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسە كۆببنەوە.
ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیكردەوە كە (وێڕای هەموو كێشە و ناكۆكییەكانیش، هەرێمی كوردستان پابەندە بە چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور)، هیوای خواست ئەو گفتوگۆیەی لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرالی عیراقدا هەیە بگاتە ئەنجام و لە بەرژوەندیی هەموواندا كێشەكان چارەسەر بكات.

سەرۆكی حكومەت: حكومەتی هەرێم زۆر بە جددی نیگەرانە
دوای كۆبوونەوەكەش، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، رایگەیاند: حكومەتی هەرێم زۆر بە جددی نیگەرانە لەوەی كە بەبێ كورد و بێ ئەوەی كە پشكی دادپەروەرانەی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیر بكرێت، ئەو بودجەیە پەسەند كرا و ئەمە جێی نیگەرانیی حكومەتی هەرێم و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانە. وتیشی: ئەو بودجەیەی كە ئەوان پەسەندیان كردووە، نەك تەنیا مافەكانی هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك دەستەبەر ناكات، بەڵكو ناتوانرێت بەو پاشەكەوتەی كە ئێستاش هەیە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی پێ دابین بكرێت و ئەمە جێگەی نیگەرانیی ئێمەیە‌. راشیگەیاند: بۆ ئێمە بنەماكە ئەوەیە كە كێشەكان لەگەڵ بەغدا بە گفتوگۆ و لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا چارەسەر بكرێت و لەمبارەیەوە هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر هەڵوێستی هەرێمی كوردستاندا نەهاتووە، هەر لەوپێناوەشدا هەرلایەنێك بتوانێت یارمەتی هەردوولامان بدات، خۆشحاڵ دەبین.
هەر لەبارەی بودجەوە، سەرۆك وەزیران وتی: راشكاوانەتر لەوەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان كە رەنگدانەوەی بیروبۆچوونی هەرێمی كوردستانن، ئەوەی كە كردیان لە پەرلەمان و رەتیان كردەوە، ئەوە هەڵوێستی ئێمەیە و پاڵپشتیی ئەو هەڵوێستە دەكەین.

تریلیۆنێك دینار بۆ بودجەی هەرێم زیادكرا
لەلایەكی دیكەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ مووچەی مانگانەی مووچەخۆران و خانەنشینانی هەرێم، بۆ هەر مانگێک بڕی 86 ملیار دیناری زیادكردووە.
ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەشڵێت: ئەنجومەنی نوێنەران تەرخانكراوی مووچە و خانەنشینی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم لە یاسای بودجەی عیراق بۆ ساڵی 2018 لە بڕی 334 ملیار دینارەوە بۆ 418 ملیار دیناری مانگانە زیادكرد. «زیادكردنی ئەو پارەیە بۆ خانەنشینان و مووچەخۆرانی هەرێم لە رێگەی زیادكردنی یەك تریلیۆن دینارە بۆ یەدەکی فریاكەوتن، جگە لە تەرخانكراوی هێزەكانی پێشمەرگە كە وەك خۆی ماوە لە یاساكەدا كە بەجیا خەرج دەكرێت لە تەرخانكراوی خەرجییەكانی سیادی بۆ هێزەكانی وشكانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی فیدرال.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*