سەرەکی » ئابووری » هاوردە و هەناردەكاران: دەمانەوێت بازرگانانی قەتەر بۆ وەبەرهێنان بێنە كوردستانپەڕە 27

هاوردە و هەناردەكاران: دەمانەوێت بازرگانانی قەتەر بۆ وەبەرهێنان بێنە كوردستان

یەکەی ئابووری

عومەر بەرزنجی، باڵیۆزی عیراق لە قەتەر سەردانی یەكێتیی هاوردە و هەناردەكارانی كوردستانی كرد و لەلایەن سەرۆكی یەكێتییەكەوە پێشوازی لێكراو بڕیاردرا وەفدێكی بازرگانانی سلێمانی سەردانی قەتەر بكەن و لەگەڵ بازرگانانی ئەو وڵاتە كۆببنەوە.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، شێخ مستەفا عەبدولڕەحمان سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و هەناردەكارانی كوردستان رایگەیاند: داوامان لە باڵیۆزی عیراق لە قەتەر كردووە بۆ زیاتر هەماهەنگی و هاوكاری لەنێوان هەرێمی كوردستان و قەتەر، ئاسانكاری بكات بۆ بازرگانان تا سەردانی ئەو وڵاتە بكەن، بۆ ئەوەی كار بكرێت تا بازرگانانی ئەو وڵاتە بانگهێشتی هەرێمی كوردستان بكەین و لێرە كار بكەن.

وتیشی: «دەمانەوێت بازرگانانی قەتەر بێنە هەرێمی كوردستان و لێرە كاری وەبەرهێنان بكەن و كارگەی گرنگ لە هەرێم دروست بكەن».

لای خۆیەوە، عومەر بەرزنجی باڵیۆزی عیراق لە قەتەر رایگەیاند: سەرجەم ئاسانكارییەكان بۆ بازرگانان و وەبەرهێنەران دەستەبەر دەكەین تا سەردانی قەتەر بكەن و كار بكرێت بۆ ئەوەی زیاتر ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەنێوان هەردوولادا دروست بێت.

وتیشی: «لە ساڵانی رابردوودا قەبارە بازرگانیی قەتەر بریتی بووە لە بڕی 26 ملیۆن ریاڵ، بەڵام ئێستا قەبارەی بازرگانیی ئەو وڵاتە بۆ 472 ملیۆن ریاڵ بەرزبۆتەوە. هەروەها لەكاتی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنادا، زیان بەر قەبارەی بازرگانیی قەتەر كەوت».

راشیگەیاند: قەتەر پێویستی بە بواری كشتوكاڵییە و ئەو وڵاتە پێویستی بە بەرهەمی دەرەكییە، لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان خاوەنی بەروبوومی كشتوكاڵیی زۆرە و دەتوانرێت لە رووی ناردنەدەرەوەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانەوە لەگەڵ قەتەر كار بكرێت و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی چڕتر بكرێتەوە.

 170 جار بینراوە