سەرەکی » ئاراستە » خەڵکی هەولێر پشتیوانیی بەرنامە و کاندیدەکانی هاوپەیمانیی كوردستان دەکەن

خەڵکی هەولێر پشتیوانیی بەرنامە و کاندیدەکانی هاوپەیمانیی كوردستان دەکەن

هەولێر، سەباح شوكر

بەشێكی تر لە چین و توێژەكانی شاری هەولێر و دەورووبەری بۆچوونەكانی خۆیان لە بارەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەخەنەڕوو و رایدەگەیەنن، بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە زۆر پێویستە خەڵكی بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان، بۆ ئەوەی كاندید باش و بەتاوانا بنێرینە بەغدا.

ئەوەشی تاكو ئێستا بۆ خەڵكی شارەكە روونبۆتەوە ئەوەیە کە لیستی هاوپەیمانیی كوردستان بەلیستێكی شیاو دەزانن، بۆ ئەوەی دەنگ بەكاندیدەكانی بدەن. وەك بەشێك لە دەنگدەران ئاماژەی بۆ دەكەن، ئەمجارە هەولێرییەكان حەزدەكەن زۆرترین نوێنەری شارەكەیان لە كاندیدەكانی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان بێت.

جێگەی خۆشحاڵییە کە یەکێتی و گۆڕان هاوپەیمانن
هیوا عەلی یەكێكە لە دەنگدەرانی سنووری پارێزگای هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: جێگەی خۆشحاڵییە یەکێتی و گۆڕان پێكەوە لە هاوپەیمانیدان و لەگەڵ چەند لایەنێكی تردا لێكتێگەیشتنیان هەیە، بۆ هاوسەنگكردنی باری هەرێمی كوردستان و باشتركردنی سیستەمی حوكمڕانی لە كوردستان، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردووی (ی.ن.ك) لە شۆڕش و قوربانیدا.

وتیشی: رۆڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردسنان لە بەغدا و چالاكیەكانی نوێنەرانی ئەو حزبە لە حكومەت و پەرلەمانی عیراقدا، هاوكات جێبەجێكردنی داخوازییەكانی هەرێمی كوردستان لە رووی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی، وادەكات ئەمجارە لیستی هاوپەیمانی كوردستان ببێتە جێگای متمانەی دەنگدەران، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر.

سەركەوتنی گەوە لە هەولێر و شوێنەكانی دیكە
هاووڵاتی نەزار سەعید بە هەمانشێوە گەشبینی خۆی نیشاندا لەوەی هاوپەیمانیی كوردستان سەركەوتنی گەوە لە هەولێر و شوێنەكانی دیكە تۆماردەكات، بەتایبەتی ئەمجارە دەبینین كاندیدەكان هاوپەیمانی زیاتر لە ناو جەماوەرن و لەگەڵ تیمەكانی راگەیاندن بەرنامە و ئایندەی كردنیان لە بەغدا بۆ دەنگدەران رووندەكەنەوە.

وتیشی: بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگدەر بچێتە سەر سندقەكانی دەنگدان، ئەو هەنگاوەی كاندیدەكانی هاوپەیمانی بەباش دەزانم، چونكە چەندە بچنە نێو جەماوەر و خێزانەكان بەسەر بكەنەوە، ئەوەندە دەتوانن بەرنامە و پڕۆگرامی هاوپەیمانی بگەیەننە دەنگدەران.

زۆرترین كاندیدی لیستی هاوپەیمانی
ئەو هاووڵاتییە پێشیوابوو: ئەوەی تێبینی دەكەین ئەمجارە خەڵكی هەولێر حەزدەكات زۆرترین كاندیدی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان بۆ پەرلەمانی عیراق سەربخەن، چونكە تاكە هاوپەیمانییە لە نێوان لایەنە كوردستانییەكاندا، بەتایبەتی بۆ ئەم قۆناغە زۆر پێویست بوو كورد بەو شێوەیە بە یەك بەرنامە و یەك هاوپەیمانی بچێتە بەغدا و لە پەرلەمان و حكومەتی فیدراڵ داكۆكی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن.

هاوڵاتی عەبدولكەریم عەزیز كە پیشەی شوفێرە و رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی شاری هەولێر دەبینێت، باس لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەكات و بۆ كوردستانی نوێ وتی: وەكو شوفێرێكی ناوشاری هەولێر، داوا دەكەم هەموو خەڵكی رۆژی (10/10) بچنە سەر سندوقەكان و دەنگ بەو كاندیدانە بدەن كە دەزانن لە بەغدا بەرگریان لێدەكات.

چارەسەركردنی کێشەکانی گوزەرانی خەڵك
وتیشی: زۆر پێویست ئەو پەرلەمانتارەی دەچێتە بەغدا كار بۆ چارەسەركردنی کێشەکانی ژیان و گوزەرانی خەڵك بكات، نەوەك تەنیا بە بابەتە سیاسییەكانەوە خەریك بێت، بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ گرنگە بۆ ئێمەی شوفێر گرنگە، دانانی نرخی بەنزین و سووتەمەنییەكانی تر بە نرخی گونجاو بێت، نەوەك هەر رۆژە نرخێك بێت‌، چونكە لە كۆتاییەكەی ئەو گرانبون و ناجێگیرییە دەكەوێتە سەر هاووڵاتیان.

دواجار مام خدری تەمەن (70) ساڵ، ئەو كاتەی لەسەر كورسیەك دانیشتبوون، باسێكی هەڵبژاردنی ئەمجارەی كرد، سەرەتا بە پەندێكی كوردی دەستی بە قسەكانی كرد و وتی: كورد دەڵێت قسە هەزار دووانی بە كارە، ئەوەڵ و ئاخیری دەبێ‌ كوردستان لەگەڵ بەغدا پێكەوە بین، ئەوەش لە بەرژەوەندیی هەردوولادایە.

وتیشی: دەبێت سیاسەتمەداران و پەرلەمانتاران هەموو هەوڵێك بدەن كێشەكان لەگەڵ حكومەتی عیراق چارەسەر بكەن، لەسەر هیچ وڵات و حكومەتێكی تر پەیوەندی خۆیان لەگەڵ بەغدا تێكنەدەن، لەبەر ئەوە باشترە ئەوانەی دەبنە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق زمانی عەرەبی باش بزانن و لێزانانە قسە بكەن، ئەو سیفاتانەش لە هەڵبژاردنی ئەمجارە لە كاندیدەكانی هاوپەیمانیی كوردستان كە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان پێكدێت، بەدیدەكەم.

 67 جار بینراوە