سەرەکی » وتار » كاتی هەڵسەنگاندنێكی هاوسەنگی ریفراندۆم و رووداوەكانی16ی ئۆكتۆبەر هاتووە

بۆ ئەوەی نەبێتە زەمی پاشەملە

كاتی هەڵسەنگاندنێكی هاوسەنگی ریفراندۆم و رووداوەكانی16ی ئۆكتۆبەر هاتووە

بەشی بەدواداچوون و چاودێریی مەكتەبی راگەیاندن

1

*ئەزموونی ریفراندۆمی كوردستان لە 25/9/2017 هەوڵێكی ناكامی گەلەكەمان بوو بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی. وەك پرەنسیب ئەوە هەقێكی رەهای میللەتانە لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان. ریفراندۆم لەم چوارچێوەیەدا ئەزموونێكی رەوای گەلی كوردستانە كە هەلومەرجێكی لەبار و شایانی بۆ فەراهەم نەكرابوو. هەتا ئێستاش لەبەر زۆر فاكتەری خۆیی و بابەتی هەڵسەنگاندنێكی ورد ‌و هاوسەنگ بۆ ئەو وێستگە گرنگەی ژیانی سیاسیی ئێمە نەكراوە. لەكاتێكدا ریفراندۆمی ساڵی 2017 ‌و دەرەنجامەكانی، كاریگەرییەكی زۆر گەورەی لەسەر ئێستا ‌و داهاتووی سیاسیی كوردستان هەبووە ‌و دەبێت. رووداوی گەورەی مێژووی میللەتان نەخاسمە ئەگەر سەركەوتنی بە نسیب نەبێ، دەكەوێتە بەر نەشتەری بەرژەوەندییە كاتییەكانی ئەم هێزی سیاسی و ئەو هەڵسەنگاندنی لایەنداری و تەسكی حزبایەتی وەك ئەوەی چەند ساڵە میدیای چەواشەی پارتی و خیتابی سیاسیی چەوتی سەركردایەتی ئەو حزبە، دەیكات.

*چەند ساڵە بەرژەوەندیی گەلەكەمان و مەنتیقی تێڕوانینی نیشتمانی و نەتەوەیی وا دەخوازێت قسەكردن لەسەر ئەزموونی ریفراندۆم و رووداوەكانی دوای ئەویش بخرێنە  چوارچێوەی تێگەیشتنی دادپەروەرانە و رەوای سیاسییەوە كە لەوە زیاتر ریزی گەلەكەمان پەرت نەكا و هەق بۆ خاوەن هەق بگێڕێتەوە و ئەم تێڕوانینە نەتەوەییە دروستە بخاتە خزمەت دووبارەنەكردنەوەی هەڵە و پەڵەی سیاسییەوە، كەچی تۆڕی میدیای درۆزنانەی پارتی و كاهینە شەڕانگێزەكانی پشتەوەیان بە پارە و پاوەری ئەم میللەتە هەر ئەیكێڵن و ئەیكێڵن و خەریكە باوەڕ بەدرۆی خۆشیان دەكەن.

* لە ژینگەی تەنگەبەری رۆژانی ریفراندۆمدا سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سیاسەتە تەنگژە ئامێزەكانی، بە راكێش راكێشی بۆ دەست بەسەراگرتنی بڕیاری سیاسی لە كوردستان كارێكی كرد، لەپاڵ هەلومەرجی ئیقلیمی ‌و نێودەوڵەتی نەیار ‌و دژوار كە دیپلۆماسی كوردستانیی بە سەرۆكایەتی  ئەو  حزبە نەیتوانی زەمینەی بۆ بڕەخسێنێ. ئەو ئەزموونە لەبار بچێ ‌و وەك پێویستی هەر خەباتێكی رەوای میللەتان سەرنەگرێ. لەكاتێكدا خیتابی دیپلۆماسی و میدیایی پارتی بەهاری هێنابووە سەرچۆكان گوایە دونیای دەرەوە و بەتایبەتیش دۆستانی مامەڵەی نەوتی و بازرگانی پارتی، بە ریفراندۆمەكە رازیین و هەموو شتێك تەواوە.

2

*بەداخەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان كاتی ریفراندۆم لە 25/9/2017 ‌و تاوەكو ئێستاش زۆربەی جومگەكانی حوكمڕانی ئەم وڵاتەی كۆنترۆڵكردووە، یان ئەوی لەدەست خۆیدا نییە بێكار ‌و بێ كارایی كردووە، بۆیە سەرەنجام بە سیاسەتە تاكڕەوییەكانی، بە تەقەلای بێ وچان ‌و بەردەوامی بۆ خۆسەپێنی ‌و بۆ ئیحتواكردنی بڕیاری سیاسی لە كوردستان، ئەوسا و ئێستاش نەیهێشت زەمینەی لەبار ‌و گونجاو  بڕەخسێ:

– بۆ داكۆكیكردنێكی میللی ‌و رەسمی ‌و دەستەبژێری لە ویستی گەل پرسی.

-بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ریفراندۆمەكە لەكاتی بەڕێوەچوونی، چ بە پشتیوانیی یەكڕیزیی ناوخۆیی و چی بە لانی كەمی رەزامەندییەكی دەرەكی.

-بۆ ئیحتواكردنی دەرەنجامەكانی لەدوای سەرنەكەوتنی ئەو تێكۆشانە رەوا و دیموكراتەی گەلەكەمان، چونكە خۆ مەعلومە كردەیەكی سیاسی ‌و هەر هەنگاوێكی تازە ‌و بنەڕەتی كە شكستیخوارد و سەرنەكەوت، دەبێ ئاسەوارەكانی بە بەرنامە ‌و تەگبیری ورد چارەسەر بكرێت و ئیحتوای زیانەكانی بكرێت.

*لەبەر ئەم هۆكارانە: وێڕای هەلومەرجە ئیقلیمی ‌و نێودەوڵەتییە نەیار ‌و نالەبارەكە، گەورەترین ئاواتی گەلەكەمان، بەرزترین هەنگاو لە ریزبەندی تێكۆشانی نەتەوەیی ‌و نیشتمانیی گەلی كوردستان ‌و هەر گەلێكی ئازادیخواز پەكی كەوت ‌و سەرەنجام بە بڕیاری رەسمیی حكومەت ‌و سەرۆكایەتیی هەرێم كە هەر پارتی تێدا باڵادەستە، سڕ كرا ‌و لاپەڕەی ریفراندۆم لەلایەن خودی پارتی ‌و باڵادەستی پارتی لەو حكومەتە پێچرایەوە. سەیر لەوەیە ‌و زۆریش بەداخەوە هەر لە سەرەتاوە لەجێی ئەوەی ئەم ویستە باڵا دیموكراتی ‌و نەتەوەییەی گەلەكەمان ببێتە مایەی ئیجماعی نیشتمانی ‌و نەتەوەیی، ببێتە باعیسی كۆكردنەوەی چین ‌و توێژەكانی كوردستان لە دەوری یەك ستراتیج، ببێتە مایەی تەبایی ‌و پێكەوەیی ‌و پشتیوانی حزب ‌و چالاكە سیاسییەكان لە كوردستان، كەچی بەهۆی لەوتاندنی سیاسی ‌و شپرزەیی هەژموونی سیاسیی پارتییەوە پێچەوانە بۆوە ‌و لەجێی یەكێتیی نەتەوەیی، بووە مایەی گرژی ‌و دڕدۆنگی ‌و دڵكرمێ بوون لە یەكتری. بووە مایەی مزایەدە ‌و بازاڕ گەرمی حزبی ‌و تۆمەت بەخشینەوە ‌و تۆمەت داتاشین كە ئەدەبیاتی ئاست نزمی پارتی دیموكرات تەنها وەستاو كارامەن لەم جۆرە خیتابە ‌و هیچی تر نا.

3

*بەم هەموو زام ‌و برینەوە، گەلەكەمان ‌و بزووتنەوە سیاسییەكەی رووبەڕووی كاردانەوە ‌و پاشماوەی پەك كەوتن ‌و سڕكردنی بڕیاری مێژوویی ریفراندۆم بۆوە. ئەم ریفراندۆمەی كە سەركردایەتیی پارتی لە سەرەتاوە تا كۆتایی لە رووی زەمین ‌و زەمانەوە، لە رووی كەمپین ‌و ئیدارەدانەوە خراپی هەڵسوڕان ‌و بە ئینفراد ‌و تاكڕەوییەوە ئیدارەی دا. لەجێی گەیشتنی گەلەكەمان بە سەربەخۆیی ‌و سەرفرازی یەكجارەكی، هەموان ‌و هەموومانی رووبەڕووی تەنگژەی گەورەی وا كردەوە كە:

-پاشەكشێ لە رۆڵی كورد لە پڕۆسەی سیاسیی كوردستان ‌و عیراق ببێتە واقیعێكی تاڵ كە چەند ساڵە گەلەكەمان و هێزە دەربەستەكانی هەوڵی چاكردنی ئەو دۆخە نەخوازراوە دەدەن.

-پاشەكشێ لە جورئەت ‌و قەرارداریی سیاسیی هێزە سیاسییەكان بەگشتی ‌و خودی پارتی رووبدات ‌بە جۆرێك هەر پارتی خۆی بە هەڵەداوان چونەوە بەغدا وەكو خووی هەمیشەییان لە شكست ‌و دۆڕاندا.

-سەرەنجام لە كاردانەوەی ئەو شپرزەییە سیاسییەی ئیدارەی پارتی ‌و قۆستنەوەی دۆخی نالەباری ناوخۆیی كوردستانیش، لە 16ی ئۆكتۆبەری هەمان ساڵ (2017)دا سیاسەتی كوردستانی لە كەركوك ‌و ناوچە دابڕاوەكان پاشەكشێی كرد، حكومەتی ئیتحادی بە هاوكاری حەشدی شەعبـی ‌و میلیشیای جۆربەجۆری تایفەگەریی، كۆنترۆڵی كەركوك ‌و ناوچە كێشە لەسەرەكانی كرد. لەو دۆخە ناهاوسەنگەی تەرازووی هێزی عەسكەریدا تەنها ‌و تەنها هێزی پێشمەرگەی یەكێتی لە مەیداندا شەهید ‌و بریندارێكی زۆری دا ‌و سەركردەو فەرماندەكانی پارتی موزایەدەچی نەتەوەیی تێیان قوچاند.

 4

*جا پارتی لەجێی ئەوەی ئەزموون فێر بێ ‌و دەرس ‌و پەند لەم تاقیكردنەوە تفت ‌و تاڵانە وەربگرێت كە پێش خۆیان بەسەر گەلەكەمانی هێنا، وەكو پیشەی هەمیشەیی چەند ساڵێكە كار بۆ شێواندنی راستییەكانی ریفراندۆم ‌و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دەكات. لەجێی بەخۆداچوونەوە ‌و پەشیمانی ‌و داوای لێبووردن لە گەلەكەمان هەموو ئەم تراژیدیا نەتەوەیی ‌و نیشتمانییەی كردۆتەوە دەسكەلای تەسكی حزبایەتی. لەجێی كۆشش بۆ ساڕێژی برینەكان یەك بینە دەیكولێنێتەوە ‌و رۆژانە بازرگانی سیاسیی پێوە دەكات ‌و دەستی چەوری خیانەت ‌و شكستی لەسەر یەكی خۆی بە سەری خەڵكی تر، بەتایبەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دەسڕێتەوە. یەكێتییەك كە تەنانەت لە بەرەنگاری دژواری (16)ی ئۆكتۆبەری كەركوكیشدا لەجیاتی ئەوان ‌و كوردستانیش دەیان ‌و سەدان شەهید ‌و برینداری داوە.

سەركردایەتیی شكستخواردووی ئەم حزبە سی ‌و یەكی ئابییە، لەجێی ئەوەی شەرمەزار بێت ‌و داوای لێبووردن بكات، چونكە كارەكە لە دەستی كەوت، لەجێی ئەوەی دانی پێدابنێ كە لە ئیدارەدانی كۆی مەلەفی ریفراندۆم، كۆی ئیدارەی سیاسی ‌و ئابووری چەند ساڵی رابردوو شكستی هێناوە، كەچی هەرزان فرۆشی ‌و هەرزان بازاڕی پێوە دەكات، لە جێی ئەوەی ساڕێژی ئازارەكانی دوای سڕكردنی ریفراندۆم ‌و لەقاڵبدانی قەوارەی هەرێمی كوردستان بكات كەوای كرد دۆستی درۆزنانە و نەیاری راستەقینەی جۆراوجۆر پێمان خۆش بن، كەچی وا پارتی تائێستاش سەوداو سیاسەتی ناجۆر بە سەرنەكەوتنی ریفراندۆم ‌و دۆخی پاشەكشێی دوای 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017وە دەكات، وەك پیشەیی هەمیشەییان:

ئەوسا و ئێستاش:

-بە كوردی جنێو دەدەن ‌و بە عەرەبی سازش ‌و ماستاوی خەست بۆ رەوتی شۆڤێنی ‌و تایفەگەری لە عیراق دەكەن. كەینوبەینی تەحالوفات و كورسی كورسییان لەگەڵ دەكەن تەنانەت لەسەر حیسابی پرەنسیبە جێگیرەكانی گەلەكەمان.

– بە كوردی ‌و كرمانجی هەڕەشە لە كۆی بزووتنەوەی سیاسیی كوردستان ‌و حزبەكانی، كۆی چالاكە كۆمەڵایەتی ‌و رۆشنبیرییەكانی كوردەواری دەكەن ‌و بە عەرەبیش شان ماچ دەكەن ‌و عەبای كۆنەپەرستان دەلێسنەوە سا بەڵكو لەسەر حیسابی گەلەكەمان و بە پاشقول گرتن لە حزبەكانی تری كوردستان، پۆستێك زیاتریان پێبدەن.

*راستی مەسەلەكە ئەوەیە 16ی ئۆكتۆبەر شكستی سەركردایەتیی پارتی ‌و مۆنۆپۆلە رەسمییەكانێتی لە جومگەكانی حوكمڕانی، لە ئیدارەی پڕۆسەی سیاسی ‌و دۆخی گشتیی كوردستان، لە ئیدارەی ئیجماعی نیشتمانی لەسەر ریفراندۆم ‌و ویستی مافی چارەنووس. راستی ئەوەیە دوای كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، ‌سیاسەتی كوردستانیی بە تەنها ‌و تەنها كەوتە دەستی سەرۆكایەتی پارتی كە چونكە لەسەر چەوتی ‌و چەوێڵی راهاتوون كاری باشیان لەدەست نایەت وەكو نموونەی كاری باشی سەرخستنی ریفراندۆمێكی نیشتمانی ‌و نەتەوەیی لە 25/9/2017دا.

كۆی ئەم دۆخە نەخوازراوە بەڵگەی شكستی سەركردایەتی ئیحتكاریخوازی پارتییە لە ئیدارەی مەیل ‌و ئارەزووی بێ بڕانەوەیان بۆ برا گەورەیی ‌و كوێخایی لە كوردستان. ئەمانە خۆیان شكستیان هێناوە لە براگەورەیی چونكە ئەمە بە خۆسەپاندن نابێ و نایەتەدی، كەچی خەڵكی دیكە تۆمەتبار دەكەن؟! ئاخر كەی دەچێتە عەقڵەوە سەرۆكایەتی حزب ‌و مۆنۆپۆلكاری وڵاتێك سەركەوتنی زۆر بچووك بەناوی خۆیەوە قەید بكا ‌و شكستی زۆر گەورەتریان لە كۆی ئەو دۆسێیانە بخاتە ئەستۆی خەڵكی تر ‌و حزبی تر كە لای ئەوان دەبێ حزبەكان بەشیان هەر ئەوە بێت بڵێن تۆمەتبار ‌و خەتابارن ‌و چەواشەكارییان بەسەردا بسەپێنرێ.

*پێویستە هەڵبژاردنی ئەمجارەی عیراق ‌و هەڵبژاردنی دوای ئەوەش كە بۆ كوردستان دەكرێت، وەڵامدەرەوەی شكستی یەك لە دوای یەكی سەرۆكایەتی پارتی بێت كە شكست لەسەر شكست تۆمار دەكات ‌و هێشتاش جورئەت ‌و ئازایەتی ئەوەشی تێدا نییە چمكێكی ئەم شكستە بگرێتە ئەستۆی خۆی ‌و داوای لێبووردن بكات. خەڵك  ‌و دەستەبژێری سیاسیی كوردستان لە بیرێتی ئەوە كێ بوو دەیوت ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییە و ئەوەی دەترسێ خۆمان بەتەنیا دەیكەین. ئێستا خێرە دەرەنجامەكانی ناخاتە سەر شانی خۆی ‌و حزبەكەی؟.

 392 جار بینراوە