سەرەکی » کەلتوور » رۆمانی دۆن کیشۆت کتێبە ئەفسوناوییەکەی جیهان

رۆمانی دۆن کیشۆت کتێبە ئەفسوناوییەکەی جیهان

ئەردەڵان عەبدوڵا

1-2

یەکێک لە کتێبە ناسراوەکانی جیهان رۆمانی «دۆن کیشۆت» لە نووسینی نووسەری ئیسپانی «میگێل دی سێرڤانتس»ە، ئەم کتێبە بە دایکی رۆمان دادەنرێت لە مێژوودا، لێرەوە ژانری رۆمان خۆی خستە ناو ئەدەبیاتی جیهانەوە. وا بۆ سەروو 400 ساڵ دەچێت بەسەر چاپبوونی ئەم کتێبەدا، لەپاش ئەم رۆمانەش هەزاران رۆمانی تر چاپبوون، لێ هێشتا ئەم رۆمانە وەکو خۆرێکی پرشنگدار لەناو کتێبخانەی جیهاندا دەدرەوشێتەوە. ساڵی 2002 ئەکادیمیای نەرویژی راپرسییەکی لە جیهاندا کردبوو لەبارەی بەهێزترین و مەزنترین کتێبی ئەدەبی جیهان، راپرسیەکە 54 وڵاتی گرتبووە، لەو راپرسیەدا رۆمانی دۆن کیشۆت بە یەکەم دەرچوو، لە پێش کارەکانی دۆستۆیڤسیکی و مۆلێر ودانتی و شکسپیرەوە بوو.
ئەم رۆمانە بەشی یەکەمی لە ساڵی 1605 دا نووسراوە بەشی دووەمیشی ساڵی 1615 چاپکراوە. هەرچەندە لە جیهاندا هێندەی ناوی رۆمانەکە ناسراوە، ناوی نووسەرەکە ناسراو نییە، دیارە لەمەشدا سێرڤانتس شانسی نەبوو، چ هەتا لەژیاندا بوو زۆر سوودی لێوەرنەگرت، چ لەپاش خۆشی، رۆمانەکە ناوبانگی لە نووسەرەکەی بردووە، ئەمەش بەدبەختییەکی ترە بۆ نووسەر.
پێش ئەوەی دەست بکەم بە خوێندنەوەی رۆمانەکە، چەندین وتارم لەبارەیەوە بە زمانی ئەڵمانیی و عەرەبی خوێندبۆوە، ئەم هەموو وتار و لێکۆڵینەوە زۆرانە لەبارەی ئەم کتێبەوە بووە مایەی سەرنجی زیاترم.
زۆر دەمێکە دەمویست رۆمانی «دۆن کیشۆت»ی نووسەری ئیسپانی «جێرڤانتس» بخوێنمەوە. پێش 10 ساڵ لە ئەڵمانیا لە کۆتایی ساڵی 2010 دا کتێبەکەم کڕی و دامانبوو لەو ساڵەدا بیخوێنمەوە، بەڵام وەکو هەموو جارێک برادەرێک پەیدابوو، کتێبەکەی بینی کە بەشێوەیەکی زۆر جوان چاپکرابوو لەدوو بەرگ و لە بۆکسێکدا بوو، بە قەولی خۆی بۆ ماوەی مانگێک بردی، بەڵام وا 10 ساڵی بەسەردا تێپەڕیی بۆی نەهێنامەوە.
ئەمساڵ زۆر هەوڵمدا لە ئینتەرنێت بیدۆزمەوە، بەڵام دەستم نەکەوت، دواجار چاپێکی عەرەبی زۆرباشم دەستکەوت، کە نزیکەی 970 لاپەڕەیە و هەردوو بەشەکەی تێدایە و لەلایەن نووسەری ناسراوی میسری «عەبدولرەحمان بەدەوی» لە ئیسپانییەوە کراوەتە عەرەبی. بۆیە دەستمکرد بە خوێندنەوەی، نایشارمەوە چ لەرووی ناوەڕۆک و چ لەرووی شێوازی نووسینیشەوە، زۆر چێژم لێ بینی. ئەم رۆمانە کۆمەڵێک چیرۆکی سەیر و جوانی تێدایە، چەندین بەسەرهات و سەرکێشی تێدایە، جگەلەوەش زانیاری مێژوویی زۆر گرنگی تێدایە لەبارەی گەلانی ئەوروپا و خۆرهەڵاتەوە.
دەستەواژەی «دۆن کیشۆت» زۆرجار بەرگوێمان دەکەوێت کە گوزارشت لە کەسایەتییەکی «خەیاڵاویی، زۆرجاریش «فشەکەر» بەکاردێت. جگە لەوەش ئەم رۆمانە تەنها لە بواری ئەدەبدا جێگەی خۆی نەکردەوە، بەڵکو لە بوارەکانی تریشدا کاریگەری خۆی بەجێهشتووە بەتایبەتی لە بواری هونەری تابلۆکێشان، موزیک، ئۆپێرا، فیلم، شانۆ. جگەلەوەش زۆر نووسەری تر سوودیان لە حیکایەتە جۆراجۆرەکان ناو رۆمانەکە وەرگرتووە و لە رۆمانەکانی خۆیاندا بەکاریهێناوە.
هەتاوەکو ئەمڕۆ لە جیهاندا زۆر کتێب و لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەم رۆمانەوە نووسراوەو هەر کەسەو بەپێی تێگەیشتن و جیهان بینی خۆی قسەی لەبارەوە کردووە، لێرەدا هەوڵ دەدەم تیشکێک بخەمە سەر ئەم رۆمانە مەزنەی جیهان، کە ماوەی 400 ساڵە، تەواوی جیهانی سەرقاڵ کردووە.
سەرەتا پێمخۆشە کەمێک باسی سیرڤانتس و ئەو سەردەمە بکەم کە تێیدا ژیاوە، چونکە چ زەمەن و چ شوێنیش هاوکاریمان دەکات لەم نووسەرە و بەرهەمە جوانەکانی بگەین.

نووسەرێکی بەدبەخت
کاتێک سەیری ژیانی سێرڤانتسم کرد، بینیم وەکو زۆرێک لە نووسەرانی تری جیهان، ژیانێکی زۆر ناخۆش و هەژار و بەدبەخت ژیاوە. هەژاریی، زیندان، ئاوارەیی، برسێتی، نەبوونی خێزانێکی بەختەوەر، کوولەمەرگی ژیاوە.
سێرڤانتس لە 29 ی سێپتەمبەری ساڵی 1547 لە شاری ئەلکالا دی ئیناریس لە ئیسپانیا لەدایک بووەو لە 22 ئەپریلی ساڵی 1616 لە تەمەنی 68 ساڵیدا کۆچی دواییکردووە. هەرچەندە باوکی جەراحێکی ناودار بووەو دایکیشی لە بنەماڵەیەکی ئاینی بووە. پاشان دەچێت بۆ شاری ئیشبیلیە لە قوتابخانەی یەسوعییەکان ئایین دەخوێنێت. پاش ئەوەی خوێندن تەواو دەکات، ئیسپانیا بەجێدەهێڵێت و دەچێت بۆ ئیتالیا. کۆمەڵێک هۆکار هەیە بۆ ئەم سەفەرەی، هەندێک سەرچاوە دەڵێن گوایە کێشەی شەخسی لەگەڵ کەسێکدا هەبووە، هەندێکی تر دەڵێن گوایە حوکمی یاسایی لەسەر بووە کە سزای 10 ساڵ بدرێت و دەستی بڕن. بۆیە ئەویش بڕیاریداوە رابکات.
سێرڤانتس سێ برای تری هەبووە. باوکی پێشتر ئامۆژگاری منداڵەکانی کردووە کە سێ رێگە هەیە بۆ گەیشتن بە مەزنیی و خۆشگوزەرانی: یەکەمیان کارکردن لە بواری سەربازیدا. دووەمیان، بازرگانی لەگەڵ هیندوستان. سێهەمیان کڵێسە واتە ببیتە قەشە. سێرڤانتس یەکەمیان هەڵدەبژێرێت و دەبێتە سەرباز. گەرچی براکانی تری یەکێکیان کڵێسە هەڵدەبژێرێت، ئەوی تریشیان بازرگانی.
جێگەی ئاماژەیە لەکاتی باسکردنی حکایەتی «دیلەکەدا» لەبەرگی دووەمدا، هەمان حیکایەتی ژیانی شەخسی خۆی بەکاردەهێنێت، بەڵام ناوەکەی گۆڕیوەو دەڵێت: پیاوێک هەبووە سێ کوڕی هەبووەو، ئەم ئامۆژگارییەی کردوون.
بەهەرحاڵ ئەم سەفەرەی بۆ ئیتالیا لە رووی کەلتورییەوە سوودی زۆر لێوەرگرتووە، ئەو لە کاتێکدا سەردانی ئیتالیای کردووە، کە لە قۆناغی رێنانسانسدا بووە و شارە گەورەکانی وەکو فلۆرەنسا و ناپۆلی و ڤینیسیا و میلانۆی بینیووە. وەکو خۆشی لە رۆمانەکەیدا دەڵێت: «شاری ناپۆلی جوانترین و دەوڵەمەندترین شاری جیهان بوو. ل157 بەرگی دووەم.» هەرچەندە ئێستا ناپۆلی یەکێکە لە شارە هەژارەکانی ئیتالیا. لەهەمان کاتیشدا فێربوونی زمانی ئیتالیا، دەرگایەکەی گەورەی بۆ کردۆتەوە تاوەکو شارەزایی کەلتوری دەوڵەمەندی ئیتالی بێت. ژیانی لە ئیتالیا، کاریگەری گەورەی بەسەرەوە هەبووەو لە رۆمانی دۆن کیشۆتیدا رەنگدانەوەی گەورەی هەبووە.
لەساڵی 1568 دەبێتە سەرباز و دواتریش دەچێتە کەشتیگەلی ئیسپانییەوەو بەشداری جەنگەکانی ئەم سوپایە دەکات دژی تورکە عوسمانییەکان، بەتایبەتی جەنگی لیپانتۆی ساڵی 1571. لەم جەنگەکەدا سوپای ئیسپانیا و ئەورووپییە هاوپەیمانەکانی جەنگەکە دەبەنەوە. ژیانی سەربازی لە رۆمانی دۆنکیشۆتدا رەنگدانەوەی گەورەی هەبووە.
دواتر کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ ئیسپانیا لە رێگەدا کۆمەڵێک کەشتی چەتەی تورکی دەیگرن و ماوەی پێنچ ساڵ لە جەزائیر وەکو دیل و کۆیلە دەگیرێت. دواتر نامە بۆ کاتبی پادشا ڤلیپی ئیسپانیا دەنێرێت تاوەکو فریای ئەو و 500 ئیسپانی تر بکەون، کە کەوتونەتە دەستی سوپای تورکەکان لە جەزائیر. سێرڤانتس ماوەی 5 ساڵ لە جەزائیر دەمێنێتەوە دواتر ساڵی 1580 لە ئەنجامی دانوستانی شاندی ئیسپانیا، 500 ئۆقیە دەدەن بە حاکمی جەزائیر و ئازاد دەکرێن.
کاتێکیش دەگەڕێتەوە بۆ ئیسپانیا، سێرڤانتس هەژاریی و بێکاریی و برسێتی بەرۆکی دەگرێت و تامی ئازادییەکەی ناکات. پاشان دەچێتە شاری مەدرید لەوێندەر لەگەڵ «کەنتالینا دی پالنتیوس» خێزان پێكدەهێنت، بەڵام زۆر سەرکەوتوو نابێت و کێشەی زۆری دەبێت لەگەڵ ئەم ژنە. لەم ژنەش تاکە کچێكی دەبێت، بەداخەوە کاتێک ئەم کچەی گەورە دەبێت، رووبەروی سکانداڵێکی گەورەی یاسایی و کۆمەڵایەتی دەکاتەوە، ئەمەش هێندەی تر دەروونی ئەم کەڵە نووسەرە دەهەژێنێت.
سێرڤانتس وەکو بەشێكی زۆری نووسەرانی جیهان، هەتا لەژیاندا بوو، هەژاریی و برسێتی، زیندان، دەربەدەریی زۆری بینیووە. ژیان زۆر بێرەحمانە بووە لەگەڵیدا، ئەم ئازارو مەینەتییانەشی، کاریگەری گەورەی بەسەر شێوازی نووسین و بیرکرنەوەی ئەم نووسەرە هەبووە، بەتایبەتی لە رۆمانی دۆنکیشۆتدا، کە بە شێوازێکی گاڵتەئامێزی رەخنە لە کۆمەڵگەی ئیسپانی دەگرێت بەتایبەتی چینی دەوڵەمەند و پیاوانی ئایینی و دەسەڵاتدارانی میرو میرزادەکان.

ناوەڕۆکی حیکایەتەکە
ئەم رۆمانە باسی ژیانی نەجیبزادەیەکی ئیسپانی دەکات کە ناوی «ئەلونسۆ کیشانو» کە تەمەنی سەرو پەنچا ساڵە لەگەڵ خوشکەزایەکیی و خزمەتکارێکی، لە گوندێكی هەرێمی لامنتشا دەژین، ئەم هەرێمە دەکەوێتە ناوەڕاستی ئیسپانیا. ئەو خاوەنی کێڵگەیەکە و زەوی و زاری هەیە و خەریکی کشتوکاڵ کردنە. رەوشی ژیانی باشە و کێشەی دارایی نییە، بەڵام کێشەی ئەم پیاوە ئەوەیە ماوەیەکی زۆر خەریکی خوێندنەوەی چیرۆکی سوارچاکیی دەبێت کە لەو کاتەدا واتە لە سەدەکانی 15 و 16 دا لە ئیسپانیادا زۆر برەویی هەبووە. ئەلونسۆ پاشماوەیەک بڕیارێکی شێتانە دەدات و ژیانێکی نوێ بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت.
پاشان دەکەوێتە حاڵەتێلک دەروونی خراپەوەو خۆی لێدەبێتە کەسێکی بەهێز و قارەمان کە ئەمەش لە رووی دەروونییەوە پێی دەڵێن» شێتی خۆ بەگەورەزانین و نەجرسیەتێکی توندڕەوانە» ئەو خۆی لێدەبێتە سوارچاکێکی ئازا و قارەمان و سەرکێش، کە دەیەوێت دژی زوڵم و ستەم بوەستێتەوە داکۆکی لە خەڵكی هەژار و ستەمدیدە بکات، هەربۆیە بڕیار دەدات ماڵ و گوند بەجێبهێڵێت و دەست بکات بە گەڕان و پشکنین بەناو وڵات و دژی ستەمکاری بوەستێتەوە. لەمەشدا دراوسێیەكیی هەژاری دێتە ناو مەیدانەوەو بەشداری ئەم سەرکێشییە دەکات کە ئەویش «سانشوا بانزا» یە، ئەمیش جوتیارێکی هەژارە لەگەڵ ژنەکەیی و کچەکەیدا ژیانێکی هەژارانە دەژین، بەڵام ئەمیش بە بڕیارە شێتانەکەی میرەکەی سەرسام دەبێت و دوای دەکەوێت، هەرچەندە ژنەکەی دژی ئەم بڕیارەیە.
ئەلونسۆ یەکسەر نازناوێکی نوێ بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت کە ئەویش « دۆن کیشۆت، یان دۆن کیخۆت» ئەمەش دەبێتە ناونیشانی رۆمانەکە. سواری ئەسپە پیرەکەی دەبێت کە ناوی رۆسینانتە و سانشواش بە سواری کەرەکەیەوە دوای دەکەوێت.
دۆن کیشۆت و سانشوای خزمەتکاری دەستدەکەن بە گەڕان بەناو شار و شارۆچکەکان و گوندەکانی ئیسپانیا و لەمەشدا رووبەروی کۆمەڵێک رووداوی سەیر و سەمەرە دەبنەوە. لە هەمووشی سەیرتر مێشك و دونیابینینی دۆن کیشۆتە، کە دەتوانم بڵێم نزیکە لە شێتییەوە، لەم کاروانی گەڕانەدا رووبەروی کۆمەڵێک رووداو دەبێتەوە، لەهەموویان گرنگتر جەنگی لە دژی کۆمەڵێک ئاشی هەوایی پێی وایە ئەمانە کەسانی ئەفسوناوین و هاتوون ئەم بکوژن، یان پەلاماردانی گاڕان و گاوانەکانی کە پێی وایە ئەمانە سوارچاکن و هاتوون پەلاماری ئەو بدەن، یان ئازادکردنی کۆمەڵێک دز و چەتە، پاش ئەوەی هەڵیدەخەڵەتێنن کە گوایە بەناڕەوا گیراوان، دواتریش کاتێک ئازادییان دەکات، دەستدەکەن بەدزین و رووتکردنەوەی ئەو. یان پەلاماردانی کاروانێکی پرسە، پێی وایە پەلاماری لەشكرێک دەدات. یان هۆتێلێکی لێدەبێتە کۆشكی شاهانە و خۆشی بە ئیمپراتۆر دەبینێت، یان دەکەوێتە شەڕە شمشێر لەگەڵ دار و درەخت. هەموو ئەمانەش بەوپەڕی قەناعەتییەوە دەیکات و پێی وایە ئەمانە چیرۆکی هەقیقیین. لەمەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەو جەوە فەنتازیی و خەیاڵیەی دۆن کیشۆت تێیدا دەژی، هی کەسێکی ئاسایی نییە. ئەو هەمیشە لە خەیاڵیدا کۆمەڵێک شت دروست دەکات، کە زۆر دوورن لە راستییەوە، خۆی لەمەدا قارەمانە و سوارچاکی یەکەمە.
دواتریش چیرۆكێکی خۆشەویستی خەیاڵیئامێزی بۆ خۆی دروست دەکات لەگەڵ ژنە گوندیەکی ئاسایی، کە لێی دەبێتە شازادە خاتوونێکی مەزن، ئەویش «دەلسنیا دێل یویوسو» دۆن کیشۆت لەمەشدا بەشێوەیەکی خەیاڵئامێزی عاشقی ئەم ژنە لادێیە دەبێت و لێی دەبێتە شازادە خانمێکی جوان و ناسک و نازدار، لەحاڵەتێکدا ئەو ژنێکی ئاسایی گوندییە. خۆشی لە دیالۆگێکیدا لەگەڵ خانمە دۆق هرموسا دەڵێت: خۆشم نازانم ئایا دەلسنیا بوونی هەیە یان نا، ئایا راستییە یان خەیاڵییە، ئەم شتانەش پێویست ناکات هێندە لێی قووڵ بینەوە، بەڵام ئەوەی دەیزانم کە ئەو خانمە هەموو سیفاتکی جوانیی و باشی تێدایە کە دەبێت لە ژنێکدا هەبێت. ل 379 بەرگی دووەم.
پاشماوەیەک دۆن کیشۆت نامەیەک بۆ خۆشەویستەکەی دەنێرێت و خۆی دەداتە شاخێک و لەوێندەر کوڕێکی شێت دەناسێت کە بە هۆی چیرۆکێکی خۆشەویستییەوە رەوشی ژیانی تێكدەچێت، ماوەیەک لە ئەشکەوتێکدا خۆی دوورە پەرێز دەگرێت.

 232 جار بینراوە