سەرەکی » ئەدەب و هونەر » جولیا رۆبه‌رتس، ژنه‌ جوانه‌كه‌ی سینه‌مای ئه‌مریكی

جولیا رۆبه‌رتس، ژنه‌ جوانه‌كه‌ی سینه‌مای ئه‌مریكی

ئاكار نه‌جم

جولیا رۆبه‌رتس ئه‌كته‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ری ناوداری سینه‌ما. ئه‌و ژنه‌ به‌له‌باریك و رۆح شیرینه‌ی بینه‌ر به‌ تامه‌زرۆییه‌وه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌و فیلمه‌ن كه‌ ئه‌و رۆڵی تێدا ده‌گێڕێ. جولیا كچی خێزانێكی سینه‌ماییه‌، دایك و خوشك و برا هه‌موو ئه‌كته‌رن، ئه‌و له‌و ماڵه‌دا گه‌وره‌بوو كه‌ پێش خۆی ئه‌ریكی برای و دایك وه‌ك ئه‌كته‌ر له‌ چه‌ند فیلمدا رۆڵیان بینیوه‌. جولیا له‌و كه‌شه‌ هونه‌رییه‌دا په‌روه‌رده‌بووه‌ و توانیوێتی خۆی پێبگه‌یه‌نێ و بگات به‌و ئاسته‌ی ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ئاستی دنیا ئه‌كته‌رێكی ناوداره‌ و له‌ پای رۆڵبینینی پاره‌ی خه‌یاڵی پێده‌درێ و هه‌ر ئه‌وه‌ش نا، رۆڵه‌كانی ئه‌وه‌نده‌ جوانه‌ چه‌ندین خه‌ڵاتی به‌ده‌ستهێناوه‌، یه‌كێك له‌و خه‌ڵاتانه‌، خه‌ڵاتی ئۆسكاره‌.

له‌ كۆی چوارجار پاڵێوراوی توانیوێتی خه‌ڵاته‌كه‌ به‌ده‌ستبهێنێ. هه‌شت جاریش پاڵیوراوه‌ بۆ خه‌ڵاتی گۆڵدن گڵۆب، توانیوێتی سێ جار خه‌ڵاته‌كه‌ به‌ده‌ستبهێنێ. ئه‌مانه‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی سه‌ركه‌وتنی ئه‌م ئه‌كته‌ره‌ بوو، ئه‌مه‌ وای كرد ناوبانگ ده‌ربكات وه‌ك ئه‌كته‌رێكی به‌ ئه‌زموون بناسرێ، ئه‌ویش وه‌ك ئه‌كته‌ر به‌ توانا و به‌هره‌مه‌نده‌كانی دنیای سینه‌ما ئۆسكار و گۆڵدن گڵۆب دوو بڕوانامه‌ن بۆ جولیا كه‌ بوونه‌ هۆی به‌ ناوبانگ بوونی.

جولیا رۆبه‌رتس له‌ ساڵی 1967 « Julia Fiona Roberts « له‌ شاری سمیریا له‌ ویلایه‌تی جۆرجیا – ئه‌مریكا له‌ خێزانێكی سینه‌مایی له‌دایكبووه‌. جولیا به‌ هۆی ئه‌و سۆز و خۆشه‌ویستییه‌ی له‌ منداڵیدا بۆ ئاژه‌ڵان هه‌یبووه‌، حه‌زی كردووه‌ ببێت به‌ پزیشكی ڤێرتێنه‌ری، به‌ڵام دواتر بواری رۆژنامه‌گه‌ریی خوێندووه‌، له‌و بواره‌شدا نه‌ماوه‌ته‌وه‌ و له‌ دوای ئه‌وه‌ی ئه‌ریكی برای له‌ سینه‌مادا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه‌، جولیاش خولیای سینه‌ما له‌ سه‌ری داوه‌، بڕیار ده‌دات بچێته‌ بواری سینه‌ماوه‌ وه‌ك ئه‌كته‌ر رۆڵببینێ. سه‌ره‌تای كار و به‌شداری له‌ سینه‌مادا له‌ ساڵی 1988 بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ فیلمی سینه‌مایی رازیبوون رۆڵی بینیوه‌. لێره‌وه‌ جولیا رۆبه‌رتس وه‌ك ئه‌كته‌رێكی جوان و باڵابه‌رز ده‌ركه‌وت. پاشتر له‌ ساڵی 1990 له‌ فیلمی خانمی جواندا بۆ یه‌كه‌مین جار وه‌ك ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كی رۆڵی بینی. ئه‌م رۆڵه‌ یه‌كه‌م وێستگه‌ی سه‌ركه‌وتنی جولیا بووه‌، كه‌ له‌ ئاستی بۆكس ئۆفیسی جیهان سه‌ركه‌وتنێكی باشی به‌ده‌ستهێناوه‌ و توانی 464 ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی كۆبكاته‌وه‌. جولیا له‌و ئه‌كته‌رانه‌یه‌ زیاتر له‌ دوو ملیار دۆلار داهاتی ئه‌و رۆڵه‌ جوانانه‌یه‌تی كه‌ بینیونی. بۆ به‌شداریكردن له‌ فیلمی خانمی جواندا سێ سه‌د و سی هه‌زار دۆلاری پێبه‌خشراوه‌. كار له‌ دوای كار ناوبانگی زیاتر و زیاتر بووه‌، تا وای لێهات له‌ ساڵی 2003 بۆ ئه‌و رۆڵه‌ی له‌ فیلمی «زه‌رده‌خه‌نه‌ی مۆنالیزا» بینی، بڕی 25 ملیۆن دۆلاری پێدراوه‌. بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ له‌ لایه‌ن گۆڤاری پیوپڵ به‌ جوانترین خانمی ساڵ ده‌ستنیشان كراوه‌. له‌ ساڵی 2000 به‌ هۆی به‌شداریكردنی له‌ فیلمی» ئیرن برۆنكۆڤی» خه‌ڵاتی ئۆسكاری بۆ باشترین خانمه‌ ئه‌كته‌ر به‌ده‌ستهێنا. وێسگه‌كانی سه‌ركه‌وتنی ئه‌م خانمه‌ جوانه‌ زۆرن. بینه‌رێكی بێشوماری هه‌یه‌.

خێزانێك له‌ سینه‌مادا
جولیا كچی بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناسراوه‌، هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ له‌ ماڵێكدا گه‌وره‌بووه‌ سینه‌ما تێیدا ئاماده‌گی هه‌بووه‌. ئه‌مه‌ش رۆڵی زۆری هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ژیانی ئه‌م خانمه‌ جوانه‌، جولیا رۆبه‌رتس به‌ر له‌ خۆی دایكی « بیتی لو بریدیموس « ئه‌كته‌رێكی ناسراوبووه‌ له‌ دنیای سینه‌مادا. ئه‌ریكی برای و لیزای خوشكیشی وه‌ك خۆی ئه‌كته‌رن و له‌ چه‌ندین فیلمدا رۆڵیان بینیوه‌. واڵته‌ر گرادی رۆبه‌رتس باوكی جولیایه‌.

لیزا خوشكی جولیا رۆبه‌رتس ساڵی 1967 له‌دایكبووه‌ و سێ ساڵ له‌ جولیا گه‌وره‌تره‌ و له‌ چه‌ند فیلمێكدا رۆڵی بینیوه‌ ئه‌وانه‌ش فیلمی خزمه‌تكارێك له‌ مانهاتن ساڵی 2002 و پێكه‌نینی مۆنالیزا ساڵی 2003 و جه‌ژنی خۆشه‌ویستی ساڵی 2010 و چه‌ند فیلمێكی تر.

دووشووی كردووه‌
جولیا رۆبه‌رتس له‌ ژیانی خێزانیدا دووجار شووی كردووه‌، شووی یه‌كه‌می به‌ دانیاڵ مۆدر بووه‌، كه‌ وێنه‌گرێكی سینه‌مای ئه‌مریكییه‌ جولیا ساڵی 2002 شوو به‌دانیاڵ ده‌كات. شووی دووه‌م به‌ لایل بیرس لوفیت بوو كه‌ گۆرانیبێژ و ئه‌كته‌رێكی ئه‌مریكییه‌. جولیا ساڵی 1993 شووی پێكردووه‌. به‌رهه‌می شووی یه‌كه‌می جولیا سێ منداڵه‌ به‌ ناوی هازیل مۆدر و فینایوس مۆدر و دانیل مۆدر.

ئه‌ریك رۆبه‌رتس برای تاقانه‌ی جولیا ساڵی 1956 له‌ دایكبووه‌ ئه‌كته‌رێكی ئه‌مریكییه‌، چه‌ند جارێك بۆ خه‌ڵاتی ئۆسكار و گۆڵدن گلۆب پاڵیوراوه‌. له‌ چه‌ند فیلمێكدا رۆڵی بینیوه‌ له‌وانه‌ فیلمی فرایجه‌ر ساڵی 1997 به‌رهه‌مهێنراوه‌، فیلمی هیۆز ساڵی 2007 و لۆفلاس و…

فیلمه‌كانی جولیا رۆبه‌رتس
جولیا رۆبه‌رتس له‌ ژیانی هونه‌ریدا له‌ چه‌ند فیلمێكدا رۆڵی بینیوه‌، له‌وانه‌: فیلمی تیۆری موئامه‌ره‌. ساڵی 1997 به‌رهه‌م هێنراوه‌. فیلمی تونیگ هیل، 1999 به‌رهه‌م هێنراوه‌. فیلمی مه‌كسیكی به‌رهه‌می ساڵی 2001، فیلمی پێكه‌نینی مۆنالیزا به‌رهه‌می ساڵی 2003، فیلمی نزیك به‌رهه‌می ساڵی 2004، فیلمی تۆڕی شارلوت به‌رهه‌می ساڵی 2006، فیلمی جه‌نگی چارلی ویلسۆن به‌رهه‌می ساڵی 2006. جه‌ژنی دایك فیلمێكی كۆمیدییه‌ و به‌رهه‌می ساڵی 2016یه‌. وه‌حشی پاره‌ فیلمێكی تاوانكارییه‌ و به‌رهه‌می ساڵی 2016. ونده‌ر فیلمێكی ئه‌مریكییه‌ و به‌رهه‌می ساڵی 2017 یه‌. چه‌ندین فیلمی دیكه‌ جولیا رۆڵی تێیاندا بینیوه‌. ئێمه‌ لێره‌دا تیشك ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر چه‌ند فیلمێك كه‌ ئه‌م خانمه‌ رۆڵی تێیاندا بینیوه‌.

فیلمی بێن گه‌ڕایه‌وه‌
یه‌كێك له‌و فیلمانه‌ی جولیا رۆبه‌رتس رۆڵی تێدابینیوه‌، فیلمی «بێن گه‌ڕایه‌وه‌- Ben is Back» ئه‌م به‌رهه‌مه‌ فیلمێكی درامی ئه‌مریكییه‌، ساڵی 2018 به‌رهه‌م هێنراوه‌. ماوه‌ی فیلمه‌كه‌ سه‌د و سێ خوله‌كه‌. زمانه‌كه‌ی ئینگلیزییه‌. نووسین و ده‌رهێنانی پیته‌ر هیدگزه‌ و كۆمه‌ڵێك ئه‌كته‌ری ناوداری سینه‌ما رۆڵیان تێدا بینیوه‌، جولیا رۆبه‌رتس یه‌كێكه‌ له‌و ئه‌كته‌رانه‌ و له‌ هاوشانی لوكاس هیدگزی كوڕی ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌كه‌ و كانتری بی و كاترین نیوتۆن و چه‌ند ئه‌كته‌رێكی دیكه‌ رۆڵیان تێدا گێڕاوه‌.

خانمی جوان
یه‌كێكی دیكه‌ له‌و فیلمانه‌ی جولیا رۆڵی تێدا بینیوه‌، فیلمی « خانمی جوان- Pretty Woman» ئه‌م به‌رهه‌مه‌ فیلمێكی كۆمیدی رۆمانسی ئه‌مریكییه‌. جولیا له‌ ته‌ك چه‌ند ئه‌كته‌رێكدا رۆڵ ده‌بینن. فیلمه‌كه‌ له‌ ده‌رهێنانی گاری مارشاڵه‌ و پاڵێوراوه‌ بۆ خه‌ڵاتی ئۆسكار. بۆ رۆڵی جولیا رۆبه‌رتس. هه‌ر به‌ هۆی ئه‌و رۆڵه‌ جوانه‌وه‌ كه‌ بینیوێتی توانی خه‌ڵاتی گۆڵدن گڵۆب بۆ باشترین ئه‌كته‌ر به‌ده‌ستبهێنێ. چیرۆكی فیلمه‌كه‌ باسی پیاوێكی بازرگان ده‌كات به‌ ناوی ئه‌دوارد لویس (ریچارد جیر رۆڵه‌كه‌ی ده‌بینێ) كه‌ ده‌چێت بۆ شاری لۆس ئه‌نجلۆس بۆ كارێكی بازرگانی و له‌وێ كچێك ده‌ناسێ به‌ ناوی فیفتان، (جولیا رۆبه‌رتس رۆڵه‌كه‌ی ده‌بینێ) لێره‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌ دروست ده‌بێت له‌نێوانیاندا.

فیلمی ئیرن برۆنكۆڤیچ
ئیرن برۆنكۆڤیچ، ئه‌و فیلمه‌ی جولیای گه‌یانده‌ لووتكه‌ی ناوبانگ و سه‌ركه‌وتن. كه‌ چیرۆكێكی حه‌قیقییه‌ و جولیا توانی له‌ فیلمه‌كه‌دا ئه‌و رۆڵه‌ به‌ جوانی به‌رجه‌سته‌ بكات. فیلمی ئیرن برۆگۆڤیچ- Erin Brockovich ساڵی 2000 به‌رهه‌م هێنراوه‌. جولیا ئه‌وه‌نده‌ رۆڵێكی جوانی بینیوه‌ توانی خه‌ڵاتی ئۆسكاری بۆ باشترین خانمه‌ ئه‌كته‌ر به‌ده‌ستبهێنێ. ئه‌م فیلمه‌ چیرۆكی ململانێیه‌كی یاساییه‌ ئیرن برۆنكۆڤیچ له‌ دژی كۆمپانیای باسیفیكی گاز و كاره‌با. كه‌ كۆمپانیای وزه‌یه‌. ئیرن برۆنكۆڤیچ فه‌رمانبه‌رێكی یاسایی و چالاكه‌وانێكی بواری ژینگه‌یه‌، ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ چووه‌ته‌ شه‌ڕێكی یاساییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایه‌دا له‌ كالیفۆرنیا و له‌ ئه‌نجامدا دۆسێكه‌ی بردووه‌ته‌وه‌ و به‌ هۆی ئه‌وه‌وه‌ ناوبانگێكی زۆری ده‌ركردووه‌. كه‌سایه‌تییه‌كی حه‌قیقییه‌ و كراوه‌ به‌ فیلم و جولیا رۆبه‌رتس رۆڵی بینیوه‌ و فیلمه‌كه‌ش هه‌ر به‌ ناوی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌وه‌یه‌. ئیرن برۆنكۆڤیچ ئه‌و خانمه‌ ژینگه‌پارێزه‌ ساڵی 1960 له‌ لۆرانس- ئه‌مریكا له‌دایكبووه‌. ئه‌م خانمه‌ تێكۆشه‌ره‌ی ژینگه‌ رۆڵی زۆری هه‌بووه‌ له‌ ژینگه‌پارێزی و خزمه‌تكردن به‌و بواره‌، له‌ ژیانیدا چالاكی زۆری هه‌بووه‌. ژنێكی به‌ ناوبانگه‌. ئه‌م فیلمه‌ش له‌سه‌ر به‌شێك له‌ ژیانی ئه‌و خانمه‌یه‌، چیرۆكی فیلمه‌كه‌ ئه‌وه‌ به‌شه‌ی ژیانی ئیرن برۆنكۆڤیچ كه‌ ده‌چێته‌ دۆسێیه‌كه‌وه‌ له‌ دژی كۆمپانیای باسیفیك. فیلمه‌كه‌ له‌ ده‌رهێنانی ستیڤن سودبیرجه‌ سیناریۆی سوزانا گرانت و چه‌ند ئه‌كته‌رێك رۆڵی تێدا ده‌بینن، جولیا رۆبه‌رتس له‌م فیلمه‌دا رۆڵێكی جوان و سه‌ركه‌وتووی بینیوه‌ و توانی به‌و رۆڵه‌ی خه‌ڵاتی ئۆسكار بۆ باشترین ئه‌كته‌ر به‌ده‌ستبهێنێ. هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی گۆڵدان گڵۆب و ئه‌كادیمییه‌ی به‌ریتانی بۆ هونه‌ری به‌ده‌ستهێناوه‌. جولیا له‌ فیلمه‌كه‌دا رۆڵی ئیرن برۆنكۆڤیچ كه‌ دایكی سێ منداڵه‌، یه‌كێكیان ساوایه‌. ژیانێكی سه‌ختی هه‌یه‌. له‌پێناوی منداڵه‌كانیدا به‌ دوای كارێكدا ده‌گه‌ڕێ. كاتێ تووشی رووداوێكی هاتوچۆ ده‌بێ په‌یوه‌ندی به‌ پارێزه‌رێكه‌وه‌ ده‌كات، تاوه‌كو ئه‌و رووداوه‌ی بۆ یه‌كلابكاته‌وه‌. لێره‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو دۆسێی كۆمپانیایه‌كی گه‌نده‌ڵه‌وه‌ و كۆڵی لێنادات تا ده‌یباته‌وه‌. هه‌ر دوای ئه‌وه‌ی ده‌چێته‌ لای ئه‌و پارێزه‌ره‌ له‌و شوێنه‌ ده‌بێ به‌ فه‌رامانبه‌ر. ده‌كه‌وێته‌ كنه‌ و پشكنینی دۆسێكانی كۆمپانیای باسیفیكه‌وه‌ و مه‌له‌فه‌كانیان هه‌ڵده‌داته‌وه‌. تاوه‌كو ئه‌و بابه‌ته‌ یه‌كلا ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌م فیلمه‌ وه‌ك پێشر باسمان كرد له‌ رووداوێكی راسته‌قینه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌، رووداوه‌كه‌ به‌لای خه‌ڵكی ئه‌مریكاوه‌ گرنگه‌، په‌یوه‌سته‌ به‌ ژیانی خه‌ڵكییه‌وه‌. كه‌ مه‌سه‌له‌ی ژینگه‌ و ته‌ندروستی مرۆڤه‌كانه‌. جولیا رۆبه‌رتس ئه‌وه‌نده‌ رۆڵه‌كه‌ی به‌ جوانی گێڕاوه‌ توانیوێتی خه‌ڵاتی ئۆسكار به‌ده‌ست بهێنێ.

 103 جار بینراوە