سەرەکی » وتار » ئاکار؛ وەک بەهایەکی مرۆیی

هەگبەی ژن

ئاکار؛ وەک بەهایەکی مرۆیی

کنێر عەبدوڵڵا

لە واقیعدا، زۆرن ئەو کەسانەی کاتێک باسی ئاکار دەکرێت تەنها لە شتگەلێکدا کورتی دەکەنەوە کە لە بنەڕەتدا هیچ پەیوەندیدار نییە بە رەچەڵەک و بنەڕەتی بابەتەکەوە؛ بەوەش مرۆڤەکان دووردەکەونەوە لە راستی و پێناسەی راستەقینەی وشەکە، دەرئەنجام ئەوەی ناڕاست و ناسروشتییەکەیە دەبێتە راستی و کەلتور و دەرئەنجام مرۆڤەکان؛ وەک هەر شتێکی ئاسایی و راستی و سروشتی رەفتاری پێدەکەن، پێچەوانەکەشی کە راست و سروشتەکەیە، دەبێتە نائاسایی و دەچێتە خانەی هەڵەوە.

ئاکار؛ یەکێکە لە بەها مرۆییەکان کە بە هۆی شێواز و ژینگەی پەروەردەیی مرۆڤەکانەوە دەبێتە کەلتور و دواتر رەنگدانەوەی دەبێت لە رەفتار و هەڵسوکەوتی مرۆڤەکاندا، تا ئەو رادەیەی دەبێتە شێوازی ژیانیان؛ ئیدی گەر لە بواری کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری یان پیشەیی و هتد بێت.

تێگەیشتن لە چەمکی ئاکار لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ ئەویدی جیاوازی بەخۆوە دەبینێت؛ بوونی ئەو تێگەیشتنە جیاوازەش گرێدراوی فەلسەفەی جیاوازی پەروەردەییە کە لە یەکێکەوە بۆ ئەویتر گۆڕانکاری بەخۆوە دەبینێت؛ بە نموونە لە کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکاندا بە گشتی ئاکار؛ تەنها لە بوونی پەیوەندییەکی نێوان کچ و کوڕ یان لە بواری جنسیدا خۆی دەبینێتەوە، یاخود بە تەنها دەخرێتە پاڵ ژنان لە کاتێکدا؛ دژ بە نەریتە باوەکانی کۆمەڵ رەفتار دەکات. بە واتایەکی دیکە کاتێک ژنەکە دەبێتە دژە باو و هەوڵی گۆڕانکاری دەدات لەو خەسڵەت و رەفتارانەی بوونەتە دابونەریتێکی ئاشکرا؛ ئیدی گەر راست بێت یان ناڕاست؛ لە کاتێکدا چەندین خەسڵەتی دیکەی تر هەن کە نائاکارییە و ناچێتە ژێر باری ئاکارەوە، لەوانە؛ درۆکردن، ناڕاستگۆیی، دزیکردن، خۆفرۆشی، ناپاکی نیشتمانی، گەندەڵی، نادادپەروەریی، هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی، جێبەجێنەکردنی ئەرک و داوای ماف، پێشێلکردنی مافی ئەوانی تر و دەستدرێژیکردنە سەر بەرامبەر و نادادیی .. هتد؛ لە کاتێکدا لە کۆمەڵگەیەکی دیکەدا و بەپێی سیاسەتێکی جیاوازی دیکەوە، ئاکاری مرۆڤەکان؛ بریتی دەبێت لە راستی و راستگۆیی لەگەڵ خۆت، رەفتارکردن پێی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا، خۆی لە ئینتماکردنی مرۆڤەکان دەبینێتەوە لە بەرامبەر پاراستنی ئامانجە گەورەکانی؛ وەک نیشتمان، خاک و .. هتد، هێرشنەکردنە لەسەر شکۆ و کەرامەتی مرۆڤەکان، پاراستنی موڵک و ماڵی گشتی و بەکارهێنانی بۆ سوودی گشتی و خزمەتی هاووڵاتییان بێ جیاوازیی مرۆڤەکان لە هەر روویەکی رەگەزیی، ئایدۆلۆجیی، نەتەوەیی و ئاینیی وهتد

لە راستیدا ئاکار؛ وەک بەهایەکی مرۆیی، گرنگی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە کە ئەرک و بەرپرسیارێتی دەسەڵاتی حوکمڕانییە؛ تا لە رێگەی سیاسەتێکی تۆکمەی پەروەردەییەوە بتوانێت بیکات بە خەسڵەتێکی مرۆڤەکان کە لە رێگەی باوەڕبوونەوە ببێتە شێوازی ژیانیان و رەنگدانەوەی لە رەفتار و کردەوەکانیاندا هەبێت بێ جیاوازی، چونکە بوونی ئەو بەهایانەیە وا دەکات مرۆڤەکان لە ئاستێکی باڵای پەیوەندیدا مامەڵە لەگەڵ یەکتریدا بکەن و دواتر ببێتە ناسنامەیەکیش بۆ شکۆی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەی پێ بناسرێتەوە، ئەوەش لە پێناوی هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و مرۆڤایەتی و فەراهەمکردنی پەیوەندییەکی دروست و مرۆیی کە تەنها و تەنها، بەهاکان سەنگی مەحەکی بنەماکانی مرۆڤەکان بێت.

 271 جار بینراوە