سەرەکی » وتار » جەمال ئارێز » ئەنجامی پێشێلکاریی نەزانانە یان بە ئەنقەست؟

ئەنجامی پێشێلکاریی نەزانانە یان بە ئەنقەست؟

قۆناغی بانگەشەی ئەمجارە بۆ هەڵبژاردنەکەی دوێنێ 10/10 بە شێوەیەک تێپەڕی کە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی رابردوو کەمترین گرفت و کێشەی کۆمەڵایەتیی لێکەوتەوە و کەمترین سیمای هاتوهاوار و هەراسانکردنی هاووڵاتیانمان بینی لە شەقام و شوێنە گشتییەکان.

ئیتر تای بانگەشە بەسەلامەت کۆتایی هات و هەمووان (ئەوانەی دەنگیان داوە) لە دوێنێوە کش و مات بوون و چاوەڕێی ئەمڕۆ و سبەینێین تا بزانین رێڕەوی رووداوەکان بەرەو کوێوە ئاراستە وەردەگرن و ئەنجامی هەڵبژاردنەکە چی دەبێت؟

ئەگەرچی من خوازیارم هاوپەیمانیی کوردستان و لە نێویشیاندا کاندیدەکانی یەکێتی دەنگی باش بچننەوە، بەڵام پێموایە گرنگ سەرکەوتنی پرۆسەکەیە، چونکە گرنگترین مەرجێک بۆ هەڵبژاردن، بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەیە لە وڵاتێکی فرە پێکهاتە و فرە مەزهەب و فرە ئایدیۆلۆژیای وەک عیراق بە شێوەیەکی دیموکراتییانە و بەبێ گرفت و کێشەیەکی ئەوتۆ کە وەک دوورگەیەک بە دەریایەک لە دیکتاتۆریی گەمارۆ دراوە، سەرباری ئەوەش لە ناوخۆدازۆربەی هێزە سیاسییە بەشدارەکان پشت ئەستوورن بە هێزێکی چەکداری موالی، بۆیە نەبوونی گرژیی و ئاڵۆزیی (تا نووسینی ئەم وتارە) لەو دۆخەدا بۆخۆی سەرکەوتنێکی گەورەیە، بەتایبەتی لە ماوەی دەنگدانی تایبەتدا.

بەگوێرەی ئەو راپۆرتانەی کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق و چاودێرانی قەوارە سیاسییەکان و رێکخراوە لۆکاڵییەکانی کۆمەڵی مەدەنی و رێکخراوە نێودەوڵەتییە ناحکومییەکان و چاودێرانی یەکێتیی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان تا دوێنێ رایانگەیاندووە، دەشێت ئومێدێک لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەکە هەڵبچنرێت، چونکە ئەگەر ئێمە بەشوێن ئەوەوە بین کە هیچ پێشێلکارییەک نەکرێت، ئەوا لە وڵاتێکدا کە هەموو جیهان و وڵاتانی دەوروبەر چاویان لەسەری بێت، بچووکترین جووڵەی نایاسایی قەوارە و حزب و کاندیداکان لەهەر لایەکەوە و بەهەر شێوەیەک بێت زومی کامێراکان و رووماڵی کەناڵەکانی دەچێتەسەر و چەندین شرۆڤە و شیکاری و قیل و قال بەشوێن خۆیدا دەهێنێت.

بەداخەوە بە گوێرەی چەند هەڵبژاردنێکی رابردوو کە بینیومانە زۆرێک لەو لایەنان و قەوارە سیاسییانەی کە لە ساتەوەختی دەرکەوتنی ئەنجامە بەراییەکانەوە ئاست و رێژەی دەنگەکانیان بۆ رووندەبێتەوە و لەئاستی تموح و چاوەڕوانیی خۆیاندا نییە، دەکەونە پرتەو بۆڵە و کەمیان هەیە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەی دیموکراتی و هەڵبژاردندا بەگیانی وەرزشییەوە بکەن و ئەوە لەبەرچاو بگرن کە لە هەڵبژاردندا بردنەوە و نەبردنەوەش هەیە و خۆئەگەر هەمووان پێداگریی لەسەر ئەوە بکەن کە یان دەبێت براوەبن یان ئەنجامەکە قبوڵ ناکەن، کەواتە بۆچی دەچنە کێبڕکێوە؟

ئەگەرچی هێشتا و تاکاتی نووسینی ئەم بابەتە لە سەرەتای پرۆسەی دەنگدانی گشتیداین و هیچ خروقات و پێشێلکارییەکی زەق رووینەداوە و تەنانەت لە دەنگدانی تایبەتیشدا زۆربەی لایەنەکان ستایشی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەیان کردووە، بەڵام هەندێک گرفتی تەکنیکی دروستبوو لە ئامێرەکان لە هەندێک بنکە و وێستگەی دەنگداندا، بەڵام لەماوەی بانگەشەدا هەندێک پێشێلکاریی روویانداوە کە دەشێت هەڵوێستەیان لەسەر بکەین، هەندێک لە پێشێلکارییەکان دەشێت بە بێ مەبەست و لە نەزانی کەسێک یان کاندیدێکەوە روویدابێت، وەک هەڵواسینی فلێکس و پۆستەر و دابەشکرانی کارت لە شوێنی نەشیاودا وەک داپۆشینی هەندێک لە ئاماژەکانی هاتوچۆ، یاخود لەبەردەم فەرمانگەی حکومی و شوێنی گشتیدا کە بەگوێرەی یاساکانی کۆمسیۆن ئەو جۆرە پێشێلکارییانە بەشێکی زۆری لە نەزانییەوەیەو سزای دارایی دەکەوێتە ئەستۆی کاندیدەکە یاخود قەوارە سیاسییەکە کە ئەگەری ئەوەی هەبێت هەڵەکە لەلایەن کەسێکی سەربە تیمی کەمپینی کاندیدێکەوە کرابێت و بە مەبەست نەبووبێت، بەڵام جۆرێک لە پێشێلکاریی روویداوە لە هەندێک لە میدیاکانەوە کە لە ئەنقەست و سەرەڕای زانینی ئەوەی کە پێشێلکارییە، بەڵام هەر کردوویانە و بە وتەی خۆیان بڕێک پارەیان هەر پێشوەختە بۆ غەرامەی ئەو پێشێلکارییە داناوە و گرنگ بەلایانەوە ئەوە بووە کاندید یان قەوارەی بەرامبەر بشکێنن لە دەرەوەی سنووری رێنماییەکانی کۆمسیۆن و عورفی پرۆسەی دیموکراتی و بانگەشە.

ئەو رەوت و بزووتنەوە سیاسییە عەسکەرتاریی یان پۆپۆلیستییانەی کە بەو شێوازە بانگەشەیان کردووە، لەبەرئەوەی زادەی هەڵچوونی ناو تۆڕە کۆمەڵاتەییەکان یان پشت بەستوون بە هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە، وابەستەی هیچ یاساو رێسا و عورفێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نین، پێیانوایە کە هەموو پرۆسەیەک بە شێوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە یان بارەگا حزبییەکانی خۆیانە و هیچ یاسا و رێسا و رێنماییەک ئەوان ناگرێتەوە، کە دیارە لە ئەگەری دەنگدان بەو جۆرە رەوت و حزبانەدا دەبێت چاوەڕوانی ئەوەش بکرێت کە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەدا ژیانی ئاسایی هاووڵاتی شێواز و قاڵبێک لە ژیانی بێ پرەنسیپ و یاسا و رێسای ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەخۆوە دەگرێت.

 213 جار بینراوە