سەرەکی » ئابووری » بانكی ناوەندیی عیراق مامەڵەكردن بە بیتكۆینەوە قەدەغە دەكات

بانكی ناوەندیی عیراق مامەڵەكردن بە بیتكۆینەوە قەدەغە دەكات

یەکەی ئابووری

لەگەڵ بەرزبوونەوەی زیاتری بەهای دراوی بیتكۆیندا، بانكی ناوەندیی عیراق لە راگەیەنراوێكدا مامەڵەكردن بەو دراوە ئەلیكترۆنییەوە قەدەغە دەكات.

بانكی ناوەندیی عیراق لە راگەیەنراوێكدا، كە لەپێگەی خۆی لە ئینتەرنێت بڵاویكردۆتەوە ئەوەی خستۆتەڕوو، مامەڵە پێوەكردنی دراوە ئەلیكترۆنییەكان لەنێویشیاندا بیتكۆین مەترسییەكی زۆریان لەسەرە، بە تایبەت ئەو مەترسییانەی کە پەیوەستن بە فێڵكردن و هاككردنی ئەلیكترۆنییەوە.

ئەوەشی روونكردۆتەوە، بانكی ناوەندی پاڵپشتی لە گشتاندنی نووسراوێك دەكات بۆ قەدەغەكردنی مامەڵەكردن بەو دراوە و لێپرسینەوەكردن لەگەڵ ئەو كەسانەشی مامەڵەی پێوە دەكەن، بەپێی بەندەكانی یاسای سپیكردنەوەی پارە كە لەساڵی 2015دا دەركراوە.

بەپێی راگەیەنراوەکەی بانكی ناوەندی، دراوە ئەلیكترۆنییەكان تەنها لە رێگەی ئینتەرنێتەوە مامەڵەی پیوەدەكرێت بێ‌ ئەوەی هیچ بوونێكی ماددی هەبێت و تەنها لەو رێگەیەشەوە بۆ كڕین و فرۆشتن بەكاردێت و بەكارهێنەریش دەبێت خاوەنی كارتی بیتكۆین بێت.

پاڵپشتییەكانی بانكی ناوەندیی عیراق بۆ قەدەغەی مامەڵەپێوەكردنی دراوی بیتكۆین لە كاتێكدایە، ئێستا زۆرێك لە مامەڵەكارانی دراو داوا دەكەن، بانكەكە خۆی هاوشێوەی ئەو دراوانە دراوێكی ئەلیكترۆنی بۆ شوێنگرتنەوەیان دەربكات، بەوپێیەی ئێستا ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی عیراق و بازرگانان، مامەڵە بە دراوی ئەلیكترۆنییەوە دەكەن و جیهانیش لە رێگەی تەكنەلۆژیاوە بەرەو پێشدەچێت.

 138 جار بینراوە