سەرەکی » ئاراستە » لە كوڕە تاقانەكەتەوە بۆ گردی سەیوان

لە كوڕە تاقانەكەتەوە بۆ گردی سەیوان

سەهەند شێخ حسێنەسوور*

بیست و چوار ساڵ بێ تۆیی چەنێك بە سەختی لێم رۆیشتووە باوكە گیان، لە ساڵیادی شەهید بوونتدا سەری رێزت بۆ دادەنەوێنم شێخم.

هەركات ناوی پایز دەبیستم خورپەیەك بەدڵما دێت، بە جۆرێك كە تەنها خۆم هەست بە ئازارەكەی دەكەم كە ئازارێكە هیچ دەرمان و ساڕێژێكی نییە و نابێت، كە وەرزی پایز دێت لەگەڵ وەرینی گەڵای دارەكان و زەردبوونی دەشت و كێوەكان سەر لە نوێ برینەكەی من سەوز دەبێتەوە لە جەستەمدا.

باوكە گیان ئەی تاجی سەرم ئەی شانازیی هەموو ژیانم، راستە دەمێكە بێنازی تۆم، بەس هەمووكات وا هەستدەكەم بەسەر سەرمەوە چاودێریم دەكەیت، رێگە راستەكانم پیشان دەدەیت.

سەروەرم، هەتا توانیبێتم لە رێگە پیرۆزەكەت لام نەداوە، بەڵام رەفیقەكانت ئەوانەی لە شاخ یەك دروشمتان هەبوو بۆ ئازادی كوردستان، ئێستا تەنها بیر لە سەروەت و سامان دەكەنەوە، رۆژگار زۆر گۆڕاوە هەمویان بوون بە بازرگان چاویان تەنها پارە دەبێنێت، بەجۆرێك كە وایان لێهاتووە خەڵكی تف و لەعنەتیان دەكەن، ئەو خەڵكەی شانازییان بە پێشمەرگەوە دەكرد ئێستا بە دز و جەردە ناویان دەبەن، باشەكان لە پەنجەی دەستێك تێناپەڕێت.

باوكە گیان ئەو رەفیقانەشت كە ئیسراحەتیان لێ بڕیبویت لە كاتی هاتنەوەتا بۆ ماڵەوە كاتەكانی ئێمەشت بەخشی بوو بە ئەوان كە هەر ئەوانیش ئیشیان بەتۆ بوو و بۆیان ببوویت بە هەموو كەسیان، كەچی ئەوانیش بێ وەفا دەرچوون، هەمووی بۆ مەسڵەحەت بەدواتەوە بوون.

سەروەرم تۆ نموونەی باوك بوویت نموونەی هاوڕێیەتی بوویت لە هەموو بەرنامە جوانەكانی ژیاندا پلەی یەكەمت بەدەست هێنابوو.

خۆزگە بۆ رۆژێك دەهاتیتەوە هەموو ئەوانەت دەبینی كە من بۆت باس دەكەم، پاڵەوانەكەی ژیانم، ئەمڕۆت لە هەموو رۆژێكت خۆشتر بێت هەمیشە شانازیت پێوە دەكەم ناوت هەمیشە ماوەتەوە و دەمێنێتەوە مێژوو قەت ناتوانێت ناوی تۆ و هاوڕێكانت لەبیر بكات.

شەهیدانی قڕگە وتیان
هەموو شەوێ دەمانەوێ جووت جووت مەسافە وەرگرین
بەرەو شار بێین، ئاخر جووتمان تاك دەردەچێ.
سەیوان وتی دڵ لە دڵ مەدەن ئازیزان
بێتەلەكەی بەنی هەریر پێی گەیاندم
سبەی لەگەڵ كازیوەدا كەژاوەی شێخ دەگاتەجێ.

*كوڕی شەهید

 187 جار بینراوە