سەرەکی » هەمەڕەنگ » خەڵاتێک لە پێناوی شانۆ و شانۆنامەی کوردیدا!

خەڵاتێک لە پێناوی شانۆ و شانۆنامەی کوردیدا!

ناوەندی بڵاوکردنەوەی کەپر لە پێناوی برەودان بە نووسینی دەقی شانۆیی و هاندانی شانۆنامەنووساندا خەڵاتێکی ساڵانە پێشکەش دەکات.

دانا رەئووف، نووسەر و شانۆکاری ناسراوی کورد سەرپەرشتیی خەڵاتەکە دەکات و ناوەندی کەپر خەڵاتەکەی ناو ناوە “خەڵاتی دانا رەئووف بۆ شانۆنامەی کوردی”.

مەرج و زانیاری بۆ ئەو نووسەرانەی دەیانەوێت بەشداری بکەن:

خەڵاتی دانا رەئووف بۆ شانۆنامەی کوردی بۆ ئەو نووسەر و شانۆنامه‌نووسانه‌یه به ‌زمانی کوردی شانۆنامە دەنووسن. ته‌مه‌ن و شوێنی نیشته‌جێبوون گرنگ نین، هه‌موو که‌سێک ده‌توانێت به‌شداربێت.

شانۆنامەنووس ده‌توانێت رۆژی 15/10 هەتا 15/2ی هه‌موو ساڵێک دەقە شانۆیییەکەی خۆی بنێرێت بۆ: info@keper.org

نووسەر پێویسته دەقەکەی خۆی بە فایلی وۆرد و بە فۆنتی یونیکورد بنووسێت و لەگەڵ دەقەکەیدا، سی ڤی خۆیشی هاوپێچ بکات.

دەقی نێردراو نابێت پێشتر بڵاوکرابێتەوە یان نمایش کرابێت.

خەڵاتی دانا رەئووف بۆ شانۆنامەی کوردی گرنگییەکی زۆر بە زمانی کوردی دەدات. دەق دەبێت بە زمانێکی پاراو نووسرابێت و خاڵبەندی و رێنووسی دروستی کوردی رەچاو کرابێت.

بەڕێوەبەرانی کەپر دەقەکان دەخوێننەوە و بیروبۆچوونی خۆیان تاوتوێ دەکەن، بە دەر لە بەڕێوەبەرانی کەپر، بۆ هەڵسەنگاندنی دەقەکان، پرس و راوێژ بە نووسەران و پسپۆڕانی دیکەیش دەکرێت.

شانۆنامه‌ی هه‌ڵبژێردراو به‌ بڕی 500 دۆلار خه‌ڵات ده‌کرێت، ئەمەش وه‌ک پشتگرییه‌کی داراییە بۆ نووسەر و ماندووبوونەکەی.

ناوەندی کەپر لە رۆژی 27/3 هەموو ساڵێکدا کە رۆژی شانۆی جیهانییە، له رێوڕه‌سمێکی تایبەتدا ناوی دەقی براوە ئاشکرا ده‌کات.

بێجگە لەو بڕە پارەیە کە بە دەقی هەڵبژێردراو دەدرێت، ناوەندی کەپر هەوڵ دەدات دەقەکەش وەک کتێب چاپ و بڵاو بکاتەوە.

لە 15ی مانگی 10ی ئەمساڵەوە هەتا 15ی مانگی 2ی ساڵی داهاتوو دەتوانن شانۆنامەکانتان بنێرن بۆ: info@keper.org Visa mindre

ناوەندی بڵاوکردنەوەی کەپر
www.keper.org

 120 جار بینراوە