سەرەکی » ئاراستە » مێرکل پشتگیریی تورکیا دەکات

مێرکل پشتگیریی تورکیا دەکات

لە دوایین سەردانیدا بۆ تورکیا کە زیاتر وەکو سەردانی ماڵئاواییکردن بوو، ئەنگێلا مێرکل راوێژکاری ئەڵمانیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبۆوە. لەو دیدارەدا مێرکل پشتگیریی خۆی بۆ تورکیا دووپاتکردەوە بەتایبەتی لە بواری پەنابەران و کێشەی سوریا و لیبیا. لە هەمانکاتیشدا بڕیاریدا پشتگیریی دارایی تورکیاش بکات لە بواری ژینگەپارێزییدا. ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە سایەی ئەردۆغاندا گەورەترین پێشێلکاریی بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ کراوە. ئەردۆغانیش هەڵوێستی خۆی گۆڕیی و مێرکلی بە هاوڕێیەکی ئازیز وەسفکرد، لەکاتێکدا پێش چەند ساڵێک مێرکلی بە «نازی» وەسفکرد. ئەم سەردانەی مێرکلیش کاردانەوەی لە ناوەوە و دەرەوەی ئەڵمانیادا لێکەوتۆتەوە.

هاوپەیمانێکی بەهێزە
لەو دیدارەدا مێرکل رایگەیاند: پەیوەندی ئێمە و تورکیا زۆرباشە و تورکیاش هاوپەیمانێکی گرنگی ئێمەیە. وتیشی: پەیوەندییەکانمان بەردەوام دەبێت و ئەو تیمەی کە دوای من ئەڵمانیا بەڕێوەدەبەن، ئەم پەیوەندییە بەهێزتر دەکەن.

پەیوەندییەکانمان بەردەوام دەبێت
پاشان مێرکل رایگەیاند: لە ماوەی 16 ساڵی پێشوودا زۆرجار دژی ئەو پێشێلکارییانە بووم کە لە بواری مافی مرۆڤ و ئازادییە تاکییەکان هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانم پێتان رابگەینم، پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەڵمانیا بە « باش و خراپ» ەوە هەر بەردەوام دەبێت.

ئەوروپا بەردەوام دەبێت لە پشتگیرییکردنی تورکیا
لەبارەی دۆسێی پەنابەرانەوە کە هەمیشە بۆتە مایەی گرژیی و ناکۆکی نێوان ئەوروپا و تورکیا، زۆرجاریش تورکیا بەوە تاوانبار دەکرێت، کە کێشەی پەنابەران وەکو کارتی گوشار لە دژی ئەوروپا بەکاردەهێنێت. مێرکل لەم بارەیەوە ستایشی رۆڵی تورکیای کرد و رایگەیاند: تورکیا کارێکی مەزنی کردووە لە پێشوازییکردنی پەنابەراندا. وتیشی: ئێمە لە یەکێتی ئەوروپا بەردەوام دەبین لە هاوکارییکردنی تورکیا لە رووی داراییەوە هەتا ئێستاش بڕی 4.5 ملیار یۆرۆمان بە تورکیا بەخشیووە.

200 ملیۆن یۆرۆ قەرز بۆ ژینگە
لەلایەکی ترەوە سایتی رۆیتەرز لە هەواڵێکیدا رایگەیاند: مێرکل بڕیاریداوە کە بڕی 200 ملیۆن یۆرۆ وەکو قەرز بدرێتە تورکیا، ئەوەش بۆ باشکردنی ژینگە پارێزیی و جێبەجێکردنی بەندەکانی رێکەوتنامەی پاریس، کە دەبێت تورکیا ئەرکەکانی لەو بوارەدا جێبەجێ بکات.

چیتر مێرکل نازی نییە
لە هەمووی سەیرتر گۆڕینی هەڵوێستی ئەردۆغان بوو لەبەرامبەر مێرکل. لەکاتێکدا پێش چەند ساڵێک مێرکلی بە «نازی» وەسفکرد ، کەچی لەم دیدارەدا بە پێچەوانەی ئەو قسانەی پێشووی زۆر ستایشی مێرکلی کرد و رایگەیاند: مێرکل دۆست و هاوڕێیەکی خۆشەویست بووە. وتیشی: هەمیشە لەکاتی کێشەکاندا بەدوای رێگەچارەی گونجاودا گەڕاوە.
مێرکل لەم سەردانەیدا پشتگیریی ئەڵمانیای بۆ تورکیا لە کۆمەڵێک دۆسێدا دووپاتکردەوە لەوانە «پەنابەران، کێشەی سوریا، لیبیا، چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ تالیبان و ئەفغانستان». ئەمەش لە کاتێکدا تورکیا لە سایەی ئەردۆغاندا، رۆژانە پێشێلکاریی گەورە دەکرێت بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ و دەوڵەتی تورکیاش بە ئاگر و ئاسن وەڵامی داواکارییە رەواکانی گەلی کورد و ئازادیخوازانی تری تورکیا دەداتەوە و ئەم وڵاتەشی کردۆتە زیندانێکی گەورە بۆ کورد ناڕازییانی پێکهاتە جیاجیاکانی وڵاتەکەی.

سەرچاوە:
-رۆیتەرز
-دۆیتچە ڤێلەی ئەڵمانی

 139 جار بینراوە