سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » مه‌ترسیی هێرشێكی نوێ بۆ سه‌ر رۆژاڤا

مه‌ترسیی هێرشێكی نوێ بۆ سه‌ر رۆژاڤا

گۆران فه‌تحی

مه‌ترسیی هێرشێكی تری توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاڤای كوردستان لەئارادایە، ئه‌وه‌ش به‌ ئاشكرا له ‌لێدوانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی‌ به‌رپرسانی ئه‌نقه‌ره‌دا سه‌باره‌ت به ‌ئاماده‌كارییەکانیان بۆ پرۆسه‌یه‌كی سه‌ربازیی بۆ سه‌ر هێزه‌كانی سوریای دیموکرات و ناوچه‌ كوردییه‌كان له باکوور و ‌خۆرئاوای سوریا راگه‌یه‌ندراوه‌، له‌سایه‌ی‌ بێده‌نگی واشنتۆن و مۆسكۆ و بێده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی‌ سوریا.
له‌و رووه‌وه‌ به‌رپرسانی توركیا و به‌تایبه‌تی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان-ی سه‌رۆك کۆماری ئه‌و وڵاته‌ رایگه‌یاندووه‌: كه‌ سه‌بری ئه‌نقه‌ره‌ كۆتایی هاتووه‌، به‌هۆی‌ هێرشه‌ یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانی هێزه‌كانی هەسەدە بۆ سه‌ر سوپای توركیا و چه‌كدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریای سەربە تورکیا له‌ عه‌فرین و ده‌وروبه‌ری‌ و ناوچه‌كانی تری ژێر هەژموونی توركیا له‌ رۆژئاڤای کوردستان.
ئه‌ردۆغان له ‌لێدوانێكیدا رۆژی‌ دووشه‌ممه‌ی‌ رابردوو رایگه‌یاند: توركیا به‌نیازه‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی‌ كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ له ‌ناوچه‌ كوردییه‌كانی ژێر ده‌ستی هەسەدەوە دێت، نه‌هێڵێت.
لای خۆیه‌وه‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگریی توركیا له ‌به‌یاننامه‌یه‌كیدا کە رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ی‌ رابردوو بڵاویکردەوە، هۆكاری بوونی سوپای توركیای له‌ باكووری سوریا (رۆژئاڤای كوردستان) ئاشكراكرد و جه‌ختی له‌وه ‌كرده‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانیان سوورن له ‌به‌ئامانجگرتنی هەسەدە له‌ هه‌ركوێیه‌ك بن.
به‌ بۆچوونی وه‌زاره‌تی بەرگریی تورکیا‌، سوپای وڵاتەکەی ده‌یه‌وێت رێگری بكات له ‌دروستبوونی رێگه‌یه‌ك بۆ دزه‌ كردینی چەکدارانی یەپەگە کە «بەیاننامەکە بە تیرۆریست ناوی بردووە» بۆ ناو توركیا.
ئەوەش روونكراوەتەوە‌ كه‌ هێزه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ به‌ئامانجگرتنی هێزه‌كانی سوپای دیموكرات له‌هه‌ر شوێنێك بن.
سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ حكومه‌تی توركیاش رایگه‌یاندووە: ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی توركیا له ‌باكووری سوریا به‌ زۆری له‌لای به‌رپرسانی حكومه‌تی‌ توركیا باس ده‌كرێت و پرۆسه‌كه‌ش به‌ هاوكاریی سوپای توركیا و چه‌كدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەڕێوەدەچێت.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌شی‌ به‌وه كردووە کە دەستپێکردنی پرۆسه‌یه‌كی‌ تری‌ سه‌ربازی له‌ رۆژئاڤای كوردستان دژ به‌ هەسەدە له‌ چه‌ند پێگه‌یه‌كەوە ده‌بێت به‌تایبه‌تی‌ له‌ ته‌ل ره‌فعه‌ت، ئه‌وه‌ش بە وتەی ئەوان رێگه‌چاره‌یه‌كه‌ كه‌ توركیا بیری لێده‌كاته‌وه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ هەسەدە گوایه‌ پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌و رێكه‌وتنانه‌ی‌ كه‌ به ‌چاودێریی ئه‌مریكا و روسیا سه‌باره‌ت به‌و ناوچه‌یه‌ كراوه‌.
له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگ و رۆژی رابردوودا، هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌ هێرشه‌كانیان چڕكردۆته‌وه‌ بۆسه‌ر سوپای توركیا و میلیشیا چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌و وڵاته‌ له ‌ناوچه‌ داگیركراوه‌كانی رۆژئاڤا، به‌و هۆیه‌شەوه‌ ده‌یان سه‌ربازی توركیا و چه‌كداری ئۆپۆزسیۆن كوژراون‌، ئه‌وه‌ش توركیا نیگه‌ران كردووه‌.
به‌رپرسانی توركیا، ئێستا هێرشه‌كانی یه‌په‌گه‌ له‌ عه‌فرینی داگیركراو و ناوچه‌ كوردنشینەکانی تر ده‌كه‌نه‌ پاسا و بۆ هێرشێكی نوێ بۆ سه‌ر رۆژئاڤا به‌تایبه‌تی، كه‌ ئەو لێدوانانەی سەرۆکی تورکیا و وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە تائێستا هیچ هه‌ڵوێست و کاردانەوەیەکی له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و روسیاوه‌ بەشوێن خۆیدا نەهێناوە کە ئاخۆ رەزامەندن یان رەتیدەکەنەوە.
جێی ئاماژه‌یه‌ پێشتر هه‌ریه‌ك له‌ توركیا و ئه‌مریكا له‌لایه‌ك و تورکیا و روسیا له‌لایه‌كی تره‌وه‌، چه‌ند لێكتێگه‌یشتن و رێكه‌وتنیان كردبوو، بۆ راگرتنی شه‌ڕ له ‌رۆژئاڤا و هه‌روه‌ها دوورخستنه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌ له‌ سنووره‌كانی توركیا، هه‌روه‌ها رێگرتن له‌ هێرشی یه‌په‌گه‌ بۆسه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی‌ له‌لایه‌ن توركیا و میلیشیا چه‌كداره‌كانی سوریاوه‌ داگیركراون، دوای پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیا بۆسه‌ر رۆژئاڤا، له‌ساڵانی 2016 و 2018 و 2019.
ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی رێگر نه‌بێت له‌ و پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌ی‌ ئه‌نقه‌ره‌ به‌نیازه‌ بیكات بۆ سه‌ر رۆژئاڤا، ئه‌وا كوردی ئه‌و ناوچانه‌ جارێكی تر تووشی ماڵ وێرانی ده‌بن و ده‌یان هه‌زار كوردی تریش ئاواره‌ ده‌بن، ئه‌مه‌ش لێدان ده‌بێت له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریكا له‌ سوریا، كه‌ خۆی‌ به‌ پاڵپشتیكه‌ری‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ده‌زانێ له‌و وڵاته‌.

 213 جار بینراوە