سەرەکی » وتار » لەشکر حەمە ساڵح » گرفته‌ ته‌ندروستییه‌كانی شۆفێران

یاداشته‌كانی شۆفێرێك

گرفته‌ ته‌ندروستییه‌كانی شۆفێران

زۆرجار وه‌ك كارێكی ئاسان و چێژبه‌خش ته‌ماشای شۆفێریی و لێخوڕینی ئۆتۆمبیل ده‌كرێت، به‌ڵام به‌پێی توێژینه‌وه‌ جیهانییه‌كان، شۆفێریی یه‌كێكه‌ له‌ كار و پیشه‌ قورس و زه‌حمه‌ته‌كان، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ساڵانێكی زۆر خه‌ریكی بیت و رۆژانه‌ش چه‌ند سه‌عاتێكی زۆر له‌پشتی سوكانه‌وه‌ بمێنیته‌وه‌.

له‌ راستیدا دوو جۆری سه‌ره‌كی شۆفێریی هه‌یه‌، یه‌كێكیان پیشه‌یه‌ و سه‌رچاوه‌ی داهاته‌، ئه‌وه‌ی تریشیان، شۆفێرییه‌ وه‌ك به‌كارهێنانی تایبه‌تی، هه‌روه‌ها وه‌رگرتنی چێژ و گه‌شت و گه‌ڕان.

به‌پێی توێژینه‌وه‌كان، شۆفێریی یه‌كێكه‌ له‌ پیشه‌ قورس و زه‌حمه‌ته‌كان، زۆربه‌ی جاریش شۆفێران كێشه‌ی ته‌ندروستی قورسیان تووش ده‌بێت. چونكه‌ ئه‌وانه‌ی وه‌ك پیشه‌ و بۆ به‌ده‌ستهێنانی بژێوی شۆفێریی ده‌كه‌ن، رۆژانه‌ و بۆ ماوه‌ی ساڵانێكی زۆر، له‌سه‌ر كوشنی ئۆتۆمبیله‌كان داده‌نشین.

ئه‌و كه‌سانه‌، بۆ ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێك داده‌نیشن و ته‌نها چه‌ند جوڵه‌یه‌ك كه‌م و دووباره‌ به‌ده‌ست و قاچه‌كانیان ده‌كه‌ن، فشارێكی زۆریش له‌سه‌ر مێشك و خانه‌ ده‌مارییه‌كان دروست ده‌كه‌ن.

به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌كی ته‌ندروستی، شۆفێریی یه‌كێكه‌ له‌ پیشه‌ قورسه‌كان. ناچار ده‌بن بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ پشت سوكانه‌كانه‌وه‌ دانیشن، به‌ تایبه‌تی له‌ هه‌ردوو كاتی، قه‌ره‌باڵغی یان گرتنه‌به‌ری رێگه‌ی دوور. ئه‌وه‌ش زیانی ته‌ندروستی زۆریان پێده‌گه‌یه‌نێت.

به‌پێی توێژینه‌وه‌كه‌، شۆفێران به‌شێوه‌یه‌كی گشتی تووشی گرفتی ئازار و گرفتی بڕبڕه‌كانی پشت و خزین ده‌بن، كه‌ دواتر ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌رچاوی ده‌بێت له‌سه‌ر پشت و شان و مل و ده‌ست و قاچه‌كان، توانایان سنووردار ده‌كات، ناچاریان ده‌كات زوو خانه‌نشین بن.

وه‌ك چۆن توێژینه‌وه‌ی جۆراوجۆر هه‌یه‌ له‌ باره‌ی زیانه‌ ته‌ندروستییه‌كانی شۆفێریی، چه‌ند رێنماییه‌كیش هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بپارێزن و به‌ كه‌مترین زیان ده‌ربازیان بێت.

گرنگترین رێنماییش ئه‌وه‌یه‌، پێویسته‌ شۆفێران كاته‌كانی كاركردن و شۆفێریكردنی خۆیان به‌سه‌ر چه‌ند به‌شێكدا دابه‌ش بكه‌ن. هه‌ر چه‌ند سه‌عاتێك جارێك پشوویه‌كی باش بده‌ن. به‌كۆی گشتی رۆژانه‌ 8 سه‌عات زیاتر له‌ پشت سوكانی ئۆتۆمبیله‌كان نه‌مێننه‌وه‌ به‌هه‌ر هۆكارێك بێت.

هه‌روه‌ك پێویستیشه‌، شۆفێران به‌شێوه‌یه‌كی رێكوپێك وه‌رزش بكه‌ن. له‌ كاته‌كانی پشوو و ته‌نانه‌ت ناوبڕه‌كانی كاتی كاركردنیشدا، جار جاره‌ وه‌رزش بكه‌ن، جا وه‌رزشی سووك و ئاسان بێت یان جوڵه‌ی به‌رده‌وام، سووده‌كه‌ی باشتر ده‌بێت.

ستوونێکی هەفتانەیە لەسەر کێشەکانی شۆفێران و جیهانی ئۆتۆمبیل

 216 جار بینراوە