سەرەکی » وتار » لەشکر حەمە ساڵح » بۆ ئەوەی پەرلەمان دروستكەری بڕیار و…

وردتر

بۆ ئەوەی پەرلەمان دروستكەری بڕیار و…

بۆ ئەوەی پەرلەمان دروستكەری بڕیار و گۆڕانكاری بێت

بڕیارە ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، بۆ ئەوەش كە هەڵبژاردنێكی باشتر بێت لەوانەی پێشوو، ئێستاش گونجاوترین كاتە بۆ ئەوەی لایەنەكان گفتوگۆكانیان دەست پێبكەن.

دیارە دەبێت ئامانجی لە پێشینەش ئەوەبێت متمانە بنیاتبنرێتەوە، وەك هەڵبژاردنەكەی عیراق، ئیتر خەڵك خەمسارد و بێباك نەبێت لە دەنگدان.

ئەو گفتوگۆیەی پێویستە لایەنەكان بیكەن، باشترە دوو ئاراستەی تەریب لە خۆ بگرێت، گفتوگۆیەك لە ناو پەرلەمان و یەكێكی دیكەش لە دەرەوەی پەرلەمان.

گفتوگۆكەی دەرەوەی پەرلەمان لەم قۆناغەدا بایەخێكی زیاتری هەیە، چونكە دەتوانێت دوور لە نمایشی بەردەم كامێرا و هات و هاواری ناپێویستی هەندێك لە پەرلەمانتاران، گفتوگۆیەكی هێمن و بەرهەمدار بكەن.

باشتریشە دەربازكردنی پەرلەمان لەو نمایشە بێتامە، یەكێك بێت لە خاڵەكانی ئەجێندای كۆبوونەوەكان.

ئەو دوو ئاستەی گفتوگۆ دەبێت تەریب بن و یەكتری تەواو بكەن، مەسەلە ستراتیجی و سەرەكییەكان، بە دەستوور و یاسای هەڵبژاردن و تەواوی فەلسەفەی حكومڕانیشەوە، دوور بن لە نمایشی بەردەم كامێراكان، هەروەك دووریش بن لە هەژموونی حزبی و دابەشبوونی كورسییەكانی خولێكی دیاریكراوی پەرلەمان.

تەنانەت پێویستە دۆخێك بێتە پێشەوە هێڵی یەكەمی سەرۆكایەتی و ئیدارەدانی حزبەكان لە ناو پەرلەماندا بەشداربن، بۆ ئەوەی هەم پەرلەمان ببێتە خاوەن بڕیار، هەمیش كێبڕكێی حزبەكان لەسەر بەرنامە و كێشەكان بێت و لە سەرەوەی حزبەكانەوە بۆ هێڵەكانی خوارەوە دابەزێت.

لە راستیدا، ساڵانێكە پەرلەمان پێگە و رۆڵی كاریگەری خۆی لەدەستداوە، واتە مەسەلەكە پەیوەست نییە بەخولێكی دیاریكراوەوە، بەڵكو بارودۆخەكە كۆنە.

دەرەنجامی دۆخی پەرلەمان ئەوەیە كە ناتوانێت گوزارشت لە خەڵك بكات و هەنگاو بۆ چارەسەری كێشەكان بنێت، تەنانەت زۆرجار دەوترێت خودی پەرلەمان بۆتە بار بەسەرشانی خەڵكەوە.

لەوانەیە ئەم خولەی پەرلەمان یەكێك بێت لەو خولانەی كە لە سەرۆكایەتییەكەیدا هەوڵی جدی بدات تا رۆڵی باشتری هەبێت، بەڵام دابەشبوونی كورسییەكان و هۆكاری تر رێگربوون.

دیارە یەكێك لەو مەسەلانەی دەبێت بەجدی گفتوگۆی لە بارەوە بكرێت پرسی خودی پەرلەمان و رۆڵی ئەو دامەزراوەیەیە لە ژیانی سیاسی و یاسایی و دامەزراوەییدا.

بەو جۆرەی خولی داهاتووی پەرلەمان وێستگەیەك بێت بۆ بەدەستهێنانەوەی پێگەی راستەقینەی خۆی كە هاوشێوە بێت لەگەڵ ستانداردی وڵاتە دیموكراسی و سەقامگیرەكان نەك هاوەشێوەی وڵاتانی دواكەوتوو بێت و ئەركیان ماكیاژ كردنی دەسەڵاتی جێبەجێ كردن و پاساوهێنانەوە بێت بۆ هەڵە و كەموكووڕتییەكان.

بێگومان رێگەی جۆراوجۆر هەن بۆ ئەوەی پەرلەمان پێگە و بایەخی خۆی بەدەستبهێنێتەوە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە پێویستە ئیرادەیەكی سیاسیی جدی هەبێت تا ئەو دامەزراوەیە رۆڵی خۆی ببینێت، دروستكەری بڕیار و گۆڕانكاری بێت نەك پاشكۆ و پاشكەوتەی ناوەندەكانی تری بڕیار بێت.

رەنگە باشترین رێگە ئەوە بێت كە یاسایەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی ئەندامەكانی پەرلەمانی كوردستان دابڕێژرێت، هەم لەگەڵ سروشتی كۆمەڵگە و پرۆسەی سیاسی بگونجێت، هەمیش پەراوێزی پێویستی ئازادیی چاودێری و هەڵسەنگاندنی حكومەت و دامەزراوەكانی تری بۆ بڕەخسێت، هەرنا هەڵسەنگاندنێك بۆ ئەو یاسایە بكەن كە دوایین خولی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی پێكرا.

لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە كە دەبێت پەرلەمان، جگە لە مەسەلە چارەنووسساز و ستراتیژییەكان، خۆی بڕیاردەر بێت لە خۆی و لەوەی چی دەكات، فەرمان و بڕیار لە هیچ كەس و لایەنێكەوە وەرنەگرێت.

بەشێك لەو باسانەی لە سەرەوە بەلای تێپەڕین، قابیلی جێبەجێ كردنن، بەشێكیشیان لەم قۆناغەی كوردستاندا لەوە گەورەترن ببنە بابەتی گفتوگۆش، بۆیە ئەم دۆخە رۆژ بە رۆژ ناهەموارتر دەبێت و ئەگەر بخوازن دۆخەكە بەرەو باشتر بچێت، هەنگاوی یەكەم لە پەرلەمانە.

 256 جار بینراوە