سەرەکی » دۆسێ » کوردستان لە نێو ئاژاوە و پشێویی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا (1979 – 2003)

کوردستان لە نێو ئاژاوە و پشێویی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا (1979 – 2003)

حەميد بۆز ئەرسەلان

ئامادەکردنی لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

(1-2)
پێشەکی: خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ساڵی 1979

هەڵبژاردنی ساڵی 1979 سەرەتای خولێکی مێژوویی نوێیە بۆ کوردستان کە ناکرێت بێ دەنگدانەوەی ستەم بێت.
لەم ماوەیەدا رووداوگەلێکی ریزپەڕ بوون بە مۆرک و خاسییەتی ماوەکە، وەک دامەزراندنی پەیوەندیی دیپلۆماسی لە نێوان ئیسرائیل و میسر، راپەڕینێکی شێوە مەسیحییانە لە مەککە، شۆڕشی ئێران و داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن سۆڤێتەوە و بەوە ساڵی 1979 لە راستیدا خاڵێکی وەرچەرخان دروست دەکات لە مێژووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بە ئاوڕدانەوەیەک لە رابوردووی ناوچەکە دەکرێت بپرسین کە ئەم ساڵە تەنانەت لە کالێندەرێکی سادەدا دەیەیەکیشی کۆتایی پێ نەهێناوە، کەچی شەڕی ناوخۆی لوبنان (1975 – 1989) بە گەرمی بەرپابووە لەگەڵ دروستبوونی حزبوڵڵادا؛ جەنگی ئێران – عیراق (1980– 1988)، لەگەڵ دەستووری میلیشیا شیعەکانی عیراق لە دەرەوەی وڵات و شەڕی ئەفغانستان (1979– 1989)، لەگەڵ جیهادییە عەرەبەکاندا وەک ئوسامە بن لادن و ئەیمەن ئەلزەواهیری و ئەبوو موسعەب ئەلزەرقاوی کەوا کەسایەتیی دەرکەوتووی ئەلقاعیدە بوون، ئەمانە هەموو لێکەوتەی راستەوخۆی رووداوە دراماتیکییەکانی ساڵی 1979 بوون وەک لە شوێنێکی تردا باسمکردووە -بۆز ئەرسەلان- 2012)، لەم ماوەیەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا نەک تەنها هەر توانای رکابەریی رادیکالیزمی ئیسلامیی بەرپاکرد، بەڵکو ئەندازەیەکی ئێجگار گەورەی ئازوگوێزی سەربازییشی تێکەوت، لەگەڵ ئەو گروپە چەکدارانەی لە وڵاتێکەوە دەڕۆیشتن بۆ وڵاتێکی تر و ئەمەش گۆڕانکارییەک بوو لە بەزاندنی سنوورەکاندا کەوا ئەنتۆنی گیدنسی پسپۆڕی سۆسیۆلۆجی بە «لەخۆگری توانا و دەسەڵاتی» دەوڵەتان پێناسەی دەکات لە ناوچەی بەرهەمهێنانی توندوتیژی لە ناو دەوڵەت خۆیدا و لە نێوان دەوڵەتانیشدا و سڕینەوەی جیاوازیی نێوان دەوڵەت و ئەکتەرە نادەوڵەتییەکاندا، کە ئەمە مەسەلەیەکی بنەڕەتییە لە پێناسەکردنی دەوڵەتی فێستیڤاڵیدا (گیدنس، 1985: 120).

بەدڵنیاییەوە، ناکۆکی ململانێکانی ئەم دەیەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەندییەکی راستەوخۆی لەم چەشنەیان نەبووە بە مەسەلەی کوردەوە، بەڵام ئەمانە بە شێوەیەکی رادیکاڵانە کورد و کۆمەڵگەی کوردییان سەرلەنوێ داڕشتەوە. وەک دەبینین، کەوا جەنگی ئێران – عیراق بەشێکی خاکی کوردی گرتەوە، جەنگی کیمیایی سەدام حسێنیش، کە لە دوای وەستانی جەنگ لە نێوان هەردوو وڵاتدا لە ساڵی 1988دا، کوردستانی عیراقی وێرانکرد.

لە ئێرانیش شەڕ لەنێوان دەوڵەتی نوێی دوای شۆڕش و کورد دەستیپێکرد و لەسەر مەسەلەی ئۆتۆنۆمی رێکنەکەوتن و تا رادەیەک دەوڵەتی ئێران لەڕووی سەربازییەوە پاشەکشەی بە بزووتنەوەی کورد لەو وڵاتە کرد.
شەڕی ناوخۆی لوبنان، هەرچەندە دوور بوو لە کوردستانەوە، بەڵام هەل و دەرفەتی رەخساندبوو بۆ چەکدارانی کوردی تورکیا کە وەک پەناگەیەکی کاتیی بەکاریان دەهێنا و تێدا مەشق و راهێنانی سەربازییان دەکرد تا بیکەن بە تاقیکردنەوەیەک بۆ دەستپێکردنی یەکێک لە مایەی سەرسامترین شەڕی گەریلایی لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا.

تەنانەت جەنگی ئەفغانستانیش کە نزیکەی چل هەزار لەوانەی کە بە «عەرەب ئەفغان» ناسرابوون بۆ خۆی راکێشابوو، کاریگەرییان لەسەر کورد هەبوو و کەسانی وەکو مەلا کرێکاری کوردی عیراق کە لەلای عەبدوڵڵا عەززامی تیۆرسینی بەناوبانگی جیهادیی خوێندووێتی، ساڵی 2001 بزووتنەوەیەکی بچووکی ئیسلامیی توندڕەوی دامەراندووە بە ناوی ئەنسارولئیسلام.

ئەم رێکخراوە دواتر و لەکاتی گونجاودا ناو و شێوەی کارکردن و سەرکردەکانی دەگۆڕێت بۆ ئەوەی دواجار لە ساڵی 2014 دا ئاڤاتاری لێ لەدایک ببێت، کە دەوڵەتی ئیسلامیی بەناوبانگ بوو (داعش).

ئەو چوارچێوە و دۆخە هەرێمییە زۆر گرژەی ساڵانی 1980 و دواتر کە بە واقیع بنیاتنرایەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەدا بە هەموو ناکۆکی و ململانێکانییەوە و لە نێویاندا جەنگ و ململانێی کوردیش. لەکاتێکدا کە دەیتوانی بگاتە ئەو سەرچاوە گرنگانەی کە ناکۆکی و ململانێکان رەخساندبوونی، بزووتنەوە کوردییەکان لە ئێران و تورکیا و عیراق و سوریادا و بە هەمان شێوەش رەوەندی کورد لە دەرەوە، هەل و دەرفەتیان لەو ناکۆکییە وەرگرت، بەڵام بەرەوڕووی ئەو کۆسپ و تەگەرانەش بوونەوە کە لەگەڵیاندا هاتنە ئاراوە.

شەڕێکی گەریلایی نوێ لە عیراقدا
وەک گوینەش لە بەشی نۆیەمدا باسی دەکات، کەوا کۆتایی شۆڕشی بارزانی لە مارتی 1975 دا بوو لەکاتێکدا کە لە ترۆپکی گەرموگوڕیی خۆیدا هێدمە و ترۆمایەکی راستەقینەی دروستکرد لە ناو کوردەکانی عیراق و شوێنانی تردا.

ئەو شۆڕشە چواردە ساڵی خایاند و قوربانییەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و بەڵێنی زۆری دا و دواتر بە سانایی بە نسکۆ شکایەوە.
پێشتر بارزانی لە نێوان ساڵانی 1946 و 1958 دا تاراوگەی ئەزموون کردووە لە پاش «رێڕەوتە دوورودرێژەکەی» لە کوردستانی ئێرانەوە بۆ یەکێتیی سۆڤێت. بەڵام لە ماوەی ئەم تاراوگەیەی یەکەمیدا هەر بە ئەفسانە و سەرچاوەی هیوا و ئاوات مایەوە. گەڕانەوەی لە یەکێتیی سۆڤێت دوابەدوای کودەتا سەربازییەکەی جەنەڕاڵ عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی 1958دا کرا بە ئاهەنگگێڕانی ئاشکرا و زەمینە خۆشکرا بۆ شۆڕشی دواتر لە ساڵی 1961 دا کە ناوی ئەوی هەڵگرتبوو. بەپێچەوانەوە، ئەو مافی پەنابەرییەی کە لەگەڵ نزیکترین هاوەڵانیدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەدەستیانهێناوە، کە دەوڵەتێکە و تۆمەتی خیانەتکردنی لەسەرە بۆ کوردەکانی عیراق، مەودایەکی دروستکرد لە شوێن و کاتدا لە نێوان ئەم و کۆمەڵگەی کوردیدا و ئەویش ئەوەیە کە چیتر نەیتوانی بڕیار لە چارەنووسی کورد بدات و کاتی نەوەی ئەو بەسەرچوو.

لە ماوەی چەند مانگێکی دوای کۆتایی هاتنی جووڵانەوەکەی بارزانی، شۆڕشێکی نوێ بەرپابوو و ناونرا «شۆڕشی گوڵان» وەک سەدا و دەنگدانەوەیەک بۆ «شۆڕشی ئەیلوولی» 1961، کە لەگەڵ دەستیپێکردنیدا گوژمێکی خێرای وەرگرت. ئەو دابەشبوونەی کە لەناو یاخیبوونەکەی بارزانیدا هەبوو لەم قۆناخە نوێیەشدا بەرجەستە بوو لە هەردوو رووی سەربازی و سیاسییەوە. بە رێنمایی سامی عەبدولڕەحمان سەرلەنوێ پارتی دیموکراتی کوردستان بنیاتنرایەوە بە رەچاوکردنی ئاڕاستەیەکی چەپرەوانەی توند و گوتارێکی «دژە ئیمپریالیستی»١. هەردوو کوڕەکەی بارزانی، ئیدریس و مەسعود، لە دوای دوو ساڵ سەرکردایەتیی پ.د.ک- یان لەئەستۆگرت، بەڵام دیاربوو کەوا دەستەبژێرە کۆنەکە و لەنێویاندا گەلێک لە پرۆفێشناڵە لیبراڵەکان و کەسایەتییە شارستانییەکان و سەرۆک هۆزەکان کە رۆڵێکی گرنگیان بینیبوو لە بزووتنەوەی کورددا وا لێرە بەدواوە پەراوێز خراون و ئینتێلێجێنتسیای شارستانی، کە هێشتا پرۆفایلی کۆمەڵایەتییان تەواو ساغ نەببۆوە، بەشی هەرە گەورەی رکابەریی سیاسیی سەربازیی نوێیان پێکهێنا لەناو بزووتنەوەی کوردی عیراقدا و هەر زوو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان دامەزراند و زۆرێک لە جەنگاوەرانی «ماویستیان» هەبوو، لەگەڵ سەرکردەیەکی رادیکاڵدا، کە ئەویش جەلال تاڵەبانیی زاوای ئیبراهیم ئەحمەد، کە ئەمیشیان نووسەرێکی چەپخوازی بەناوبانگی ژانی گەل بوو. ژمارەیەک رێکخراوی دیکەش کە لە نێو خۆڵەمێشی یاخیبوونە کۆنەکەدا لەدایکبوون و رابوونەوە خۆیان وەک «باڵی چەپ» پێناسە کردەوە.

پەیوەندیی نێوان ئەم کارەکتەرانە تا رادەیەک ناکۆک و دژوار بوو و وەک شەڕی بەهاری 1978 ی نێوانی پ.د.ک و ی.ن.ک دەریخست، دەکرێت گەڕێکی توند و سەخت وەربگرێت و گیانی سەرکردەی شکۆداری تێدا ببێتە قوربانی، چەشنی عەلی عەسکەری سەر بە ی.ن.ک لە ساڵی 1978دا.

روبەڕوبوونەوە لەگەڵ سەدامدا
ئا لەم بارودۆخەدا بوو کە سەدام ئەحمەد حەسەن ئەلبەکری مام و مامۆستای لەسەر کار لابرد و خۆی بوو بە سەرکۆماری نوێی عیراق لە 16ی تەممووزی 1979دا. هەموو کەسێک دەزانێت کە سەدام لە عیراقی بەعسیدا لە «تیغێکی دووەم» زیاتر بوو لە عیراقی بەعسدا، وەک لە ناونانی رەسمیی دوای ساڵی 1968دا هاتووە.

بەهەرحاڵ، وەرگرتنی پێگەی سەرۆک کۆماری لەلایەن ئەوەوە تەنها مەسەلەیەکی رواڵەت نەبوو، بەڵکو وەک ئاماژەیەکی نکووڵی لێنەکراویش بوو لەسەر توندڕەویی رژێم. ئەو سەرکۆنەکردنە گشتییە و گرتنی هەندێک کەسایەتیی سەرکردایەتیی رژێمی بەعس و تێوەگلانی دەربازبووان لە ئیعدام کردنیاندا، ئەوەی دەرخست کەوا گۆڕانکارییەک لە وڵاتدا روویداوە و ئەو تێرۆرەی کە دەتوانێ دەستەبژێریش بگرێتەوە، ئەوا خەڵکی ئاسایی لێ بەدەر نابێت. بە دوورخستنەوەی پارتی کۆمۆنیست سەرکوت کردن بەردەوام بوو. لەوەش گرنگتر، لەپاش ساڵێک لە وەرگرتنی سەرۆک کۆماری، سەدام بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رێکەوتننامەی جەزائیری راگەیاند کە خودی خۆی ساڵی 1975 لەگەڵ شای ئێران ئیمزای کردبوو بۆ چارەسەری ناکۆکی دەسەڵاتی هەرێمیی لەنیوان هەردوو وڵاتدا و بەمە کۆتایی بە هاوکاریی سەربازیی ئێران هێنا بۆ یاخیبووانی کورد بە سەرکردایەتیی بارزانی.

بەڵام لە دوای شۆڕشی ئیسلامی و ئەو پشێوییە گەورەیەی بەسەر دەوڵەت و سوپای ئێراندا هات، ئیدی سەدام باوەڕی بەوە هێنا کە باڵادەستیی سەربازی و ئەو هاوکاری و یارمەتییە راستەوخۆیەی کە لە یەکێتیی سۆڤێت و وڵاتانی خۆرئاوا و کەنداو وەریدەگرێت، هێز و توانای ئەوەی دەداتێ کە لە جەنگێکی کوتوپڕدا ئێران ببەزێنێت و ویلایەتی خووزستانی عەرەبی زمان داگیربکات و باڵادەستیی عیراق بسەپێنێت بەسەر کەنداودا و بەو پێیە خۆشی بکات بە سەرکردەیەکی بێ رکابەر لە جیهانی عەرەبدا.

بەڵام وا کەوتەوە کە جەنگەکە ماوەی هەشت ساڵ بەردەوام بێت، نەک دوو مانگ وەک سەدام بیری لێ دەکردەوە و بە شکۆمەندی بۆ هیچ لایەکیان کۆتایی نەیەت، بەڵکو تەنها بە گێڕانەوەی دۆخەکە لە نێوان هەردوو وڵاتدا بۆ پێش دەستپێکردنی جەنگەکە.

ئەم جەنگە بواری بۆ رێکخراوە کوردییە چەکدارەکانی عیراق رەخساند کە هاوکاریی و یارمەتیی سەربازیی ئێران وەربگرن و پەیوەندیی دیپلۆماسیی هاوتەریب دابمەزرێنن لەگەڵ سوریای تاکە هاوپەیمانی ئێران لە جیهانی عەرەبیدا.

لەڕاستیدا، دیمەشق بۆ سەرکردە کوردەکانیش بە تەنها دەروازە دادەنرا بۆ جیهان. ئەم پشتیوانییە سەربازی و لۆجستیکییە کە دەرفەتی رەخساند بۆ جووڵانەوەی کورد لە بەرامبەر سوپای عیراقدا بەرگریی بکات، چەند دەرفەتی رەخساندبوو ئەوەندەش بارگرانیی بۆ دروستکردبوو.

ئێران دژ بە کوردەکانی خۆی لە جەنگدا بوو و ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری دروستکردبوو لە ناو کورددا. هەروەها ئەوەش ئاشکرا بوو کە پشتبەستن بە وڵاتێک تەنها دوو ساڵ لەوە و پێش (ئەگەرچی لە سایەی رژیمێکی پێشووشدا بوو) مەترسیی زۆری لێ ئاڵابوو. لەوەش گرنگتر، رژێمی سەدام کە بەرەوڕووی دوژمنێکی وەک ئێران ببۆوە لەسەر سنوور، دەستی واڵا بوو دژبە خەڵکە سڤیلەکەی خۆی لە عیراقدا.

لە ساڵی 1983 دا هەشت هەزار پیاوی بارزانی، کە لە بنەڕەتدا عەشیرەتێکن و تەمەنیان لە نێوان 12 بۆ 80 ساڵ دەبوو، دەسگیرکران و پاشانیش بێسەروشوێن بوون.

لە مارتی 1988دا، شاری هەڵەبجە، کە لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە و بە یارمەتیی سەربازیی هێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان دەستی بەسەردا گیرا، بوو بە ئامانجی هێرشێکی کیمیایی، کە بە گوێرەی خەمڵاندنەکان پێنج هەزار قوربانیی لێ کەوتووەتەوە.

ئەم ئۆپەراسیۆنە تەنها کاردانەوەیەکی سەربازی نەبوو، بەڵکو لەڕاستیدا یەکەم هەنگاوی ئۆپەراسیۆنێکی پێکهێنابوو کە دواتر ناوی ئەنفالی لێنرا کە تێرمێکی قورئانییە و واتای «دەستکەوت و تاڵانی» دەگرێتەوە.

یووست هیڵتەرمان لە رێکخراوی چاودێریی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست (میدڵ ئیست وۆچ) لە زنجیرەیەک لێکۆڵینەوەدا ئەوەی دەرخستووە کەوا هەشت قۆناغی یەک لە دوای یەکی بەڕێوەبردووە لەپاش کۆتاییهاتنی جەنگ لەگەڵ ئێراندا و بەو پێیەش ناکرێت بە هیچ جۆرێک لە پێداویستیی سەربازیی لێکبدرێتەوە (هیڵتەرمان، 2008).

پلانەکە بە سەرکردایەتیی راستەوخۆی عەلی حەسەن ئەلمەجید-ی ئامۆزای سەدام بەڕێوەچوو و نازناوی «عەلی کیمیایی» بەسەردا بڕابوو کە (ساڵی 2010 لەسێدارە درا بە تاوانی بەرپاکردنی جینۆساید دژ بە کورد).

کاسێتە دەنگییەکانی ئەلمەجید، لە دوای جەنگی کەنداوی ساڵی 1991 کە دەستیان بەسەرداگیرابوو ئەوە دەردەخەن کە بەغدا نیازی وێرانکردنی تێکڕای ناوچە و دێهاتییەکانی کوردی هەبووە و ویستووێتی نەهێڵێت بە هیچ شێوەیەک ژیانی تێدا بمێنێت.

بە پێی هیلتەرمان (2008)، ئۆپەراسیۆنەکە لە نێوان 50 بۆ 100 هەزار قوربانیی لێ کەوتۆتەوە و دەربازبووانیش ناچار کراون یان هەڵبێن بۆ تورکیا و ئێران یاخود لە کۆمەڵگە (موجەممەعدا) نیشتەجێ ببن، کەوا کەمپی گەورە گەورەی شێوە دەسبەسەرکردن بوون و لە چواردەوری شارە سەرەکییەکانی «باکووری عیراق»دا دروستکراون.

لە سەرەتای ساڵی 1989وە چیتر مەحاڵ بوو هیچ بەرگرییەکی چەکداری بەردەوام بێت لە کوردستانی عیراقدا. بزووتنەوەی کوردیش لەوە بەولاوە کە بگاتە ئەو ئەنجامەی کەوا بەرەوڕووی دووەم نسکۆی خۆی بۆتەوە لە ماوەی کەمتر لە دوو دەیەدا هیچی تری بۆ نەمایەوە.

ئێران: بەرگریکردن و داپڵۆسین
لە سەرەتای ساڵی 1978 ەوە، شار و شارۆچکە کوردییەکانی ئێران، چەشنی بەشەکانی تری وڵاتەکە، بەتەواوی جووڵە و دینامیکییەتیان تێکەوت لە ئەنجامی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا کە ئەنجام لە کانوونی دووەمی 1979دا بوو بە هۆی رووخاندنی محەممەد رەزا شای پەهلەوی. ئەمە یەکەمجار بوو کەوا کوردستان جۆش و خرۆشێکی لەم چەشنە ئەزموون بکات لە سەردەمی سەرۆکایەتیی وەزیرانی محەمەد موسەدەقەوە، کە لە ساڵی 1953 دا رووخێنرا. بە رۆیشتنی شا، بزووتنەوەی کوردی بە حوکمی دیفاکتۆ کۆنترۆڵی گەلێک لە شارە کوردییەکانی کرد، لەوانە سنە و سەقز و مهاباد. وا دیارە دوو بزووتنەوە لە هێڵی پێشەوەی بەرەی روبەڕوبوونەوە بوون: حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، کەوا گرنگترینیان بوو و دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو رابەرایەتیی دەکرد و مارکسییەکی پێشتر بوو کە گۆڕا بۆ سۆشیال دیموکرات، پاش ئەزموونێکی 10 ساڵەی لە چیکۆسلۆڤاکیا و ئەو پچڕان و پەکخستنە دڕندانەیەی کە لە ساڵی 1968دا بە بەهاری پراگ ناسرا. کۆمەڵەی رادیکاڵتریش «رێکخراوی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران»، کە لە ساڵی 1969دا لەلایەن عەبدوڵڵای موهتەدییەوە دامەزرا و (هەڵبەت جیاوازە لە کۆمەڵەی ژێ کافی ساڵی 1946) لە چەندین خاسییەتدا هاوبەشە لەگەڵ رێکخراوی فیدائییانی خەلق (واتە خۆبەختکردووانی خەڵک یان گەل) و نوێنەرایەتیی نەوەی گەنجی دەکرد و بە شێوەیەکی سەرەکیش ئەوانەی لە چینی رەشوڕووت بوون، نەک بە شێوەیەکی بنەبڕیش.

شیکارییەکی سۆسیۆلۆجی بۆ بناغە کۆمەڵایەتییەکەی ئەم بزووتنەوانە هێشتا روون نییە، بەڵام جیاوازیی نەوە و چین و لە هەمان کاتیشدا گرژیی نێوان چاوەڕوانییە دیموکراتییەکان و کوتوپڕییە شۆڕشگێڕییەکان کە لە گەلێک شوێنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا تێبینی دەکرێن و بەتایبەتیش لە ئێراندا، پێدەچێت هەندێک لەو فاکتەرانە بن کە شێوەی ئەو کۆیی و دەستەجەمعییە رووندەکەنەوە کەوا بزووتنەوەی کورد وەریگرتووە لەو وڵاتەدا.
هەرچەندە هەردوو حزبەکە گەلێ ناکۆکی و ململانێی ناوخۆییان لە نێواندا بوو کە ناوبەناویش دەگۆڕا بۆ توندوتیژیی، کەچی بەرهەڵستیی بەرەیەکی دەکرد دژ بە پڕۆژەی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی کەوا ئایەتوڵڵا خومەینی و بەرپرسە ئاینییە باڵاکان گەرەکیان بوو بیسەپێنن بەسەر ئێراندا.

هەروەها ئەوان بەپەرۆش بوون بۆ دەستەبەرکردنی ئۆتۆنۆمییەک بۆ ناوچە کوردییەکە، لەناو ئێرانێکی دیموکراتیدا، بەڵام دەسەڵاتی ئاینی بەرهەڵستیی داواکاریی ئۆتۆنۆمییان دەکرد لەهەر پارچەیەکی ئەوەی کە بە ئوممەی ئیسلامی پێناسەیان دەکرد و بە جەخت کردنیشەوە بۆ مەسەلەی دیموکراسی، کە وای دادەنین بەتەواوی پێچەوانەیە لەگەڵ باڵادەستیی بێ ئەملا و ئەولای دەسەڵاتی خودادا. بەم پێیە شەڕ لە نێوان کوردی ئێران و دەوڵەتدا روویدا کە لە سەرەتادا پێیانوابوو خەباتی چەکداری سەرکەوتووە، بەڵام لەپاش درێژەکێشانی جەنگی عیراق – ئێران بەرەو لاوازی چوو. ئەمیش وەک شەڕی گەریلایی کوردی عیراق بوو بە هۆی نیگەرانی و ناڕەحەتی لە ناو کورددا، بەو واتایەی کە بنکە و بارەگاکانی کەوتبوونە ناو خاکی عیراقەوە.

تورکیا: رژێمی سەربازی و شەڕی گەریلایی
لە12ی سێپتەمبەری 1980 دا، لە دوای ساڵانێکی زۆری توندوتیژیی سیاسی و تایفی، جەنەراڵ کەنعان ئێڤرەنی سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا، حکومەتە راستڕەوەکەی سلێمان دێمیریلی رووخاند و حكومەتێکی دامەزراند کە بە ستەمکارترین و سەرکوتکەرترین رژێمی سەربازی دادەنرێت لە مێژووی تورکیادا.

لەکاتێکدا کە نزیکەی 650 هەزار کەس گیرابوون، سەدانیان لێ بێسەروشوێن بوون یان لە شەڕی دژی ئەوانەی کە پێیان دەوترا ئەنارکیست یان لە ژێر ئازاردان و ئەشکەنجەدا کوژران.

زمانی کوردی بە گفتوگۆ کردنی زارەکی قەدەغە کرا و زیندانی سەربازیی دیاربەکر کە نازناوی «قەسابخانەی ژمارە پێنجی» بەسەردا بڕابوو، بوو بە سەنتەرێکی سیستماتیکیی ئەشکەنجەدان.

لە 18ی مایسی 1982دا، چوار ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کەوا فەرهاد کوتای، ئەشرەف ئانیک، نەجمی ئوێنەن و محەمەد زەنگین خۆیان بەختکرد بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژبە بارودۆخی زیندان، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بۆ بەزیندوویی هێشتنەوەی ئاگری نەورۆز بوو و لە ساڵانی لەوەوپاشدا دەبنە سیمبۆڵی بەرگری.

وەک گوینەش باس لە وردەکارییەکەی دەکات، گەلێک لە رێکخراوە چەپخوازەکان لە پێش کودەتا سەربازییەکەدا چالاک دەبن لە کوردستاندا، بەڵام دووان لەوانە بەتەواوی پرۆفایلیان لەیەکتریی دەچێت لە بەکارهێنانی توندوتیژیدا، بە دژی یەکتریشەوە، تا رادەیەک سەرکەوتوو بوون لە جووڵاندن و جۆشدانی لاواندا و ئەمانیش رێکخراوەکانی رزگارکارانی نیشتمانیی کوردستان، (KUK) و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە PKK) بوون. بێگومان بێجگە لە پەکەکە، بزووتنەوە کوردییەکانی تر، بە (KUK)یشەوە، لە دەستی سەرکوتکردن و داپڵۆسینی سەربازی دەربازیان نەبوو.

دەکرێت سەرکەوتنی پەکەکە، یان هەر هیچ نەبێت بەشێکی، بەو خوێندنەوە تایبەتەی مێژووی کورد و ئەو پێداویستییانە لێکبدرێتەوە کە بەسەر گەنجی کورددا سەپێنراوە، بە گوێرەی پەکەکە بێت، مێژووی کورد مێژوویەکی شانازی پێوە کردن نەبووە وەک گێڕانەوەی باوی کورد لێی دەدوێت، بەڵکو زیاتر مێژوویەکی خراپە و گەندەڵی و خیانەت لەخۆکردن بووە و بەمەش کوردەکان خۆیان بەرپرسیارێتیی گەورەی کۆیلەبوونیان هەڵدەگرن.

بەتەواویش لەم دید و بۆچوونە فانۆنییەوە (فانۆن، 2005) توندوتیژیی و قوربانیدان تەنها ئەو نرخە نییە کە پێویستە کوردەکان بیدەن بۆ رزگاریی نەتەوەیی و نیشتمانییان بەڵکو دەبێت وەرچەرخانی حاڵەتی ئەنتۆلۆجیشیان بێت لەگەل و نەتەوەیەکی بەکۆیلە کراوەوە بۆ گەل و نەتەوەیەکی ئازاد.

ئەم وەرچەرخانە لە مێژووییەوە بۆ ئەنتۆلۆجی دابڕانێکی ریشەیی بێ پێشینەی پێکهێنا لەگەڵ گوتاری کوردی و خۆ وێناکردنیدا کە بەدرێژایی سەدەی بیستەم ئامادەگیی هەبووە.

رەخنەگرتنی ئەوپەڕی توند لە بەرگرییەکانی رابردووی بەرگریی کورد بووە بە هۆی ئەوەی رێکخراوە کوردییەکانی تر پشت بکەنە مەسەلەکە، بەڵام لە هەمان کاتدا جۆشدان و جووڵاندنی لاوانی کورد کە هەستیان بە خەتا و بەرپرسیارێتی دەکرد و هەروەها پابەندبوون و کاری خۆبەختکردن و ئەمەش یەک لە کلیلەکانی راڤەکردنی سەرکەوتنی پەکەکەی پێکهێناوە بەدرێژایی دەیەکانی دواتر.

فاکتەری دووەم کە رەنگە مانەوەی پەکەکە روونبکاتەوە ئەوەیە کە لە ساڵی 1979دا، لەکاتێکدا دۆخی سیاسی لە تورکیادا تەواو خراپ ببوو و سەرکوتکردن گەلێک لە جەنگاوەرەکانی کردبووە ئامانج، عەبدوڵڵا ئۆجەلان-ی سەرکردەی پەکەکە بڕیاریدا تورکیا بەجێبهێڵێت و پەنا بباتە بەر سوریا، ئەم رۆیشتنە دواتر وەک بژارەیەکی تەکتیکیی خۆپارێزی لەقەڵەمدرا، بەڵام دواجار وا دەرکەوت کە بایەخێکی ستراتیژیی زۆر گرنگی هەبوو. هەڵبەت ئەوە لە سوریا بوو کە ئۆجەلان دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخسا کە بە سەرکەوتوویی بنەمای پەیوەندیی لەگەڵ گرووپە فەلەستینییەکان دابمەزرێنێت و پاشانیش لەگەڵ حکومەتی سوریادا، پێش ئەوەی بە هاوکاری و یارمەتیی ئەوان بگوێزنەوە بۆ لوبنان. بە ئاست و مەودایەکی گەورە پەکەکە لە دۆڵی بیقاعدا سەرلەنوێ دامەزرێنرایەوە و لەوێ ئەکادیمییە سەربازییەکەی خۆیشی دامەزراند بە رەزامەندیی و پشتیوانیی حافز ئەسەدی سەرۆکی سوریا و دەستە و گروپە فەلەستینییەکان.

هەروەها ئەوەش گرنگە بیری خۆمانی بهێنینەوە کەوا یەکەم شەڕ کە پەکەکە کردی و یەکەم ئەزموونی سەربازی دژ بە سوپای تورکیا نەبوو، بەڵکو دژبە سوپای بەرگریی ئیسرائیل بوو کە ساڵی 1982 لوبنانی داگیرکرد. لە چوارچێوەی شەڕی ناوخۆی تورکیاشدا ئەمە دەرفەتی رەخساند بۆ رێکخراوەکە ئەزموونی سەربازیی گرنگ و چەک و تەقەمەنی بەدەستبهێنێت.

کاتێک پەکەکە لە 15ی ئابی 1984 دا دەستیکرد بە شەڕی گەریلایی بە هێرش کردنە سەر بنکە سەربازییەکان لە ئیروه و شەمدینان لە نزیک سنووری تورکیا و عیراق، هیچ کەسێک لە تورکیا و تەنانەت کەمێکیش لە چینی سیاسیی کوردی دوورخراوەی ئەوروپاش بەبیریاندا نەدەهات کەوا «هەنگاوێکی» سەرچڵانەی لەم چەشنە کە چەندین دەیەی خایاندووە لەپاش شکستی خەبات و تێکۆشانی چەکدارانەی کورد لەژێر حوکمی کەمالییەکاندا، هیچ هەل و دەرفەتێکی سەرکەوتنی هەبێت. بەڵام «گولـلەکانی 15ی ئاب» مانایەکی تریان هەبوو لە چاوی هەرزەکاران و لاوانی کوردەوە، وەک دەلالەتێک بۆ کۆتاییهاتنی ژیانی کۆمەڵایەتیی نهێنییان کە تەژی بووبوو لە ترس و سەرشۆڕی و شەرم و هەڵکوتانەسەری سەربازی و گێڕانەوەی چیرۆکە سامناکەکان لە زیندانە سەربازییەکاندا و بوو بە ساتەوەختی تۆڵەکردنەوە و گێڕانەوەی شکۆ و شانازییان.

وەک عوسمان ئۆجەلانی برای سەرکردەکەی پەکەکە پێی لێدەنێت، کەوا سەرکوتکردنی سوپای تورکیا لە ماوەی دوای 1984 دا خزمەتی مەسەلەکەی کردوون بەوەی کە پشتیوانیی کەرتە گەورەکانی دانیشتووانی شارەکانیان بۆ رەخساندوون (لێکۆڵینەوەی تورکیا، 1993).

عەبدوڵڵا ئۆجەلان رۆڵێکی بنەڕەتیی بینی لە سەرکەوتنی شەڕی گەریلایی و بەخێرایی توانی خۆی وەک سەرکردەیەک بسەپێنێت کە لاوانی کورد بە پیرۆزی دابنێن و وەک کەسێک کە بەراورد دەکرێت بە مستەفا کەمال ئەتاتورکی کەسایەتیی تورک.

ئەو لە یەک کاتدا دوور بوو، چونکە لە لوبنان جێگیر ببوو بەڵام خەرمانەی کەسایەتیی پەرستنێکی لێ ئاڵابوو، کەچی لە هەمان کاتیشدا نزیک بوو لە جەنگاوەرە گەنجەکانەوە کە خۆیان تووشی مەترسی و سەرکێشی دەکرد، چوونە ریزی گەریلاوە.

ئەو کردبووی بە عادەت کە وێنەیەک لەگەڵ جەنگاوەرانیدا بگرێت و لەپاش مەرگیان وەک «شەهید» لە گۆڤارە دەورییەکانی حزبەکەدا «سەرخۆبوون» یان «بەرخودان» بڵاو دەکرایەوە. بۆ دڵنیایی، کەوا ئیعدامکردنی جیابۆوەکانی ناوخۆ یان کوشتنی دەیان کەس لە هێزەکانی کرێگرتەی ئەنقەرە لە ساڵی 1987دا نیگەرانی و ناڕەحەتیی بەرپاکرد چ لەناوخۆ یان لە دەرەوەی حزبەکەدا. بەڵام پەکەکە وردە وردە توانی ئەو دۆخە دروست بکات کە مارتن ڤان بروونەسنی زانای ئەنسرۆپۆڵۆجی لە کۆنفرانسێکدا ناوی نابوو «پەڕ یان رووبەری دەرەکی»، کە لە ژمارەیەکی زۆری رۆشنبیر و سیاسەتمەداری کورد پێکدێت. چالاکییەکانی پەکەکە تەنها بواری سەربازی نەدەگرتەوە، بەڵکو دەشیتوانی بواری تریش بێنێتە ئاراوە و بیکاتە خاڵی سەرنجڕاکێشان، چەشنی ئاهەنگگێڕان بە نەورۆز (21ی مارت) و 15ی ئاب و رێوڕەسمی ماتەمگێڕانی گشتی بۆ «شەهیدان» و نەخشەسازیی خەیاڵیی دابەشکردنی کوردستان بەسەر (ویلایەتەکاندا) جیاواز لە دابەشکاریی جوگرافیی تورکیا. بە هەمان ئەندازەش سەرکەوتوو بوو لە جووڵاندن و جۆشدانی دانیشتووانی مەدەنی لە رێگەی زنجیرەیەک سەرهەڵدان (راپەڕین)ەوە کە تا رادەیەک راپەڕینی یەکەمی فەلەستینییەکان (1987 – 1991) ئیلهامبەخشی بوو و لە 15ی مارتی 1990دا دەستی پێکرد بە ناشتنی جەنگاوەرێکی گەریلای پەکەکە لە شارۆچکەی نوسەیبین – ماردین. وەستاندنی نزیکەی هەموو هێرش و پەلامارەکان دژ بەو خەڵکە مەدەنییانەی هاوکاریی ئەنقەرەیان دەکرد لە دوای ساڵی 1987ەوە و هەوڵدان بۆ پەیوەندیکردن بە پاسەوانانی گوندەکانەوە، هەروەها پەکەکە سیستمە نایاسایی و نیمچە گشتییەکەی خۆی پەرەپێدا سەبارەت بە دادپەروەریی و باجدان.

بەهەرحاڵ، وەک چاوەڕوان دەکرا کاردانەوەی ئەنقەرە سەخت و دڕندانە بوو. لە سەرەتادا، دەسەڵاتدارانی سەربازیی و سیاسیی تورکیا کە لە کوتوپڕیدا تووشی سەرسوڕمان ببوون، جەنگاوەرانی پەکەکەیان وەک «تاقمێکی دز و جەردە» وەسف دەکرد، بەڵام هەر زوو گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە بەرەوڕووی «شۆڕشی بیست و نۆهەمی کورد» بوونەتەوە لە مێژووی وڵاتەکەدا، جا ئەگەر لەڕاستیدا «شەڕوشۆڕێکی کەمتر توند» نەبێت.

تورگوت ئۆزالی سەرۆک وەزیران، لە کاردانەوەی هێرشەکانی گەریلادا باری لەناکاوی گشتیی راگەیاند لە بەشێکی گەورەی کوردستاندا، کە خرایە ژێر دەسەڵاتی پارێزگارێکی «سوپەر والی» و دەسەڵاتێکی بەرفراوانی پێدرا و نزیکەی 100 هەزار کوردی خستە بەر چەک هەڵگرتن، کە بە شێوەیەکی سەرەکی نەک بەتەواوی لە عەشیرەتە هاوپەیمانەکانی حکومەت بوون و کران بە هێزی شێوە سەربازی کوردی پاسەوانانی گوندەکان (Koy Koruculari). ئەم پیاوانە مووچەیەکیان وەردەگرت کە بەرامبەر بە سێ جارانی بڕە پارەی نزمترین ئاستی کرێی کارکردن بوو، بەهەرحاڵ، هەر زوو زۆرێک لەمانە بوون بە «پاسەوانانی گوند» بەڵام بە بێ بوونی هیچ گوندێک بۆ پارێزگاری لێکردنی و لە ماوەی نزیکەی یەک دەیەدا سوپا و جەندرمە نزیکەی چوار هەزار گوندی گەورە و بچووکیان رووخاند و و ملیۆنان کەسیان ناچارکرد کۆچ بکەن بۆ شارەکانی ناوچە کوردییەکان یان گوند و گەڕەکە پەڕەکانی چواردەوری ئیستانبوڵ و شارە گەورەکانی تری وەک ئەنقەرە و ئیزمیر و ئەدەنە یان مێرسین (جۆنگەردەن،2007).

ئەوروپا: پایتەختی سیاسیی کورد
لەکاتێکدا کەوا کوردی ئێران و تورکیا و عیراق لەژێر گەرمەی داپڵۆسین و سەرکوت کردندا بوون، لە رۆژانی 14 – 15ی ئۆکتۆبەری 1989دا، ئینستیتیوتی کورد لە پاریس کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی رێکخست لەبارەی مەسەلەی کوردەوە (Institut kurde de Paris, 1991). پێش هەموو شتێک ، کۆنفرانسەکە ئامانجی بزواندن و جۆشدانی رای گشتیی جیهان بوو بۆ پشتگیریکردنی چارەنووسی کوردەکانی عیراق، کە ببوونە قوربانیی هێرشی بەرفراوانی کیمیایی و ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال کە لەسەرەوە باسکراوە بەدڵنیاییەوە هەندێک ناڕەزایی و تووڕەبوونی بەدوای خۆیدا هێنا لەلای رای گشتیی جیهان، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکان و یەکێتیی سۆڤێت و وڵاتە سەرەکییەکانی ئەوروپا رەتیانکردەوە کەوا هیچ سزایەک بەسەر رژێمی سەدام حسێندا بسەپێنن.

هەروەها کۆنفرانسەکە خواستێکی نەتەوەیی پان کوردیشی هەبوو، کە ئەویش پێکەوە کۆکردنەوەی سەرکردە و بڕیار بەدەستە جیاوازەکانی کورد بوو، وەک پێشتر باسی لێوە کراوە، کەوا قاسملووی سەرکردە و رابەری کوردی ئێرانیش دەیویست دیالۆگ دەستپێبکات و پلاتفۆڕمێک لەگەڵ حزبە سیاسییە کوردییەکانی عیراقدا دروست بکات.

تێرۆرکردنی قاسملوو لە 13ی تەمووزی 1989 دا پێداگرییەکی زیادی هێنایە ئاراوە بۆ بەستنی کۆنفرانسەکە.

کۆنفرانسەکە، کە چەند ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا تێیدا بەشدار بوون، لەڕاستیدا هۆشیارییەکی گەورەی دروست کرد لەبارەی ئەوەی کە لە کوردستان و عیراق روودەدات. هەندێک لەو شارەزا و پسپۆڕانەی کە لە ئاستی جیهاندا ناسرابوون ئەو نیشانانەیان شیکردەوە کە لە ناو ئەو دەربازبووانەی ئەنفالدا سەرنجیان دابوو کەوا هەڵاتبوون بۆ تورکیا.

دوو کۆنفرانسی نیودەوڵەتیی تر بە دوای کۆنفرانسەکەی پاریسدا هاتن، کە بەدوای یەکدا لە واشنتۆن و مۆسکۆ رێکخران و یەکەمیان بە ناڕاستەوخۆ زەمینەی سازکرد بۆ جووڵاندنی رای گشتیی ئەمریکا دژ بە رژێمی سەدام پاش داگیرکردنی کوێت لە ساڵی 1990دا.

ئەنجامی دووەمی کۆنفرانسەکەی پاریس بەشداریی چەند ئەندام پەرلەمانێکی کوردی سەربە پارتی گەلی کۆماریی تورکیا بوو (جەهەپە CHP)، کە دەسبەجێ لە حزبەکەیان دەرکران بەهۆی ئەو بەشداریکردنەوە. بەو پێیە گروپێک کە پێکهاتبوو لە70 سیاسیی کورد و تورک، لە نێویشیاندا ئەندام پەرلەمانە دەرکراوە کوردەکانیش، حزبێکی چەپڕەوی نوێیان دامەزراند، بە ناوی پارتی کاری خەڵک (HEP) لە 7 ی تەمموزی 1990دا، کە دەبێتە یەکەم حزب لە مێژووی کۆماردا بۆ ئەوەی خۆی وا بناسێنێت کە بەئاشکرا داکۆکیکارە لە مافی کورد، کاتێ کەوا بیست و دوو کاندیدیان لە ئۆکتۆبەری 1991دا هەڵبژێردران بۆ پەرلەمان.

پاش ئەوەی (HEP) لە تەممووزی1993 دا قەدەغە کرا، گەلێک حزبی تر دامەزران لە نێویاندا پارتی ئازادی و دیموکراسی (OZDEP) لە ساڵی 1992دا و پارتی دیموکراسی (DEP) لە ساڵی 1993دا و پارتی دیموکراتی خەڵک (هەدەپە HADEP) لە ساڵی 1994دا، کە ئەرکی نوێنەرایەتیی کوردی لە ئەستۆ گرت لە تورکیادا (گوینەش، 2012: 162 – 164؛ واتس، 2010).

ناوبڕێک: جەنگە نوێیەکەی سەددام و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە دەیەی نۆیەمی سەدەی رابردوودا 1990
پاش کۆتاییهاتنی جەنگەکانی ساڵانی هەشتاکان، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست چووە ناو دەیەیەکی نوێوە بە کەمێک پشوودانەوە، ئەگەر نەشڵێین گەشبینی. لەکاتێکدا کە فەیلەسوفی ئەمریکایی فرانسیس فۆکۆیاما پەرەی بە ئایدیاکەی خۆی دەدا لەبارەی «کۆتایی مێژووەوە» کە بەپێی بۆچوونی ئەو بێت، بە سەرکەوتنی دیموکراسیی لیبراڵی دەشکێتەوە، هەندێ لە چاودێران باوەڕیان وایە کە پرۆسەی دیموکراتیزەبوونی جیهان، کە لە ئەمریکای لاتینەوە دەستیپێکرد و لە ئەوروپای خۆرهەڵاتدا بەردەوام بوو لە ساڵانی هەشتاکاندا، دەکرێت تەشەنە بکات بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. بەهەرحاڵ، بە پێچەوانەیەکی توندی ئەم چاوەڕوانییانەوە، دەیەی نوێ بوو بە مۆرکی داگیرکردنی کوێت لەلایەن سوپای عیراقەوە لە 2 تا 4 ی ئابی 1990دا و ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی بیابان لە 17/1/1991 کە تا 28/2/1991ی خایاند و نزیکەی ماوەی دەیەیەکیش شەڕ و ململانێیەکی ئیسلامیش بەردەوام بوو لە میسر و جەزائیردا، کە بە ناڕاستەوخۆ رێگەخۆشکەر بوو بۆ هێرشەکانی یانزەی سێپتەمبەر. ئەو دینامیکانەی کەوا لە رووداوە دراماتیکییەکانی ساڵی 1979 وە سەرچاوەیان گرتبوو بەردەوام بوون لە بارمتەکردنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی دەیەی نوێیشدا.

 

11ی سێبتەمبەر

 

شەڕی ئێران – عیراق

 

رێکەوتنی جەزائیر

 

 

شۆڕشی ئێران

 

شٶڕشی کورد

رێکەوتنامەی کامپ دیڤید

 

جەنگی ناوخۆی لوبنان

 

 

 122 جار بینراوە