سەرەکی » راپۆرت » رێکەوتنەکەی ئه‌نجومه‌نی سیادی و باڵی مه‌ده‌نی چی لێ بەرهەم دێت؟

حه‌مدۆك گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تیی ‌حکومەت

رێکەوتنەکەی ئه‌نجومه‌نی سیادی و باڵی مه‌ده‌نی چی لێ بەرهەم دێت؟

ئا / گۆران فه‌تحی

له ‌پێشهاتێكی نوێدا عه‌بدوڵڵا حه‌مدۆكی سه‌رۆك وه‌زیرانی له‌كارلابراو، گه‌ڕایه‌وه‌ كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی‌ حکومەتی سودان، دوای رێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی سیادی راگوزه‌ری ئه‌و وڵاته‌ كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ حه‌مدۆك و عه‌بدولفه‌تاح ئه‌لبورهان-ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سیادی و فه‌رمانده‌ی‌ گشتی سوپای سودان و محه‌مه‌د حه‌مدان ده‌قلۆ (حه‌میده‌تی) جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سیادی ئیمزایان له‌سه‌ر رێکەوتنەکە كرد.

لایه‌نه‌كان گه‌یشتن به ‌رێكه‌وتن
رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی‌ رابردوو، رێكه‌وتنێكی سیاسی نوێ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵات له‌نێوان عه‌بدوڵڵا حه‌مدۆك-ی سه‌رۆكی حكومه‌تی له‌كارلابراو و فه‌ریق عه‌بدولفه‌تاح بورهانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سیادی راگوزه‌ر له‌ سودان راگه‌یەندرا، به‌ پێی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ش كه‌ له 14به‌ند پێكدێت، سه‌رجه‌م زیندانییه‌ سیاسییه‌كان ئازاد ده‌كرێن، عه‌بدوڵڵا حه‌مدۆك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌ت له‌پاڵ وه‌زیره‌كانی كابینه‌کەی.

دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی‌ و رێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی سیادی، حه‌مدۆك رایگه‌یاند: مەبەست لە رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی سیادی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌ت، پاراستنی ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ ئابووریانه‌یه‌ كه‌ له‌ دوو ساڵی رابردوودا سودان به‌ده‌ستی هێناوه‌.

حه‌مدۆك له‌ چاوپێكه‌وتنێكیشیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز رایگه‌یاندووە: له‌و بڕوایه‌دام ئه‌م حكومه‌ته‌ ته‌كنۆكراته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كه‌م، چانسی باشكردنی ئاستی بژێویی هاووڵاتیانی سودان ده‌بێت، جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌، كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له ‌په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ده‌زگا داراییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ئاماده‌كاریش ده‌كات بۆ دانانی بودجەی نوێ له ‌سودان كه‌ له ‌كانونی دووه‌می داهاتوودا ده‌ستپێده‌كات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، حكومه‌ته‌كه‌ی‌ كار بۆ ته‌واوكردنی رێكه‌وتنی ئاشتی ئیمزاكراو له‌گه‌ڵ هه‌ندێك گروپی ئۆپۆزسیۆنی سوداندا ده‌كات، بۆ كۆتاییهێنان به‌ ساڵانێك له ‌ململانێی‌ ناخۆیی له ‌وڵاتدا، دووپاتیشیكرده‌وه‌ کە ئه‌وان پابه‌ند ده‌بن به‌ رێڕه‌و‌ی‌ دیموكراتی و ئازادیی راده‌ربڕین و خۆپیشاندانی ئاشتییانە و كرانه‌وه‌ به رووی جیهاندا.

حه‌مدۆك روونیشیکردەوە كه‌ به‌پێی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌، ئازادیی ته‌واوی پێدراوه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و بەڕێوەبردنی پرۆسەی هه‌ڵبژاردن بەر لە مانگی تەمموزی 2023.

لایه‌نه‌ دژه‌كانی رێكه‌وتنه‌كه‌
دوای لێدوانه‌كانی حه‌مدۆك سه‌باره‌ت به ‌رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی سیادی، رۆژی دووشه‌ممه‌ی‌ رابردوو بێده‌نگی باڵی‌ به‌سه‌ر پایته‌ختی ئه‌و وڵاته‌دا كێشا، دوای رۆژێك له ‌خۆپیشاندان دژی رێكه‌وتنه‌كه‌، جووڵه‌ی‌ بازاڕ و بازرگانی گه‌ڕایه‌وه‌ و بانك و ده‌زگا گشتی و تایبه‌ت و دوكانه‌كانیش كرانه‌وه‌، هه‌روه‌ها هێزه‌ سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كانی ناو شاره‌كان كشێنرانه‌وه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێك حزبی سیاسی و بزوتنه‌وه‌ی‌ به‌هێزی سودان، دژبه‌ بڕیاری‌ حه‌مدۆك بۆ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ سوپا وه‌ستاونەتە‌وه‌، هه‌ندێك له‌و لایه‌نانه‌ ئاماژه‌یان به‌وه ‌كردووە كه‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ ره‌وایی ده‌دات به‌ كوده‌تاكه‌ی‌ سوپا، هه‌زاران خۆپیشانده‌ریش به‌ره‌و كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی‌ چوون له‌ پایته‌خت و داوای ئه‌وه‌یان له‌حه‌مدۆك كرد واز له ‌كاری سیاسی بهێنێت.

بزووتنه‌وه‌ی‌ ئازادیی سودانیش به ‌سه‌رۆكایه‌تی‌ عه‌بدولواحید محه‌مه‌د نور دژی رێكه‌وتنه‌كه‌ وه‌ستایه‌وه‌ و به‌ ره‌وایەتیدان به‌ كوده‌تاكه‌ی‌ سوپا وه‌سفیكرد، لای خۆشیه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ میللیی ئازادیی سودانیش به ‌سه‌رۆكایه‌تی‌ عه‌بدولعه‌زیز ئه‌لحلو ئیدانه‌ی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ی كرد و به ‌به‌رده‌وامیدان بە ده‌ستگرتنی سوپا به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا هه‌ژماریكرد.

كۆمه‌ڵه‌ی‌ پیشەوه‌رانی سودانیش كه‌ پێشتر حه‌مدۆكی بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ وه‌زیران كاندیدكردبوو، رێكه‌وتنه‌كه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: ئه‌وه‌ خیانه‌ت و خۆكوژیی سیاسییه‌ بۆ حه‌مدۆك.

پێشوازی له ‌بڕیاری گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ حه‌مدۆك
رێكه‌وتنی حه‌مدۆك و ئه‌نجومه‌نی سیادی پێشوازییه‌كی‌ گه‌رمی لێكرا هه‌م له ‌ناوخۆی‌ سودان و هه‌میش له‌سه‌ر ئاستی ئه‌فریقا و ناوچه‌كه‌ و جیهان، یه‌كێتی ئه‌فریقا له‌و رووه‌وه‌ رایگه‌یاند: كه‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌ستووری سودان و رێزگرتن لێی‌.

لای خۆیه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان پێشوازیی له ‌رێكه‌وتنه‌كه‌ كرد و جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی پاراستنی سیستمی ده‌ستووری له ‌سودان كرده‌وه‌ به ‌مه‌به‌ستی پارێزگاری له ‌ئازادیی كاری سیاسی و راده‌ربڕین و خۆپیشاندانی ئاشتییانه‌ له‌و وڵاته‌.

رێكه‌وتنه‌كه‌ هه‌روه‌ها بووه‌ جێی‌ ده‌ستخۆشی له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا و به‌ریتانیاوه‌ و له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی عه‌ره‌بیش، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی‌ میسر له ‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: ئه‌و حیكمه‌ت و هه‌ست به‌به‌رپرسیارێتییه‌ی‌ لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سودان نواندیان بۆ گه‌یشتنی به ‌سه‌ركه‌وتنی ماوه‌ی‌ راگوزه‌ر خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی سودان ده‌كات، ریازیش پێشوازیی له‌ رێكه‌وتنی لایه‌نه‌كانی سودان كرد و وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سعودیه‌ ته‌ئكیدی له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌ نه‌گۆڕه‌كانی ریاز كرده‌وه‌ بۆ پاڵپشتیكردنی ئه‌من و ئاسایش و سه‌قامگیری و ئاشتی له ‌سودان.

رێكه‌وتنه‌كه‌ی‌ نێوان حه‌مدۆك و سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كان، دوای نزیكه‌ی‌ مانگێك له‌ لەسەركار لابردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته‌ دێت له ‌كوده‌تایه‌كی‌ سه‌ربازیدا کە له‌ 25ی‌ تشرینی یه‌كه‌می رابردوودا بەڕێوەچوو.
وادیاره‌ ئه‌نجومه‌نی سیادی راگوزه‌ری سودان، ته‌واو له‌وه‌ تێگه‌یشت كه‌ ناتوانێت به‌سه‌ر ره‌وتی دیموكراسی له ‌سوداندا سه‌ربكه‌وێت، به‌تایبه‌تی دوای خۆتاقیكردنه‌وه‌ به ‌هەوڵی لابردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی مه‌ده‌نی له‌و وڵاته‌، كه‌ ناڕه‌زاییه‌كی گه‌وره‌ی لێكه‌وته‌وه‌، هه‌م له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی سودان، هه‌میش لەسەر ‌ئاستی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێت سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كانی سودان هه‌وڵی جددی بده‌ن بۆ جێگیركرنی ئیداره‌ی مه‌ده‌نی و دیموكراسی له‌و وڵاته‌، ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت سودان رزگار بكه‌ن له‌و قه‌یران و بارودۆخه‌ی‌ ‌ئێستا به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت.

بەڵام بەدەر لە لایەنە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان هێشتا لەسەر ئاستی ناوخۆ ناڕەزایی زۆرە لە رێکەوتنەکە، بۆیە ئەوە پرسیاری ئەوەی لای شرۆڤەکارانی لۆکاڵی سودان وروژاندووە کە ئاخۆ ناڕەزاییە ناوخۆییەکان بەوانەشەوە کە پێشتر پاڵپشتی حەمدۆک بوون، هیچی لێ بەرهەم دێت بۆ ناوخۆی ئەو وڵاتە لەکاتێکدا بە خیانەت و خۆکوژیی سیاسی وەسفی دەکەن؟ یان ئاخۆ جارێکی تر بورهان لە ژێر گوشارە ناوخۆییەکاندا هێز ناخاتەوە ناو شەقامی شارەکان و باری نائاسایی راناگەیەنێتەوە؟

 50 جار بینراوە