سەرەکی » ئابووری » ژمارەی مووچەخۆرانی عیراق چەندە؟

ژمارەی مووچەخۆرانی عیراق چەندە؟

یەکەی ئابووری

پسپۆڕێكی بواری ئابووری جەختدەكاتەوە: هەڵئاوسان لە ژمارەی فەرمانبەران و خانەنشینان لە دەوڵەتی عیراقدا هەیە و پێویستە مووچەی بەشێكی زۆری ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە رابگیرێت كە زیاتر لە دوو مووچە وەردەگرن.

لە راگەیەنراوێكدا، دەزگای ئاماری ناوەندیی عیراق بڵاویكردۆتەوە: ملیۆنێك و 32 هەزار فەرمانبەر لە دامودەزگا حكومییەكانی دەوڵەتدا هەیە كە خزمەتگوزاری پێشكەشی 40 ملیۆن كەس لە دانیشتوانی عیراق دەكەن.

سێ ملیۆن و 450 هەزار فەرمانبەر
لەو بارەیەوە، ناسر ئەلكینانی پسپۆڕی بواری ئابووری، وەڵامی راپۆرتەكەی دەزگای ناوەندیی ئاماری عیراق دەداتەوە و لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی (PUKmedia) رایگەیاندووە: ژمارەی ئەوانەی مووچە لە حكومەت وەردەگرن زۆر لەم ژمارەیە زیاترە و نزیكەی نۆ ملیۆن كەسە.

روونیشیدەكاتەوە: بەگوێرەی ئەو ژمارانەی لە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021دا هاتووە، سێ ملیۆن و 450 هەزار فەرمانبەر لە خزمەتی بەردەوامدان و زیاتر لە ملیۆنێك و 370 هەزار كەسیش مووچەی تۆڕی كۆمەڵایەتی وەردەگرن. هەروەها چوار ملیۆن و 650 هەزار خانەنشین هەیە. هەموو ئەمانەش ئەو توێژانەن كە بەگوێرەی یاسای بودجە، مووچە لە دەوڵەت وەردەگرن.

بەستنەوەی شوێنی كار بە شوێنی نیشتەجێبوون
بەوتەی ئەو پسپۆڕە ئابوورییە، هەڵئاوسانی گەورە لە ژمارەی فەرمانبەرانی حكومەتدا هەیە، بەتایبەتیش لە ژمارەی خانەنشینیدا، لە هەرسێ سەرۆكایەتییەكە ژمارەیەك خانەنشین هەیە كە بە چوار ساڵی خزمەت مووچەی خانەنشینی وەردەگرن و دەكرێت مووچەی خانەنشینی ئەوانە رابگیرێت و بگۆڕێت بە پاداشت، هاوكات ژمارەیەك فەرمانبەر هەیە لەیەك كاتدا سێ مووچە لە حكومەت وەردەگرن، ئەنجومەنی نوێنەران زیاتر لە 2250 فەرمانبەری هەیە ئەم ژمارەیە بەشی ئەوە دەكات دەیان كارگەی پێ بەڕێوەببرێت.

ناسر ئەلكینانی، پڕۆژەیەكی پیشنیاز كردووە بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە، ئەویش بەستنەوەی شوێنی كارە بە شوێنی نیشتەجێبوون و دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون و دامەزراندنی كارگە و جێبەجێكردنی پڕۆژەی كشتوكاڵی لە پارێزگاكاندا، چونكە بەوتەی ئەو لەلایەك رێگری لە هەڵئاوسانی دانیشتوان لە شارە گەورەكاندا دەكات، لەلایەكی دیكەشەوە دەبێتە مایەی رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان و دەرچووان لە پارێزگاكاندا.

مووچەخۆرانی وەزارەتی ناوخۆ
لە راگەیەنراوەكەی دەزگای ناوەندیی ئاماردا هاتووە: «زیاتر لە نیوەی ئەو فەرمانبەرانە كە دەكاتە 550 هەزار فەرمانبەر، لە وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵدا كار دەكەن، هۆكاری زۆری ئەو ژمارەیەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هێشتا بارودۆخی ئەمنی لە عیراق ئاسایی نییە. هاوكات بەپلەی دووەم وەزارەتی نەوتی عیراق دێت كە زیاتر لە 125 هەزار فەرمانبەری هەیە، هەروەها ژمارەی هەردوو وەزارەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا نزیكەی 98 هەزار فەرمانبەرە».

بەپێی توێژینەوەیەكی مەیدانی دەزگای ناوەندیی ئاماری عیراق كە ئامانج لێی كۆكردنەوەی زانیارییە لەبارەی جۆری پیشە و پسپۆڕی فەرمانبەران لەناو دامودەزگاكانی حكومەتدا دەركەوتووە، هەزاران نەخوێندەوار لەنێو ئەو دەزگایانەدا هەیە، هەروەها رێژەی ژنان لەكۆی ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی لە كەرتی گشتیدان رێژەی 34 % تێناپەڕێت و تەنیا (3 %)یان هەڵگری بڕوانامەی باڵان.

 130 جار بینراوە