سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » پۆڵەندا: تەنگژەی كۆچەران گەورەترین هەوڵە بۆ تێكدانی سەقامگیریی ئەوروپا

پۆڵەندا: تەنگژەی كۆچەران گەورەترین هەوڵە بۆ تێكدانی سەقامگیریی ئەوروپا

ماتیۆش مۆراڤیتسكی سەرۆك وەزیرانی پۆڵەندا، تەنگژەی كۆچەرانی سەر سنووری وڵاتەكەی لەگەڵ بیلاڕوسیا كە سنووری خۆرهەڵاتی یەكێتیی ئەوروپا پێكدەهێنێت، بە گەورەترین هەوڵ بۆ تێكدانی سەقامگیریی ئەوروپا لە دوای جەنگی ساردەوە وەسفكرد.

سەرۆك وەزیرانی پۆڵەندا لە تویتەر نووسیویەتی: ئاسانكاری بۆ هاتنی كۆچەران لە بیلاڕوسیاوە بۆ سنووری وڵاتەكەیان، جەنگێكی ناڕەوایە لە دژی یەكێتیی ئەوروپا، ئەوەش لەماوەی 30 ساڵی رابردوودا گەورەترین هەوڵە بۆ تێكدانی دۆخی سەقامگیریی ئەوروپا. تەئكیدیشیكردۆتەوە، كە پۆڵەندا هەموو هەوڵێكی بۆ بەرگریكردن لە سنووری یەكێتیی ئەوروپا دەخاتەگەڕ.

كۆبوونەوەی گروپی فیشگراد
پێشتر پیتەر مۆلەر وتەبێژی حكومەتی پۆڵەندا رایگەیاندبوو: سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی داوای كۆبوونەوەی گروپی (فیشگراد)ی كردبوو، كە پێكهاتووە لە هەنگاریا ‌و پۆڵەندا ‌و سلۆڤاكیا ‌و چیك، بۆ تاوتوێكردنی دۆخی سەر سنووری پۆڵەندا لەگەڵ بیلاڕوسیا. ئاماژەی بەوەشكردبوو: سەرۆك وەزیران سەردانی چەند وڵاتێكی ناوچەكە دەكات، سەرەتاش لەو وڵاتانەوە دەستپێدەكات كە ئەم دۆخەی ئێستای سەر سنوور لێكەوتەی جیۆسیاسی لەسەریان دەبێت.

چیك ‌و هەنگاریا پشتیوانیی پۆڵەندا دەكەن
هەر سەبارەت بە پرسی كۆچەران، لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا، ڤیكتۆر ئۆربان سەرۆك وەزیرانی هەنگاریا و ئەندرییە بابیس سەرۆك وەزیرانی چیك، پشتیوانیی تەواوی وڵاتەكانیان بۆ پۆڵەندا دووپاتكردەوە و داواشیان لە یەكێتیی ئەوروپا كرد، سزای زیاتر بەسەر ئەو وڵاتانەدا بسەپێنێت، كە لەڕێگەی كۆچەرانەوە گوشار بۆ سەر یەكێتییەكە دروست دەكەن. ئاماژەیان بەوەشدا: پێویستە سنوورەكانی نێوان پۆڵەندا و بیلاڕوسیا توندتر بكرێن.

پۆڵەندا رەخنەی لە ئەڵمانیا گرت
لای خۆشیەوە، ماتیۆس مۆراڤیتسكی رەخنەی لە پڕۆژەی نۆرد ستریم دوو بۆ گواستنەوەی غازی سروشتی لە روسیاوە بۆ ئەوروپا گرت ‌و داوای لە بەرپرسانی ئەڵمانیا كرد، دەستبەرداری ئەو پڕۆژەیە ببن ‌و هاوئاهەنگیی لەگەڵ پۆڵەندا بكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەنگژەی پەنابەران لەسەر سنووری نێوان وڵاتەكەی لەگەڵ بیلاڕوسیادا.

سەرۆك وەزیرانی پۆڵەندا بە رۆژنامەی بێڵد-ی ئەڵمانی راگەیاندبوو: ئێمە لێرە سنووری یەكێتیی ئەوروپا دەپارێزین ‌و با پێكەوە كار بۆ ئاشتیی بكەین. وتیشی: پێویستە پڕۆژەی نۆرد ستریم دوو رابگیرێت ‌و نیگەرانیی خۆی لە بەرامبەر ئاڵۆزتربوونی دۆخەكە لەسەر سنووری بیلاڕوسیا دەربڕی. هۆشداریشیدا بە وڵاتانی ئەوروپا، لە ئەگەری شكستهێنانی چارەسەركردنی دۆسێی پەنابەراندا.

پۆڵەندا یەكێكە لە وڵاتانی ئەورپای خۆرهەڵات، كە دژی پڕۆژەی نۆرد ستریم دوو-ن، بۆ گەیاندنی غازی روسیا لە رێگەی دەریای بەڵتیك-ەوە بۆ ئەڵمانیا ‌و ئەو پڕۆژەیە بەوە دادەنێت كە پشتبەستنی ئەوروپا بە غازی روسیا زیاتر دەكات.

مێركل هاوئاهەنگیی وڵاتەكەی بۆ پۆڵەندا دووپاتكردۆتەوە
پێشتر، ئەنگێلا مێركل راوێژكاری ئەڵمانیا لەگەڵ مۆراڤیتسكی ‌و ئەلیكساندەر لۆكاشینكۆ سەرۆكی بیلاڕوسیا قسەی كردووە ‌و سەبارەت بە كێشەی كۆچەران، هاوئاهەنگیی وڵاتەكەی بۆ پۆڵەندا دووپاتكردۆتەوە.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

 57 جار بینراوە