سەرەکی » وەرزش » چونی پۆچیتینۆ بۆ مان یونایتد و زیدان بۆ پاریس له‌ راستی نزیك ده‌بێته‌وه‌

چونی پۆچیتینۆ بۆ مان یونایتد و زیدان بۆ پاریس له‌ راستی نزیك ده‌بێته‌وه‌

ئارۆ سەنگەر

تا دێت ده‌نگۆی رۆیشتنی ماوریسیۆ پۆچیتینۆی راهێنه‌ری پاریس سان جێرمان بۆ یانه‌ی‌ مانچسته‌ر یونایتد و جێگرتنه‌وه‌ی‌ له‌ زینه‌دین زێدانی راهێنه‌ری به‌ناوبانگی فه‌ره‌نسی زیاتر گه‌رم ده‌بێت و له‌ نوێترین پێشهاتیشدا رۆژنامه‌ی‌ لیكیپ دوپاتی كرده‌وه‌ زیدان رازی بووه‌ ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی پاریس وه‌ربگرێت.

دوای دوورخستنه‌وه‌ی‌ سۆلشایه‌ر له‌ ریزه‌كانی مان یونایتد باس له‌وه‌ ده‌كرا كه‌ مان یونایتد گفتوگۆی له‌گه‌ڵ زیدان كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بیكات به‌ جێگره‌وه‌ی‌ راهێنه‌ره‌ نه‌رویژیه‌كه‌، به‌ڵام زیدان ره‌تیكردۆته‌وه‌ ببێته‌ راهێنه‌ری شه‌یتانه‌ سووره‌كان.

به‌پێی زۆرێكیش له‌سه‌رچاوه‌كان هۆكاری سه‌ره‌كی ره‌تكردنه‌وه‌ی بۆندی مان یونایتد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ زیدان ئاره‌زوو ده‌كات له‌ماوه‌ی‌ داهاتوو ببێته‌ راهێنه‌ری یانه‌ پاریسیه‌كه‌.

له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژی رابردووش ده‌نگۆی په‌یوه‌ندی كردنی پۆچیتینۆی راهێنه‌ری پاریسیه‌كان به‌ مان یونایتد رۆژ له‌دوای رۆژ زیاتر ده‌بێت كه‌ ئه‌و راهێنه‌ره‌ ئه‌رژه‌نتینیه‌ ئاره‌زوی گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ پریمه‌رلیگ هه‌یه‌ و مان یونایتدیش ده‌یه‌وێت بیكات به‌ جێگره‌وه‌ی‌ سۆلشایه‌ر.

پۆچیتینۆ له‌ پاریس دۆخی زۆر باش نییه‌ و په‌یوه‌ندیشی له‌گه‌ڵ لیۆناردۆی به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رزشی زۆر باش نییه‌ و چه‌ند جارێك له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كانی ئاماژه‌ی پێداوه‌، له‌ پاڵ ئه‌وه‌ش ئه‌و راهێنه‌ره‌ تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ پلانێكی ته‌كتیكی گونجاو بدۆزێته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ بوونی چه‌ندین ئه‌ستێره‌ی گه‌وره‌ له‌ ریزی یانه‌كه‌ بگونجێت.

له‌ پاڵ هه‌موو ئه‌مانه‌ش پۆچیتینۆ توانای باشی نییه‌ له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌كانی یانه‌كه‌ی‌ و چه‌ند جارێك به‌ركه‌وتنی له‌گه‌ڵیان هه‌بووه‌، بۆیه‌ ئاره‌زوی په‌یوه‌ندی كردنی به‌ مان یونایتد هه‌ر له‌خۆوه‌ نییه‌.

یانه‌ پاریسیه‌كه‌ش ئه‌گه‌ر بێت و پۆچیتینۆ داوا پێشكه‌ش بكات رێگری لێناكه‌ن چونكه‌ ئه‌وانیش ئاره‌زوو ده‌كه‌ن زیدان بكه‌ن به‌ راهێنه‌ر كه‌ ئه‌زمونی باشی له‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌كان هه‌یه‌.

رۆژنامه‌ی‌ لیكیپ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دیارترین رۆژنامه‌كانی ئه‌وروپا ئاشكرای كردوه‌ زیدان به‌ته‌واوی ئاماده‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببێته‌ راهێنه‌ری پاریس سان جێرمان چونكه‌ هیوابڕاو بووه‌ له‌وه‌ی‌ یه‌كێتی تۆپی پێی فه‌ره‌نسا دیدیه‌ دیشامپ دوور بخاته‌وه‌.

خه‌ونی له‌ مێژینه‌ی‌ زیدان ئه‌وه‌یه‌ ببێته‌ راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی‌ فه‌ره‌نسا به‌ڵام یه‌كێتی تۆپی پێی فه‌ره‌نسا به‌رده‌وام متمانه‌ بۆ دیدیه‌ دیشامپ نوێ ده‌كاته‌وه‌و بۆنده‌كه‌ی‌ تا دوای مۆندیالی 2022 نوێ كردۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات زیدان بیر له‌ كارێكی تر بكاته‌وه‌.

پاریسیه‌كان له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار ئاره‌زوو ده‌كه‌ن زیدان بكه‌ن به‌ راهێنه‌ری یانه‌كه‌یان، چونكه‌ ئه‌و خۆی ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌وره‌ی تۆپی پێیه‌ و كاریزمای هه‌یه‌ و ده‌توانێت به‌باشی كۆنتڕۆڵی ژووری خۆگۆڕین بكات.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئه‌زمونی زۆری له‌ چامپیۆنس لیگ هه‌یه‌و 3 جار له‌سه‌ریه‌ك ریاڵ مه‌دریدی كرده‌ پاڵه‌وانی ئه‌وروپا، یه‌كێك له‌ دیارترین هۆكاره‌كانی تریش ئه‌وه‌یه‌ هێنانی زیدان بۆ ریزی یانه‌كه‌ پاریسیه‌كه‌ هیوای مانه‌وه‌ی‌ كیلیان مباپی زۆر زیاتر ده‌بێت و راهێنه‌ره‌كه‌ توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ رێگری له‌ رۆیشتنی ئه‌ستێره‌كه‌ی‌ هه‌لبژارده‌ی‌ فه‌ره‌نسا بكات.

پاره‌یه‌كی زۆری له‌ دوورخستنه‌وه‌ی‌ راهێنه‌ران خه‌رج كردوه‌
له‌دوای رۆیشتنی ئه‌لێكس فێرگسۆن له‌ یانه‌ی‌ مانچسته‌ر یونایتد له‌ ساڵی 2013 یاریگای ئۆڵترافۆرد كه‌ به‌ شانۆی خه‌ونه‌كان ناسراوه‌ جێگیری به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌و زۆر كات ئه‌و یاریگای بۆته‌ شانۆی نه‌هامه‌تیه‌كان.

فێرگسۆن دوای مانه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی‌ 27 ساڵ له‌ مان یونایتد و بردنه‌وه‌ی‌ 38 نازناو له‌نێویاندا 13 پریمه‌رلیگ و 2 چامپیۆنس لیگ ماڵئاوایی له‌و یانه‌یه‌ كرد و له‌و كاته‌شه‌وه‌ خۆری نازناوه‌كان له‌ مان یونایتد ئاوا بووه‌و شانۆی خه‌ونه‌كان بوه‌ته‌ شانۆی نه‌هامه‌تیه‌كاتن بۆ عاشقان و هانده‌رانی ئه‌و یانه‌یه‌.

ئه‌و شانۆیه‌ كه‌ ببووه‌ گۆڕستانی ركابه‌رانی مان یونایتد له‌ ماوه‌ی‌ 8 ساڵی رابردوو بووه‌ته‌ قاخچه‌یه‌ك كه‌ ركابه‌ره‌كان پیاسه‌ی تێدا ده‌كه‌ن و سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ و مێژوویی تێدا ده‌نووسنه‌وه‌ هاوشێوه‌ی 6 گۆڵه‌كه‌ی‌ تۆتنهام و 5 گۆڵه‌كه‌ی‌ لیڤه‌رپوڵ.

به‌هۆی خراپی ئه‌نجامه‌كانی مان یونایتدیش ئه‌و یانه‌یه‌ له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ 8 ساڵ چه‌ندین راهێنه‌ری نوێی دیاری كردوه‌و سه‌رجه‌میشیان پێش كۆتایی هاتنی بۆنده‌كانیان دوورخراونه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی ئه‌مه‌ش یانه‌كه‌ ناچار بووه‌ پاره‌ی كۆتایی هێنان به‌ بۆنده‌كانیان پێبدات.

به‌پێی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی‌ زه‌ سه‌ن مان یونایتد له‌دوای رۆیشتنی فێرگسۆن 51 ملیۆن دۆلار كه‌ ده‌كات 28 ملیۆن پاوه‌ند داوه‌ به‌ راهێنه‌ران بۆ ئه‌وه‌ی‌ كۆتایی به‌ بۆنده‌كانیان بهێنێت و دواینیان سۆلشایه‌ر بوو كه‌ 7.5 ملیۆن پاوه‌ندی پێدراوه‌، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ بۆندی سۆلشایه‌ر به‌جۆرێك بووه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ربكرێت ته‌نها پاره‌ی یه‌ك ساڵی بۆنده‌كه‌ی‌ پێبدرێت.

زۆرترین پاره‌ش به‌ جۆزێ مۆرینیۆ دراوه‌ كه‌ ساڵی 2018 له‌به‌رامبه‌ر دوورخستنه‌وه‌ی‌ 15 ملیۆن پاوه‌ندی وه‌رگرت و ئێستاش ئه‌گه‌ر یانه‌كه‌ بیه‌وێت پۆچیتینۆ بكات به‌ راهێنه‌ر ئه‌وا ده‌بێت 10 ملیۆن یۆرۆ بدات به‌ یانه‌ی‌ پاریس سان جێرمان.

 55 جار بینراوە