سەرەکی » راپۆرت » سودان وڵاتێکی دەوڵەمەند و گەلێکی هەژار

سودان وڵاتێکی دەوڵەمەند و گەلێکی هەژار

هەواڵ و راپۆرت

سودان یەکێکە لە دەوڵەتە گەورەکانی کیشوەری ئەفریقا و جیهانی عەرەبی، لە رووی رووبەری زەوییەوە سێیەمین وڵاتی ئەفریقا و جیهانی عەرەبییە، ئەم وڵاتە چ لە رووی سامانی ژێرزەویی و سەرزەوی، وڵاتێکی دەوڵەمەندە، بەڵام بەهۆی بوونی کۆمەڵێک کێشەی ناوخۆیی و خراپیی حوکمڕانییەوە، ماوەی چەندین ساڵێکە گەلی سودان بەدەست هەژاریی و نائارامیی و جەنگ و ماڵوێرانییەوە دەناڵێنن.

لێرەدا هەوڵ دەدەین تیشکێک بخەینە سەر ئەم وڵاتە و لە نزیکەوە ئاگاداری مێژوو، کێشە و گرفتەکانی بین.

وڵاتی رەشپێستەکان
سودان لە وشەیەکی عەرەبی لێکدراوەوە هاتووە واتە وڵاتی (رەشپێستەکان) پێشتریش پێی دەوترا وڵاتی «نوبییەکان». سودان لەرووی رووبەری جوگرافییەوە یەکێکە لە وڵاتە گەورەکانی جیهان و رووبەری گشتی دەگاتە1.861 ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە. بەم شێوەیەش لەرووی رووبەری زەوییەوە سێیەمین وڵاتی ئەفریقا و جیهانی عەرەبییە. کۆی گشتی دانیشتوانیشی بەپێی دوایین سەرژمێری بێت دەگاتە 43 ملیۆن کەس.

سودان لە کۆمەڵێک ئێتن و نەتەوە و ئایینی جیاواز پێکدێت. بەشی زۆرینەیان عەرەبی موسڵمانن و لەپاش ئەوانیش کۆمەڵێک ئێتنی ئەفریقایی تر دێن. لەرووی ئاینیشەوە کۆمەڵێک ئاینی تێدایە، بەڵام زۆرینەیان موسڵمانی سوننە و دوای ئەوانیش مەسیحیی و کۆمەڵێک ئاینی تری ئەفریقایی هەن.

مێژوویەکی دێرین
سودان لەرووی مێژووییەوە وڵاتێکی دێرینە و لانکەی کۆمەڵێک شارستانیی مەزنی جیهان بووە. یەکەمین شانشینی کوش لە ساڵی 780 پێش زایین هەتا 350 پێش زایین بەردەوام بووە و یەکێكە لە شارستانییە دێرینیەکانی ئەفریقا. لەپاش ئەوانیش نوبییەکان دەستیان بەسەر سوداندا گرتووە هەتا کۆتایی ساڵی 1500 شانشینی نوبییەکان لە سودان و بەشێکی زۆری میسر بەردەوام بوون لە فەرمانڕەوایی. شارستانی نوبیش، یەکێکە لە شارستانییە دێرینەکانی ئەفریقا.

لەپاش نەمانی دەسەڵاتدارێتی نوبییەکان، پەلاماری عەرەبەکان بۆ وڵاتی سودان دەستیپێکرد و لێرەشەوە هەڵمەتی تەعریب و بە موسڵمانکردنی ئەم وڵاتە دەستیپێکردووە. پاشان داگیرکاری تورکی عوسمانی و دوایین جاریش لەلایەن میسر و ئینگلیزەکانەوە داگیرکراوە هەتا لە ساڵی 1956دا بەتەواوی لەژێر دەستی داگیرکاریی میسریی و ئینگلیزی رزگاری بوو.

وڵاتێکی دەوڵەمەند
ئەم وڵاتە چ لە رووی سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی، وڵاتێکی زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام بەهۆی خراپی سیستمی سیاسییەوە، گەلی سودان بەدەست هەژاریی و برسێتیەوە دەناڵێنن. سودان خاوەنی 172 ملیۆن دۆنم زەویی کشتوکاڵییە، لەم زەوییە فراوانەی کشتوکاڵیشدا، تەنها ٪20 بەپێی میتۆدی مۆدێرن کشتوکاڵ دەکرێت. لەرووی سامانی ئاژەڵیشەوە خاوەنی 102 ملیۆن سەر رەشەوڵاخە. لەرووی سامانی سروشتیشەوە زۆر دەوڵەمەندە بەتایبەتی ئاڵتون، نەوت، یۆرانیۆم، مس، ئاسن.

وڵاتێکی نائارام
هەرچەندە ئەم وڵاتە زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام وا بۆ ماوەی نزیکەی 65 ساڵ دەچێت سودان سەربەخۆیی وەرگرتووە، هەر لەسەرەتاوە تووشی کۆمەڵێک کێشەی ناوخۆیی و دەرەکی بۆوە، سەرەتا کێشەی باشووری سودان و دواتریش دارفوڕ. هەرچەندە ساڵی 2011 باشووری سودان جیابۆوە، بەڵام کێشەکانی سودان هەر تەواونەبوون. بەپێی بۆچوونی هەندێک چاودێری سیاسی بێت، هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ خراپی سیستمی حوکمڕانی سودان و زۆرجاریش باس لە دەستی دەرەکی دەکەن لە کێشە ناوخۆییەکانی سوداندا.

باشووری سودان
لەکێشەی باشووری سوداندا نەتەوە و ئایینی جیاواز و بوونی سامانێکی سروشتی زۆر لەپێش هەموویانە نەوت و گاز، بووە مایەی سەرهەڵدانی جەنگێکی نەبڕاوە و خوێناوی چەندین ساڵە، بەڵام پاش 50 ساڵ لە جەنگ و ماڵوێرانی، دواجار لە ساڵی 2005 رێکەوتنێکی ئاشتی مۆرکراو، بەپێی ئەو رێکەوتنە، گەلی باشووری سودان توانی لە ساڵی 2011 لەرێگەی ریفراندۆمێکەوە، لە سودان جیاببێتەوە. بەڵام بەداخەوە لەپاش رزگاربوونیان لە چنگی سودان، دووبارە براکان لە باشووری سودان پەلاماری یەکتریان داو لەساڵی 2013 تا 2018 رووبەڕووی جەنگێکی ناوخۆیی بوونەوە.

بەدڵنییایەوە تاکە کاری باشی عومەر حەسەن بەشیر، رێکەوتنی ئاشتی و سەربەخۆبوونی گەلی باشووری سودان بوو.

دارفور
لە دارفوریش بوونی جیاوازی ئێتنی و سامانێکی زۆری ژێر زەویی و سەرزەوی، بووە مایەی سەرهەڵدانی جەنگێکی خوێناوی. هەموو کاتێکیش لە کێشەی دارفوردا، هەزاران کەس بوونەتە قوربانیی و زیاتر لە دوو ملیۆن کەسیش بەهۆی چەتەگەریی سوپا و میلیشیا هاوکارەکانییەوە ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن. هەتا ساڵی 2008 بەپێی رێکەوتنێک لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتی سودان رازی بوو کە هێزی نیودەوڵەتی بچێتە ناو دارفور و پارێزگاری لە خەڵكی ناوچەکە بکات.

هەمیشە حکومەتەکانی سودان بە ئاگر و ئاسن وەڵامی داواکاریی خەڵكی ناوچەکانیان داوەتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی کە لە رووی رەگەز و ئایینەوە لە زۆرینەی عەرەبەکان جیاواز بوون. ئەمەش وایکردووە کە ماڵوێرانی و نائارامیی یەخەی ئەم وڵاتە بەرنەدات.

گەمەی نێوان سوپا و هێزە سیاسییەکان
هەر لەگەڵ سەربەخۆبوونی سودان، سوپا رۆڵی بەرچاوی لەم وڵاتەدا هەبووە و هەتا ئەمڕۆش نەتوانراوە حوکمێکی مەدەنی دروست ببێت، هەندێك چاودێری سیاسیش، سوپا بە هۆکاری سەرەکیی کێشەکانی سودان دادەنێن، هەرچەندە هەندێکی تر بە رزگارکەری سودان لە نائارامیی و پشێویی وەسفی دەکەن، چونکە ئێستا تاکە دەزگای حکومییە کە ماوەتەوە و خاوەنی سیستمێکی رێکخراوی باشە.

هەرچەندە هەمیشە لە پشت سوپاشەوە بەتایبەی لەکاتی کودەتا سەربازییەکاندا، هێزێکی سیاسی هەبووە و هانی سوپایان داوە کە کودەتا بکات، بۆ نموونە لە ساڵی 1969 دا جەنەڕاڵ جەعفەر نومەیری کودەتای کرد، بەشێکی زۆری کۆمۆنیست و هێزە نەتەوەپەرست و پێشكەوتنخوازەکان پشتگیرییان لێکرد. لەساڵی 1989 کاتێک عومەر حەسەن بەشیر کودەتای کرد، رەوتە ئیسلامییەکان لەپێش هەموویانەوە ئیخوان موسلمین بە سەرۆکایەتی حەسەن تورابی پشتگیرییان لێکرد، هەرچەندە بەشیر دواتر لە ئیسلامییەکان هەڵگەڕایەوە و دژیان وەستایەوە.

رۆڵی هێزە ئیقلیمییەکان لە کێشەکانی سودان
ئێستا کۆمەڵێک هێزی ئیقلیمی و زلهێزانی جیهانیش، رۆڵی گەورەیان لە نائارامیی و ناسەقامگیریی و کێشەکانی سوداندا هەیە. هەر دەوڵەتە و دەیەوێت ئەجێندای خۆی بەسەر سوداندا بسەپێنێت، ئەمەش وایکردووە کە کێشەکانی سودان ئاڵۆزتر بن.

لەلایەکەوە ئەمریکا ماوەی چەندین ساڵە کێشەی لەگەڵ ئەم وڵاتەدا هەیە و خستبوویە لیستی ئەو دەوڵەتانەی کە پشتگیریی تیرۆر دەکەن و سزای توندی بەسەردا سەپاندبوو. لەپاش نەمانی رژێمی بەشیر، سزاکانی لابرد و سودانیش زۆر لە ئەمریکا و ئیسرائیل و خۆرئاوا نزیکبۆوە. ئەمەش بەدڵی زلهێزێکی تری جیهان نەبوو کە ماوەی چەندین ساڵە رۆڵی لەم وڵاتەدا هەیە کە ئەویش چینە.

ماوەی چەندین ساڵە چین هەژموونی گەورەی بەسەر سودانەوە هەیە و پەیوەندییەکی بازرگانیی و ئابووریی و سەربازیی گەورەی لەگەڵیدا هەبوو، بە نەمانی عومەر بەشیر، ئەم هەژموونەی کەمبۆتەوە.

لەپەنا ئەم دوو زلهێزەشدا کۆمەڵێک هێزی ئیقلیمی خۆیان حەشارداوە لەوانە: تورکیا و قەتەر، ئیسرائیل و ئیمارات و سعودیە و میسر. ئەمانیش هەریەکە و ئەجێندای تایبەت بەخۆیان هەیە لەو وڵاتەدا.

حوکمی سەربازیی و مەدەنیی
هەرچەندە دوو ساڵ زیاتر کۆتایی بە حوکمی عومەر حەسەن بەشیر هاتووە لە سودان، بەڵام هەتا ئەمڕۆش لەو وڵاتەدا ئارامی و سەقامگیریی نەچەسپیوە و حوکمێکی مەدەنیی دروست نەبووە، دووبارە مانگی پێشوو سوپا کودەتای کرد و کۆتایی بە حوکمی مەدەنی هێنا، بەڵام دیسانەوە رۆژی یەکشەممە 21.11.2021 سوپا و هێزە مەدەنییەکان رێکەوتنێکی نوێیان کردەوە و بەپێی ئەو رێکەوتنەش عەبدوڵڵا حەمدۆک گەڕایەوە و بۆوە بە سەرۆک وەزیران و سوپاش بەڵێنیدا کە پشتگیریی حکومەتی مەدەنیی و هەڵبژاردن بکات و هەموو زیندانییە سیاسییەکانیش ئازاد بکات.

پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئایا سوپا دەتوانێت ئەم وڵاتە لە نائارامی بپارێزێت و بەرەو کەناری ئارامی ببات؟ هەروەها تاچەندە جەنەراڵەکانی سوپا ئامادەن واز لە کورسی دەسەڵات بهێنن و پشتگیریی حوکمێکی مەدەنی بکەن؟

دوا قسە
ئەم وڵاتە جوان و گرنگ و دەوڵەمەندەی ئەفریقا، ماوەی چەندین ساڵە بەدەست جەنگی ناوخۆ و هەژاریی و برسێتی و نائارامییەوە دەناڵێنێت، هۆکاری سەرەکیش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سیستمێکی باشی حوکمڕانی. تاکە لایەنی دڵسۆزی ئەم وڵاتە گەلەکەیەتی، تەنها گەلی سودان خۆیان دەتوانن کۆتایی بەم کارەسات و قەیرانە گەورانە بهێنن کە ماوەی چەندین ساڵە پێوەی دەناڵێنن.

سەرچاوە: تاریخ سودان.

www.marefa.org.
ثروات السودان» لا تحصی‌.. وعین الاسیویین علی‌ الخام.
www.alarabiya.net
السودان: اتفاق بین الجیش والاحزاب السیاسیة‌ المدنیة‌ لعودة‌ حمدوك إلی‌ الحكم.
ww.france24.com

 51 جار بینراوە