سەرەکی » هەمەڕەنگ » سەماح ئەنوەر ئەو رووداوە وایکرد بەخۆمدا بچمەوە

سەماح ئەنوەر ئەو رووداوە وایکرد بەخۆمدا بچمەوە

ئەکتەر و دەرهێنەری میسری سماح أنور کچی نووسەر أنور عبدللە و هونەرمەند سعاد حسین –ە خاوەنی دوو برایە، ئەم هونەرمەندە لە ساڵانی هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا یەکێک بوو لە ئەستێرە دیارەکانی سینەما و تەلەفزیۆنی میسری، هەمیشە جێگەی سەرنجی میدیاکان بوو بەو هۆیەی لە هاوپیشەکانی لەو سەردەمەدا ستایل و کاریزمایەکی جیاوازی هەبوو، هەروەها بە توانا ناوازەکانی لە نواندندا توانیبووی جێگەی خۆی بکاتەوە، ئەم ئەکتەرە ناوی تەواوی سماح أنور عبدللە –یە، لە 22 ی نیسانی ساڵی 1965 لە میسر لەدایکبووە، لە کۆلێژی ئاداب بەشی زمانی فەرەنسی لە قاهیرە خوێندوێتی، بە رۆڵی ئاکشن لە سینەمادا بەناوبانگ بوو، دیارترین فیلمەکانی بریتین لە «حالة تلبس، بنت مشاغبة جد‌ا» هەروەها لە شانۆ و تەلەفزیۆندا رۆڵی گێڕاوە لە زنجیرە دراما بەناوبانگەکانی «‌ذئاب الجبل، الحساب، ونیس و أیامه» لە شانۆ بەناوبانگەکانیشی «راقصة قطاع عام، أولاد الشوارع» بەڵام بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە لە ساڵی 1998 دا بۆ ماوەیەکی زۆر لە نواندن دوورکەوتەوە، کە بەهۆیەوە 42 جار نەشتەرگەری بۆ کراوە تاوەکو بتوانێت جارێکی تر بکەوێتەوە سەر پێ و دوا نەشتەرگەریشی ساڵی 2007 بۆی کراوە، سماح لە بارەی ئەو رووداوە وە دەڵێت «ئەوە وایکرد دووبارە بەخۆمدا بچمەوە و هۆشم بێتەوە، چونکە گەیشتبوومە قۆناغێک بێهوودە بووم و هیچ شتێکم بەلاوە گرنگ نەبوو» سەرەتا لە ساڵی 2002 دا لە رێی بەرنامەی «تجربتی» لە کەناڵێکی ئاسمانی دەرکەوتەوە، پاشان لە چەند زنجیرە درامایەکدا دەرکەوت لەوانە «أزهار، ونیس وأیامه، نظریةالجوافة» .
ئەم هونەرمەندە لە ژیانیدا تەنیا یەکجار شووی کردووە ئەویش بە نهێنی بووە لەبەرئەوەی وەکو خۆی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لە بەرنامەی « it›s Show Time» لە کەناڵی cbc لەگەڵ راگەیاندکار هبة الأباصیری باسی دەکات و دەڵێت «بە نهێنی شوومکرد بۆئەوەی دایک و باوکم رازیبکەم، چونکە لەو کاتەدا نەیاندەویست کاری هونەریم بووەستێت، لەبەرئەوەی لە لوتکەی درەوشانەوەدا بووم لە هونەردا» .
وەکو خۆی دەڵێت هەڵەی تەمەنی ئەوە بووە تاکە کوڕەکەی کە ناوی أدهم-ە و ئێستا تەمەنی 24 ساڵە تا بووە بە شەش ساڵ دانیپێدانەناوە کوڕی خۆیەتی و هەمیشە بەخەڵکی وتووە هەڵیگرتۆتەوە، چونکە وەکو شووکردنەکەی چەندین ساڵ شاردوێتییەوە، هەروەها باس لە مێردەکەی دەکات کە لەخۆی زۆر گەورەتر بووە و هاوڕێ بوون، بەڵام دواجار بەهۆی ئەوەی خیانەتی لێکردووە وازیلێهێناوە و ئەوەش وایلێکردووە کوڕەکەی بشارێتەوە، بەڵام ئەوە گەورەترین هەڵەی ژیانی بووە و دەڵێت «دەبوو لەیەکەم ساتەوە بە هەموانم بوتایە کوڕی خۆمە».
سەرچاوە:
elcinema.com

 145 جار بینراوە