سەرەکی » وتار » ستران عه‌بدوڵڵا » بۆشایی ئەمنی ‌و بۆشایی تریش

بۆشایی ئەمنی ‌و بۆشایی تریش

هەر بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە ‌و سوپای عیراق نییە كە پێویستە پڕبكرێتەوە. بۆشایی ئەمنی، هی سیاسی، كۆمەڵایەتی ‌و فەرهەنگی تریش هەن، كە پێویست پڕبكرێنەوە.

بۆشایی ئەمنیی نێوان هێزی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عیراق، بۆشاییەكی زەق ‌و بەرچاوە لە نێوان هەرێمی كوردستان ‌و حكومەتی عیراق، كە دیوە ئەمنی ‌و سەربازییەكەی داعش ‌و تیرۆریستان درزی تێدەكەن ‌و بەكاریدێنن ‌و رۆژانە چالاكیی تیرۆریستی لێوە دەکەن. هەڵبەتە ئەوانەی پێیانخۆشە ئەم درزە بمێنێت ‌و پڕنەكرێتەوە زۆرن كە دنەی فراوانكردنی دەدەن ‌و هانی وەك خۆی مانەوەی پەیوەندییە سیاسییە خراپەكەی نێوان دەدەن، تا لەسەر زەمینی واقیعی سەربازی ‌و ئەمنی؛ رەنگبداتەوە، پشێوی ‌و شپرزەیی دروست بكات، كە خوێن ‌و فرمێسكی سەرباری لێ دەكەوێتەوە.

ئەم بۆشاییە، زەقە بە بەرچاومانەوە، دەنا بۆشایی تریش زۆرن، كە خۆیان مەڵاس داوە ‌و لە رووداو ‌و بەسەرهاتەكاندا خۆیان دەردەخەن ‌و دەبنە بەڵا.

بۆشایی ئەمنی، سیاسی، فەرهەنگی ‌و كۆمەڵایەتی تری وا، كە هیچیان لەوی نێوان هەولێر ‌و بەغدا كەمترنییە، كە داعشی بەدناو، هەر ئەو ناوی بەدە، دەنا رەفتار داعشی تریش زۆرن، بەكاریدێنێ. بگرە بۆشایی نێوان ‌و نێوان خەریكە دەبێتە لۆگۆیەكی جێگیر لەجێگەی ئەوەی دیاردەیەكی تێپەڕبێت. بۆچی ئێمە پێمانوایە بۆشایی لە نێوان هەولێر ‌و سلێمانی، نێوان یەكێتی ‌و پارتی، حزبەكان لە نێوان یەكتری، حوكمڕان ‌و ئۆپۆزسیۆن نییە، كە هێشتاش پڕنەكراوەتەوە؟.

بۆشایی وا كە نە رێكەوتنە كۆنكرێتییەكان پڕیانكردۆتەوە، نە دەرس ‌و پەندەكانی رابردوو ‌و نە چانسەكانی داهاتوو دەتوانن بەهانایەوەبێن. بۆشایی وا، كە عورفی كوردانە، عورفی سیاسی ‌و جەنتڵمانیش دەرەقەتی نایەن.

بۆشایی زۆرن، بۆشایی نێوان شارەكان ‌و ناوەندی پارێزگاكانی كوردستان لەڕووی گەشە ‌و نەشە، لەڕووی ئاستی كۆمەڵایەتی ‌و فەرهەنگییەوە. بۆشایی چینایەتیی زەق ‌و رەق ‌و تەق، كە وێنەی نییە لە ململانێی كۆمەڵایەتی ‌و چینایەتیی شەرق ‌و غەربدا، كە ئاشتیی كۆمەڵایەتی خستۆتە بەردەم هەڕەشە. بۆشایی نێوان نەوەكانی كوردەواری، كە دەڵێی بە زمانی ژاپۆنی لەگەڵ یەك دەدوێن ‌و وەرگێڕی خائین قسەكانیان دەگوازێتەوە.

بۆشایی نێوان ژن ‌و مێرد، نێوان كوڕ ‌و كچانی كوردەواری، كە سەدان مۆدێل ‌و بەدحاڵیبوون ‌و بەدگۆیی تێكیداون، سەدان داعشی كۆمەڵایەتی ‌و خێڵی دوژمن ‌و خێڵی درۆ دەوری داون. بۆشایی نێوان میدیای رەسمی ‌و بەرپرس ‌و رەوتی سۆشیال میدیای سەرهەڵداو ‌و گەشەكردوو، كە خراپ ‌و باشیان تێدایە ‌و پێمان لێك جیاناكرێتەوە.

بۆشایی زۆرن، هەر بۆشایی نێوان پێشمەرگە ‌و سوپا نییە. بۆشایی وا لەسەر سنووری بیلاڕوسیا، كە نازانین كێ كۆچەری هەژاری ‌و بێدەرەتانییە ‌و كێش ناجسن ‌و ناڕەسەنە، كە لەبەردەم دیكتاتۆری بیلاڕوسیا مەدحی دیكتاتۆری بیلامانای بەعس دەكات.

بۆشایی تر زۆرن، كە دەمگوت تۆی خوێنەریش هی تری لێ زیاد بكە. بەس بە كۆمێنتی زۆری نەشیاودا دەزانم پەیوەندیی نووسەر ‌و خوێنەریش وا تێكچووە، سەد داعش تەراتێنی تێدا دەكات ‌و سەد كۆمێنتچن ‌و دەستچن ‌و لوغمچێنی دەمامكدار، ژینگەكەی ئالودە ‌و پیس كردووە.

 150 جار بینراوە