سەرەکی » مانشێت » بافڵ جەلال تاڵەبانی: هەنگاوی پێویست دەنرێت بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێم و ناوچەكە و رێگریی دەكرێت لە هەر پلانێك ئارامی لە خەڵك تێكبدات

بافڵ جەلال تاڵەبانی: هەنگاوی پێویست دەنرێت بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێم و ناوچەكە و رێگریی دەكرێت لە هەر پلانێك ئارامی لە خەڵك تێكبدات

لە ناخی دڵمانەوە هاوخەمی و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكار و خانەوادەی ئەو پێشمەرگە قارەمان و تێكۆشەرانە دەكەین، كە رۆڵەكانیان شەوی رابردوو لە گوندی (قەرەسالم) لە سەنگەری بەرگرییدا شەهیدبوون. هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارانی ئەو كردەوە تیرۆریستییانەیە دەخوازین و ئامادەیی خۆمان دووپاتدەكەینەوە بۆ هەر كارێك و هاوكارییەك، كە لەپێناوی چارەسەریاندا پێویست بێت.

سەبارەت بەو جموجوڵە ترسنۆكانەیەی ئەم ماوەیەی تیرۆریستانی داعش لە سنوورەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكانی كوردستان، دڵنیاتان دەكەمەوە كە بەبێ وەڵام و گورزی پۆڵاینی هێزی پێشمەرگە، تێناپەڕێت.

بەندەش، سەرەڕای هەموو ئەركەكانی دیكە، زۆر بە وردی و لە نزیكەوە چاودێریی سەرجەم بەدواداچوون، پلان و ستراتیژ و شێوازی نوێی بەرەنگاری و گورزوەشاندن لە تیرۆریستان دەكات.

هەربۆیە كوردستانیان و دانیشتوانی ئەو ناوچانەش دڵنیادەكەینەوە، كە لە نزیكترین كاتدا ئەم مەرامانە پووچەڵدەكرێنەوە و هێزی پێشمەرگەی كوردستان تۆڵەی دڵۆپ بە دڵۆپی خوێنی شەهیدەكانمان دەكەنەوە و پارێزەری سەروماڵی یەك بەیەكتان دەبین.

بەڕاشكاوی رایدەگەیەنم هۆكاری ئەم زەفەربردنانە ئەوەیە ئەو سنوورانە پێویستیان بە پشتێنەی ئەمنیی تۆكمەتر هەیە، كە بە هێزی پێشمەرگە دەپارێزرێت و پێویستە بەخێرایی لە هەموو روویەكەوە ئامادە و پڕچەك بكرێن، هەربۆیە لەمڕۆوە هەنگاوی پێویست دەنرێت، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە هاوكاریی سوپای عیراق و هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆن و كێوماڵی بەپەلە دەكەین، تاوەكو ئاسایشی هەرێم و ناوچەكە بپارێزرێت و رێگریی بكرێت لە هەر پلانێك، كە ئارامی لە خەڵك تێكبدات.

بافڵ جەلال تاڵەبانی

 2,225 جار بینراوە