سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » کورد هەقی زۆری بەسەرمانەوە هەیە

کریستۆف لەگارد:

کورد هەقی زۆری بەسەرمانەوە هەیە

حەمە عوسمان – فەرەنسا

لە ماوەی پێشوودا لە پەرلەمانی فەرەنسا و لە رێگەی چەند پەرلەمانتارێکەوە پڕۆژە یاسای ناساندنی جینۆسایدکردنی کورد لە عیراق خرایەڕوو، بەداخەوە پڕۆژەکە سەری نەگرت، بەڵام وەکو چاودێرانی سیاسی دەڵێن، ئەمە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ ناساندنی تاوانەکانی رژێمی بەعس و رەوایەتی خەباتی گەلی کورد.

ئەم پڕۆژەیە لەلایەن کریستۆف لەگارد پێشکەشكرا. لەگارد سەرۆکی (یەکێتیی دیموکراسی سەربەخۆ) و هەروەها سەرۆکی فراکسیۆنی حزبەکەیەتی لە پەرلەمان. ئەو پەرلەمانتارەی داوای لە پەرلەمانی فەرەنسا کرد، جێنۆسایدی گەلی کورد بە دەستی رژێمی پێشوی عیراق بناسرێت. هەر پاش ئەوەی شەوی هەینی رێکەوتی 27 ی نۆڤەمبەر، پڕۆژەی ناساندنی جێنۆسایدی کورد، لە پەرلەمانی فەرەنسا تاووتوێکرا و پاشان خرایە دەنگدانەوە، بە داخەوە بە 9 دەنگ بەرامبەر بە 17 دەنگ، پەسەندنەکرا.

پاشان لە رێگەی ئێمەیلەوە پەیوەندییم پێوەکرد، وێرای دەستخۆشی و سوپاسگوزاریی، چەند پرسیارێکم ئاڕاستە کرد، ئەویش بەم جۆرە وەڵامی داینەوە.

*سەرەتا دەمەوێت بزانم، هۆکاری بیرکردنەوەت لە پێشنیازی ناساندنی ئەو کێشە ئاڵۆزە چۆن بوو؟ چۆن بیرت لەوە کردوەوە لە پەرلەمان ئەو پرسە بوروژێنیت؟

من وەک پەرلەمانتارێک، هەروەها وەک ئەوەی چانسی ئەوەم هەبوو کە ببمە سەرۆکی گروپی خوێندنەوە لە کێشەی کورد لە پەرلەمان، کە ژمارەمان 16 پەرلەمانتەرە لە هەموو حزب و لایەنە جیاوازەکان پێکهاتووە.

هەر لە چوارچێوەی کارەکانمدا وەک سەرۆکی ئەو گروپە، ژمارەیەک لە کەسایەتی کوردم ناسیووە و بیروڕامان ئاڵوگۆڕکردووە سەبارەت بە کورد و پەیوەندییمان دروستکردووە و بەردەوامیشین لەو پەیوەندییانە.

بۆ نموونە بەم نزیکانە، پێشوازیم لە وەفدێکی پەرلەمانتارانی کوردی کوردستانی عیراق کرد کە ئەندامی کۆمسیۆنی یاسا بوون لە پەرلەمانی کوردستان و خوازیاربوون کار بکەن لەسەر داڕشتنی دەستوور.

هەر لە چوارچێوەی کارەکانمدا، پێشوازییم کرد لە رێکخراوێک، ئەوانیش بوونە هۆی ئەوەی کە هەستم بهەژێنن بەرامبەر بە جێنۆساید و قوربانیانی کورد و کۆمەڵکوژییان لە سەردەمی رژێمی سەدام حسێندا.

من پێموایە کە کورد هەقی زۆری بەسەرمانەوە هەیە، سەرەتا بەناوی مێژووەوە، چونکە پیرۆزتر دەبوو لەکاتی تاوانی ئەو کۆمەڵکوژییە بە کۆمەڵیانەدا بناسرابایە کە باشترین رێگەش دەبوو، بۆ دووبارەنەکردنەوەی ئەو جۆرە تاوانانە، هەروەها لەبەرئەوەی کە کوردەکان بە بیروباوەڕ و بە خوێنیان بەرەوڕووی دوژمنانمان لە داعش بوونەوە.

من دڵنیام لەوەی کە بە دانپێدانان و ناساندنی پەرلەمانی فەرەنسا بە کۆمەڵکوژیی کە بەسەر کورددا هاتووە، کاریگەریی خۆی دەبوو، لەهەمان کاتیشدا دەبووە ئاماژەیەکی زۆر بەهێز بۆ داهاتوو.

*ئایا هەر بۆ هەمان مەبەست داوات لە بەشداربوونی گروپەکانی تری پەرلەمانی نیشتمانی کرد؟

من کە سەرۆکی گروپی خوێندنەوە لە کێشەی کوردم لە پەرلەمان، ئەو پێشنیازەم ناردووە بۆ هەموو ئەندامانی پەرلەمانی پەیوەندییدار بۆئەوەی ئاشانای ئەو پێشنیازە بن و پاشان ئیمزای بکەن و پشتگیریی لێ بکەن.

*بە بۆچوونی ئێوە، بۆچی پێشنیازەکەتان پەسەندنەکرا؟

-هیچ تێنەگەیشتم لەو پاساو و بیانوو و بۆچوونانەی کە لەلایەن حکومەت و زۆرینەوە پێشکەشکرا بۆ رەتکردنەوەی ئەو پێشنیازە، چونکە سەرەتا ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە پێشنیازێک بۆ بڕیارێك و ناساندنی کۆمەڵکوژیی و جێنۆساید، نەک بۆ پێشنیازێک بۆ یاسایەک، پێشنیازی بڕیاڕێک پێچەوانەی پێشنیازی داوای یاسایەکە یان پڕۆژەیاسایەکە، چونکە ناساندنی ئەو پێشنیازە تەنها شێوەیەکی سیمبۆڵی لەخۆ دەگرت، خۆ ئەگەر پەسەندیش بکرابایە حکومەتی فەرەنسا هیچ پابەندبوونێکی نەدەبوو.

هەر لە میانەی گفتوگۆکانمان سەبارەت بەم پرسە، باس لەوە دەکرا کە بە ناساندنی کۆمەڵکوژیی و جێنۆساید بۆ کوردەکان لە عیراق، دەبێتە هۆکارێک کە بەشێوەیەک لە شێوەکان دەرکەوتنی ناڕەزایی دانیشتووانی تر کە کوردنین و بەدەستی رژیمی ئەوکاتەی عیراق بە هەمانشێوە چەوساونەتەوە، بەڵام ئەم جۆرە پاساوانە گوێیان بۆ ناگیرێت، چونکە کاتێک جێنۆسایدی جووەکان و زیتانیەکان (قەرەجەکان) ناسرا، خۆ لە فەرەنسا نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا ترساندن و داپڵۆسین و هەڵسوکەوتی نامرۆڤایانە کە دژیان کرا نەتوانرا ئینکاریی بکرێت و چاوی لێ بپۆشرێت و هیچکات لەبیر بکرێن.

هەندێک لە پەرلەمانتارانیش پێیانوابوو کە جێنۆسایدی کوردەکانی عیراق پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بناسرێت، ئەم بۆچوونانەش بڕناکات، چونکە ئەم پرسە لەلایەن پەرلەمانەکانی ترەوە پێشتر بەکردار کراوە و ناسراوە. بە بیرتان دەهێنمەوە کە عەلی حەسەن مەجید لەلایەن بەرزرترین دادگای باڵای عیراق، بە تاوانی جێنۆساید و تاوان دژی مرۆڤایەتی لەسێدارەدرا. بەڵام حکومەتی فەرەنسا و زۆرینەی پەرلەمانتارانیان لە پەرلەمان پێیانوایە کە فەرەنسا ناتوانێت جێنۆسایدی کورد بناسێنێت. بەگشتی پێیان وابوو کە ئەم جۆرە ناسندنە رەنگە ببێتە هۆکاری تێکچوون و ئاڵۆزکردنی پەیوەندیی نێوان فەرەنسا و دەوڵەتی عیراق، لەکاتێکدا هیچ کاتێک و هەرگیز حکومەتی ئێستای عیراق، بەرپرسیار نییە لەو جێنۆساید و لەو تاوانانەی کە سەدام حسێن لەکاتی دەسەڵاتیدا دژی مرۆڤایەتی کردوێتی.

ئێمە تێگەیشتن کە هەموو پەرلەمانتاران باس لە هەموو ئەو ناهەمواریی و ناهەقییە دەکەن کە بەسەر کوردا هاتووە، بەڵام حکومەت و زۆرینەی پەرلەمانتارانیان لە پەرلەمان، تەنانەت حزبی کۆمۆنیستی فەرەنساش کە ماوەیەک لە حوکمدا بوون و بەردەوام پشتگیریی کوردیان کردووە، ئەوانیش ئامادە نەبوون پشتگیریی ئەو پێشنیازە بکەن و دژی ئەو پێشنیازە دەنگیاندا کە ئێمە هەوڵمان بۆ دابوو، تەنانەت ئامادەی دانیشتنەکەی پەرلەمانیش نەبوون.

*پێتان وایە کە لە دەرفەتێکی تردا دووبارە ئەو پێشنیازە نوێ دەکەنەوە لە پەرلەمان، رەنگە ئەمجارەیان بە هەمەئاهەنگی لەگەڵ گروپەکانی تردا ئەگەر چەپ بن یان راست پێکەوە کاری بۆ بکەن؟

لەراستیدا لە فەرەنسا وەک نەریتێک هەموو کارو چالاکییەکانی پەرلەمانتاران و پەرلەمان، لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا بۆ سەرۆکایەتی فەرەنسا دەوەستێت، دوای کەمتر لە پێنج مانگ ئەم هەڵبژاردنە بەڕێوەدەچێت، بۆیە ئێستا توانای ئەوەم نییە بۆ جاری دووەم بتوانم بەرگریی لەو داوایە بکەمەوە و کاتەکەشی لەبار نییە، هەتا هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بۆ پەرلەمان، واتە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی فەرەنسا، چونکە هەر دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی فەرەنسا، دووبارە پەرلەمانیش دەگۆڕدرێت و دەنگدانی بۆ دەکرێت. زۆرینە و کەمینەی نوێ دێتەوە ناو پەرلەمان و کارەکان دەستپێدەکاتەوە، خۆ ئەگەر لە هەڵبژاردنی داهاتوودا جارێکی تر هەڵبژێردرامەوە، هیواخواز دەبم بۆ جاری دووەم ئەو کەیسە دووبارە بخەمەوە بەرنامەی کارەکانی پەرلەمانەوە، بە هەمانشێوە ئومێدەوارم کە هەموو پەرلەمانتەران کە ئاواتەخوازن لەگەڵماندا بن، ئەگەر چەپ بن یان راست، پێشوازییان لێ دەکەین بۆ هەوڵەکانمان لەسەر ئەو کەیسە و دواجار بۆ ناساندنی کەیسی جێنۆسایدکردنی گەلی کورد لە عیراق.

 824 جار بینراوە