سەرەکی » ئابووری » نۆ نـاوچـەی پیشەسازیی گـەورە لـە هـەرێم دروسـت دەكـرێت

نۆ نـاوچـەی پیشەسازیی گـەورە لـە هـەرێم دروسـت دەكـرێت

یەکەی ئابووری

دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم ئاشكرایدەكات: لەمساڵدا مۆڵەتیان بە 68 پڕۆژە بە بەهای زیاتر لە هەشت ملیار و 500 ملیۆن دۆلار داوە و 902 پڕۆژەش لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بە بڕی زیاتر لە 20 ملیار دۆلار پەسەندكراون. هاوكات بۆ ساڵی داهاتوو پلانیان هەیە نۆ ناوچەی پیشەسازیی گەورە لە هەرێمی كوردستان دروست بكەن.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، د.محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم روونیكردەوە: لە ساڵی 2021دا، مۆڵەت بە 68 پڕۆژە بە بڕی زیاتر لە هەشت ملیار و 500 ملیۆن دۆلار دراوە. هاوكات 902 پڕۆژەش لە هەموو هەرێمی كوردستان بە بڕی زیاتر لە 20 ملیار دۆلار پەسەندكراون.

وتیشی: «لەمساڵدا رێبەری وەبەرهێنانمان بە هەرسێ زمانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی ئامادە و بڵاوكردۆتەوە، كە زیاتر لە هەزار و 500 هەلی كاری وەبەرهێنانی تێدا خراوەتەڕوو، هەر لە پڕۆژەكانی ژێرخانی ئابووری، بە تایبەتی دروستكردنی بەنداو، رێڕەو و رێگەی ئاو بۆ پڕۆژە كشتوكاڵییەكان و پڕۆژەكانی پیشەسازیی، هەروەها دروستكردنی ناوچەی پیشەسازیی».

بەوتەی سەرۆكی ئەو دەستەیە، پلانمان داڕشتووە كە نۆ ناوچەی گەورەی پیشەسازیی لە هەرێمی كوردستان دروست بكەین.
راشیگەیاند: لە مانگی 11ی ئەمساڵەوە هەوڵیانداوە بۆئەوەی لە سەرەتای ساڵی 2022دا نەخشەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان دروست بكرێت و وتی: «لە قۆناغی یەكەمدا 50 پڕۆژە لە هەموو سێكتەرەكان لە هەرێمی كوردستان دەستنیشانكراوە، بە تایبەت لە سێكتەرەكانی كشتوكاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزار».

وتیشی: «ساڵی 2021، ساڵێكی پڕ لە وەبەرهێنان بوو لە هەرێم و بە دووەم ساڵ دادەنرێت لە رووی قەبارەی پارەی وەبەرهێنراو لە هەرێمی كوردستان لە دوای ساڵی 2013، كە ئاماژەیەكی زۆرباشە بۆ بووژانەوەی سێكتەرە هەمەجۆرەكان».

 

 98 جار بینراوە