سەرەکی » ئابووری » «حكومەت رێگریی بكات لە هاوردەكردنی مریشكی بەستوو» كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان هەڕەشەی داخستنی كێڵگەكانیان دەكەن

«حكومەت رێگریی بكات لە هاوردەكردنی مریشكی بەستوو» كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان هەڕەشەی داخستنی كێڵگەكانیان دەكەن

كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان لەبارەی هاوردەكردنی مریشكی بەستوو بۆ هەرێمی كوردستان نیگەرانە و رایدەگەیەنن: كەرتی پەلەوەری خستۆتە مەترسییەوە.

پێداویستییەكانی ناوخۆ لە گۆشتی سپی پڕ دەكاتەوە
نازم عەبدوڵڵا جاف، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان بە ماڵپەڕی (PUKmediaی راگەیاندووە: ساڵانێكی زۆرە داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین كە هاوردەكردنی مریشكی بەستوو رابگرن، چونكە مریشكی زیندووی خۆماڵی بەشی هەموو بازاڕ و هەناردەكردنیش دەكات.

وتیشی: «بەوتەی ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رێژەیەكی زۆر لە مریشكی بەستوو هاوردە دەكرێت، كە بێگومان دەبێتە زیانێكی زۆر بۆ كەرتی پەلەوەر لەناوخۆی هەرێمدا».

سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان ئاماژە بەوەشدەكات: هەرچەندە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم هاوردەكردنی مریشكی بەستوویان قەدەغە كردووە، بەڵام بە رێژەیەكی بەرچاو مریشكی بەستووی توركی و بەرازیلی لە بازاڕەكاندا هەیە و لە مەرزەكانەوە هاوردەی هەرێم دەكرێت. ئەمە لەكاتێكدا بەرهەمی خۆماڵی لە مریشك (100 %) پێداویستییەكانی ناوخۆ لە گۆشتی سپی پڕ دەكاتەوە و تەنانەت دەتوانرێت هەناردەی دەرەوەی هەرێمیش بكرێت. بۆیە پێویستە حكومەت هاوكاریمان بكات لە رێگەگرتن لە هێنانی مریشكی بەستوو لە دەرەوە.

نرخەكان بەرزبوونەتەوە
ئەو روونیدەكاتەوە: «ئەگەر بیانووی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت لە هاوردەكردنی مریشكی بەستوو ئەوەیە كە بازاڕ ئازادە، ئەوە پێویستە رێگە بە خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكانیش بدرێت بە ئازادانە جوجك و عەلەف لە دەرەوە هاوردە بكەن».

سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان جەخت دەكاتەوە: «نرخی ئالیك نزیكەی 150 دۆلار بەرزبۆتەوە، نرخی هێنانی جوجكە نزیكەی پەنجا سەنت بەرزبۆتەوە، هاوكات نرخی غازیش بەرزبۆتەوە، ئەمە جگە لە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، بۆیە لێرەوە داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەین، بە زوویی رێگریی بكات لە هاوردەكردنی مریشكی بەستوو، ئەگەر هیچ رێكارێكیش نەگیرێتەبەر، ئەوا ناچار دەبین پەنا بەرین بۆ دادگای فیدراڵی، ئەگەر هەر بێ ئەنجام بوو، ناچارین هەموو هۆڵە پەلەوەرییەكان دابخەین».

جێگەی ئاماژەبۆكردنە، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، 950 پڕۆژەی كێڵگەی پەلەوەریی هەیە و ئێستاش 250 پڕۆژەی دیكە لە هەوڵی دروستكردندان و چاوەڕێی مۆڵەتن.

 101 جار بینراوە