سەرەکی » ئەدەب و هونەر » خوێندنه‌وه‌ی رۆمانی سێبه‌ری ئه‌وین

خوێندنه‌وه‌ی رۆمانی سێبه‌ری ئه‌وین

رۆمانی مێژوویی له‌ ئه‌ده‌بی كوردیدا ژماره‌یه‌كی ئه‌وه‌نده‌ زۆری نییه‌، هه‌روه‌كو چۆن ژماره‌ی رۆماننووس و چیرۆكنووسه‌كانمان به‌ به‌راورد به‌ ژماره‌ی خۆمان كه‌مه‌. ئه‌م شێوه‌ نووسینه‌ش كه‌متر نووسه‌ران خۆیان له‌ قه‌ره‌داوه‌. ئه‌گه‌رچی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر ده‌ستیان دایه‌ نووسینی رۆمانی مێژوویی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر كه‌مه‌. یه‌كێك له‌و نووسه‌رانه‌ی كه‌ له‌ رۆمانه‌كانیدا سوودی له‌ مێژووی كورد و به‌سه‌رهاته‌ خوێناوییه‌كان و شۆڕشه‌كانی كورد بینیوه‌، نووسه‌ری ناوداری باكووری كوردستان محه‌مه‌د ئۆزۆنه‌. ئه‌م نووسه‌ره‌ چه‌ند رۆمانێكی هه‌یه‌ كه‌ به‌ شێوازه‌ی سێبه‌ری ئه‌وین نووسیوێتی. سوودی له‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بینیوه‌.

سێبه‌ری ئه‌وین رۆمانێكی نووسه‌ری باكووری كوردستان محه‌مه‌د ئۆزۆنه‌ و فاروق رۆسته‌می به‌و كوردییه‌ رێك و پێك و جوانه‌ی له‌ كرمانجی ژووره‌وه‌ گۆڕیوێتی بۆ كوردی سۆرانی. كه‌ شایه‌نی خوێندنه‌وه‌ و ده‌ستخۆشی و له‌سه‌ر وه‌ستانه‌. چونكه‌ زیره‌كانه‌ رۆمانه‌كه‌ی گۆڕیوه‌ بۆ سۆرانی و كوردییه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده‌ جوان و شیرینه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی وه‌ڕس نابی. ره‌وانشاد شاعیری نه‌ته‌وه‌یی كورد جه‌لالی مه‌له‌كشا پێشه‌كی بۆ نووسیوه‌ و تێیدا ئاماژه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنی كاره‌كه‌ی وه‌رگێڕ ده‌كات. رۆمانه‌كه‌ له‌ بڵاوكراوه‌كانی وه‌شانخانه‌ی مادیاره‌.

ناوه‌ڕۆكی رۆمانه‌كه‌ گێڕانه‌وه‌ی مێژووی شۆڕشی ئاگری داخه‌، چیرۆكی ژیانی شۆڕه‌سوارێكی كورده‌. گێڕانه‌وه‌ له‌م رۆمانه‌دا ساڵ به‌ ساڵی ژیانی مه‌مدووح سه‌لیم به‌گه‌ چۆن ژیاوه‌.

باسی چه‌ند قۆناغێك له‌ ژیانی ناوبراو چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی كورد و شۆڕشی كورد ده‌گێڕێته‌وه‌. له‌ پاڵ ژیانی مه‌مدوح سه‌لیم به‌گ باس له‌ ئیحسان نوری پاشا و ئه‌مین عالی به‌درخان و جه‌للاده‌ت به‌درخان و كۆمه‌ڵه‌ی ته‌عالی و ته‌ره‌قی ده‌كات. چیرۆكی له‌ داردانی شێخ سه‌عیدی پیران ده‌گێڕێته‌وه‌. باس له‌ كۆمه‌ڵه‌ی هێڤی و گۆڤاری ژین ده‌كات.

چیرۆكی‌ رۆژگاری ره‌شی كورد ده‌گێڕێته‌وه‌ له‌سه‌روه‌ختی رۆخانی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی و دامه‌زرانی كۆماری توركیای نوی و سه‌رده‌می ئه‌تاتورك ئه‌و پیاوه‌ی له‌سه‌رده‌می نوێدا كه‌وته‌ قڕكردنی كورد و چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد. گێڕانه‌وه‌ له‌ بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات. مه‌مدوح سه‌لیم به‌گ له‌ كه‌ناری ده‌ریادا پیاسه‌ ده‌كات و بیر له‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه‌. چیرۆكی مه‌مدوح و ئاسته‌نگه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌ تازه‌ و خوێنمژه‌كه‌ی توركیایه‌ كه‌ رێ له‌ كورد ده‌گرێ وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك بژین و مافه‌كانیان قۆرغ ده‌كات. مه‌مدوح له‌سه‌ر ده‌ریای وانه‌وه‌ بۆ كۆڵانه‌كانی ئه‌نتاكیاوه‌ بۆ به‌یروت. چیرۆكی كۆمه‌ڵكوژكردنی كورده‌. خاكی كورد داگیر ده‌كات و زمانه‌كه‌ی قه‌ده‌غه‌ ده‌كات.

به‌گشتی ئه‌م رۆمانه‌ به‌ بیانوی گێڕانه‌وه‌ی ژیانی مه‌مدوح سه‌لیم به‌گ گێڕانه‌وه‌ ده‌چێته‌ نێو ژیانی كورد له‌ باكوور و گێڕانه‌وه‌ چیرۆكی قۆناغێكه‌ له‌ ژیانی كورد له‌ باكوور كه‌ چۆن سڕكراون. بێ به‌ش كراون له‌ هه‌موو مافێك. سه‌رده‌می دوای روخانی عوسمانی و دروستبوونی ده‌وڵه‌ته‌ نوێكه‌ی توركیای تازه‌ كه‌ سه‌رده‌می سڕكردن و بێده‌نگ كردنی كوردبووه‌. كه‌ چۆن كورد چه‌وسێنراوه‌ته‌وه‌ به‌ جۆرێك كه‌ مافی قسه‌كردنیان نه‌بووه‌. هه‌ربۆیه‌ كوردیش وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بێده‌نگ نه‌بووه‌ و شۆڕش له‌ دوای شۆڕش توركیای هه‌ژاندووه‌. ئه‌م رۆمانه‌ چیرۆكی ئه‌و توركیایه‌ كه‌ به‌ ناوی توركیایه‌كی به‌هێزه‌وه‌ ویستی كورد بتوێنێته‌وه‌ و نه‌یتوانی.

مه‌مدوح سه‌لیم به‌گ رۆشنبیر و شۆڕشگێڕی كوردی باكوور ساڵی 1880 له‌ شاری وان له‌دایك بووه‌. ساڵی 1976 كۆچی دوایی كردووه‌. رۆشنبیرێكی كوردپه‌روه‌ر بووه‌ و رۆڵی هه‌بووه‌ له‌ دامه‌زراندنی چه‌ندین كۆمه‌ڵه‌دا له‌وانه‌ كۆمه‌ڵه‌ی خۆیبوون. جه‌معیه‌تی ته‌عای و ته‌ره‌قی و گۆڤاری ژین و به‌ هۆی ئه‌و تێكه‌ڵی دۆستایه‌تییه‌ی له‌ته‌ك ئه‌رمه‌نه‌كان هه‌یبووه‌ فێری زمانه‌كه‌یان بووه‌. ئه‌وه‌ی له‌م رۆمانه‌دا هه‌یه‌ باسخواسی ژیان و رۆڵی ئه‌و پیاوه‌ مه‌زنه‌ی كورده‌.

ئه‌ده‌ب و هونه‌ر

 157 جار بینراوە