سەرەکی » راپۆرت » بەشێكی زۆری پێداویستی بەشە ناوخۆییەكان دابینكراوە

لەسەر راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی

بەشێكی زۆری پێداویستی بەشە ناوخۆییەكان دابینكراوە

ئا: ئەسرین محەمەد

سۆزی كاروان كە خوێندكارێكی زانكۆی سلێمانییە و دانیشتووی شاری كەلارە و لە بەشەناوخۆیی كچان لە كەمپی قلیاسان دەمێنێتەوە، پاش پشوویەكی درێژ بە رەنگ و روویەكی گەشەوە چووە ناو ژوورەكەی و وتی: «بەڕاستی هەستم بە گۆڕانكارییەكی زۆر كرد لە چێشتخانە و موشتەمەلات و تەواوی بیناكەدا، بۆ ژوورەكانیش كومباری تازەیان پێداوین و سەرجەم كارەكان جێی دەستخۆشین».

هاوكات، كاروان مەحمود كە لە بەشەناوخۆیی كوڕان لە كەمپی قلیاسان دەمێنێتەوە، بەهەمان شێوەی سۆزی، خۆشحاڵە بە جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان و دەڵێت: «بەشێكی زۆر لە داخوازییەكانمان جێبەجێكراون و گۆڕانكاریی زۆر لە بەشە ناوخۆییەكان كراوە و تەنیا بەشێكی كەم لە داواكارییەكان ماون جێبەجێبكرێن، بۆیە پێیانڕاگەیاندووین كە كارەكان بەردەوام دەبن».

سیمای گشتیی بەشە ناوخۆییەكان گۆڕاون
رۆژی 1ی 12ی 2021، لەسەر راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، لیژنە تایبەتمەندەكان دەستیانكرد بە دابینكردنی پێداویستی و نۆژەنكردنەوەی بەشە ناوخۆییەكان و جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خوێندكاران.

لەو چوارچێوەیەدا، بەشێكی زۆر لە پێداویستییەكانی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكانی سنووری (سلێمانی، هەڵەبجە، كەركوك، خانەقین، كۆیە، هەڵەبجەی تازە، پێنجوێن، كەلار، رانیە، تەقتەق، قەڵادزێ، دوكان، چوارتا، دەربەندیخان، كفری، چەمچەماڵ و سەیدسادق) دابینكراون.

ئەو پێداویستییانەی كە لەو چوارچێوەیەدا بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەكان دابینكران بریتین لە: (بەفرگر، تەباخ، بۆیلەر، سۆپا، گسكی كارەبایی، كومبار، سنگی قاپ شتن، تەلەفزیۆن، كەوانتەر، سپلێت، جلشۆر، دۆڵاب، كورسی بۆ كتێبخانە، مێزی نانخواردن، سیسەم، پەردە، تانكی ئاو، دانانی سیستمی غازی شل بۆ باڵەخانەی سەرجەم بەشە ناوخۆییەكان، نۆژەنكردنەوەی ئاو و ئاوەڕۆ و كارەبای سەرجەم ئەو بەشە ناوخۆییانەی كە پێویستییان پێیەتی، لەگەڵ بۆیاخكردنی باڵەخانەكان).

شەنگە حسێن كە دانیشتووی قەزای پێنجوێنە و لە بەشە ناوخۆییەكانی سلێمانی دەمێنێتەوە، ئاماژە بەوە دەكات: «سیمای گشتیی بەشە ناوخۆییەكان گۆڕاون، بەشێك لە داخوازییەكانمان بوون بە كردار، هیوادارم ئەو بەڵێنانەی تریش كە ماون، جێبەجێبكرێن».

بە زویی دەستیانكرد بە كاركردن
لای خۆیەوە، نەژاد حسێن لێپرسراوی بەشە ناوخۆیی كوڕان و كچان لە كەمپی قلیاسانی سەر بە زانكۆی سلێمانی، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئەو بەڵێنانەی كە بافڵ جەلال تاڵەبانی بە خوێندكارانی دا، بە خێرایی كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەشێوەیەك دەستوبرد ستافەكانی ئیدارەی گشتیی یەكێتی هاتنە بەشە ناوخۆییەكان و كەموكوڕییەكانیان دەستنیشانكرد و بە زویی دەستیانكرد بە كاركردن و جێبەجێكردنی داواكارییەكان، كاركردنیان بە جۆرێك بوو، زۆربەی ستافەكان بە شەو و رۆژ كاریان دەكرد بۆ دابینكردنی پێداویستییەكان.

وتیشی: «بەشێك لەو بەڵێنانەی كە ماون جێبەجێبكرێن، پەیوەندیی بەوەوە هەیە كە كەموكوڕی بەشە ناوخۆییەكان زۆرن و لە بازاڕدا بە ئاسانی هەموویان دەستناكەون، بۆیە گرێبەست كراوە لەگەڵ كۆمپانیا تایبەتمەندەكان لە دەرەوەی وڵات، بۆئەوەی ئەو كەرەستانەی پێویستە و بەو ژمارەیەی داواكراوە دەستەبەر بكرێت و پاشان دەستبكرێت بە دانانیان لە بەشە ناوخۆییەكاندا».

كێشەكان كەڵەكەبووی هەشت ساڵن
بەوتەی لێپرسراوی بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆی سلێمانی، لەو ماوەیەی پشوو بووە، سەرجەم پێداویستییە سەرەكییەكانی وەك: (تەباخ، سنگی مەتبەخ، سیستمی غاز، خەڵڵات، دەرگا بۆ موشتەمەلاتەكان و گۆڕینی گڵۆپ و دەسكی دەرگا، راخستنی كومبار و سیستمی ساردی و گەرمی بۆ ژوورەكان و ئاوی خواردنەوە) دابینكراون و پێداویستییەكانی تریش، قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێدەكرێن.

باسی لەوەشكرد: بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بۆتەوە، حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە بە باشی كاری چاككردن و نۆژەنكردنەوە بۆ كەلوپەل و ئامێر و بینای بەشە ناوخۆییەكان بكات، بۆیە هەموو ئەو كێشانە كەڵەكە بوون و چاككردنەوە و دابینكردنی كەموكوڕییەكان كاری بەردەوام و كاتی زۆری دەوێت.

یەكێتی و داواكاریی خوێندكاران
هاوكات، ژیار یاسین ئەندازیاری سەرپەرشتیار، بە كوردستانی نوێ-ی وت: «بەشێكی زۆر لە پێداویستیی بەشە ناوخۆییەكانی عەواڵ بە كوڕان و كچانەوە دابینكراون و بەردەوامیش دەبن لە كاركردن بۆ دابینكردنی سەرجەم ئەو پێداویستییانەی تر كە بڕیاریان لێ دراوە».

روونیشكردەوە، تائێستا بەبڕی زیاتر لە 11 ملیار دینار كەلوپەل و پێداویستی بۆ بەشە ناوخۆییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و راپەڕین و گەرمیان و خانەقین و كەركوك دابینكراوە و كاركردن بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی دیكەش بەردەوامن.

تەنیا لە زانكۆی سلێمانیدا 34 باڵەخانەی تایبەت بە بەشە ناوخۆیی بۆ كوڕان و كچان هەیە كە نزیكەی نۆ هەزار و 500 خوێندكاریان تێدایە، ئەوە جگە لە بەشە ناوخۆیی زانكۆكانی دیكە.

دوای ناڕەزایی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیان و كۆیە و چەمچەماڵ، بۆ داواكردنی مافە داراییەكانیان و دابینكردنی پێداویستییەكانیان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك یەكەم و تاكە حزب، داوای خوێندكارانی بە رەوا زانی و بەدەم داواكارییەكانیانەوە چوو.

لەو چوارچێوەیەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی، زیاتر لە 20 سەعات لەگەڵ نوێنەرانی خوێندكارانی ناڕازی كۆبۆوە و بەڵێنی پێدان، ئەوەی لە توانای یەكێتیدا بێت بۆیان بكات و كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكات، هەروەها بەڵێنی پێدان هاوكارییەكانی یەكێتی بگەیەنێتە بەشە ناوخۆییەكان، كە داواكارییەكی سەرەكیی خوێندكاران بوو.

لە سەرەتای خۆپیشاندانەكانی خوێندكارانەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، داوای خوێندكارانی بە رەوا زانی و خوێندكارانی خۆپیشاندەری بە خوشك و كچ و برا و كوڕی خۆی وەسفكرد و پشتیوانیی خۆی بۆ دەربڕین، داواشی لە خوێندكاران كرد، بۆ داواكردنی مافەكانیان هێمنی بپارێزن و رێز لە یاسا بگرن، ئەوانیش چی لە توانایاندا هەبێت، درێغی ناكەن لە خزمەتكردنیان.

 786 جار بینراوە