سەرەکی » دۆسێ » ئاوێنەی عیراق » سوننەكان لە نێوان هاوپەیمانی و كودەتا بەسەر یەكدا

سوننەكان لە نێوان هاوپەیمانی و كودەتا بەسەر یەكدا

ئاوێنەی عیراق

دیمەنی سیاسی سوننەكان رۆژێكی پڕ ململانێی بەخۆوەبینی، لەنێوان كودەتا لەنێو فراكسیۆنێك و راگەیاندنی هاوپەیمانی نوێ‌.

لە 5ی كانوونی دووەمی 2022، سەرچاوەكان ئاماژەیان بە سازدانی كۆبوونەوەیەك كرد لە ماڵی قاسم فەهداوی سەركردە لە هاوپەیمانی عەزم، لە كۆبوونەوەكەدا خەمیس خەنجەر لە سەركردایەتی هاوپەیمانییەكە لادرا، موسەننا سامەڕائی وەك سەرۆكی نوێ‌ دەستنیشانكرا.

هاوپەیمانییەك زیاتر لە 60 پەرلەمانتار لەخۆدەگرێت
بەڵام لە كاتژمێرەكانی ئێوارەی هەمان رۆژ رەوشەكە جیاواز بوو، بەو پێیەی سەركردەكانی تری عەزم لەگەڵ سەركردەكانی تەقەدوم كۆبوونەوە و پێكهێنانی هاوپەیمانییەكیان راگەیاند كە زیاتر لە 60 پەرلەمانتار لەخۆدەگرێت و نوێنەرایەتی زۆرینەی پێكهاتەی سوننە دەكەن.

هاوپەیمانی عەزم بەسەركردایەتی خەمیس خەنجەر، خۆشحاڵی بەرامبەر بە بانگەوازێكی هاوپەیمانی تەقەدوم دەربڕی كە لەلایەن محەمەد حەلبوسییەوە سەركردایەتی دەكرێت، بۆ «یەكخستن و یەكگرتنی هەردوولا»، بانگەوازەكەشی بە هەنگاوێكی مێژوویی لەقەڵەمدا.

ستایشكردنی هەڵوێستەكەی حەلبوسی
خەنجەر لە بەیاننامەیەكدا لەو بارەیەوە رایگەیاند»لەكاتێكدا هەڵوێستی براكانمان لە هاوپەیمانی تەقەدومی نیشتمانی بەرز دەنرخێنین و لەسەرو هەمووشیانەوە محەمەد رێكان حەلبوسی و براكانی تر لە هاوپەیمانییەكە، بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكان و گوێنەگرتن لە هەموو ئەو گوشارانەی كران لەپێناو دوورخستنەوەمان لە كاریی هاوبەش كە خزمەت بە جەماوەرەكەمان دەكات، ئێمە خۆشحاڵی خۆمان بەرامبەر بەو هەنگاوە مێژووییە و گیانە نیشتمانییە گەورەیە دەردەبڕین».

بانگەوازێك لە تەقەدومەوە بۆ دەستبەرنەدان لە خەنجەر
لەكاتێكدا هاوپەیمانی تەقەدوم بەسەركردایەتی محەمەد حەلبوسی داوای پێكهێنانی هاوپەیمانی كردبوو لەگەڵ عەزم بەر لە سازدانی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ‌، سەڵاح جبوری وتەبێژی هاوپەیمانی عەزم لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو»هاوپەیمانی عەزم پتەوە و بە پتەوی دەمێنێتەوە و تاكە سەركردەشی خەمیس خەنجەرە».

رێكەوتن لەسەر پاكێجێك بۆ دانوستان
ئەمجەد داینی سەركردە لە هاوپەیمانی عەزم رایگەیاندبوو، هەردوولا لەسەر دانانی پاكێجێك بۆ دانوستان رێكەوتن، بە تایبەت لە ناوچە رزگاركراوەكان، لەپێناو گفتووگۆ لەگەڵ فراكسیۆنە سیاسییەكانی تر.

كاتژمێری یەكلایی كردنەوە
داینی بە ماڵپەڕی (المسری)ی راگەیاندبوو»لە كاتژمێرەكانی داهاتوو، گفتووگۆی دروودرێژ بۆ یەكلایی كردنەوەی دۆسێی سەركردایەتیكردنی پەرلەمان دەكرێت، وێڕای گفتووگۆ لەسەر دابەشكردنی ئەو پۆستانەی بۆ پێكهاتەی سوننە دادەنرێن لە ناوچە رزگاركراوەكان».

كۆبوونەوەی یەكەم
یەحیا كوبەیسی، نوسەر و شرۆڤەكاریی سیاسی پێیوایە، دانیشتنی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەران رواڵەتە و بۆ سوێندخواردنی دەستورییە.

بە وتەی كوبەیسی»ئەزموونی پێشینەمان هەیە لەڕووی بەرزكردنەوەی ئاستی داواكارییەكان كە جگە لە كارتێكی گوشار چی دی نییە، چونكە سروشتی سیاسی عیراق رێگە بە بوونی ئۆپۆزسیۆن و زۆرینە نادات».
پێشتر لەسەر داوای بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران لە یەك شەممەی رابردوودا سازكرا و دانیشتنەكەش لەلایەن مەحمود مەشهەدانی بەو پێیەی بەتەمەنترینە، سەرۆكایەتی كرا.

لەلایەكی ترەوە، دوای بگرە و بەردەیەكی زۆر، پێكهاتەی سوننە لە عیراق، كاندیدكردنی محەمەد حەلبوسی وەك كاندیدی هەردوو هاوپەیمانی تەقەدوم و عەزم بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان یەكلایی كردەوە.

بەپێی بەیاننایەك كە پێش سازدانی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان لە 9ی كانوونی دووەمی 2022 لەلایەن یەحیا محەمەدی وتەبێژی هاوپەیمانی تەقەدومی نیشتمانییەوە بڵاوكرایەوە»هەڵبژاردنەكەی ئەم دواییە هاوكێشەیەكی سیاسی نوێی هێنایەئارا كە كاریگەریی بەرچاوی لەسەر واقعی عیراق دەبێت، لێكگەیشتنی نێوان هەردوو هاوپەیمانی تەقدوم و عەزمیش بەڵگەیەكی روونی ئەو راستییەیە».

بە وتەی محەمەدی»ئەو تێكەڵبوونەی نێوان عەزم و تەقەدوم، كاردانەوەی راستەوخۆی لەسەر واقعی پارێزگا رزگاركراوەكان دەبێت، بە ئامادەبوونی 67 پەرلەمانتاری براوەی هەردوو هاوپەیمانی تەقەدوم و عەزمیش، دەنگدرا بۆ سەرۆكایەتیكردنی خەمیس خەنجەر بۆ هاوپەیمانییەكە و محەمەد حەلبوسی وەك تاكە كاندید بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان».

هەر لەو چوارچێوەیەدا، خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند»هەڵبژاردنی حەلبوسی وەك كاندید لەلایەن پێكهاتەی سوننە، كاریگەریی دەبێت بۆ ئاوەدانكردنەوە و سەقامگیری لە پارێزگا رزگاركراوەكان».

وێڕای رێكەوتنی هێزە سوننەكان لەسەر كاندیدكردنی یەك كاندید بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام پۆستەكە لە دانیشتنی یەكەمدا یەكلایی نابێتەوە، هۆكاریی ئەمەش بۆ رێنەكەوتنی هێزە شیعە و كوردەكان دەگەڕێتەوە لەسەر كاندیدەكانیان بۆ جێگرەكانی یەكەم و دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران.

هەر لەو بارەیەوە، عامر ئەلبك، شرۆڤەكاریی سیاسی بە ماڵپەڕی (المسری)ی راگەیاند»كاندیدكردنی حەلبوسی لەلایەن پێكهاتەی سوننەوە، گوشار لەسەر هەردوو پێكهاتەی شیعە و كورد زیاتر دەكات، لەپێناو دەستنیشانكردنی كاندیدەكانیان بۆ سەرۆكایەتی كۆمار و سەرۆك وەزیران».

ئەمەش لەكاتێكدایە كە هەندێك پەرلەمانتار جیابوونەوەی خۆیان لە هاوپەیمانی عەزم راگەیاند و مەحمود مەشهەدانییان بۆ خولی پێنجەمی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران كاندیدكرد.

پێداگری لەسەر مەشهەدانی
هەردوو هاوپەیمانی عەزم و حەسم لە بەیاننامەیەكدا رایانگەیاندبوو»بەڕەچاوكردنی پێداویستییەكانی قۆناغەكە و بۆ بەرژەوەندی نیشتمانی، هەردوو هاوپەیمانی عەزم و حەسم بەسەرۆكایەتی و پەرلەمانتارەكانیان، رایدەگەیەنن كە تاكە كاندیدیان بۆ سەرۆكایەتی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران، مەحمود مەشهەدانییە»، بەڵام ئەوەی روویدا پێچەواتنەی ئەم خواستە بوو، بەو پێیەی لەیەكەم دانیشتنی پەرلەمان لە 9ی كانوونی دووەمی 2022، محەمەد حەلبوسی بە سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرا و هەریەك لە حاكم زامی و شاخەوان عەبدوڵڵاش بە جێگری یەكەم و دووەم دیاریكران.

ئەمەش لەكاتێكدایە كە جموجۆڵە سیاسییەكان بەردەوامن لەلایەن هێزە سیاسییە جیاجیاكان، بەو پێیەی وەفدی هاوبەشی كورد لە سەردانەكەیدا بۆ بەغدا سەرقاڵی گفتووگۆیە، بە هەمان شێوە لایەنە شیعەكانیش كۆبوونەوە و وتوێژەكانیان بەردەوامن بەمەبەستی یەكلایی كردنەوەی پۆستەكانی تری سەرۆكایەتی و پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو.

 90 جار بینراوە