سەرەکی » راپۆرت » هه‌واڵ و سیاسەت » ترەمپ داوای پارە دەکات

ترەمپ داوای پارە دەکات

بۆ جاری دووەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دووپاتیکردەوە : دەخوازێت بە زووترین کات، هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بکشێنێتەوە. هۆکاری ئەمەشی بۆ تێچوونی دارایی گەڕاندەوە. راشیگەیاند: ئەوانەی دەخوازن ئەمریکا لە سوریا بمێنێتەوە، دەبێت پارەمان بددەنێ. ئەم لێدوانەی ترەمپیش دووپاتکردنەوەی لێدوانەکەی پێشوویەتی.

دووپاتکردنەوەی قسەکانی پێشووی
لە دیدارێکیدا لەکۆشكی سپی لەگەڵ سەرانی « لاتیفیا، لیتوانیا، ئیستوانیا» دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: من زۆر نیگەرانم لەبوونی رۆڵی ئەمریکا لە کۆمەڵێک جەنگ و ململانێ کە ئەوەش بە هۆی جەنگی ئەفغانستان و عیراقەوە تووشـمان بوو. وتیشی: دەمەوێت بە زووترین کات، سەربازەکانمان بگەڕێنەوە بۆ ناو وڵات و دەمەوێت دەستبکەین بە بونیاتنانەوەی نەتەوەکەمان.

کارەکانمان تەواو بووە
لەدرێژەی لێدوانەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ هۆکاری ئەم بڕیارەی گەڕاندەوە بۆ نەمانی داعش و رایگەیاند: کاری سەرەکی ئێمە لەم بوارەدا ئەوە بوو، کە چەتەکانی داعش لەناوبەرین، لەئێستاشدا لەو ئەرکەمان نزیکبووینەتەوە، هەربۆیە بە زووترین کات بڕیاری خۆمان لەمبارەیەوە دەدەین و سەربازەکانمان دەگەڕێنینەوە بۆ وڵات.

حەوت ملیارمان خەرج کردووە
پاشان ترەمپ بێ هیوایی خۆی بەرامبەر بە ناوچەکە دەربڕی و رایگەیاند: ئێمە تەنها لەماوەی سێ مانگدا، نزیکەی حەوت ملیارد دۆلارمان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین خەرج کردووە، هەتاوەکو ئێستاش جگە لە جەنگ و ماڵوێرانی، هیچی ترمان لەم ناوچەیە دەستنەکەوتووە. هەربۆیە دەبێت ئێستا بڕیار بددەین و ئەو هەڵەیە چارەسەر بکەین.

دەبێت سعودیە پارە بدات
لەکۆتایی وتەکانیدا ترەمپ وەڵامی عەرەبستانی سعودیەی دایەوە کاتێک لە ماوەی پێشوودا دژی دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا بوو لە سوریا، لەمبارەیەوە ترەمپ رایگەیاند: سەرانی عەرەبستانی سعودیە گرنگی بەم بڕیارەی ئێمە دەدەن و داوامان لێدەکەن کە ئێمە لە سوریا بمێنینەوە، باشە گەر دەتانەوێت ئێمە لە سوریا بمێنینەوە، دەبێت ئێوە تێچووی هێزەکانمان لە سوریا بگرنە ئەستۆ و پارەمان بددەنێ.

پێنتاگۆن دژی ئەم بڕیارەیە
لەلایەکی ترەوە ئاژانسەکانی هەواڵ رایانگەیاند، ئەمریکا سەربازگەیەکی نوێی لە شاری مەنبجی سوریا دروستکردووەو جگەلەوەش هێزێکی زۆری رەوانەی شارەکە کردووە. ئەمەش دژی ئەو بۆچوونەی دۆناڵد ترەمپە کەدەڵێت بە زووترین کات دەکشێینەوە. لەلایەکی تریشەوە بێرت ماکرۆگ نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ جەنگ لەدژی داعش رایگەیاند: ئێمە لەسوریاین بۆ ئەوەی جەنگ دژ بە چەتەکانی داعش بکەین، هەتاوەکو ئێستاش لەو جەنگە کۆتایی نەبووین و هێزەکانمان لە سوریا دەمێنێتەوە.

کورد زەرەرمەندی یەکەمە
بەدڵنیاییەوە کشانەوە هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، بەزەرەری کورد تەواو دەبێت و لەوانەبێت رووبەروی کارەساتی گەورەتربینەوە، بەپێچەوانەوە ئەم بڕیارەی ترەمپ بەسوودی تورکیا تەواو دەەبێت، کە ماوەیەکە خۆی مڵازداوە، تاوەکو ئەمریکا بکشێتەوەو پەلاماری رۆژئاوای کوردستان بدات.

 476 جار بینراوە