سەرەکی » راپۆرت » هه‌واڵ و راپۆرت » فەرەنسا یاسایەکی نوێ بۆ ئاوارە و کۆچبەران دادەنێت

فەرەنسا یاسایەکی نوێ بۆ ئاوارە و کۆچبەران دادەنێت

رۆژی یەک شەممە22.4 ئەنجومەنی نیشتمانی فەرەنسا « پەرلەمان» بڕیارێکی سەرنجڕاکێشی لەبارەی ئاوارە و کۆچبەرانەوە دەرکرد، بە پێی ئەو پرۆژە یاساییە نوێیە بێت، ماوەی مانەوەی کۆچبەران کەم دەکاتەوە، لەبەرامبەریشدا ماوەی زیندانیکردنیان زیاتر دەکات، ئەم بڕیارەش لەناو شەقامی فەرەنسیدا قسەوباسێکی زۆری لێکەوتەوە، راستڕەوەکان و دژە بێگانەکان خۆشحاڵن بوون، بە پێچەوانەشەوە چەپ و رێکخراوە مرۆڤدۆستەکان، دژی وەستانەوە.

زۆرینە پشتگیریان کرد
رۆژی یەک شەممە پەرلەمانی فەرەنسا لە پاش قسەوباس و نیقاشێکی زۆر، لە کۆتاییدا بڕیاری لەسەر ئەو پرۆژە یاسا نویێە دا، کە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی ئاوارە و کۆچبەرانەوە دایڕشتووە. لەکاتی دەنگداندا 228 ئەندام پەرلەمان بە بەڵێ دەنگیان دا، لەبەرامبەردا 139 ئەندام پەرلەمان دژی وەستانەوە، 24 ئەندامیش هیچ دەنگیان نەدا. بەمشێوەیەش پرۆژە یاساکە سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

ناوەڕۆکی پرۆژە یاساکە
ئەو پڕۆژە یاسایە کە ئیمانوێل ماکرۆن پێشكەشی پەرلەمانی کردووە بریتیی لە کۆمەڵێک بەندی یاسایی کە گرنگترینیان ئەوەیە: ماوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسییە‌ی مافی پەنابەری بۆ شەش مانگ کورتکراوەتەوە، هەروەها ماوەی دەستبەسەرکردنی ئاوارەکان لە 45 بۆ 90 رۆژ بۆ 115 رۆژ زیاتر کردووە. جگەلەوەش ماوەی تێهەڵچوونەوە لە بڕیاری دادگا لەکاتێکدا مافی وەرگرتنی پەنابەری وەرنەگرت، زۆر کەم کردۆتەوە.

دەبێت ئەنجومەنی پیران دەنگی لەسەر بدات
وابڕیارە لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، ئەم پرۆژە یاسایە پێشکەشی ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا بکرێت و لەوێش نیقاشی تێدا بکرێت و دواجار بڕیاری خۆیان بددەن، هەرچەندە بڕیاری کۆتایی لای ئەنجومەنی نیشتمانی « پەرلەمانە».

ماکرۆن دەخاتە جێگەی پرسیارە
زۆرێک لە چاودێران سیاسیی و میدیاکانی فەرەنسا باس لە وە دەکەن، ئەم پرۆژە یاسایە وەکو تاقیکردنەوەیەکی قوورس وایە بۆ بزووتنەوەی « بۆ پێشەوە» کە ماکرۆن سەرۆکایەتی دەکات، چونکە لە ناو پارتەکەیدا کۆمەڵێک کەس دژی ئەم پرۆژە یاساییە وەستانەوە. لەمبارەیەوە میشێل کلیمێنت ئەندام پەرلەمانی فەرەنسا لەسەر لیستی پارتەکەی ماکرۆن دژی ئەم پرۆژە یاسایە وەستایەوە و بە ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسای راگەیاند: من دژی ئەم پرۆژە یاساییە وەستامەوە، چونکە لەو باوەڕەدام لە رێگەی ئەم پرۆژە یاساییەوە، پەیامێکی خراپ بە هاوڵاتییانی جیهان دەدەین، لەکاتێکدا ئێمە هەمیشە خاوەنی پەیامێکی مرۆڤانە بووین بۆ جیهان.

ماری لوپێن و پارتەکەی پشتگیریان لێکرد
ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەوە یەکەمجارە کە ماری لوپێن و پارتەکەی دەنگیان بە بەشێکی زۆری ئەم پڕۆژە یاسایە دا، ئەمەش بووە مایەی ئیحراجییەکی زۆر بۆ سەرۆک ماکرۆن و پارتەکەی . جێگەی ئاماژیە ماری لوپێن و پارتەکەی « بەرەی نیشتمانی فەرەنسا» هەمیشە بەوە ناسراون کە دژی بێگانە و ئاوارەکانن و داوای دەرکردیان لە فەرەنسا دەکەن.

چەپەکان دژن
لە بەرامبەردا بەشێکی زۆری پارت و لایەنە چەپ و ریکخراوەکانی ماڤی مرۆڤ و داکۆکیکەران لە ئاوارە و بێگانەکان، دژی ئەم یاسایە وەستانەوە و بە پێشێلکاری لە بەندەکانی مافی مرۆڤ و دەستوری فەرەنسایان لەقەڵەم دا.
جێگەی ئاماژەیە مەسەلەی ئاوارەو کۆچبەران، گەورەترین و ئاڵۆزترین کێشەی فەرەنسایە و لەناو زۆربەی پارتە سیاسییەکاندا، جیاوازی بۆچوونی زۆر لە بارەی ئەم کێشەیەوە هەیە. بەدڵنیایشەوە ئەم پرۆژە یاسا نوێیەش، نیقاشی زیاتر لەبارەی ئەم کێشەیەوە دروست دەکات.

سەرچاوە:کەناڵی فرانس 24

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*