سەرەکی » مانشێت » خه‌ڵكی‌ هه‌ولێر به‌هێزبوونی‌ یه‌كێتی‌ به‌ گرنگ و پێویست ده‌زانن

هه‌رێم كەمال ئاغا سه‌رۆكی‌ لیستی‌ 162 یه‌كێتی‌ له‌ هه‌ولێر:

خه‌ڵكی‌ هه‌ولێر به‌هێزبوونی‌ یه‌كێتی‌ به‌ گرنگ و پێویست ده‌زانن

سه‌رۆكی‌ لیستی‌ 162ی یه‌كێتیی‌ نیشتیمانیی‌ كوردستان بازنه‌ی‌ هه‌ولێر جه‌ماوه‌ری هه‌ولێر و كوردستان دڵنیا ده‌كاته‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی‌ له‌سه‌ر رێبازه‌كه‌ی‌ مام درێژه‌ به‌ خه‌بات ده‌دت و هه‌موو توانایه‌كیشی ده‌خاته‌گەڕ بۆ خزمه‌تكردنی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات بانگه‌شه‌ی‌ چه‌ند رۆژی رابردوو ئه‌وه‌ی‌ سه‌لماندوه‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ هه‌ولێر داوای‌ به‌هێزبونی‌ لیستی‌ 162 ده‌كه‌ن و به ‌گرنگی‌ ده‌زانن یه‌كێتی‌ له ‌به‌غدا به‌ هێزه‌وه‌ ئاماده‌ بێت.
له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌رێم كه‌مال ئاغا سه‌رۆكی‌ لیستی‌ 162ی یه‌كێتیی نیشتمانیی‌ كوردستان بازنه‌ی‌ هه‌ولێر به‌ كوردستانی‌ نوێی راگه‌یاند: بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن به ‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاسایی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، خه‌ڵكی‌ هه‌ولێر به ‌په‌رۆشن بۆ رۆژی‌ ده‌نگدان تاكو ده‌نگ به‌ لیستی‌ 162ی یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان بده‌ن، ئه‌وان ده‌زانن كه‌ یه‌كێتی‌ چۆن له ‌رابردوو داكۆكی‌ لە مافه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ كردوه‌، له‌ داهاتووشدا له‌سه‌ر هه‌مان به‌رنامه‌‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.
راشیگه‌یاند: بێگومان به‌رنامه‌ی‌ لیستی‌ 162ی یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان به‌رنامه‌ی‌ هه‌ڵقوڵاوی‌ پارتێكی‌ سیاسی ناو جه‌ماوه‌ره‌ و ره‌گ و ریشه‌یه‌كی‌ قوڵی هه‌یه‌ له ‌ناو جه‌ماوه‌ر، ئه‌ویش به‌ هۆی ئه‌و مێژووه‌ پڕسه‌روه‌رییه‌ی‌ له‌ رابردوو تۆماری كردووه‌، ئێستاش یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و رێچكه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت كه‌ له‌ خه‌باتی‌ شه‌شت ساڵه‌ مام جەلال ره‌نگی‌ داوه‌ته‌وه‌، به‌ تایبه‌تی‌ بۆ ئه‌مرۆ هه‌وڵده‌دات داكۆكی‌ له‌ هه‌مووو ئه‌و مادده‌ ده‌ستووریانه‌ بكات كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خه‌ڵكی‌ كورددستانن له‌ نێویشیان مادده‌ی‌ 140.
وتیشی: له‌ سۆنگه‌ی‌ ئه‌و مێژوه‌دا جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌ تایبه‌تی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌ولێر به‌هێزبوونی‌ یه‌كێتی‌ به‌ گرنگ و پێویست ده‌زانن به‌ تایبه‌تی‌ بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی‌ له‌ نێوان به‌غدا و هه‌رێم هه‌یه‌، خه‌ڵكی‌ كوردستان پێیانوایه‌ یه‌كێتی‌ تاكه‌ هێزه‌ بتوانێت ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ به‌ جۆرێك به‌ڕێوه‌ببات له ‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستاندا بێت، وه‌ك له‌ رابردوو به ‌ئاماده‌بونی‌ جه‌نابی مام جه‌لال كاری له‌سه‌ر كردووه‌.
هه‌رێم كه‌مال ئاغا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد: لێره‌وه‌ به‌ڵێنتان پێده‌ده‌ین هه‌ڵگری په‌یامی‌ ئێوه‌ ده‌بین له‌ به‌غدا، له‌سه‌ر رێگا و رێبازی‌ سه‌رۆك مام جه‌لال كار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كانی‌ عیراقی به ‌شیعه‌ و سونه‌وه‌، كار بۆ جێبه‌جێكردنی‌ هه‌موو بڕگه‌ و مادده‌كانی‌ ده‌ستوور ده‌كه‌ین، به ‌تایبه‌تی‌ مادده‌ی‌ 140 و به‌رگریكردن له‌ هه‌موو ئیستحقاقێكی‌ گه‌لی كوردستان له‌ به‌غدا، بۆیه‌ پێویسته‌ یه‌كه‌م كار بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌ عیراق به‌ هاوسه‌نگی‌ بكه‌ین، دووه‌م رێگری بكه‌ین له‌ بڕیاری هه‌ژموونی‌ تاكڕه‌وانه‌ی‌ هه‌ر لایه‌نێك كه‌ بیه‌وێت ده‌ست به‌سه‌ر قه‌ده‌ر و چاره‌نوسی خه‌ڵكی‌ كوردستاندا بگرێت، به‌ڵكو پێویسته‌ هه‌موومان له‌ به‌غدا به‌ یه‌كه‌وه‌ بڕبار له‌سه‌ر هه‌ر پرسێك بده‌ین كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، سێیه‌م هه‌رچیمان كردووه‌ پێویسته‌ بیكه‌ین بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی‌ دۆخی ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی كوردستان و گێرانه‌وه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆیان، پشتئه‌ستوور به ‌یه‌كگرتوویی خۆمان و پاڵپشت به ‌هاوكاریی دۆستانمان، چواره‌م یه‌كده‌نگ له‌ گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان كار بۆ جێبه‌جێكردنی‌ هه‌موو مادده‌ و بڕگه‌یه‌كی‌ ده‌ستووری بكه‌ین، رێگری بكه‌ین له‌ هه‌ر هه‌وڵێك كه‌ ببێته‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ سه‌روه‌ری هه‌رێمی‌ كوردستان و گێڕانه‌وه‌ی‌ مافه‌ زه‌وتكراوه‌كانمان.
سه‌رۆكی‌ لیستی‌ 162ی یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان بازنه‌ی‌ هه‌ولێر وتیشی: ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان له‌ سه‌روبه‌ندی‌ قۆناغێكی‌ تازه‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ گۆڕانكاری ناوخۆدایه‌، دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه‌ دوای‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌موومان یه‌كده‌نگ و یه‌كده‌ست روحی‌ سه‌رۆك مام جه‌لال به زیندوویی رابگرین له‌ نوێكردنه‌وه‌ی یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان وه‌رچه‌رخان و قۆناغ و ژیانێكی‌ نوێی حزبی ده‌ست پێبكه‌ین، ئه‌و یه‌كێتیه‌ی‌ هه‌میشه‌ له‌ خراپترین دۆخیدا چۆكی‌ به‌ نه‌یاره‌كان داناوه‌ و دووباره‌ وه‌ك كاریگه‌رترین حزب له‌ كوردستان بێته‌وه‌ مه‌یدان، بۆیه‌ داوا له‌ هه‌موو لایه‌كتان ده‌كه‌ین گه‌رموگوڕتر و به‌ حه‌ماسه‌ت تر له‌ جاران رووبكه‌نه‌ سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان ده‌نگ به‌ لیستی‌ ژماره‌ 162 ی یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان بده‌ن، ده‌نگ به‌ لیستی‌ شه‌هیدان و رابردوویه‌كی‌ پڕ سه‌روه‌ری و شكۆی ئه‌م گه‌له‌ بده‌ن، به‌ ده‌نگتان روحی شه‌هیده‌كانتان ئاسوده‌ بكه‌ن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*