سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » بێسنوور، له‌ نێوان په‌یوه‌ندی دوێنێ و ئه‌مڕۆدا

بێسنوور، له‌ نێوان په‌یوه‌ندی دوێنێ و ئه‌مڕۆدا

د. كه‌یفی ئه‌حمه‌د*

هه‌ر له‌و كات و ساته‌ی مرۆڤ پێی ناوه‌ته‌ ‌سه‌ر رووی ئه‌م گه‌ردوونه‌، به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان له‌ نێو تاكه‌كانیدا په‌یوه‌ندی دروستكردووه‌، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ش بۆ ئه‌وه‌ بووه‌، كه‌ بتوانێ به‌رده‌وامی به‌ ژیانی رۆژانه‌ و مانه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی بدات، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ مرۆڤ له‌ ڕووی ژماره‌وه‌ زیادی كردووه‌ و به‌سه‌ر كون و قوژبنه‌كانی گه‌ردووندا بڵاوبۆته‌وه‌ و گروپ و كۆمه‌ڵگه‌ و ‌نه‌ته‌وه‌كان دروستبوون، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ش به‌پێی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ گۆڕاون، له‌ شێوه‌ی سه‌ره‌تایی و ساده‌وه‌ بۆ شێوه‌ی ئاڵۆز و ئاڵۆزتر، چونكه‌ هه‌ر كات و سه‌رده‌م و ژینگه‌ و شوێن و بیروباوه‌ڕ و ئایدیۆلۆژیایه‌كی تازه‌ و نوێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دیكه‌،‌ پێویستی به‌ جۆرێكی جیاواز له‌و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ هه‌بووه‌ و هه‌یه‌، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ كاك نه‌ژاد نه‌جم-ی ده‌رهێنه‌ری لاوی كه‌ركوك، كاری كردووه‌ و به‌رهه‌مێكی جوانی شانۆیی به‌ ناوی بێسنوور لێ دروستكردووه‌، كه‌ له‌ میانه‌ی فێستیڤاڵی چواره‌می شانۆی شه‌قامی نێو ده‌وڵه‌تی به‌غداد، له‌ رۆژی 20/4/2018 له‌ ناوچه‌ی ئه‌بونه‌واس نمایشی كرد، ناوه‌ڕۆكی نمایشه‌كه‌ی نه‌ژاد باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كات، له‌ نێو دوو زه‌مه‌نی جیاوازدا، ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ش زۆر و زه‌وه‌ندن، به‌ڵام نه‌ژاد زیاتر تیشكی خستۆته‌ سه‌ر یه‌كێك له‌و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ و له‌ سه‌ری وه‌ستاوه‌، وه‌كو نموونه‌یه‌ك بۆ گشت په‌یوه‌ندییه‌كانی دیكه‌، وه‌ك كورد ده‌ڵێت: مشتێك نموونه‌ی خه‌روارێكه‌، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی بۆته‌ جێگای باس و خواسی نمایشی بێسنووری كه‌ركوك، په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی و ژن و ژنخوازی و چوونه‌ پێش بۆ داواكاریی و داخوازییه‌، كه‌ به‌رامبه‌ر دوو زه‌مه‌ن و سه‌رده‌می جیاواز دامانده‌نێت و به‌راوردێكی جوان و پوختمان ده‌خاته‌ به‌رچاو، زه‌مه‌نی یه‌كه‌م، كۆن یان جارانی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌وارییه‌، كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا نه‌ته‌وه‌كه‌مان ژیانێكی ساده‌ و ساكارییان گوزه‌راندووه‌، دوور له‌ هه‌موو ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندیكردنی ده‌نگ و ره‌نگ و خوێنراو و نووسراو و راگه‌یاندن و….هتد، تاكه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ساده‌و ساكار و ئاسان توانیویانه‌ ئه‌وه‌ی له‌ نێو مێشك و دڵ و ده‌روونیاندا هه‌یه‌،‌ بۆ به‌رامبه‌ره‌كانییان بخه‌نه‌ڕوو، جا له‌ڕێی ئامێرێكی ساده‌ و سه‌ره‌تایی ته‌له‌فۆن بوایه‌ یان دانیشتنێكی راسته‌وخۆ و ڕووبه‌ڕوودا، ئه‌وا ده‌یانتوانی هه‌موو شتێك به‌ یه‌كتری رابگه‌یه‌نن، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ شتێك ئاڵۆزیی و جه‌نجا‌ڵی و پچڕان و رێگری له‌و وتوێژانه‌دا دروست بكات، ده‌یانتوانی زۆر به‌ باشی له‌ یه‌كتری حاڵی بن و داواكاریی و خواسته‌كانی یه‌كتر بۆ یه‌كدی باس بكه‌ن، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی، كه‌ مرۆڤ و سه‌رده‌مه‌كان گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هات، به‌هۆی ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی له‌ڕووی ته‌كنه‌لۆژیاوه‌ هاته‌ ئاراوه‌، هه‌موو بواره‌كانی ژیان گۆڕان، یه‌كێك له‌وانه‌ هه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یه‌ كه‌ له‌ زه‌مه‌نی پێشووتر له‌سه‌ری وه‌ستاین، ئه‌ویش په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی و ژن و ژنخوازی بوو، دیاره‌ به‌هۆی ئه‌و هه‌موو ئامرا‌زه‌ زۆرانه‌ی په‌یوه‌ندی، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ نێوماندا هه‌ن، وه‌كو ته‌له‌فۆن و مۆبایل و ئینته‌رنێت و فه‌یسبووك و ماسنجه‌ر و وه‌تسئاپ و…تاد هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌موو پێشكه‌وتنانه‌ی له‌ راگه‌یاندن به‌ ده‌نگ و ره‌نگ و خوێنرا و نووسراو هاتوونه‌ته‌‌كایه‌وه‌، جه‌نجاڵییه‌كی زۆری له‌ نێو مێشك و دڵ و ده‌روونی گشت تاكه‌كانی هه‌موو كۆمه‌ڵگاكان به‌ كۆمه‌ڵی كورده‌واریشه‌وه‌ دروستكردووه‌، كه‌ بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی تاكه‌كان زۆر به‌و جۆره‌ ئامرازانه‌ سه‌رقاڵبن، له‌ لایه‌ك هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌ڕێی ئه‌و ئامێرانه‌وه‌ رایی ده‌كه‌ن، له‌لایه‌كی دیكه‌ بووه‌ته‌ هۆی روخان و له‌نێوچوونی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ راسته‌وخۆ رۆحییه‌ی خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تیی جاران، په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و خزمایه‌تی و سه‌ردان و بۆنه‌كان هه‌ر له‌ڕێی ئه‌و ئامرازانه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن، به‌ په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی و ژن و مێردایه‌تیشه‌وه‌، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی زۆر نادروست و دوور له‌ هه‌قیقه‌ت و واقیع و ناسینی ناخ و خه‌سڵه‌تی راسته‌قینه‌ی یه‌كتر دروست ده‌بێت، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ هه‌ر وه‌كو ئامرازه‌كه‌ زۆر ئامێریی و ناواقیعیی و نواندن ئامێزه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی راست و دروست بنیاتنانرێ، بۆیه‌ش زوو پایه‌كانی ده‌ڕمێ و وێران ده‌بێت.
هه‌روه‌ها قسه‌ی له‌سه‌ر زۆر خوو و ڕه‌وشتی دیكه‌ی جوانی كورده‌واری كردووه‌ له‌ كۆندا، وه‌كو هه‌ڵسوكه‌وت و هه‌ستان و دانیشتن و قسه‌كردن و ئاكار و ره‌وشتی تاكه‌كان، كه‌ چه‌نده‌ جوان و په‌سند و ره‌سه‌ن و هه‌ڵقوڵاوی ناخی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بوون، دوور له‌ لاساییكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌ و نه‌ته‌وه‌ی دیكه‌، كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ناگونجێن، ئه‌وانه‌ش ده‌بنه‌ هۆی تێكدانی ئێستا و داهاتووی كلتوور و مێژووی جوانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان.

له‌ په‌یوه‌ندی ساده‌وه‌ بۆ ئاڵۆز
كاك نه‌ژاد، بابه‌ت و كێشه‌كی وای هه‌ڵبژاردبوو، كه‌ له‌گه‌ڵ ستایل و خه‌سڵه‌تی شانۆی شه‌قام بگونجێت، هه‌روه‌ها زۆر به‌ وه‌ستایانه‌ و داهێنه‌رانه‌ و سه‌رده‌مییانه‌، ئه‌و كێشه‌ و رووداوانه‌ی نێو ده‌قه‌كه‌ی بۆ بینه‌ر خستبووه‌ڕوو، له‌ڕێی په‌ت و حه‌بله‌وه‌ بینه‌ر و ئه‌كته‌ره‌كانی له‌یه‌كتر جیاكردبوونه‌وه‌، كه‌ له‌ ساتی نمایش ئه‌و جیاكردنه‌وه‌یه‌ی كرد، نه‌ك وه‌كو جیاكردنه‌وه‌یه‌كی ئاماده‌كراو له‌پێش نمایش ئاماده‌كاریی‌ بۆ كردبێت و ئه‌كته‌ر و بینه‌ر بخه‌ته‌ ئه‌م دیو و ئه‌و دیوی په‌ت و حه‌بله‌كانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ بوو، كه‌ كۆنترۆڵی بینه‌ر و به‌شداریكردنه‌كه‌ی بكات، چ كاتێ بیه‌وێ به‌شداری پێبكات و چ كاتێكیش بیه‌وێت به‌شدارییه‌كه‌ رابگرێت و دووری بخاته‌وه‌، به‌و جیاكردنه‌وه‌یه‌ توانیبووی ئه‌و پاساوه‌ دروستبكات و شتێكی ئاسایی بێت، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌،‌ كه‌ له‌ رێی خۆی و كاك به‌ڵێنه‌وه‌ به‌ به‌رده‌وامی ئه‌نجامده‌دران زۆر به‌ جوانی و رێكوپێك به‌درێژایی نمایشه‌كه‌ هاوسه‌نگی گه‌شه‌كردنی جۆری په‌یوه‌ندیی له‌ ساده‌ بۆ ئاڵۆز و ئالۆزتر و ئاڵۆزتر بڕۆن و گه‌شه‌بكه‌ن به‌ره‌و ترۆپك تا ئه‌و ئاسته‌ی هه‌ر دوو ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كی هه‌وار و هونه‌ر ده‌خنكێن و ده‌گاته‌ بینه‌قاقا و پشتی كونی لووتیان، بینه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ هه‌ناسه‌ی سوار و ته‌نگه‌تاو ده‌بوو، هه‌ستی به‌و ئاڵۆزییه‌ ده‌كرد، لایه‌نێكی دیكه‌ی جوانی نمایشه‌كه‌ ده‌نگه‌ خۆش و گۆرانییه‌كانی نێو نمایشه‌كه‌ بوون، كه‌ به‌ ده‌نگی كاكه‌ به‌ڵێن پێشكه‌شده‌كران، كه‌ ده‌بوونه‌ هاوكار و ته‌واوكه‌ری بابه‌ت و رووداوه‌كانی نێو نمایشه‌كه‌، چونكه‌ ده‌رهێنه‌ر له‌ پێناو پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی به‌كاری نه‌هێنابوون، به‌ڵكو وه‌كو پێویستی و حه‌وانه‌وه‌ی ده‌روون و به‌خشینی چیژ به‌بینه‌ر به‌كاری هێنابوون، له‌ لایه‌نی ئێكسسوار و كه‌لو‌په‌لی نمایشه‌وه‌، ده‌رهێنه‌ر توانی بووی ئه‌و بواره‌ تێربكات و چه‌ندین ئیكسسواراتی جۆراوجۆری به‌كارهێنابوو، كه‌ هه‌موویان كار وه‌زیفه‌ی خۆیان هه‌بوون و وه‌كو پێویستییه‌كی نمایشه‌كه‌ بوون و خزمه‌تیان به‌ ئه‌دای ئه‌كته‌ر و كات و شوێن و رووداو و فه‌زای نمایش و دیالۆگ و گۆڕانكارییه‌كان و…هتد ده‌كرد، شتێكی زیاد یان زیاده‌ڕۆیم به‌رچاو نه‌كه‌وت، ئه‌مانه‌ و چه‌ندین ره‌هه‌ند و لایه‌نی دیكه‌ی پۆزه‌تیڤ له‌و نمایشه‌ به‌دیده‌كران، هه‌ر بۆیه‌ش به‌ باشترین ده‌رهێنان ئه‌ژمار كرا و خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنانی پێ به‌خشرا.
من لێرادا ته‌نها باسم له‌ لایه‌نه‌ جوان و ئه‌رێنی و باشه‌كانی ئه‌و نمایشه‌كرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنانی پێ به‌خشرا و من خودی خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵبژاردن و ده‌ستنیشنكردنه‌دا بووم و به‌ حه‌قی خۆیانیانم زانی، هه‌ر بۆیه‌ش هیچ ئاماژه‌یه‌كم به‌ لایه‌نه‌ نه‌رێنییه‌كانی ئه‌و نمایشه‌ نه‌كرد و له‌ جوانییه‌كانیم كه‌م نه‌كرده‌وه‌، ئه‌گینا وه‌كو هه‌موو نمایشه‌كانی رابردوو و ئێستا و داهاتووی هه‌موو هونه‌رمه‌ندێك بێبه‌ش نه‌بووه‌ له‌ لایه‌نی نه‌رێنی. له‌ كۆتاییدا، پیرۆزبایی و ده‌ستخۆشی له‌ تیپی شانۆی هه‌وار و كاك نه‌ژاد-ی ده‌رهێنه‌ر و ئه‌كته‌ره‌ جوانه‌كانی هه‌وار فارس، هونه‌ر شه‌وقی و به‌ڵێن فارس و هونه‌رمه‌ندی جوان و دێرینی شاری كه‌ركوك عه‌بدوڵڵا كاكه‌یی ده‌كه‌م كه‌ مۆسیقای نمایشه‌كه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر جوان ڕایی كردبوو ، هیوای به‌رهه‌می جوان و سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌تریان له‌ داهاتوو بۆ ده‌خوازم.

*زانكۆی كۆیه

 228 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*