سەرەکی » وەرزش » پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردوو ماڵئاوایی كرد

پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردوو ماڵئاوایی كرد

یارییه‌كانی پاڵه‌وانێتی رۆلان گارۆس كه‌ دووه‌م پاڵه‌وانێتی گراندسلامی تێنسی سه‌رزه‌ویه‌ ده‌ستی پێكردو هه‌ر له‌ قۆناغی یه‌كه‌میشه‌وه‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ چه‌ند ئه‌نجامێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراوی به‌خۆوه‌ بینی كه‌ دیارترینیان چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردوو بوو.
ئیلینا ئۆستاپینكۆی لاتیفی ساڵی رابردوو هه‌مووانی توشی شۆك كردو بووه‌ یه‌كه‌م یاریزانی ده‌ره‌وه‌ی‌ ریزبه‌ندی له‌ ساڵی 1933ه‌وه‌ نازناوی رۆلان گارۆس ده‌باته‌وه‌، ئه‌مساڵیش جارێكی تری هه‌موانی توشی شۆك كرده‌وه‌ كه‌ بووه‌ شه‌شه‌م پاڵه‌وانی رۆلان گارۆس له‌ مێژوودا له‌ قۆناغی یه‌كه‌م ماڵئاوایی بكات.
ئۆستاپینكۆ ئه‌مساڵ وه‌كو پێنجه‌می ریزبه‌ندی جیهان به‌شداری له‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ كرد و رووبه‌ڕووی كاترینا كۆزلۆڤا بۆوه‌و یارییه‌كه‌شی به‌ 2 كۆمه‌ڵه‌ی بێ به‌رامبه‌ر پێ دۆڕاند، به‌مه‌ش ئه‌و كچه‌ یاریزانه‌ له‌ ریزبه‌ندیه‌كه‌دا 2000 خاڵ له‌ده‌ستده‌دات.
دوای شكسته‌كه‌ش ئۆستاپینكۆ وتی: ئه‌مه‌ رۆژێكی خراپ بوو، له‌ راستیدا به‌باشی ده‌ستم پێنه‌كرد، ته‌نانه‌ت كه‌ له‌ خه‌و هه‌ستام دۆخم باش نه‌بوو، هه‌ندێك شت به‌هه‌ڵه‌ رۆیشتن، ئه‌مه‌ش هۆكاری شكسته‌كه‌مه‌.
ئازارینكاش كرایه‌ ده‌ره‌وه‌
هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی كچان پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ ئه‌نجامێكی تری چاوه‌ڕوان نه‌كراوی به‌خۆوه‌ بینی ئه‌ویش كرانه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ڤیكتۆریا ئازارینكای بیلۆروسی و پێشه‌نگی پێشووی ریزبه‌ندی یاریزانان بوو.
ئازارینكا له‌ قۆناغی یه‌كه‌م رووبه‌ڕووی كاترینا سینیاكۆڤا بۆوه‌و یارییه‌كه‌شی به‌ 2 كۆمه‌ڵه‌ی بێ به‌رامبه‌ر پێ دۆڕاند.
ئازارینكا به‌هۆی كه‌یسی مافی به‌خێوكردنی منداڵه‌كه‌ی‌ ئه‌مه‌ پێنجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ به‌شداری تیایدا ده‌كات له‌مساڵدا كه‌ نه‌یده‌توانی به‌شداری پاڵه‌وانێتیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا بكات، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش نه‌یتوانی بگاته‌ قۆناغی دووه‌م.
ڤاڤرینكا ماڵئاوایی كرد
له‌سه‌ر ئاستی كوڕانیش چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ستانیسلاڤ ڤاڤرینكای سویسری دیارترین ئه‌نجامی چاوه‌ڕوان نه‌كراوی قۆناغی یه‌كه‌م بوو كه‌ ئه‌و یاریزانه‌ به‌ گوێرمۆ گارسیا لۆپێزی ئیسپانی دۆڕا.
ڤاڤرینكای پاڵه‌وانی 2015 هه‌رچه‌نده‌ سه‌ره‌تا به‌ 2 كۆمه‌ڵه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌ك پێشكه‌وتن به‌ڵام دواتر به‌ 3 كۆمه‌ڵه‌ به‌رامبه‌ر به‌ 2 كۆمه‌ڵه‌ دۆڕا.

 26 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*